بەخشین بە نهێنی ..بەخشین بە ئاشكرا
سەدەقە و بەخشین دەرگایەكی گەورەو بەرینی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی پەروەردگارە ئەگەر نیازو نیەتی ڕاستی لەگەڵ بێت، تاقیكردنەوەیەكی قورسیشە بۆ مرۆڤەكان چونكە پارەو سەروەت و سامان بەلای هەموویانەوە خۆشەویستە و بە ماندووبوون و زەحمەت بەدەستی دەهێنن، بۆیە بەخشینیشی لەسەریان قورسە و سانا نییە، كەمیشن ئەوانەی ئەو تاقیكردنەوەیە بە سەركەوتوویی تێدەپەڕێنن، بۆیە الله تعالی بانگهێشتی بەندەكانی دەكات بۆ بازرگانییەكی پڕ لە قازانج بۆ خێركردن لەو ماڵەی كە پێی بەخشیون.
ئەم بابەتەش لەم كاتەدا نووسراوە بە بۆنەی ئەم بارودۆخەی لە كوردستاندا درووست بووە بەهۆی پەتای كۆرۆنا وسەرهەلدانی حاڵەتیكی بەرفراوان لە پێویستی خەڵكی بە هاوكاری، لە دەرەنجامی بێ ئیشی ومانەوەی خەڵكی بە ناچاری لە ماڵەكانیاندا، لە ڕاستیدا هەلوێستی جوانی دەوڵەمەندەكان و خەڵكی تریش لەم هەل و مەرجەدا نكۆڵی لێ ناكرێت و راستیەەكی حاشا هەڵنەگرەو ئاماژەیەكی دڵخۆشكەریشە كە خەڵكی هێشتا ڕێژەیەكی باش لە سۆزو بەزەیی و ویستی چاكەو بەخشینیان تیدا هەیە، ئەم بابەتەم لە ڕوانگەی چەند تەوەرێكەوە إن شاء الله دەخەمە ڕوو:
1- فەزل وگەورەیی بەخشین لە دونیا و دواڕۆژدا:
بە بەڵگەی ڕاست و درووستی كیتاب و سونەت، سەدەقە و خێر كردن لە دونیا و دواڕۆژدا سوودی زۆر بە خاوەنەكەی دەگەیەنێت، لەوانە: دەبێتە هۆكاری لاچوونی جۆرەها بەڵاو ناخۆشی، دەبێتە مای بەرەكەت و پیتی ماڵ و سەروەت وهۆكارێكە بۆ ئاسوودەیی وهەستكردن بە خۆشی وشادمانی و دەرمانە بۆ نەخۆشییەكانی دڵ و دەروون و جەستەو، هۆكاریشە بۆ نزاو پاڕانەوەی مەلائیكەت بۆ بەخشەرەكە و هەروەها ماڵ وسامان پاك وپاراو دەكاتەوە وبگرە ئەوەی بۆت دەمێنێتەوە لەڕاستیدا ئەوەیە كە دەیبەخشیت.
لە قیامەتیشدا سەدەقەو بەخشین دەبێتە بەڵگەی ڕاستگۆیی بەندە لەگەڵ پەروەردگاری و گوناه دەسڕێتەوە و لە ئاگری دۆزەخ خاوەنەكەی دەپارێزێت و لەپاڵیدا دەحەسێتەوە و لە دەرگای سەدەقەوە بۆ چوونە ناو بەهەشت بانگ دەكرێت، هەموو ئەمانە بەڵگەی ئایەت و فەرموودەی سەحیحی لەسەرە لەبەر ئەوەی بابەتەكە زۆر درێژ نەبیتەوە باسم نەكردووە.
2- ئەسڵ لە بەخشین ئەوەیە پەنهان ونهێنی بێت:
هەرچەند موسوڵمان سەدەقەو بەخشین و كاری چاكەی بە نهێنی بێت ئەوەندە لە ئیخلاس ودور بوون لە ڕوپامایی وپووچەڵ بوونەوەی پاداشت دورتر دەبێت، هەر بۆیە ئەسڵ لە كردەوەی چاكەو - بەخشینیش یەكێكە لە كردەوە هەرە چاكەكان - ئەوەیە بە نهێنی بێت و لە نێوان بەندەو پەروەردگاردا بێت، بە شێوەیەكی گشتیش پێشەوایانی ئێمە لە پێشینان و چاكەكارە گەورەكانی ئیسلام بەخشینیان بە نهێنی ئەنجامداوە، مەگەر حیكمەت و هۆكارێك هەبووبێت بۆ ئاشكراكردنی ئەو كاتە بە ئاشكرا ماڵیان بەخشیوە.
