العربیة
/مێژوو/
(محمد حسین یعقوب) لەبەردەم دادگایەكی میسریدا
: 266
2022-06-01

(محمد حسین یعقوب) لەبەردەم دادگایەكی میسریدا لە سەر كێشەیەكی دادگایی بەناوبانگ لە میسردا كە بە ناوی (خلیە إمبابة) ناسراوە، بانگخوازی دیاری میسری محمد حسین یعقوب بە مەبەستی شایەتیدان بۆ ئەو دۆسێیە بانگهێشتی دادگا كرا ، نابراو تاڕادەیەك لەبەردەم دەزگاكانی ڕاگەیاندندا كە ڕوماڵی شایەتیدانەكەیان دەكرد، لە حاڵەتێكی شڵەژان و ترسدا دەركەوت و زۆر لە وتەكانی جیاواز بوون لەو قسانەی كە لە ساڵانی پێشوودا لە وانەو چاوپێكەوتن و موحازەراتەكانیدا لێی دەبیستران، بێگومان هۆكاری ئەو شڵەژانەش ئەوە بووە ئەو چاك دەزانێت ئەو جێگەی تێیدا وەستاوە چەند ترسناكە و چەند ئەگەری ئەوەی هەیە لەسەر قسەیەكی لەو شوێنەدا بەدڵیان نەبێت جارێكی تر ڕوناكی نەبینێت. ئەمەش كورتەیەكی بانگهێشتەكەی بوو وەكو شایەت، بەڵام لەڕاستیدا وەكو تۆمەتبار لێكۆڵینەوەی لە گەڵ دەكرا و سووكایەتی پیدەكرا، تەنانەت دادوەرەكە هەندێ جار پێی دەوت (یابني) واتە: كورم! لە كۆتاییشدا كە پرسیارەكانیان تەواو بوو داوایان لێ كرد ئیمزای لەسەر بكات، ئەویش وتی با بیخوینمەوە، بەڵام سەرۆكی دادگا پێی وت فێری ئوسوڵ بە! ئەمە دادگایەو قسەكانت بەبێ زیادو كەم وەكو خۆی نووسراوە! 1- محمد حسین یعقوب كە بە هۆی نەخۆشییەوە لەسەر كورسیەكی جوڵاو ئامادەی دادگاكە بوو، بەڵام سەرەڕای ئەو حاڵەش كە گەیشتە بەردەم دادوەرەكان هەستایە سەر پێ و سەلامی لێكردن، پێش هەموو شتێك داوای كرد شایەتیدانی لە دانیشتنەكەدا تەسویر نەكرێت و داخراو بێت، بەڵام دادگا بەوە ڕازی نەبوو، چونكە دیار بوو ئەوان لە بنچینەوە مەبەستیان ئەوە بوو وەڵامی ئەو پرسیارانەی كە بەوردی و بەمەبەستەوە ئامادەكرا بوو جیهان بیبیسێت و وێنەیەكی نوێ و ناشیرین لە كەسایەتی ئەو بانگخوازە بڵاوبكەنەوە! 2- دواتر لە سەروبەندی ئەوەی تۆمەتبارانی دۆسێی شانەی ئیمبابە وتبوویان ئێمە لەسەر مەنهەجی محمد حسین یعقوب و محمد حسان و أبو إسحاق الحویني ن و پەیوەندیمان بە داعش و بە كەسەوە نییە جگە لە بیستنی وانەی ئەو مامۆستایانە، بۆیە ئەو بانگخوازە تاكو پێی كرا بە ئامادەبوون و ڕوماڵكردنی دەزگاكانی ڕاگەیاندنی جیهانی خۆی لەو تۆمەتە دوورخستەوە كە هانی توندوتیژی دابێت و وتی نابێت دەستدرێژی بكرێتە سەر سەرباز و پۆلیس و ماڵ و موڵكی دەولەتی میسری. هاوكات وتەكانی ڕازی كردنیشی پێوە دیار بوو بۆ دادگا دەربارەی زۆر پرسی تر كە دادوەرەكە وەكو لێكۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبار نەك وەكو شایەت لەگەڵ ناوبراودا مامەڵەی دەكرد. 