العربیة
/گشتی/
كە چوون بۆ عومرە جاڕی بۆ مەدەن !
: 683
2023-04-26

  كە چوون بۆ عومرە جاڕی بۆ مەدەن ! پێشینانی چاكی ئەم ئوممەتە هەرچی عیبادەتێك بواری شاردنەوەی هەبوایە دەیانشاردەوە، چونكە مەترسی ڕوپامایی دڵ و دەروونی داگرتبوون و پێێان خۆش بوو هەرچی عیبادەتەكانیان هەیە بیشارنەوەو تەنها لە نێوان خۆیان و پەروەردگاریاندا بێت، تەنانەت هەندێكیان بەشێك لە عیبادەتەكانی خۆیانیان لە هاوسەرو منداڵەكانی خۆیانیش هەر دەشاردەوە. گەشتی عومرەش، عیبادەتێكە و موسوڵمان دەبێت تەنها و تەنها لە پەروەردگاری چاوەڕوانی پاداشتی گەورەو گران بێت لەسەری، جێگای خۆیەتی تاكو پێی دەكرێت لە مەترسی ڕوپامایی و ڕیایی خۆی بیپارێزێت، وەكو چۆن پارێزگاری لە هەر مالێكی خۆشەویستی خۆی دەكات، مەبەستم لەو شتانەیە كە دەکرێت بشاردرێتەوە، ئەگینا هەرچی بە سروشتی خۆی دەركەوێت و لە ئەنجامی بڵاوكردنەوەی خودی عومرەكار نەبێت، ئەوە حەرەجی تێدا نییە إن شاء الله، بۆ نموونە: 1- هیچ پێویست ناكات، ماوەیەك پێش بەڕێكەوتنتان بۆ عومرە، ئیعلانی بۆ بكەن و هەرچی خزم و دراوسێ و هاوڕێ هەیە بزانن ئێوە بۆ عومرە ئەچن و ئاگاداریان بكەنەوە، وەرن با پێكەوە تاقیبكەینەوە، ئەگەر پێتان كرا عومرەیەك بكەن كەمترین كەس پێی بزانێت، کاتێکیش گەڕانەوە بەهەمان شێوە غەیری خێزانەكانی خۆتان نەبێت با كەسی تر پێی نەزانێت، دوای گەڕانەوەتان لەماڵدا بۆی دامەنیشن بۆ ئەوەی خەڵكی سەردانتان بكەن، ئەگەر وا بكەن، دڵتان زۆر ئاسوودەتر دەبێت لەوەی هەموو هەنگاوەكانی بەڕێكەوتن گەیشتن و تەنانەت تەواف و گەڕانەوەتان لەو عیباۆەتە ڕاگەیەندراو بێت. 2- ناڵێم درووست نییە و حەرامە، بەڵام گومانم نییە لەوەی باشتر وایە لە پاڵ كەعبەو لە كاتی تەواف و لە مزگەوتی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم و لە كاتی بەجێگەیاندنی عیبادەتەكانتدا، هیچ زەرورەتێک نیییە و بگرە كارێكی باشیش نییە، بە مەبەستی بڵاوكردنەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، وێنە بگرن و سێڵفی پۆست بكەن و لە كاتی تەوافد كورتە ڤیدیۆی ئەو عیبادەتە بڵاو بكەنەوە! چونكە ئەوە جۆرێكە لە جاڕدان بۆ عومرەكەتان، وەكو ئەوەی بڵێن: ئەها ئێمە چۆن خەریكی عیبادەتین وچەند بەتەقواین،؟ ئەگەر دەستبەرداری ئەو كارەش ببن زۆر باشترەو بۆ دڵ ودەروونتان ئاسوودەترە. 3- پێش ڕۆیشتنتان بۆ عومرە - نەك عەمرە - هۆكارێكی شەرعی و بەڵگەیەك نییە لەسەر ئەوەی پێویست بكات بچن داوای گەردن ئازایی لە خەڵكی بكەن، ئەگەر كێشە و ناخۆشییەك لە نێوان ئێوەو برایەكی موسوڵماندا هەیە، ئیسلام هانتان دەدات هەموو كات كێشەی نێوانتان چارەسەر بكەن و لەیەكتر خۆش ببن، بەڵام ئەو مەسەلە هیچ پەیوەندی بە عومرەوە نییە و ڕاست و درووستی عومرەکەتان لەسەر ئەوە ڕانەوەستاوە، ئەگەر كەسێك لێتان عاجز بێت یان قەرزیشی بەلاتانەوە بێت كاریگەری