/شەرحی (أصول السنة) ی پێشەوا أحمد بن حنبل/
بەشی7
: 362
2023-05-04
#شەرحی_أصول_السنة_ی_پێشەوا_أحمد_بن_حنبل:
بەشی7
پێشەوا ئەحمەد فەرموویەتی: (والسنة تفسر القرآن وهي دلائل القرآن): واتە سوننەت كە بریتییە لە گوفتار وكردارەكانی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وهەروەها ئەو كارانەی لەبەردەمیدا ئەنجام دراون و لەسەر كردنیان ڕازی بووە، هەموو ئەوانە لێكدانەوەو شەرح كردنە بۆ واتاكانی قورئانی پیرۆز وڕوونكردنەوەن بۆیان.
بۆ نموونە ئەگەر ئایەتێك لە قورئاندا بە شێوەیەكی گشتی هاتبێت سونەت واتاكەی تەفسیر دەكات و شیدەكاتەوە، ئەگەر بە شێوەیەك لە شێوەكان واتاكەی بۆ خەڵكی ڕوون نەبێت سوننەت ڕوونی دەكاتەوە، بە كورتی وەكو زانایان دەفەرموون سوننەت لە ئاستی قورئاندا سێ حاڵەتی هەیە:
1- لە سونەتدا هەندێ حوكم هاتبێت هاوشێوەی ئەو حوكمەی كە لە سوننەتدا هاتووە، ئەوە دەچێتە بابی هاوشێوە بوون و پشتگیری و زۆربوونی بەڵگەكان، بۆ نموونە واجب بوونی نوێژ و زەكات و ڕۆژوو، هەروەها چاكە لەگەڵ دایك و باوك وبەجێهێنانی سیلەی ڕەحم و ئەحكامی تر لە قورئاندا هاتووە، بەهەمان شێوە و هەمان حوكم لە سوننەتیشدا هاتووە، ئەوە جۆرێكە لە یەكانگیری بەڵگەكان و زۆربوونیان.
2- حاڵەتێكی تر ئەوەیە لە قورئاندا هەندێ ئەحكامی گشتگیر و موجمەل هاتبێت شیكردنەوەكەی لە سوننەتدا بەیان كرابێت، یان هەندێ ئەحكام بە موتڵەق وڕەهایی وبە شێوەیەكی گشتی و بەبێ جیاكردنەوەو شیكردنەوە هاتبێت، لە سوننەتیشدا سنوورداركردن و ڕوونكردنەوەو تایبەتكردنیان هاتبێت.
3- هەندێ جار حوكمی شەرعی دیاریكراو وەكو حەرام بوونی كۆكردنەوەی نێوان ئافرەتێك و پورەكەی لەلای پیاوێك لە سوننەتدا هاتووە بەڵام لە قورئاندا ئەو حوكمە باس نەكراوە، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (لا يجمع بين المرأة وعمتها ولا بين المرأة وخالتها إنكم إذا فعلتم ذلك قطعتم أرحامكم ) البخاري : النكاح (5109) , ومسلم : النكاح (1408) , والترمذي : النكاح (1126) , والنسائي : النكاح (3291) , وأبو داود : النكاح (2066) , وابن ماجه : النكاح (1929) , وأحمد (2/452) , ومالك : النكاح (1129) , والدارمي : النكاح (2179). واتە: هیچ پیاوێك بۆی نییە لە نێوان ژنێك و پوریدا كۆبكاتەوە خوشكی دیاكی بێت یان خوشكی باوكی بێت، هەركێیش وابكات سیلەی ڕەحمی خۆی بڕیوەو پێچەوانەی شەرعی كردووە. هەروەها تەنها لە سوننەتدا باسی ئەوە كراوە كە موسوڵمان بە كوشتنی كافر ناكوژرێتەوە: (ولا يقتل مسلم بكافر) البخاري : العلم (111) , والنسائي : القسامة (4744) , وابن ماجه : الديات (2658) , وأحمد (1/79) , والدارمي : الديات (2356).
الله تعالی فەرموویەتی: (وَأَنزَلْنَا إِلَيْكَ الذِّكْرَ لِتُبَيِّنَ لِلنَّاسِ مَا نُزِّلَ إِلَيْهِمْ وَلَعَلَّهُمْ يَتَفَكَّرُونَ) النحل:44. ئەوەش ئاماژەیەكی ڕوون و ئاشكرایە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم داوای لێكراوە شەرحی واتاكانی قورئان بۆ خەڵكی بكات هەرچی لەلایان پێویستی بە ڕوونكردنەوە بێت روونی بكاتەوە. پێغەمبەریش صلی الله علیه وسلم لە فەرموودەیەكی صحیح دا فەرموویەتی: «ألا إني أوتيت القرآن ومثله معه» كە مەبەستی لە ومثله معه سوننەتە. واتای (وهي دلائل القرآن )یش ئەوەیە كە سونەت بەڵگەیە بۆ شەرح و روونكردنەوەی قورئانی پیرۆز و ئاماژەیە بۆ واتاكانی .
(وليس في السنة قياس): واتە: هیچ شتێك نەكەین بە هاوتای سوننەت كە هاوتای نییە وبە شتێك بڵێین ئەمە سوننەتە و خۆی سونەت نەبێت! چونكە هەركی شتێك لە دەرەوەی سوننەت بۆ سوننەت زیاد بكات ئەو كەسە موبتەدیعە و بیدعەكەشی گومڕاییە وخۆیشی ڕێگای سوننەتی ون كردووەو حەقی نەپێكاوە.