3- لە وەڵامی پرسیارێكی دادگادا دەربارەی بڕوانامەو ئاستی زانستی لە شەرعی ئیسلامدا، وتی من دەرچووی خانەی مامۆستایانم و زانا نیم و هەرچیم وتووە لە قسەو موحازەرەو نوسینەكانمدا دەربارەی ئیسلام لە خوێندنەوەو تێگەیشتنی خودی خۆمەوە بووە، هەروەها وتی لەئاراستەو بیركردنەوەی ئیسلامیدا من بەباوكم و بەباپیرم كاریگەر بوومە. 4- هەروەها لە وەڵامی پرسیارێكی تردا وتی حسن البنا كۆمەڵەی الإخوان المسلمین ی دامەزراند بۆ ئەوەی دەستیان بگاتە دەسەڵات و خیلافەتی ئیسلامی بگێڕنەوە، درووستیش نییە شوێنی هیچ كەسێك بكەوین جگە لە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم، نە دروستیشە لە ناو كۆمەڵێكدا بین جگە لە كۆمەڵی هاوەڵان نەبێت. 5 - دادوەر دەربارەی سید قطب پرسیاری لێكرد ئەو لە وەڵامدا وتی سید قطب شاعیرو ئەدیب بووە و شارەزایی لە زانستە ئیسلامییەكان بە گویری پیویست نەبووە و شێخ و مامۆستاشی نەبووە. پاش گەڕانەوەی لە ئەمریكا بڕیاری داوە وابەستەی ئیسلام بێت بەڵام بەو تیگەیشتنە ئەدەبی و شیعرییەی خۆیەوە هاتووەتە ناو ئیسلام و ئەوەش رەنگی داوەتەوە لە تەفسیرەكەیدا، بۆ نموونە هەندی جار وتوویەتی ئەوە ئایەتیكی ڕەشیقە! 6- هەروەها دەرباری ڕێكخراوی القاعدة كە پرسیاری لێكرا بە دادوەرەكەی وت من ئەوەندەی تۆی لێ دەزانم! جا كە دادوەر وتی من هیچی لێنازانم، ئەو وتی منیش هیچی لێ نازانم، بەڵام ئەو هەروازی لێ نەهینا و دواجار هەندێ قسەی لەسەر ئەوانیش كرد و تی سەرباز و پۆلیسەكانی میسر هەموویان موسوڵمانن و ئەوان بەڵگەیان نییە كە بە موسوڵمانیان نازانن. كاتێكیش دادوەرەكە جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی وەڵام بداتەوە سەبارەت بە داعش و جەماعەتی أنصار بیت المقدس و نوسرەو ئەوانە وتی هیچی لی نازانم، وتی ئەی دەربارەی ئیخوانیش هەر هیچ نازانیت؟ ئەویش كەمیك وەستا و وتی: (مالیین الدنیا) واتە: دنیایان پڕكردووە یان دونیایان لێ پڕ بووە لە زۆریدا. 7- دەربارەی خۆیشی بۆ ئەوەی خۆی بە كەسێكی ناودار و كاریگەر دەرنەخات لەو جێگە ترسناكەدا، وتی من زۆرترین جار لە جیهاندا بە خەلكم وتووە (صلوا علی النبي) واتە سەڵەوات لەسەر پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بدەن، وتیشی من كارم بەسەر كەس و بەسەر هیچەوە نەبووە جگە لەوەی بەخەڵكم وتووە نوێژ بكەن و دڵتان پاك بكەنەوەو سەڵاوات بدەن. هەروەها وتی من لە عابیدەكانم و زانا نیم و موفتیش نیم، بیروبۆچوونەكانم لە باوكم و باپیرمەوە وەرگرتووە، وتیشی من بانگخوازم و سەلەفی نیم هەركێ دەیەویت پیم بڵێت سەلەفی بابڵێت. 