دەگێڕنەوە عەلی كوڕی حوسەین بە ڕەحمەت بێت ئازووقەو بژێوی چل ماڵی بە نهێنی دابین دەكرد بێ ئەوەی ئەو ماڵانە بزانن كێیە ئەو كەسەی هاوكارییان دەكات، ئەو مەسەلەش بە پەنهانی مایەوە تا ئەو كاتەی عەلی وەفاتی كرد و هاوكارییەكان كۆتاییان پێ هات ئیتر بەوە زانرا كە ئەو بووە.
پێشەوا بوخاری بابێكی تەرخان كردووە بۆ بەخشینی نهێنی بەناوی: " بَاب صَدَقَةِ السِّرِّ" و ئەو فەرموودەی ئەبو هورەیرەی هێناوە رضي الله عنه: ( وَرَجُلٌ تَصَدَّقَ بِصَدَقَةٍ فَأَخْفَاهَا حَتَّى لَا تَعْلَمَ شِمَالُهُ مَا صَنَعَتْ يَمِينُهُ ).
هەروەها لە فەرموودەی صحیح دا هاتوە:( إن صدقة السر تطفئ غضب الرب ) "الصحيحة" (1908) سەدەقە كردن بە نهێنی توڕەیی پەروەردگار ناهێڵێت.
بە كورتی تا بكرێت سەدەقە و هەموو چاكەیەك مەگەر شەرع بە ئاشكرا فەرمانی پێكردبێت وەكو نوێژی جەماعەت، بەنهێنی بكرێت باشترە، چونكە خێرخواز دەبێت تەنها و تەنها لەو خێروسەدەقە مەبەستی الله بێت بۆ ئەوەی كارەكەی پووچەڵ نەبێتەوە، ئاشكراكردنیش بۆ ئەو مەبەستە مەترسی ڕیایی درووست دەكات.
لە ڕاستیدا ئەو ئایەتانەی كە جەخت لەسەر بەخشین بەنهینی دەكەنەوە تاكەكان بە جوانترین شێوە پەروەردە دەكەن، چونكە مرۆڤەكان بە سروشتیان حەز لە وەسف و ستاش و سوپاس كردنی خەڵكی دەكەن، بۆیە ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز ئاراستەی چاكەكاران دەكات بەخشین و كارە چاكەكانی تریان بە نهینی بێت ودوور بێت لە چاوی خەڵكی، هەر لەبەر ئەوەیە دەبینین بەگشتی ئەو ئایەتانەش كە ڕێگەی بەهەردوو شێوازی بەخشین داوە شێوازی نهینی پێش خستووە:(قُل لِّعِبَادِيَ الَّذِينَ آمَنُواْ يُقِيمُواْ الصَّلاَةَ وَيُنفِقُواْ مِمَّا رَزَقْنَاهُمْ سِرًّا وَعَلانِيَةً..) (الَّذِينَ يُنفِقُونَ أَمْوَالَهُم بِاللَّيْلِ وَالنَّهَارِ سِرًّا وَعَلاَنِيَةً فَلَهُمْ أَجْرُهُمْ عِندَ رَبِّهِمْ وَلاَ خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلاَ هُمْ يَحْزَنُونَ) ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەخشینی نهینی ئیخلاس و چاودێریكردنی پەروەردگار لەناخی بەخشەردا دەچێنێت و خۆشی و ئاسوودەییەكی پێ دەبەخشێت زۆر زیاتر لەوەی كە لە بەخشینی ئاشكرا هەستی پێ دەكات، هەروەها بەخشینیان لەسەر ئاسان دەكات و لەگەڵیدا ڕایاندەهێنێت و وایان لێ دەكات تەنها چاویان لە ڕەزامەندی و وەرگرتنی الله بێت بۆ كارەكەیان. بەڵكو لەگەڵ بەخشینەكەشیان هێشتا ترسیان هەیە وەرگیراو نەبێت، وەكو فەرموویەتی: (وَالَّذِينَ يُؤْتُونَ مَا آتَوا وَّقُلُوبُهُمْ وَجِلَةٌ أَنَّهُمْ إِلَى رَبِّهِمْ رَاجِعُونَ * أُوْلَئِكَ يُسَارِعُونَ فِي الْخَيْرَاتِ وَهُمْ لَهَا سَابِقُونَ).