بەڵام ئەو قیاسەی كە پێشەوا ئەحمەد نكۆڵی لێ دەكات ئەو قیاسە نییە كە زانایان باسیان كردووە كە حوكم لەسەر شتە هاوشێوەكانی یەكتر دادەبەزێنن، لەەڵ ئەوەشدا بە شێوەیەكی گشتی پێشەوا ئەحمەد بەڕەحمەت بێت لەمەسەلەی ڕەتكردنەوەی قیاس كردندا زۆر توند بووە، چونكە سوننەت و شەریعەت تەواو و بێ كەموكورتی و نوقسانییە ونیازێك بەو قیاسە نییە كە بەواتای بیدعە و هێنانی شتی نامۆ و جیاواز لە سوننەت دێت.
تەنانەت پێشەوا ئەحمەد لە مەسەلەی درووست بوونی ئیجماع و كۆدەنگی زانایانیشدا تێبینی زۆری هەبوو و ئەو زاراوەی پێ ڕاست و ورد نەبوو، دەیفەرموو چوزانی ناكۆكی و ڕاجیایی لەسەر درووست نەبووە، بەڵكو ئەوەی پی ڕاستتر بوو بوترێت: ( لا أعلم خلافا) واتە نەمزانیوە لەم بارەوە خیلاف و ڕاجیاییەك هەبێت.
(ولا تُضربُ لها الأمثال): واتە: هەرچی لە سوننەتدا جێگیر بوو ئیتر نابێت كەس ڕەخنەی لێ بگرێت یان تێبینی لەسەری هەبێت، الله تعالی فەرموویەتی: (فَلَا تَضْرِبُوا لِلَّهِ الْأَمْثَالَ ۚ إِنَّ اللَّهَ يَعْلَمُ وَأَنتُمْ لَا تَعْلَمُونَ) النحل: 74. هەروەها ئەو وتەیەی پێشەوا ئەحمەد بەڕەحمەت بێت بەرپەرچدانەوەیە بۆ بتپەرستەكان كە قیاسی پەروەردگاریان لەگەڵ خواكانی خۆیاندا دەكرد و دەیانوت: (مَا نَعْبُدُهُمْ إِلَّا لِيُقَرِّبُونَا إِلَى اللَّهِ زُلْفَی) الزمر:4. یان كە دەیانوت: (هَٰؤُلَاءِ شُفَعَاؤُنَا عِندَ اللَّهِ ۚ) یونس:18.
( ولا تُدركُ بالعُقول ولا الأهواء، إنما هو الاتباع وتركُ الهوى): واتە: مرۆڤ توانای ئەوەی نییە لە حیكمەتی حوكمە شەرعییەكان بگات و میزاج و ئارەزووی خۆی ناتوانێت لە پرسێك تێبگات كە الله پەردەی لەسەر حەقیقەتەكەی بۆمان لا نەداوە، بەڵكو پێویستە لەسەری شوێنكەوتوو بێت واز لە هەواو ئارەزوو و میزاج و تێگەیشتنی نامۆی خۆی بهێنیت.
پێویستە باوەڕمان بە سوننەتی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم هەبێت كە جێگیر بووە وكاری پێ بكەین و ڕەتی نەكەینەوەو تەئویلی نەكەین و واتاكانی نەگۆڕین، بۆ نموونە وەكو فەرموودەی دابەزینی الله تعالی بۆ ئاسمانی دونیا و فەرموودەكانی بینینی الله تعالی لە ڕۆژی قیامەتدا و بەلێكدانەوەی عەقڵی نەڵێن ئەگەر دابەزیت عەرش لە كاتی دابەزینەكەیدا چۆڵ دەبێت و یان مەسەلەی بینینی ئەمەو ئەوە دەگرێتەوە، هەرچی لە سوننەتی سەحیحدا جێگیر بوو پێویستە باەڕمان پێی هەبێت، چونكە عەقڵی مرۆڤەكان لەوە لاوازتر و بچووكترە بتوانێت لە حەقیقەتی الله تعالی تێبگات.
هەروەها لەمەسەلەی حوكمە شەرعییەكاندا بەهەمان شێوە ، درووست نییە موسوڵمان ناڕەزایی نیشان بدات وگومان بكات و بەدوای حیكمەتی هەندی عیبادەتدا بگەڕێت كە الله تعالی ڕوونی نەكردووەتەوە بۆمان، بۆ نموونە حیكمەت لە سوڕانەوە بە دەوری كەعبەی پیرۆز و ماچ كردنی بەردە ڕەشكە و ڕەجم كردنی شەیتان و زۆر شتی تر.
زانایان بەوەی كە زانیویانە و پێی گەیشتوون باسیان لەو حیكمەتانە كردووە، بەڵام هاوكات وتوویانە ئەوە هەوڵێكە بۆ تێگەیشتن لە حیكمەت ئەو حوكم و عیبادەتانە و دواجار حیكمەتی ڕاستەقینە و ئامانجی كۆتایی تەنها الله خۆی دەیزانێت.
إحسان برهان الدین
7 شوّال 1444
2023-4-27
2024-04-18
2024-03-26
2018-04-09
2022-07-04
2021-10-18
2024-02-05
2024-01-28
2024-03-04