دینی ئیبراهیمی نوێ هەوڵێك بۆ ڕوخاندنی عەقیدەی تەوحید دینێکی نوێ بە ناوی دینی ئیبراهیمی بەڕێوەیە، ئیمارات بەڕابەرایەتی كردن وپارە بۆ خەرج كردن و، بە پشتگیری وپیرۆزبایی ئەزهەری لەخشتەچوو و زۆرێك لە بەناو زانای خۆفرۆش و دینفرۆش، كار بۆ بەرپاكردنی و بڵاوكردنەوەی دەكرێت. ئەم دینە هەوڵێكی زۆر دەدرێت بۆ ئەوەی پۆشاكێكی شەرعی لەبەر بكرێت وپاساوی لەشێوەی خۆڵ لەچاوكردن بۆ بهێنرێتەوە. لەبەر زۆر هۆكار لەوانە جەهلی خەڵكی بە عەقیدەو بیروباوەڕ و بە زانستی شەرعی بەگشتی وزۆریی خەڵكی گومڕا لەژێر ناوی جۆراوجۆردا، كوردستان مەترسی ئەوەی لەسەرە ببێتە گۆڕەپانێكی بەرین و ئاسان بۆ تاقیكردنەوەی ئەو دینە تازەیە، هاوشێوەی دەججال سەرانی ئەم دینە تازەیەش پاساوی عەقڵی و بەهانەی ڕوكەشی و بەڕواڵەت پەسەند و وەرگیراوی بۆ دەهێننەوە. بۆیە پێویستە و ئەركێكی پیرۆزە لەسەر ئەوانەی پەرۆشی تەوحید و بیروباوەڕەكەیانن، پەردە لەسەر ئەو گومڕایی و لادانە لە ڕاستە ڕێگای ئیسلام هەڵماڵن و حەقیقەتی ئەو پلانە بۆ خەڵكی ئاشكرا بكەن، نەوەك لە كاتی گەیشتنی ئەو بیرۆكە دژوارە لەگەڵ ئیسلامدا بە كوردستان و بەمیللەتی كورد، خەڵكی پێی هەڵخەڵەتێن و دینەكەیان لەدەست بدەن. بەداخەوە - لە ئێستادا - میللەتی كورد لەبەردەم ئەو جۆرە بانگەشە و بانگەوازانەدا پاروویەكی ئاسانە بۆ سەرانی ئەو دینە نوێیە وجێگای تەماعی ئەوانە، چونكە كورد بە عاتیفە ئیسلام دەناسێت و شارەزایی لە دینەكەیدا و بەتایبەتی لە بواری عەقیدەو تەوحید و بنەماكانی ئیسلامدا زۆر زۆر كەمە و ئەوانیش جۆرەها ڕێگەی كاریگەرو پلان بۆ داڕێژرا دەگرنەبەر بۆ لەخشتەبردنی خەڵكی. لەلایەكی تریشەوە میللەتی كورد لێوان لێوە لە خەڵكی هەژار و نەدار و چەوساوە بەدەستی نەبوونی كە وێڵە بەدوای هەرڕێگەیەكدا قوتی ماڵ و مندالەكانی پێ مسۆگەر بكات، ئەوانیش پارەی زۆریان بۆ هەڵڕێژراوە لە پێناو بڵاوكردنەوەی دینەكەیاندا و لەو پێناوەدا خەرجی دەكەن. جگە لەوەش زۆر بەناو بانگخواز و كەسایەتی ئیسلامی سیاسی خاوەن دیدی ناكۆك لەگەڵ بیروباوەڕی ئیسلامدا هەر خۆیان بیركردنەوەیان وەكو بیركردنەوەی سەرانی ئەو دینە تازەیە و كورد واتەنی لە خوایان ئەوێت ئەو دینە بێتە كوردستانەوە بۆ ئەوەی ببنە عەڕڕاب و چاوساغی گەیاندنی بە كوردی داماو. بێگومان عەلمانییەكانیش پێشوازییەكی گەرم لەو دینە دەكەن وهەموو كارئاسانییەك بۆ بڵاوبوونەوەی دەكەن، چونكە دەزانن مەبەست لێی تێكدان و شێواندنی دینی ئیسلامە هەر بەناو ئیسلامیشەوە موسوڵمانان لەڕێگای ڕاست دووردەخاتەوە. (الأديان الإبراهيمية ) یان ( وحدة الأديان) یان( الديانة العالمية) هەموو ئەمانە زاراوگەلێكن مەبەست لێیان تێكەڵ كردنی حەق و باتڵە بەبەهانەی پێكەوە ژیان و برایەتی مرۆڤایەتی ودرووست كردنی دینێكی یەكگرتوو لە نێوان هەرسێ ئایینەكەدا و