جیایان مەكەنەوە یەك مەسەلەن! جیاكردنەوەی كردەوەی چاكەوعیبادەتەكان لەگەڵ عەقیدەو بیرباوەڕدا و گرێنەدانیان پێكەوە ، جۆرێكە لە شێواندن بۆ بنەماكانی دین و بەو شێوەش بە ناڕاستەوخۆ نەوەیەكی عەلمانی هەموار كراو بەرهەم دێت و بەرهەم هاتووە. جا ئەگەر ئەوە بە نەزانین بكرێت ئەوە هەڵەیەكی كوشندەیە و ئەگەر بە ئەنقەست بكرێت ئەوە خیانەتە لە الله و لە پێغەمبەرەكەی صلی الله علیه و سلم. جەختكردنەوەی بەردەوامی مامۆستایانی ئایینی وهاوشێوەكانیان لە كۆمەڵگای كوردیدا لەسەر گرنگی عیبادەت و گەورەیی پاداشتی پەرستشەكان و هاندانی خەڵكی بۆ ئەنجامدانیان بە بێ ئەوەی بیریان بخەنەوە ئەو پاداشت و بەڵێنانەی لە قورئان و سوننەتدا لەو بارەوە هاتوون بۆ كەسانێكە كە باوەڕی تەواویان بە ئیسلام هەبێت وەكو عەقیدە و وەكو شەریعەت، ئەو كارەیان بە گەورەترین هەوڵی بەرفراوانی تێكدانی بنەماكانی ئیسلام دێتە ئەژمار و هیچ كات كاریگەری خراپی لە كاریگەری دژایەتی نەیارانی ئیسلام كەمتر نییە! بەڵام ئەوان بە جۆرێك و ئەمان بە جۆرێكی تر. زۆربەی زۆری مامۆستایانی ئایینی لە ڕەمەزانی ڕابردوودا، وەكو چۆن هەموو كاتەكانی تریش هەروایان كردووە، تەنها باسی پاداشتی ڕۆژووگرتن وگرنگی زیندووكردنەوەی شەوانی قەدریان بۆ خەڵكی دەكرد، جگە لەو باسانە كە وەكو هەمیشە تەنها خۆی لە بازنەی عیبادەت و تەزكیەی نەفسدا دەبینێتەوە، ئیتر نەكەم و نەزۆر بە لای عەقیدەو بیروباوەڕدا نەڕۆیشتوون و عیبادەتەكانیان لە دڵ و مێشكی خەڵكیدا نەبەستووەتەوە بە لا إله إلا الله و بەباسەكانی تەوحید و عەقیدەوە، نە باسی مەرجەكانی لا إله إلا الله و هەڵوەشێنەروەكانی، نە باسی ولاء و براء، نە شیكردنەوەی جۆرەكانی شیرك، نە دەیان باسی تری عەقیدە كە هەمووی پێویستە موسوڵمان بیزانێت و ئیشی پێ بكات، بەڵكو ئەوەی جەختیان لەسەر كردووەتەوە بەبێ وچان تەنها ئەوەیە ئەو دە شەوە بە نوێژ و قورئانخوێندن و بە زیكرەكان زیندوو بكەنەوە و پاداشتی هەشتا و سێ ساڵی تەواوی عیبادەت مسۆگەر بكەن، كابرا سنووری بیروباوە{ نەماوە نەیبەزێنیت، كەچی مامۆستا لە جیاتی ئەوەی لە لادانەكانی بیگێڕێتەوە پێی دەڵێت خەتمەیەكی تووتی ئاسا بكە و ڕەمەزان بەڕۆژووبە و شەوانی قەدەر تا بەبەرەبەیان مەخەوە ئەچیتە بەهەشەتەوە! ئاخر هەی داماو ئەگەر لە حاڵی ئەو كەسە وردبیتەوە بۆت دەردەكەوێت زۆرك لە حوكمەكانی ئیسلام ڕەتدەكاتەوەو باوەری پێی نییە بۆچی خۆت و ئەویش فریو دەدەیت؟ بەڵكو زۆر جار بەو كەسانەی كە تا بینەقاقایان كەوتوونەتە لادنی عەقیدەو ە پێیان دەڵێن سەد جار بڵێن سبحان الله و الحمد لله و لا إله إلا الله و الله أكبر ئەوەندە كۆشك و تەلارتان لە بەهەشتدا بۆ درووست دەكرێت! ئەی عەقیدەو بیروباوەر؟ بە زمانی حاڵ پێیان دەڵێن ئەوەیان كێشە نییە! ئەی پێناسەو مەرجەكانی لا إله إلا الله و باسەكانی تری عەقیدە كە كەس بەلایدا ناچێت؟ بە زمانی كردار - نەك گوفتار - پێیان دەڵێن ئەوانە كێشە نین گرنگ تەنها عیبادەتە! لەم سەردەمەدا كارەساتی موسوڵمان بە گشتی و كورد بەتایبەتی زۆر گەورەیە، دینداری بە پێی ڕێنمایی و فەرمانی خاوەن دینەكە ناكەن، بەڵكو كەسانی لادەر و نەفام و هەندێ جار بێ ئاگا كەسانی بەكرێگرتەو ئەڵقە لە گویێان كردووەتە چاوساغی خۆیان و ئەوان ڕێگای دیندارییان پێ پیشان دەدەن، بۆیە ڕۆژ لە رۆژ لە ئیسلام دوور دەكەنەوە و مامۆستایانیش ساڵانێكە عیبادەت و عەقیدە لە دڵ و هزریاندا جیا ئەكەنەوە، یەكەمیان گەورە دەكەنەوەو دووەمیان بچووك دەكەنەوە! بەو شێوەش درێژە بە شاردنەوەی بەشێكی زۆر لە دین دەدەن كە عەقیدەكەیەتی و لەلایەكی تریشەوە خۆڵیان لە چاو دەكەن بەوەی وا تێیاندەگەیەنن عیبادەت سەرەرای لادان لە عەقیدە دەگونجێت قبوڵ بێت! هەمیشە پێیان دەڵێن و وتوویانە: بەو شێوە وەزعتان لە باشیدایە..بەڵام بەڕاستی وەزعەكە لە ئەوپەڕی خراپیدایە وپێی نازانین، وەكو ئەوەی خەریكی درووستكردنی باڵەخانەیەك بین بە سەرپەرشتی ئەندازیارێكی نەزان و بێ ئەزموون، هەرگیز بایەخ بە قایم كردنی بنچینەو بنەمای باڵەخانەكە نەدات و بڵێت ئەوە گرفت نییە، لە بەرانبەریشدا تەنها خەریكی گرنگیدان بێت بە جوانكردنەوەی دیوارەكان و ڕەنگركردنی ڕواڵەتەكانی و پرسی بنچینەی باڵەخانەكەی هەر لەبیری خەڵكی بردبێتەوە. إحسان برهان الدین 5 شوال 1442 17 أیار 2021