3- بەخشین بە ئاشكرا وبەبەرچاوی خەڵكەوە:
ئەگەرچی بەپێی چەندین ئایەت و فەرموودە، ئەسڵ ئەوەیە خێرو سەدەقە و بەخشین بە نهێنی بێت بۆ ئەوەی پاداشتی كەم نەكاتەوەو خاوەنەكەی لە مەترسی ڕیایی بەدوور بێت، بەڵام لەكاتی هەبوونی حیكمەت و پاساوێكدا، درووستە بە بەرچاوی خەڵكی وبە ئاشكرا ئەو خێرە بكرێت، بۆ هەندێ هەل و مەرج و حاڵەتی تایبەتیش لەوانەیە لە خێرو سەدەقەی نهێنی چاكتریش بێت، بۆ نموونە ئەگەر ئەو كارە ببێتە مایەی ئەوەی چاوی لێ بكرێت و خەڵكانێكی تر بۆ بەخشین و هاوكاری كردنی نەداران و خاوەن پێویستییەكان هان بدات بۆ سەدەقە كردن و بەخشین، الله تعالی لە قورئاندا فەرموویەتی: ( إِنْ تُبْدُوا الصَّدَقَاتِ فَنِعِمَّا هِيَ وَإِنْ تُخْفُوهَا وَتُؤْتُوهَا الْفُقَرَاءَ فَهُوَ خَيْرٌ لَكُمْ )، ئەگەر سەدەقە و بەخشینەكانتان بە ئاشكرا بكەن كارێكی باشە، ئەگەریش بیشارنەوە وبیدەنە هەژارەكان بە شاراوەیی ئەوە باشترە بۆ ئێوە.
هەر وەها فەرموویەتی:(الَّذِينَ يُنْفِقُونَ أَمْوَالَهُمْ بِاللَّيْلِ وَالنَّهَارِ سِرًّا وَعَلانِيَةً فَلَهُمْ أَجْرُهُمْ عِنْدَ رَبِّهِمْ وَلا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلا هُمْ يَحْزَنُونَ).
كەواتە سەدەقەی ئاشكرا بە بەرچاوی خەڵكەوە ئەگەر پاساوی هەبێت درووستە وبەڵگەی ڕوون و ئاشكرای قورئانی لەسەرە، بەهەمان شێوە لەسوننەتیشدا بەڵگەی لەسەرە، تەنها بۆ بۆ نموونە: (المسر في القرآن كالمسر بالصدقة، والجاهر بالقرآن كالجاهر بالصدقة) أخرجه الإمام أحمد في (مسند الشاميين)، برقم: 17128،واتە: ئەو كەسەی قورئان بەنهڤینی بۆ خۆی دەخوێنێت وەكو ئەو كەسەیە كە خیر و سەدەقە بە نهینی دەكات، ئەو كەسەش بە ئاشكرا قورئان دەخوێنێت وەكو ئەو كەسەیە بە ئاشكرا خیرو سەدەقە دەكات.
- جیگای ئاماژە بۆ كردنە ئەگەر كەسەكە پێشتر بەخشینی نهێنی هەبووبێت، یان ئەسڵ لەلای بەخشینی نهینی بێت، جۆرێكی لە ئامادەیی دەروونی و پارێزراوی بۆ درووست دەبێت كە بەخشینی ئاشكراشی هەبێت و لە خراپییەكانی پارێزراو بێت.