هەوڵێكە بۆ یەكگرتنەوەی ئایینەكانی ئیسلام و نەسڕانی و جولەكە و دواجار كۆشش وبەرنامەیەكە بۆ كاڵكردنەوەو نەهێشتی سنوورەكانی عەقیدەو تەوحید و ولاء و براء لە ئیسلامدا كە بەو شێوە شیرازەی موسوڵمانان تێكدەچێت و دەشێوێت. ئەم بانگەشە و دینە نوێیەش، لە ڕاستیدا ڕەگ وڕیشەی كۆنە و هەر زوو جولەكەو نەساڕاكان داوایان لە پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم كرد سازشیان لەگەلدا بكات و هیچ نەبێت بلێت ئێوەش وەكو ئێمە لەسەر حەقن و بیروباوەڕەكەتان تەواوە، بەڵام قورئان قسەی یەكلاكەرەوەی لەو بارەوە كرد و الله تعالی فەرمووی: ( وَقَالُوا كُونُوا هُودًا أَوْ نَصَارَى تَهْتَدُوا قُلْ بَلْ مِلَّةَ إِبْرَاهِيمَ حَنِيفًا وَمَا كَانَ مِنَ الْمُشْرِكِينَ ) البقرة/135. لەم میانەشدا ئەزهەر و زانایانی دین فرۆش و سەر بە دەسەڵاتە عەلمانی ولیبرالییەكان لە وڵاتانی تر، پشتگیری خۆیان بۆ ئەو دینە تازە دەردەبڕن وكار بۆ سەرخستنی دەكەن، ئەو بەناو زانا دین فرۆشانە بەبێ هیچ شەرمێك نە لە الله و نە لە موسوڵمانان پشتگیری خۆیان بۆ ئەو دینە درووستكراوە دەردەبڕن و دەستخۆشی لە دەوڵەتی ئیمارات دەكەن. ئامانج لەم دینە ئەوەیە موسوڵمانان و نەساڕا و جولەكەكان بڵێن هەموومان لەسەر حەق و ڕێگای ڕاستیتن وهەموو ئەم دینانە بەو شێوەی كە ئێستە هەیە ڕاستەو و لەلای الله وە دابەزیون، وەكو ئەوەی الله تعالی لە قورئاندا نەیفەرمووبێت: ( وَمَنْ يَبْتَغِ غَيْرَ الْإِسْلَامِ دِينًا فَلَنْ يُقْبَلَ مِنْهُ وَهُوَ فِي الْآخِرَةِ مِنَ الْخَاسِرِينَ ) آل عمران/85. هەروەها سوڕەتی الكافرون یش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی پێغەمبەری پێشەوا علیه الصلاة والسلام هیچ سازشێكی هەرگیز لەگەڵ كوفردا نەكردووە و لە عەقیدەی تەوحید بۆ چركە ساتێكیش دانەبەزیوە. سەرانی ئەم دینە تازە دەڵێن پەرستراو یەكێكە و ڕێگاكان جیاوازن و ئەوەش هیچ كێشەی تێدا نییە! واتە ئەوان دەڵێن ئەو شەریعەتە گۆڕاوو تێكدراوەی جولەكەو نەساڕاكانیش هەر وەكو شەریعەتی پاك و پاراوی ڕاستی ئیسلام كەسەكان دەگەیەنێتە الله، بەو پێیەش دەبێت موسوڵمان هەموو لادان و گومڕاییەكانی ئەوان بەباش و بێ كێشە بزانێت، كە ئەوەش كوفرێكی ڕاشكاوانە ودیارە موسوڵمان لە بازنەیەی دینەكەی دەردەكات. لە ڕاستیدا ئەم بانگەشەیە - وەكو شێخ بكر أبو زید دەڵێت - كۆمەڵە ئامانجێكی فەلسەفی و سیاسی و ئیلحادی لە پشتەوەیە، جۆرێكیشە لە تۆڵەكردنەوەی ئەوان لە ئیسلام و موسوڵمانان، چونكە كۆمەڵە ئامانجێكی زۆر ترسناكیان هەیە كاری بۆ دەكەن، لەوانە: 1- درووستكردنی قۆناغێك لەسەر لێشێواندنی موسوڵمانان لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی گومان وحەزو ئارەزوو، كە دوااجر ئەوشە دەبێتە مایەی درووستبوونی موسوڵمانی ڕاڕا و بێ یەقین. 