8- كاتیكیش دادگا پێی وت تۆمەتبارەكان وتوویانە ئێمە گوێمان لە وانەكانی محمد حسین یعقوب و محمد حسان و أبو إسحق الحوینی گرتووە، ئەو لە وەڵامدا وتی: أبو إسحق الحویني وتارەكانی بۆ فێرخوازانی زانست و شارەزایانە، محمد حسان یش وتارەكانی بۆ مولتەزیم و وابەستە بووەكانە بە ئیسلامەوە، بەڵام من قسەكانم بۆ خەڵكی گشتی و عەوام ئاراستە ئەكەم ئەوەش جیاوازییەكی گەورەیە لە نێوانماندا. شایانی باسە محمد حسین یعقوب بۆ ماوەیەك وانەی خوێندووە لەلای هەندێ لە زانا ناودارەكانی سعودیە وەكو شێخ ابن باز و شیخ عثیمین و شێخ غدیان. 9- لە وەڵامی پرسیارێكیشدا دەربارەی سەلەفی تەكفیری كێن؟ وتی من هیچ شارەزاییەكم لەسەر ئەو جۆرە بیركردنەوە نییە. وتی باوەڕم پێ بكەن نازانم ئەوە چییە، ئینجا وتی: سەلەفی سەلەفییە و تەكفیری تەكفیرییە واتا دوو شتی جیاوازن. كاتێكیش سەرۆكی دادگا پێی وت: ڕات چییە بەرانبەر ئەو قسەی ابن تیمیة لە مجموع الفتاوی كە باسی ئەوانە دەكات كە نكۆڵی لە جێبەجێكردنی شەرع دەكەن لە ژێر ناوی "الفئة الممتنعة عن تطبيق الشريعة" وتی كتێبی مجموع الفتاوی 37 بەرگە و من یەكەم جارمە ئەو دەستەواژە دەبیستم و ڕەنگە ابن تیمیة لە سیاق و بۆنەیەكی جیاوزادا باسی ئەوەی كردبێت. سەرۆكی دادگا پێیشی وت ابن تیمیة بە مامۆستای خۆت دەزانیت؟ بەڵام ئەو وەڵامێكی ڕوونی نەدایەوە. جاروباریش پرسیاری سەیری لێدەكرد بۆ نموونە دەیوت بۆچی زۆر سەڵاوات دەدەیت، ئەویش وتی ئاخر من پیغەمبەر صلی الله علیه و سلم م زۆر خۆشدەویت خۆشەویستمە. بە شێوەیەكی گشتی هەندێ لە قسەكانی شێخ یعقوب - نەك هەمووی - دەكرێت لە ژێر خانەی بەخۆداچوونەوەدا پۆلێن بكرێن، بەڵام لە حاڵەتێكدا وایە ئەو هەڕەشەو ترسی لەسەر نەبوایە چونكە ئەو لەو جێگەیەدا لە حاڵەتێكدا بوو كەس ئێرەیی پی نەدەبرد! ئەو لە كاتی كوشتارگەی رابیعەدا لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی الجزیرة وتی چۆن ئەو هیزانە ئەتوانن ئەو ژن و پیاو و مناڵه سڤیلانە دەكوژن و لەو بارەوە زۆر شتی تری وتبوو وەكو پەرۆشی بۆ ئەو خەلكەی كە لەوی دەكوژران و بریندار دەكران. هەندێك پێیان وایە محمد حسین یعقوب و محمد حسان یش لەو ئەستێرانەن كە درەوشانەوەیان لەسەردەمی حوسنی موبارەكدا بوو و ئەوانیش لە خۆڕایی و بێ بەرانبەر ڕێگەیان بۆ ئەو بانگخوازانە واڵا نەكردبوو لە ڕاگەیاندنەكاندا كاریگەرییان هەبێت ، ئەگەر بۆ بەكارهێنانی ئەوان نەبوایە بۆ لێدانی تەوژمی تری ئیسلامی كە لە میسردا بوونیان هەبوو، بەو پێیەش ئەمانەی ئەم بانگخوازە دانی پێدانا حەقیقەتی ئەوە نەك لەبەر هیچ ترس و شتیكی تر بێت! وردەكاری ئەو مەسەلەش واتە بەكار هێنانی بانگخوازەكان لە ڕاگەیاندنی میسریدا بۆ لێدانی هەندێ گروپ و لایەنی ئیسلامی تر لە كتێكدا هاتووە بەناونیشانی: (لله