- سروشتی مرۆڤەكان وایە چاو لەیەكتر دەكەن و هەندی جار لە كاری چاكەو بەخشیندا كێبڕكێیش دەكەن، ئەمەش بەڕوونی تێبینی دەكرێت لەم سەردەمەی كە لە كەناڵە ئاسمانییەكان و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانەوە كاتێك داوای بەخشین دەكرێت یان بانگهیشتی خاوەن پارەو سامانەكان دەكرێت بۆ درووستكردنی نەخۆشخانەیەك یان پرۆژەیەكی بە سوود یان یارمەتیدانی ماڵێكی هەژار یان كەسیكی نەخۆش، دەبینرێت بە شێوەیەكی بەرچاو ئەو ئامانجە جێبەجێ دەكرێت، ئەوەش یەكێكە لە سوودەكانی سەدەقەو خێر كردن بە ئاشكرا.
- ئینجا ئەگەر ئەو خێرخوازانە كەسانی دیار و سەركردەی باش بن، زۆر جار كارەكەیان دەبێتە مایەی ئەوەی چاویان لێ بكرێت و شوێن پێیان هەڵبگیرێت، بە پێچەوانەی ئەو كەسانەی كە ناسراو نین.
بۆیە پێشەوا زكريا الأنصاري كە یەكێكە لە شەرعناسەكانی ڕێڕەوی شافیعی دەربارەی شێوازی دەركردنی زەكات بۆ پێشەواو سەركردەی موسوڵمانان و خەڵكی دیار فەرموویەتی: : "وأمَّا الإمامُ فالإظهارُ له أفضلُ مُطلقًا" واتە بە ئاشكرا بێت باشترە، بۆ ئەوەی چاوی لێبكرێت. - سەبارەت بە زەكاتیش كە - بە پێچەوانەی سەدەقەوە - زانایان فەرموویانە باشترە بە ئاشكرا بێت، یەكێك لە حیكمەتەكانی ئەوەیە گومانی زەكات دەرنەكردن لە دەوڵەمەندەكە دووربخاتەوە، چونكە خەڵكی ئەگەر دەوڵەمەند نەبینن زەكات دەردەكات گومانی خراپی پێ دەبەن كە زەكاتی ماڵەكەی دەرناكات.
- یان لەم بارودۆخەی ئێستادا خێرۆمەندی وا هەیە ئامادەیە لە بوارێكی دیاریكراودا خزمەت بكات بۆ نموونە ئامادەیە بڕێكی دیاری كراو لە ئازووقە بداتە هەر ماڵێك پێویستی پێیەتی وژمارەی تەلیفۆنەكەشی ڕادەگەیەنێت، یان كەسێك كۆگای دەرمانی هەیە و بە ئاشكرا ژمارەی تەلیفۆن بڵاودەكاتەوە یان لە ڕێگەی ترەوە كە ئەو دەرمان بۆ هەركەسێك دابین دەكات كە توانای دابینكردنی دەرمانی نییە وحاڵەتی هاوشێوەی تر، بێگومان لەم حاڵەتانەدا ئاشكرا كردنی سەدەقە باشترە لەوەی كارەكەی بە نهێنی بكات.
*هەروەها هەندێ جاریش هەژارەكە خۆی بەئاشكرا و بەرچاوی خەڵكەوە یان لە ڕاگەیاندنەكانەوە داوای یارمەتی دەكات، ئەوە ئیتر واتایەك نامێنیت بۆ یارمەتیدانی بە نهێنی.
4- لە ڕۆشنایی ئەو خاڵەی سەرەوەدا، كە بە پێی مەرجەكانی خۆی سەدەقە و بەخشین ئاساییە ئاشكرا بێت، واتە ئەگەر حیكمەت و پاساوێكی تێدا بەدی بكرێت، كەواتە بە پێچەوانەوە ئەگەر هیچ حیكمەتێكی تێدا بەدی نەكرا و پاساوێكی ڕوونی نەبوو، ئەوە بێگومان شاردنەوەی چاكترە و خێر وپاداشتیشی زۆرترە، بۆیە دەگەڕێینەوە سەر بنەما گشتییەكە كە سەدەقە كردن بە نهێنی باشتر و سەلامەتترە، ئینجا ئەبێت ئەوە فەرامۆش نەكرێت كە ئاشكرا كردنی سەدەقە بەو پێیە وەكو چارەسەرێك پێویستە پەنای بۆ ببرێت و تەماشا بكرێت، چونكە ئاماژەی هەموو دەقە شەرعییەكان بەرەو ئەوەیە خێركردن بە نهێنی لە خێر كردن بە ئاشكرا باشتر و سەلامەترە.
