دەردی كورد و غەیری كوردیش سەبارەت بە قورئان خویندن ئەوەیە خویندنەوەیەكی بێ گیانە، بە ڕاكردن بەسەر ئایەتەكاندا تێدەپەڕین و نازانین چی واتاگەلێكی لەخۆ گرتووە، ئەو قورئان خوێندنەش ئەگەر سەد ساڵ لەسەری بەردەوام بین و سەدان و هەزاران خەتمە بكەین هیچ سوودێكی نییە و نابێت .
دەبێت وەكو هاوەڵان قورئان بخوێنینەوە، خوێندنێكی كەم ، وردبوونەوەو قوڵبوونێكی زۆر!
پێویستە قورئان خوێندمان بەپەلەپەل و تێپەڕبوونی خێرا نەبێت بەسەر ئایەتەكاندا ، هاوەڵان كە پێشەنگ و قودوە و مامۆستای ئێمەن، بەو شێوە قورئانیان نەخوێندووەتەوە، بەڵكو دە ئایەتیان خوێندووەتەوە لە هەمو حوكم و مەعناو عەقیدەو شەریعەتەكەی تەواو تێگەیشتوون، ئینجا چوونەتە سەر دە ئایەتی تر و بەو شێوە لەبەریان كردووە و بۆیە عیلم و عەمەلیان پێكەوە بەدەست هێناوە، بەڵام مەخابن ئێمە لەبەر ئەو شێواە هەلەی كە دەیگرینەبەر لە خویندنەوەی قورئاندا، نە عیلم و نەعەمەل بەرهەم ناهێنیت بۆمان.
با خوێندندەوەمان بۆ قورئان بە وردبوونەوە و بیركرنەوە بێت بۆ ئەوەی بەسوود بێت و ، با ئایەتەكە چەند جار دووبارە بكەینەوە بۆ ئەوەی لە پەیام و لە جەوهەر و حیكمەتەكەی تێببگەین، بۆ نموونە كاتێك كە ئەم ئایەتە دەخوێنینەوە كە الله تعالی فەرموویەتی: (إِنَّكُمۡ رَضِيتُم بِٱلۡقُعُودِ أَوَّلَ مَرَّةٖ فَٱقۡعُدُواْ مَعَ ٱلۡخَٰلِفِينَ) التوبة: 83.
ئەم ئایەتە ئاراستەی ئەوانە كراوە سەبارەت بە ئەنجام نەدانی كردەوەی چاكە بەتایبەتی ئەوەی كە قوربانی بوێت، بەردەوام پاساویان بۆ خۆیان هێناوەتەوە وقەناعەتیان بەخۆیان كردووە كە ئەوان ڕاست، بەڵكو هەوڵیان داوە ترس و راڕایی لە ناو موسوڵماناندا بڵاوبكەنەوە و بیانوویان بۆ خۆیان هێناوەتەوە بۆ دواكەوتن لە بەشداری كاری چاكەو خێر و دەرچوون لەگەڵ پێغەمبەردا صلی الله علیه و سلم بۆ چەسپاندنی بنەماكانی ئیسلام.
ئایەتەكە بەوان دەڵێت: ئێوە هەر لە سەرەتاوە، لە یەكەم جارەوە نەتانویست لەگەڵ موسوڵمانە ڕاستگۆ و ئازاكاندا بۆ بەرگریكردن لە دینی ئیسلام دەربچن و خۆتان تووشی ناخۆشی و ئازار بكەن، حەزتان لەسەلامەتی و لە خۆش گوزەرانی و ئاسودەیی كرد، كەواتە ئێستەش دریژە بە دانیشتن و كارنەكردنتان بۆ ئیسلام بدەن و لەگەڵ ئەوانەی كە دانیشتون و كار بۆ ئیسلام ناكەن وبۆ بەرگری لە ئیسلام وماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ ناهێڵن، بمێننەوە و دانیشن، چونكە ئێوە ئەهلی ئەو سەروەری و سەربەرزییە نەبوون.
ئەو ئایەتە - لە كاتی تدبر كردنیدا - پێمان دەڵێت : دەكرێت بترسن لەوەی وەكو سزایەكی چاوەڕوان نەكراو كاتێك خۆتان لە كاری چاكە دوا دەخەن و خۆتان بە پاساوی جۆراو جۆر دەخەڵەتێنن و ئەوەی پیتان خۆشە بۆ خۆتانی دەشەرعێنن، دوور نییە دواتر ئەگەر بشتانەوێت كاری چاكە بكەن وبڕیارەكەتان بگۆڕن، نەتوانن و لێی مەحروم ببین! چونكە زۆر جار سزا لە جۆری كردەوەیەكە : بە درۆ خۆت لە كردەوەی چاكە دەبوریت ونایكەیت، دەرەنجام بەڕاست لێی دوور دەخرێتەوە ولێی بێ بەش دەبیت، چونكە ئەهل نیت بۆ ئەو شەرەفە، ئەوە ڕێگای دەعوەو جیهادە و پیاوی خۆی هەیە، هەموو كەسێك ناتوانێت لەو گۆڕەپانەدا ببێتە سوار چاك وئەسپی خۆی تێدا تاو بدات.
إحسان برهان الدین
15 ربيع الآخر 1445
2023-10-30