العربیة
/سوننەت/
حوكمی قورئان خوێندن لە سەماعەی مزگەوتەكانەوە
: 555
2020-04-14

حوكمی قورئان خوێندن لە سەماعەی مزگەوتەكانەوە
نازانم بۆ شارو شوێنەكانی ئێوە، بەڵام لە هەندێك لە مزگەوتەكانی شاری سلێمانی لە ئێستادا كە جومعەو جەماعەت ڕاگیراوە، پێش بانگەكان یان لە هەندێ كاتی تردا لە سەماعەی مزگەوتەكانەوە قورئان لێ ئەدرێت، ئەو كارەش هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نییە و بیدعەیەكە لە ناو شەرع و ئەحكامی مزگەوتدا جێگای نابێتەوە، كەسیش بۆی نییە بە بەهانەی داخرانی مزگەوتەكانەوە قەرەبووی خەڵكی بە جۆرێك لە عیبادەتی داهێنراو بكات و دەست بە هەندێ بەڵگەی گشتییەوە بگرێت.

 

لەوانەیە كەسێك بلێت ئەی تۆ حەز لە قورئان ناكەیت! بۆچی پێت ناخۆشە لە مزگەوتەكانەوە قورئان لێبدرێت؟ ئێمەش لە وەڵامدا - وەكو زانایان فەرموویانە - ئەلێن: ئەی تۆ لە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم زیاتر حەزت لە قورئانە كە ئەو
خۆی فەرموویەتی: ( لا يجهر بعضكم على بعض بالقراءة فتؤذوا المؤمنين ) كەس قورئان بە دەنگی بەرز بەسەر كەسی تردا نەخوێنێت و ئازاری ئیمانداران بدات!ئەوەش دەقێكی ڕوون و ئاشكرایە كە نابێت دەنگ بەقورئان بەرز بكرێتەوە،
.
هەروەها بە هیچ شێوەیەك جێگیر نەبووە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە پێش بانگدان یان دوای بانگدان یان ڕۆژی هەینی لە مزگەوتەوە فەرمانی بە یەكێك لە هاوەڵان كردبێت قورئان بخوێنن، كەواتە بۆ ئێمەش درووست نییە كارێك بكەین ئەو نەیكردبێت، خۆ ئێمە لە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ی باشتر لێ نازانین والعیاذ بالله.
لەوانەیە بۆ شەرعاندنی ئەم مەسەلەو هەر شتێكی تر كە كەسانێك بیانەوێت بەبێ بەڵگە ئەنجامی بدەن، هەندێ بەڵگەی گشتی بۆ بهێننەوە، ئەوەش دیسان وەكو زانایان فەرموویانە پەنا بردنە بەر بەڵگەی گشتی (عمومیات) ئەوە پیشەی عەوام و ئەهلی بیدەعە نابێت هیچ مامۆستایەكی بەرێز بكەوێتە ئەو هەڵەوە كە استدلال بە عمومیات بكات.
ئینجا هەر بە عەقڵیش سەیری مەسەلەكە بكەین، لەو كاتەی لە سەماعەی مزگەوتەكانەوە قورئان لێبدرێت، خەڵكانێك هەیە خەریكی نوێژن یان هەر عیبادەتێكی تر لێیان تێكدەچێت، خەڵكانێك هەن خەریكی ئیش و كاری تری خۆیانن ناتوانن گوێ لە قورئانەكە بگرن، جگە لەوەش لەوانەیە بەرزی دەنگەكە خەڵكانێكی تر بێزار بكات كە نەخۆشن یان خەوتوون،هەموو ئەوانەش لە ئاراستەی فەرموودەكەوە وەردەگیردرێت(فتؤذوا المؤمنين) چەندین فەرموودەی تریش هەیە بە پیویستم نەزانی باسیان بكەم، بەوەش كارەكە هەم لە ڕووی شەرعەوە بیدعەو بێ بەڵگەیە، هەم لە ڕووی عەقڵەوە چاكەیەكی تێدا بەدی ناكرێت بەدەنگی بەرز و بەزۆر قورئان بدەیتە گوێ ئەو هەموو خەڵكەدا كە بە بۆنەی ئەو كارەوە لەوانەیە خەڵكانیك گوناهبار بن و لە دەنگی قورئانەكە بێزار بن.

 

لەم كاتانەدا- هەر وەكو پێشتر - پێویستە بانگەكان بەبێ هیچ زیاد و كەم و پاشكۆی و پێشەكی بۆ درووستكردنێك ئەنجام بدرێت ئەوە سوننەتە و هەمو خێرێكیش تەنها لە سونەتدایە و هیچ خێرو باشییەكیش لە بیدعەدا چاوەڕوان ناكرێت…هەرچی كارێك كە چاوەروانی پاادشت بیت لێی و بەو شێوازە لە شەرعدا ئەسڵی نەبێت و پێشەنگت نەبێت لە كرداری پێشنینانی باشی ئەم ئوممەتە هەرگیز كارێكی باش نییە..والله أعلم.
إحسان برهان الدین
9 شعبان 1441
2020/4/2