5- چاكترە كەسی خێرخواز بەشێك لەو ماڵەی كە دەیبەخشێت بە ئاشكرا بیبەخشێت و نییەتی خۆی ڕاست بكاتەوە كە لەو ئاشكرا كردنە مەبەستی كاریگەری درووستكردنى ئەرێنیە لەسەر ڕای گشتی و دەولەمەندەكان بۆ ئەوەی ئەوانیش ببەخشن و چاو لە ئەو بكەن، ئەگەر ئەوە نییەتی بێت و نیەتی خۆ دەرخستن و خۆ نواندن وڕیایی نەبێت، یان ئامانجی تری نەبێت خەریكی جێبەجێكردنی بێت لەڕێگەی ئەو بەخشینەوە ئیتر ترسی لەسەر نییە ودواجاریش خۆی لە هەموو كەسێك باشتر دەزانێت لە نییەتی خۆی، بەڵام هەموو بەخشینێكی هەمیشە ئاشكرا نەبێت و ئەو مەسەلە بكات بەعادەت و ئەو ڕێگەپێدانەی شەرع بكات بە بیانوو ئیتر هەموو بەخشینێكی هەر ئاشكرا بێت، بەڵكو بە نهینیش ببەخشێت و ئەسڵ لەلای بەخشینی نهینی بێت وهیچ كاتێك كۆتایی ئایەتەكەی لەبیر نەچێت كە الله تعالی فەرموویەتی: (وَإِنْ تُخْفُوهَا وَتُؤْتُوهَا الْفُقَرَاءَ فَهُوَ خَيْرٌ لَكُمْ).
6- ئینجا مادام سەدەقەی ئاشكرا بە شێوەیەك لە شێوەكان بەڵگەی قورئان و سوننەت ئەسڵی هەیە، كەواتە مافی كەس نییە دەست بگرێت بەو بەڵگانەوە كە جەخت لەسەر سەدەقەی نهینی دەكەنەوە و لای خۆیەوە حوكم بەسەر نییەتی خەڵكیدا بدات و كارەكانیان زەربی سفر بكات لەبەر ئەوەی بە ئاشكرا دەیكەن، چونكە لەڕاستیدا لە لایەكەوە ڕەتكردنەوەی بەڵگەكان ئاسان نییە و لەلایەكی تریشەوە حوكمدان لەسەر مەسەلەیەكی ئاوها واتە بڵێیت فڵانە كەس ڕیابازە یان مەبەستێكی تری هەیە لە بەخشینەكەی، پێویستی بە زانینی نییەتی دڵی كەسەكە هەیە وئەوەش تەنها الله لێی ئەزانێت، لێرەشەوە ئامۆژگاریم بۆ خۆم هەركەسێك كە گویم لێ دەگرێت ئەوەیە قسە لە نیەتی خەڵكیدا نەكەین نە بەڕاستەوخۆ نە بە ناڕاستەوخۆ، بەتایبەتی لەبابەتێكی وەكو ئەمە كە بەڵگەی قورئان و سوننەت ڕێگەی پێداوەو ئەگەر لەو گومانەتیشدا هەڵە بیت زیانێكی زۆر گەورەت لە خۆرایی لە خۆتداوە.
7- هەندێك لە زانایان فەرموویانە باشترە كەسی بەخشەر یان خێرخواز خۆی هەڵنەسێت بەدابەشكردنی ماڵەكەی بەسەر هەژاراندا، بەڵكو بریكارێك بەو كارە هەڵبسێت بێ ئەوەی ناوی خاوەن خیرەكە ئاشكرا بكات، بەوەش خۆی لە ڕوپامایی دوردەخاتەوە و هەروەها لەبەر ئەوەی ئەو بریكارە كە پێویستە جێگای متمانە بێت و بە ئەزموون دەركەوتبێت كەسێكی ڕاستگۆو بێ فڕوفێڵە، لە خەڵكی هەژارەوە نزیكترە و لە دەولەمەندەكە باشتر دەیانناسێت وبەتواناترە لەوەی بیگەیەنێت بە شاییستەكانیان.