یا زمری) لە نووسینی ئافرەتێك بە كریمات حمزة. بەڵام پێ دەچێت ئەم بۆچوونە زیاتر نەیارەكانی ئیخوان پشتگیری بكەن و من وەكو خۆم نازانم تاچەند ئەو مەسەلە وایە. دادگای میسری - پێم وایە -لە بانگهێشتكردنیدا بۆ محمد حسین یعقوب دوو ئامانجی هەبوو: 1- بە شێوەیەك لە شێوەكان محمد حسین یعقوب پشتگیری باسی جیهاد بكات و بەو شێوەش ئەویش دەبێتە تۆمەتبارێك لەو كێشەی ئیمبابە، یان بەناڕاستەوخۆیش بێت پشتگیری هەركردەوەیەكی توندوتیژی بەرانبەر ڕژێم و دەولەتی میسری بكات بەوەش دەستگیر دەكرا و قسەی تۆمەتبارانی كێشەی ئیمبابەی بەسەردا ساغ دەبوویەوە كە مامۆستای ئەو تۆمەتبارانە بووە! بەڵام ئەو هیچی نەگوت لەو بارەوە ، بەڵكو وەكو كەسێك قسەی كرد كە سیسی بە وەلی ئەمر دەزانێت و ستایشی كردن ودڵسۆزی بۆ ڕژێم و دەوڵەتی میسری نیشاندا، ئەمە لە كاتێكدا ئەو لەگەڵ محمد حسان دا لە كاتی ڕوداوەكانی رابیعەدا ئەوانیش لە گۆڕەپانێكی تری ناو قاهیرە مانیان گرتبوو، بەڵام دوای بڵاوە پێ كردنی مانگرتوانی ڕابیعە بەو شێوە، ئیتر ئەمانیش چوونەوە ماڵی خۆیان و دەستگیر نەكران. 2- ئامانجی دووەم لە بانگهێشتەكەی سووكایەتی پێكردن و داماڵینی بوو لەو خەرمانەی بەدەوریدا درابوو لە بایەخ پێدان و كاریگەری نەك تەنها لە میسر، بەڵكو لەتەواوی جیهاندا ، چونكە ئەو كەسایەتییەكی ناسراوو كاریگەری هەبووە، بەو قسانەش كە لەبەرەم دادگادا كردی و ئاژانسە گەورەكانی جیهان گواستیانەوە و سەدان ڕاپۆرتی لەسەر كرا، ، بێگومان ئەوە كاریگەری نەرێنی زۆر بەسەر كەسایەتییەوە بەجێدەهێڵێت و دانپێدانانەكانی وەكو پاشگەزبوونەوەیەك بوو بۆ هەندێ لە بیروباوەڕ و هەڵوێستی ئیسلامی كە پێشتر لە موحازەرەتەكانیدا باسی دەكرد و ملیۆنەها كەس گوێیان بۆ دەگرت. بەوەش دەسەڵاتی میسری توانی كەسایەتی ئەو بانگخوازە ناودارە بشكێنیت و لە لای هەوادارانی وێنەیەكی تازەو نامۆی پیشان بدات، چونكە نابراو زۆر بە لاوازی و بەترسەوە دەركەوت. بە تیگەیشتنی من شێخ محمد حسین یعقوب وەكو دیلێك بوو لەو جیگەیەدا و بۆ وشەیەك لێی دەگەڕان دەستگیری بكەن و لە بنچینەوە بۆ شكاندنی كەسایەتی بانگ كرابوو نەك بۆ شایەتی، هەر بەدوای دادگاكە ڕاگەیاندنی میسری دەستیان كرد بە دەهۆڵ كوتان و دانیشتنەكەی دادگایان بەدەیان ناونیشانەوە پەخش كرد و لێشاوێك لە هێرشكردنە سەر كەسایەتی ئەو پیاوە دەستی پێكرد، وەكو ئەوەی ڕۆشنایی سەوزیان بۆ هەڵكرابێت، بەرنامە لەسەر بەرنامە باسی هاوسەرگیرایەكانی و زۆرشتی تایبەتی خیزانی و كەسیتیان دەكرد بەبێ ئەوەی ڕەچاوی حەق و راستی بكەن بەڵكو هەندێكی دیار بوو هەڵبەستن و درۆ بوو. إحسان برهان الدین 6 ذو القعدة 1442 16حزیران 2021