العربیة
/سوننەت/
درێژكردنەوەی خوتبە پێچەوانەی سوننەتە!
: 340
2022-05-30

درێژكردنەوەی خوتبە پێچەوانەی سوننەتە! درێژكردنەوەی خوتبەی جومعەو كورتكردنەوەی نوێژەكەی، ڕێك پێچەوانەی سوننەتە، خۆی سوننەت وایە خوتبە كورت بێت و نوێژەكە درێژ بێت، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وەكو لە سەحیحی موسلیمدا هاتووە فەرمویەتی: (إن طول صلاة الرجل، وقصر خطبته مَئِنَّةٌ - أي: علامة - من فقهه، فأطيلوا الصلاة، واقصروا الخطبة، وإن من البيان لسحرًا ) واتە: درێژكردنەوەی نوێژو كورتكردنەوەی وتاری هەینی نیشانەی زانست و تیگەیشتنی وتاربێژەكەیە، بۆیە نوێژەكانتان درێژ بكەنەوەو خوتبەكانتان كورت بكەنەوە. بەداخەوە زۆربەی مامۆستایان وادەزانن تا خوتبەكەیان درێژتر بێت باشترو بەسوودترە! ئەوەش بێگومان بۆچونێكی هەڵەیە، لەلایەكەوە بیدعەیە و پێچەوانەی سوننەتە، لەلایەكی تریشەوە لەخۆڕایی خۆیان ماندوو دەكەن چونكە هەر لەدوای خوتبەكە كەس هیچی لەو قسانە لەبیر نامێنیت، لەوەشدا حیكمەتی كاركردن بەسوننەت و دووركەوتنەوە لەبیدعەمان بۆ دەردەكەوێت. لەوەش خراپتر ئەوەیە كەس ناوێرێت بڵێت مامۆستا خوتبەكەت درێژە، یەكسەر مامۆستا بە سووكایەتی بۆ شەخسی خۆی لە مەسەلەكە تێدەگات و دەڵێت ئەی بۆ ئەوەندە سعات بەدیار تەلەفزیۆن و فەیسبوكەوە دادەنیشن و ئارام ناگرن نیو سعات قسەی خێرتان بۆ بكەم! ئەوەش بەراوردیكی نەگونجاوە لە چەندین ڕووەوە. زۆرێك لە مامۆستایانی بەرێز تاكو ئێستا جیاوازی لە نیوان خوتبەو موحازەرەدا ناكەن، لە ڕاستیدا خوتبە دەرس و موحازەرە نییە مەسەلەكانی تێدا شیبكەیتەوەو هەرچی ئەزانیت لە قسەی بەسوود و خۆش و لە شیعر و قسەی نەستەق لەوێ بیخەیتەروو! خوتبە ئامۆژگاری و بیرخستنەوەیە بەئایەت و بەفەرموودە، الله و ڕۆژی دواییان بیر بخەرەوە، یان چەمكێكیان بۆ ڕاستكەرەوە، یان یەك سوودیان لەدینەكەیاندا بە كەمترین وشە پێ بگەیەنە، ئێوە هەموو جومعەیەك تا قسەتان بۆ بێت قسە بكەن دڵنیابن چەند سوودیان لێ وەرگرتوون چەند ساڵە، لەداهاتوویشدا هەروئەوەندە سوودتان لێ وەردەگرن! هەندێكی تریش لە مامۆستایان كە دەبینن ئەو هەموو خەلكە كۆبووەتەوە، ئیتر ڕۆژی جومعە وەكو ڤیستیڤاڵێك تەماشا دەكەن تواناكانی خۆیانی لە رەوانبێژی و قسەكردن تێدا نمایش بكەن ! ئەوەش هەڵەیە وكارێكی بێ بەروبوومە، لەوە باشتر ئەوەیە بە چەند وشەیەكی كورت و واتادار خوتبەكەت ببڕیتەوە، وەكو چۆن پێغەمبەرەكەت صلی الله علیه و سلم وای دەكرد و دەیفەرموو كورتی خوتبە نیشانەی ژیری و زانستی خەتیبە، خۆ تۆ لەو ڕەوانبێژتر و بەتواناتر نیت. خوتبەیەكی پوخت وبەڵگەدار لە دە خولەكدا، زۆر لەو هەموو قسەو باسە باشترە كە زۆربەی ئامادەبوان لە كۆتاییەكەیدا سەرەتاكەیان لەبیر دەچێتەوە. إحسان برهان الدین 10 شوّال 1442 22 أیار 2021