پێویستیە وەكیل ئەوە بزانێت كە كارەكەی پلەوپایە و سەروەرییە بۆی، چونكە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی ئەو كەسەی لە خەمی كەسانی هەژار و نەدارو بێوەژنی خاوەن مناڵدایە و هاوكارییان دەكات، وەكو ئەو كەسەیە كە جیهاد لە پێناو الله دەكات یان وەكو ئەو كەسەیە كە بەشەو شەو نوێژ دەكات و بەڕۆژ بە ڕۆژوو دەبێت: «الساعي على الأرملة والمسكين كالمجاهد في سبيل الله أو القائم الليل الصائم النهار» فتح الباري/ كتاب: الأدب، رقم: 5660.
بەڵام پیویستە بریكارەكە كە بە ئەركی گەیاندنی خێروبەخشینەكان هەڵدەستێت هەمیشە كارەكەی وەكو ئەمانەتێك تەماشا بكات وبەردەوام ئەم ئایەتەی لەبەر چاو بێت {إنَّ اللَّهَ يَأْمُرُكُمْ أَن تُؤَدُّوا الأَمَانَاتِ إلَى أَهْلِهَا}، هەروەها پێویستی بە شارەزاییە لە هەندی لە حوكمەكانی زەكات و سەدەقەكردن بۆ ئەوەی لە كاتی ئەنجامدانی ئەركەكەی لە ڕووی شەرعییەوە تووشی هەڵە نەبێت. ئەگەرنا لەهەرچی مەسەلەیەكدا كە پێویستی بەبەرچاوڕوونییە بۆلای كەسێكی شارەزای فیقهو عەقیدەپاك بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی گرفتەكەی بۆ چارەسەر و ڕوون بكاتەوە. لە كۆتاییشدا كەسانی بریكار بۆ گەیاندنی سەدەقە و بەخشینی دەوڵەمەندەكان جگە لەوەی بەردەوام پێویستە وریای نیەتیان بن و شارەزایی فیقهییان هەبێت و بگەڕێنەوە لای ئەو زانایانەی كە جێگای متمانەن هەروەها پێویستە لەسەریان كارەكەیان وەكو جۆرێكی گرنگ لە بانگەواز بۆ ئیسلام تەماشا بكەن و لەو ڕێگەوە وانەی كردەیی و واتایی جوان پێشكەشی خەڵكی بكەن.
8 - بە كارێكی باشی نازانم لەم كاتە هەستیارەی كە ئەم پەتایەی كۆرۆنا لە كوردستاندا بوونی هەیە و كەسانیكی زۆر بەو هۆیەوە بێ ئیش بوونە وباری داراییان لاواز بووەو مناڵیان جۆرەها پێویستییان هەیە وپێویستی هەنووكەییان بەهاوكارییە، هیچ كەسێك لە بەخشین سارد بكرێتەوە با گومانیش وابێت كە ئەو كەسە نییەتی تری هەبێت و لە بەخشینەكەیدا نیەتی تری تیكەڵی كردبێت، چونكە ئێمە ئەگەر لەڕووی جەدەلیشەوە وتمان ئەو كەسە تەنها بۆ ڕیایی ماڵ دەبەخشێت و نیەتی بۆ پەروەردگاری نییە - كە ئەمە خۆی لە خۆیدا حوكمێكی ئەستەمە - لەو حاڵەتەشدا و بەتایبەتی لەبارودۆخیكی جیاوازی وەكو ئەم قۆناغەی كوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، هیچ بەرژەوەندییەك لەساردكردنەوەی ئەو كەسانەدا نییە، با نییەتی هەرچییەك بێت خۆ ئەو بەڕوواڵەت ئەڵێت ئەو كارەم بۆ الله دەكەم و ئێمەش ڕێگەیەكمان نییە بۆ پشكنینی نیازی ناو دڵی بزانین كە ئایا ڕاست دەكات یان نیازی تری لە پشت ئەو كارەوە هەیە، ئینجا ئەو كەسەی كە ئەو بەخشەرە سارد ئەكاتەوە خۆی ئامادە نییە لە جێگەی ئەو بە نییەتیكی پاكەوە یان بەهەر نییەتیكەوە ئەوەی بەخشینەی بۆ قەرەبوو بكاتەوە! بۆیە بەرژەوەندی ئەوەیە وازیان لێ بهینین با هەژارەكان لێیان سوودمەند بن و حوكمی خۆیشیان لای ئەو كەسەیە كە نیەتی شاراوەی ناخ و دڵ و دەروونیان و دڵ و دەروونی هەموومان دەزانێت.