نییە لەسەر عومرەكەتان، ئەگەر عومرەکەتان بەشێوەیەكی شەرعی ئەنجام دابێت، ئەمەش بە مەعنای ئەوە نایەت كە درووست نییە پێش ڕۆیشتن بۆ حەج وعومرە داوای لێبوردن لەكەس بکەن و قەرزی خاوەن قەرزەكان بدەنەوە، نەخێر، ئەتوانن ئەوە بکەن، بەڵام مەبەست لەوەیە کە مەرج نییە و دەتوانن لە هەر كاتێكی تریشدا ئەو كارە بكەن. 4- یەكێك لە عادەتە خراپەكان كە بە ناحەق بە عومرەكردنەوە لكێندراوە ئەویە، كەسی عومرەكار دەبێت بیری لای ئەوە بێت كاتێك گەڕایەوە دیاری بۆ مناڵ و گەورەو ژن وپیاوی خزمان و كەسە نزیكەكان لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، بێگومان ئەوانیش كاتێك كە دەچن بۆ عومرە، دەبێت ئەو قەرزە بەزیادەوە بگێڕنەوە و ئەمەش عادەتێكی ناشەرعییە و بارگرانییەكی كۆمەڵایەتی ناپەسەندە، پێویستە عومرەكاران خۆیانی لێ بەدوور بگرن و نەیكەن بە نەریت و بە ماڵ بەسەر هەموو كەسێكی تریشدا كە نیازی عومرە كردنی هەبێت، ئەگەر هەر قەناعەتی بەوە نەبوو عومرەكەی بە نهێنی یان بە جۆرێك لە بێ دەنگی ئەنجام بدات، هیچ نەبێت با هاندەری پەرەپێدانی نەریتی ناشەرعی نەبێت لەناو خەڵكیدا و پێویست ناكات لە ئاوێكی زەمزەم و خورمایەك زیاتر هیچی تر دابەش بكەن. 5- پێویستە كەسی عومرەكار وەكو هەلێكی ئیمانی تەماشای ئەو گەشتە بكات و زیاتر بۆ عیبادەت و بەدەستهێنانی ئەجرو پاداشت بەكاری بهێنیت و بەشتی لاوەكییەوە زۆر سەرقاڵ نەبێت، كێ دەزانێت لەوانەیە ئەوە كۆتا گەشتی عومرە بێت بۆ ئەو شوێنە پیرۆە بیكەیت لە ژیانتدا. 6- سوننەت وایە عومرەكار لە یەك گەشتدا لە یەك عومرە زیاتر نەكات، زۆربەی زانایان لەسەر ئەمەن كە لە ڕووی شەرعییەوە دوبارە كردنەوەی عومرە لە یەك سەفەردا كارێكی پەسەند نییە ، چونكە جێگیر نەبووە نە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم نە هاوەڵان لەیەك سەفەردا زیاتر لە عومرەیەك بكەن، ڕاستە هەندێ لە زانایان ئەوەیان بە درووست زانیوە ومەسەلەكە بەدەر نییە لە خیلافی نێوان زانایان، بەڵام بێگومان ئەنجامدانی یەك عومرە لە سەفەرێكدا گونجاوترە لە گەڵ سونەتدا. 7- لە كۆتاییدا ئەگەر بتوانین و بكرێت نوتق كردنمان بە ناوی ئەم عیبادەتە ڕاست بكەینەوە، چونكە ئەو گەشت و عیبادەتەی كە دەكرێت عومرەیە و عەمرە نییە، عەمرە هەڵەیەكی زمانەوانییە و لە ڕاستیدا وشەی عەمرە پەیوەندی بەو عیبادەتەوە نیە و بە مەعنای كڵاو وهەندێ مەعنای تر دێت لە زمانی عەرەبیدا، بەڵكو ڕاست ئەوەیە بڵێین عومرە نەك عەمرە، كێشەیەكی زۆر گەورە نییە بەڵام كە بتوانیت وشە ڕاستەكە بڵێیت پێویست بەوە ناكات وشەیەكی هەڵەی باو بەكار بهێنین. بە هیوای ئەوەی هەوڵ بدەین هەموو كارو كردەوەكانمان بۆ زاتی الله بێت و لە هەموو ڕیایی و روپاماییەك خاوێنی بكەینەوە و عومرە و عیبادەتی هەموو لایەك قبوڵ بێت إن شاء الله . إحسان برهان الدین 2 جمادى الأول 1444 2022-11-26