العربیة
/قورئان/
گەورەیی پاداشتی شەوی قەدر و ڕاستییەك
: 418
2021-10-24

گەورەیی پاداشتی شەوی قەدر و ڕاستییەك نەزانینی كاتی شەوی قەدر بە دیاری كراوی بێ حیكمەت نییە و بێگومان سوودی (موسوڵمان) ی تێدایە، لە دیارترین ئەو حیكمەتانەش ئەوەیە هانی موسوڵمان دەدات بۆ ئەوەی بە هیوای بەدەستهێنای ئەو پاداشتە گەورەیە لە هەموو دە شەوی كۆتایی مانگی ڕەمەزاندا لە عیبادەتكردندا كۆشش بكات و زۆرترین پاداشت بۆ خۆی كۆ بكاتەوە، بەڵام ئەگەر بێت بە دیاری كراوی كاتەكەی بیزانیایە، تەنها لەو شەوەدا زیاد لە شەوانی تر كۆششی دەكرد، نموونەی تری لەو شێوەشمان لە شەرعدا هەیە كە رەنگە ئەویش هەمان ئامانجی لە پشت بێت وەكو دیارنەبوونی ئەو ساتەی كە لە ڕۆژی هەینییدا دوعای تێدا گیرا دەبێت و نموونەی تریش هەیە. لە ڕاستیدا شەوی قەدر چەنێك هەلێكی بێ وێنەیە بۆ موسوڵمان بیقۆزێتەوە و سوودی لێ ببینێت، ئەوەندەش وانەیەكی گرنگە بۆی كە هەمیشە لە هەوڵ و كۆشش و عیبادەتدا بێت وخۆی ماندوو بكات بۆ گەیشتن بە ڕەزامەندی پەروەردگار، چونكە هیچ مرۆڤێك نازانێت دوای ئەو ساتەی كە تێیدایە دەژیت یان ژیان بە جێ دەهێڵێت!. زۆریش پێویستە ئەوە بزانین كە پاداشتی شەوی قەدر - بەڵكو پاداشتی هەموو عیبادەتێكی تریش - بە باوەڕی تەواو و بێگومان بوونی موسوڵمان بە تێكڕای عەقیدەو شەریعەتی ئیسلامەوە بەستراوەتەوە، ئیمانی تەواو بە سەرجەم حوكم و بەڵێن و بابەتە غەیبیەتەكانی ئیسلام و تووش نەبوون بە هیچ جۆرە شیرك و هاوبەش بۆ الله بڕیاردانێك مەرجێكی بنچینەییە بۆ ئەوەی ئەو كەسە لەو بەڵێنەی مەزنەی كە بەوانەی شەوی قەدر زیندوو دەكەنەوە دراوە سوودمەند بێت. لە ڕاستیدا عیبادەت كردنی شەوێك یان دە شەو یان عیبادەتی هەموو تەمەن، كەلێن و تێكەوتنی كەسێك لە بواری عەقیدەو بیروباوەردا هەرگیز پڕ ناكاتەوە، وەكو ئەوەی بۆ نموونە حوكمێك لە حوكمەكانی ئیسلام بە نەشیاو بزانێت بۆ ئەم سەردەمە، یان حوكمێكی یاسا دەستكردەكان بۆ ئەم سەردەمە بە گونجاوتر بزانێت لە حوكمی ئیسلام، یان لە هەر هەواڵێكی غەیبی لەو هەواڵانەی كە لە قورئان و سوننەتدا هاتوون بە گومان بێت، ئەوانە هەمووی ڕێگرن لەوەی هەزار لەیلەتولقەدریش هیچ سوودێك بە خاوەنەكەی بگەیەنێت: (وَلَقَدْ أُوحِيَ إِلَيْكَ وَإِلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكَ لَئِنْ أَشْرَكْتَ لَيَحْبَطَنَّ عَمَلُكَ وَلَتَكُونَنَّ مِنَ الْخَاسِرِينَ). إحسان برهان الدین 20 رمضان 1441