العربیة
/گشتی/
لیژنەكانی فەتوا زۆرجار پاشكۆی دەسەڵاتن
: 109
2024-08-23

لیژنەكانی فەتوا زۆرجار پاشكۆی دەسەڵاتن

ئەوە حەقیقەتێكە و مشت و مڕ هەڵناگرێت: هیچ لایەن و دەستەیەكی زانستی و لیژنەیەكی فەتوای سەر بە هەر دەسەڵاتێك لەوانەی ئەمڕۆ لە جیهانی ئیسلامیدا حوكم دەكەن مەحاڵە بتوانن سەربەخۆ بن و ئیسلامی قورئان و سونەت پێشكەشی خەڵكی بكەن، بەڵكو ئەركی سەرشانیانە و لە بنچینەوە لە بەر ئەو ئامانجە هەڵبژێردراون و خراونەتە ئەو جێگەیە بۆ ئەوەی بە فەتواكانیان  پارێزەری بەرژەوەندییەكانی دەسەڵات بن و بەناو دینەوە لادان و هەڵەو ستەمەكانی ئەو دەسەڵاتە پەردەپۆش بكەن و شەرعێنەری بڕیارە ناكۆكەكانیان بن لە گەڵ شەریعەتی ئیسلامدا.

 هەروەها ئەركێكی تریان ئەوەیە خەڵكی  بخەنە ژێر ڕكێفی دەسەڵاتەكان و جوانكاری بۆ ڕوخساری ناشیرینی حوكمڕانەكان وئاغاكانیان بكەن، بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو ئەركانەش پێویستی زۆریان بە شێواندنی دەقەكان و زۆر لێكردن و تێكدان وگۆڕینی واتای  ئایەت و فەرموودەكان دەبێت لەگەڵ گوێنەدان بە ڕەخنە و تانەو تەشەر و  تێپەڕاندنی پەرژینی شەرم و سوور بوون لەسەر هەندێ هەڵە كە هەندێ جار نەخوێندەوار و مناڵیش دەزانن هەڵەیە.

بە داخەوە ئەگەر چی جیاوازییان هەیە و بە یەك پلە خزمەتكاری بەرژەوەندی حكومەتەكانی خۆیان نین و تەنانەت هەندێ جار گومان دەكەیت عولەمای سوڵتان بن! بەڵام دوا جار - بە بڕواو شارەزایی خۆم - هیچ لیژنەیەكی فەتوا و دەستەیەكی زانستی فەرمی كە بەناو دەوڵەت و قەوارەیەكی سیاسی دەسەڵاتێكەوە فەتوا بدەن و قسە بەناو دینەوە بكەن لەوكارەساتانەی ئاماژەمان پێكرد بەدەر نین و دەرباز بوونیان بەتەواوی لەو دەستەمۆبوونە مەحاڵە.

ئەگەر لە چڵەپۆپە و ناودارترین ئەو دەستانەوە دەست پێ بكەین وەكو ئەزهەر و لیژنەی فەتوا و گەورە زانایانی سعودیە تاكو دەگاتە كام دەوڵەت و دەسەڵاتی بچووك لە جیهانی ئیسلامیدا، ناتوانن لە ڕووی هیچ داوایەكی ناشەرعی ئەو دەسەڵاتە بوەستن كە ئەوانی داناوە و ئەركی سەرشانیانە فەتوای فەوری بە دڵی ئەوان دەربكەن و بەڕۆژی ڕوناك سەرپێچی حوكمەكانی قورئان و سوننەت بكەن، لە مێژووی هاوچەرخدا هەرگیز نەمابیستووە - و ناشیبیسین -ڕۆژێك ڕووبەڕووی یەكێك لە حوكم و بڕیارە ناشەرعییە زۆرەكانی دەسەڵاتەكانیان ببنەوە وبڵێن ئەوە ناشەرعییە!دوو ڕێگایە سییەمی نییە: یان بۆیانی دەشەرعێنن یان لێی بێ دەنگ دەبن ! 

بەداخەوە لیژنەكانی  فەتوا لە هەموو شوێنێكدا، هەمیشە وەكو سەربازێكی گوێڕایەڵ - بەتایبەتی لە كاتی نا ئاسایی و قەیران و كێشە گەورەكاندا - دەبێت لە ئەو پەڕی ئامادە باشیدا بن و فریای دەسەڵات بكەون و بیسلمێنن كە بەناو دینەوە كوڕی ڕۆژی تەنگانەی دەسەڵاتەكانیانن وچ جۆرە فەتوایەكیان لێ داوا بكرێت گوێڕایەڵن و لە ئامادەباشیدان.

خۆ  ئەگەر ڕۆژێكیش كەسێك لەوانە ڕوو بەڕووی ئیرادەی ناشەرعی دەسەڵاتەكەی وەستابێتەوە وحوكمەكانی ئیسلامی سەرخستبێتە سەر حوكمی سەرگەورەكان و ئەوانەی ئەو دەستە و لێژنانە دادەمەزرێنن، ، ئەوە بە خراپترین چارەنووس گەیشتووە، یان بەلای كەمەوە دەركراوە و كەسێكی لەو گونجاوتریان لەجێگەكەی داناوە، هاوكات مێژوو هەڵوێستی كەسانێكیشی بە ئەو پەڕی سەربەرزی و پرشنگداری پاراستووە كە دینی خۆیان بەرانبەر پارەو پلەو پایەی دونیا نەفرۆشتووە، بەڵام ئەوانە بەداخەوە دەگمەنن و دواجاریش لەو دەستانەدا هەر زوو دەركراون ودوور خراونەتەوە.

لە كۆتاییشدا پێویستە بڵێم: ئەوەی كە لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا بە گشتی زیاتر تایبەتە بە بابەتە سیاسییەكان وئەو پرسانەی بە شێوەیەك لە شێوەكان پەیوەندی بەبەرژەوەندی دەسەڵاتەوە هەیە ولەبەردەم نیللەتدا پێویستە بشەرعێنرێت، لە ڕاستیدا دەسەڵاتیش هەر لەو بوارەدا پێویستی بەوان هەیە، ئەگینا لە بوارە فیقهی و شەرعییە ئاساییەكاندا زۆر جار قسەی زانستی بەجێ دەكەن و دەكرێت قسەیان كە موافیقی بەڵگەی شەرعی بوو بە نەزەری ئیعتیبار وەربگیردرێت، ئەگەرچی ئەو كەسەی لە بواری عەقیدەدا تێبكەوێت باشترە لە هیچ بوارێكی تردا هیچی لێ وەرنەگیرێت!

 هەروەها پێویستە بوترێت: ئەمەی كە باسم كرد تێگەیشتنی خۆمە بۆ پرسەكە و  زیاتر و بەپلەی یەكەم پەیوەستە بە سەرۆكی  ئەو دەستانە و چەند كەسانێكی دیار و ناودار نەك هەموو مامۆستا و زانایەك لەو جۆرە دەستەو لیژنانەدا ئەندام بن، حەق و ئینساف ئەوەیە بوترێت هەندێ جار خەڵكی زانا وبەتواناشیان تێدایە بەڵام هەڵوێستەكە بەدەر نابێت لەوەی كەسی دڵسۆزی دین بۆ ئەو كەسانە حەسرەت هەڵدەكێشێت وبەزمانی حاڵ دەڵێت: خۆزگە خۆتان بەو شوێنە گوماناوییانەوە نەلەوتێنن.