2- سنوورداركردنی بەرفراوان بوونی كاری ئیسلامی و بچووك كردنەوەی ودرووست كردنی بەربەست لەبەردەم بانگەوازی ئیسلامدا. 3- هەوڵێكە بۆ لاوازكردنی ئیمان و بیروباوەڕ لە لای موسوڵمانان و بنەبڕكردنی بانگەوازی تەوحید كە بنچینەی مانەوەی ئیسلام و موسوڵمانانە. 4- ڕێگە گرتن لەوەی كەس بوێرێت جولەكە و نەساڕا تەكفیر بكات، بەڵكو وەكو برای ئایینی تەماشا بكرێن وبەوشێوەش موسوڵمانان بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن بەشیكی زۆر لە ئایەتەكانی قورئان لەو بارەوە ڕەتدەكەنەوە ونكۆڵی لێ دەكەن. 5- لە ڕێگەی بانگەشەی یەكگرتنی ئایینەكان، كۆشش دەكرێت گۆڕانكاری گەورە لە شێوازی بیركردنەوەی موسوڵماناندا بدرووست كرێت بە شێوازێك بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن ببنە دەژمنی دینەكەی خۆیان، لەڕێگەی كارنەكردن بەشەریعەت و گوێنەدان و بە سنوورەكانی عەقیدە. 6- هەوڵێكە بۆ لاوازكردن و بێ هەیبەت كردنی ئیسلام بە شێوەیەك كە ببێتە دینیك هاوشێوەی هەر دینێكی تری دەستكردی مرۆڤەكان و وەسەنی و جیاوازی نەبێت لەگەڵیاندا. 7- ڕێخۆشكەری بۆ بڵاوبوونەوەی ئایینی نەساڕاو جولەكە دەكات لەناو موسوڵماناندا و كار دەكات بۆ كپ كردنەوەی هەر كاردانەوەو غیرەتێكی موسوڵمانان لەسەر عەقیدەو دینەكەیان. 8- بەدیهێنانی ئامانجی هەرە گەورەش كە بریتییە لە زاڵبوونی یەهود و نەساڕا و ماركسییەكان بەسەر هەموو جیهاندا و جیهانی ئیسلامی بەتایبەتی و بەتایبەتتریش دەستگرتن بەسەر دوورگەی عەرەبدا كە كەعبەو شوێنە پیرۆزەكان و قەبری پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لەخۆ دەگرێت وسەرەتاكانی ئەوەش بەداخەوە درووست بووە، ئەویش لە ڕێگەی داگیركارییەكی فیكری و رۆشنبیری و ئابووری و سیاسی و بەرپاكردنی بازاڕێكی هاوبەش كە شەریعەتی ئیسلام بەهیچ شێوەیەك دەسەڵاتی بەسەریدا نەبێت، بەو شێوەش هەموو خراپەكانی وەكو سوو و داوێن پیسی و بێ ڕەوشتی بە هەموو ڕەهەندەكانییەوە تەشەنە دەكات. بەبێ هیچ گومانێك شەریعەتی ئیسلام كۆتا ڕێبازو شەریعەتە بۆ مرۆڤایەتی و الله تعالی بەهیچ ڕێگاو ڕێبازێكی تر جگە لە ئیسلام ڕازی نابێت، بۆیە پێویستە هەموو ئەوانەش خۆیان بە یەهودی و بە نەسڕانی دەزانن ببنە موسوڵمان وبێنە سەر دینی حەق. هەروەها پێویستە و واجبە لەسەر هەموو موسوڵمانێك لە دڵەوەو بە زمانی و بەهەموو توانایەكی لەدژی ئەو دینە نوێیە بوەستێتەوە و ماڵ و مناڵ و كەس وكار و دەوروبەری لەو شەڕو خراپەیە بپارێزێت و نەلێت پەیوەندی بە منەوە نییە، چونكە نكۆڵی كردن و ڕووبەڕووبوونەوە بەبەڵگە و بەیان وبانگەواز وڕوونكردنەوە لەگەڵ ئەو ئایینە تازەیەدا، فەرزێكی عەینییە لەسەر هەموو موسوڵمانێك، لەبەر ئەوەی ئەو بانگەشەیە كە ئایینی ئیسلامی وەكو عەقیدەت و شەریعەت كردووەتە ئامانج. إحسان برهان الدین 29 شعبان 1444 2023-3-21