العربیة
/سوننەت/
خوتبە دەست ڕاوەشاندنی ناوێت!
: 285
2022-06-01

خوتبە دەست ڕاوەشاندنی ناوێت! هەندێك لە وتاربێژان لە ڕۆژی هەینیدا و لەكاتی وتارەكەیاندا، وەكو كاردانەوە لەگەل بابەتی وتارەكەدا، دەستێكیان یان هەردوو دەستیان زۆر دەجوڵێنەوەو ئاماژەی پێ دەكەن، ئەوەش كارێكی باش نییە، زانایان - یەكێك لەوانە پێشەوا شافیعی - فەرموویانە ئەگەر دارێك یان گۆچانێكی بەدەستەوە نەبێت لە كاتی خوتبەكەیدا، باشترە وتاربێژ دەستەكانی نەجۆڵێنیتەوەو ڕایانگرێت، یان بەوەی لە جێگەی خۆیاندا ڕایانگرێت، یان دەستی ڕاستی بخاتە سەردەستی چەپی. حیكمەتیش لە نەجوڵاندنەوەی دەست و لاشەدا ئەوەیە كە ئەو كارە سوننەت نییە و لە پێغەمبەرەوە صلی الله علیه و سلم جێگیر نەبووە كە كاری وای كردبێت، ئینجا خوتبە عیبادەتە و عیبادەتیش بەو شێوە دەكرێت كە پێمان گەیشتووە، نەك تەنها دەست و لاشە ڕاوەشاندن، تەنانەت دەست بەرزكردنەوەی خەتیبیش لە كاتی دوعاكردن لەسەر مینبەرەوە هەر درووست نییە ، چونكە بەڵگەی لەسەر نییە و بەڵكو بەڵگە لەسەر پێچەوانەكەی هاتووە كە هاوەڵان نكۆڵیان لەبیشری كوڕی مەڕوان كرد، كاتێك لە خوتبەدا دەستی بەرزكردەوە، چونكە ئەوان دەیانزانی كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە كاتی دوعاكردن لەسەر مینبەرەوە دەستی بەرز نەدەكردەوە بەڵكو تەنها بەپەنجەی ئاماژەی دەكرد، كەچی زۆر خەتیب هەیە دەست و جەستەی خۆیان پێ ڕاناگیرێت وهەندێ جار - من خۆم بینیومە - وەخت بووە مینبەرەكە لەژێر قاچیدا بشكێ ئەوەندە بەتوندی بە قاچی لێیداوە، لە ڕاستیدا شارەزایی وتاربێژ لە سونەتدا و كارپێكردنی كارێكی گەلێك پێویستە و پێچەوانەكەشی شوێنەواری خراپی زۆر هەیە. شێخ محمد صالح المنجد دەگێڕێتەوە، كە وتاربێژی بەناوبانگی میسری شێخ عبدالحمید كشك سەرەڕای بەهێزی دەنگی و ڕەوانبێژی و كاریگەری خوتبەكانی، بەهیچ شێوەیەك لە كاتی وتارداندا دەستەكانی ڕانەدەوەشان ، بەڵكو لاشەی بێ جوڵەو هێمن ڕادەگرت تا خوتبەكەی تەواو دەبوو. بە كورتی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم هەموو جومعەیەك خوتبەی بۆ هاوەڵان هەبوو، هیچ بەڵگەیەك نەگەشتووەتە دەستمان كە دەستەكانی یان سەری یان لاشەی لەكاتی خوتبەكەیدا بە شێوەیەكی سەرنج ڕاكێش جوڵاندبێتەوە، بۆیە درووست نییە ئەو جوڵانە ئەنجام بدرێت و الله أعلم. إحسان برهان الدین 11 شوّال 1442 23 أیار 2021