هاوەڵان و شوێنكەوتوانیان سەرانی ئێمەن پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: ( خير الناس قرني، ثم الذين يلونهم، ثم الذين يلونهم، ثم يجيء أقوام تسبق شهادة أحدهم يمينه، ويمينه شهادته ) متفق عليه. ئەم فەرموودەیە ستایشێكی گەورەی بۆ هاوەڵان و تابعی و تابعی تابعییەكانی لە خۆگرتووە! بەڕاشكاوی باس لە پلەو پایەو گەورەیی هاوەڵان دەكات الله لێیان ڕازی بێت. هاوەڵ ئەو كەسەیە كە بە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم گەیشتووە ئیتر بۆ ماوەیەكی كەم بێت یان زۆر و باوەڕی پێ هێناوە و لە سەر ئیسلام مردووە و لە ئیمانەكەی پاشگەز نەبووەتەوە. هاوەڵان سەرانی خەڵك و چاكترینیانن دوای پێغەمبەران علیهم السلام، ئیسلام و قورئان و سونەت لەسەر شانی ئەوان و بەهەوڵ و كۆششی ئەوان بە ئێمە گەیشتووە و الله تعالی ئەوانی كردووەتە هۆكاری سەرخستنی دینەكەی و گەیشتنی بە ئێمە، بۆیە رێزلێنان و خۆشویستن و بەمەزن تەماشاكردنیان ئەركی سەر شانی هەموو موسولمانێكە. هەروەها ئەوانەش كە هاوەڵانیان بینیوەو لەسەر ڕێگەو ڕێبازی ئەوان بوونە، ئەوانیش خاوەن فەزڵ و چاكەن بەسەرمانەوە و پلەو پایەیان لە دوای پلەو پایەی هاوەڵان دێت . هەركەسێكیش چاوی بە تابعین كەوتبێت و هاوەڵانی نەبینیبێت و لەسەر مەنهەجی ئەوان بەردەوام بووبێت ولای نەدابێت، ئەوانیش بە پلەیەك لە دوای پلەی شوێنكەوتوانی هاوەڵانەوە فەزڵ و چاكەیان بە سەرمانەوەیە و دەبێت ڕیزی زۆریان لێ بگرین. چاكێتی ئەوان تەنها لەبەر ئەوە نییە لەو سەردەمەدا لە دایك بوونە، بەڵكو لەبەر ئەوەیه لەسەر مەنهەج و ڕێبازی ئەوان بوونە و لە كیتاب و سونەت لایان نەداوە، كەواتە پێوەرەكە ئیستیقامەو شوێنكەوتنیانە بۆ كیتاب و سوننەت وەكو خۆی. بۆیە لەبەر ئەو پلەو پایە گەورەی هاوەڵان كە لەم فەرموودەو لە فەرموودەكانی تر و لە قورئاندا هاتووە، حەرامە و قەدەغەیە هیچ جۆرە سووكایەتی و جنیوێك بە هیچ هاوەڵێك بدرێت. هەروەها ئەو دوو نەوەی كە دوای ئەوان هاتوون خاوەن پلەو پایەو پێگەی گەورەو مەزنن لەلای موسوڵمان و پێویستە بە ئەوپەڕی ڕێزەوە باس بكرێن. هەر كەسێكیش لەوانە هەڵەیەكی كردبێت، یان لە مەسەلەیەكدا پێچەوانەی كیتاب و سوننەتی لێ بینرابێت، بە بێ ئەوەی لە مەنهەج و ڕێبازی كیتاب و سونەت لای دابێت، بە قسەی ناكرێت لەو هەڵە و نەپێكانەیدا، كردەوەكەشی نابێتە بەڵگەو حوججە بۆ موسوڵمان، بەلام ڕێزو حورمەت و پلەو پایەی هەر دەمێنێتەوە و بەسەرگەورەی خۆمانی دەزانین. إحسان برهان الدین 15 ذو القعدة 1442 25 حزیران 2021