9- لە هەموو حاڵەتێكدا پێویستە تا بكرێت كەرامەتی هەژارەكە پارێزراو بێت و هەستی بریندار نەكرێت و بە هۆی هاوكارییەكەوە -زۆر بێت یان كەم - تووشی ئازاری دەروونی نەكرێت و لەبەردەم خزم و دراوسێی و خەڵكیدا وەكو موحتاج وسواڵكەرێك وێنا بكرێت، ئەمەش ناكۆك نییە لەگەڵ ئەوەی شەرع ڕێگەی بە بەخشینی ئاشكرا داوە، وینەی بەرجەستەكردنیشی لەم سەردەمەی خۆماندا و لە قۆناغی ئێستای كوردستاندا ئەوەیە وینەی ئەو كەسانە بڵاونەكرێتەوە كە هاوكاری دەكرێن، چونكە ئەوە لە مەودای دووردا كاریگەی سەخت لەسەر دڵ و دروون و لایەنی كۆمەڵایەتی ئەو خێزانانە بەجیدەهێڵن، الله تعالی فەرموویەتی: ( قَوْلٌ مَعْرُوفٌ وَمَغْفِرَةٌ خَيْرٌ مِنْ صَدَقَةٍ يَتْبَعُهَا أَذًى ) واتە وەكو الطبري فەرموویەتی: قسەیەكی جوان و دوعایەكی چاكە بۆ هەژارێك بكەیت لەوە باشترە خێرێكی پێ بكەیت و بە باس كردن و ئاشكراكردنی یان منەت بەسەردا كردنی ئازاری بدات.
10- سەبارەت بە حوكمی وینەگرتن و تەسویركردنی بەخشینەكە زانایانی هاوچەرخ قسەیان لەو بارەوە كردووە و مەسەلەكەیان بەستووەتەوە بە پێویستی زۆرەوە، ئەگینا درووست نییە خێری پێبكەیت و ئازاری بدەیت بەو وینەگرتنە، بەڵام خێرخوازەكە بە ئاشكرا باسی خێرەكەی خۆی بكات و ئیعلانی بكات كە ئەو هاوكاری هەژاران دەكات ئەوەیان مەسەلەیەكی ترە و ئاماژەمان بە حوكمەكەی كرد، دەرخستنی وینەی خاوەن پێویستییەكان و ناوزڕاندن و ئازاردانی دەروونیان ئەوە مەسەلەیەكی ترە و مەگەر بەرژەوەندی هەژارەكەی تێدا بێت و خۆی ڕازی بیت بیت ئەگەرنا درووست نییە وكارێكی ناشیرینە وێنەی ئەو كەسە بگریت كە خیری پی ئەكەیت.
یەكێكی تریش لەو پاساوانەی باس دەكرێت بۆ تەسویر كردنی هەژارەكان لە كاتی وەرگرتنی هاوكاریدا بۆ ئەوەیە خاوەن خێرەكە دلنیابێتەوە لەوەی خێرەكەی گەیشتووەتە جێگای خۆی، بۆ ئەمەش هەر ئەبێت ڕێكاری پیویست بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی وینەكان بۆ هەموان بڵاونەكرێتەوە و لە ئاستێكی سنووورداردا لە پێناو بەرژەوەندی بەردەوامبوونی دەوڵەمەندەكە لە هاوكارییەكانیدا ئەو كارە ئەنجام بدرێت نەك ئابڕوو بردنی هەژارەكە.
بەڵام ئەمەی كە لە ئێستادا لە كوردستان دەكرێت و وینەی هەژاران تۆڕەكۆمەڵایەتیەكانی تەنیوەتەوە لەو كاتەی خاوەن خێرەكان بە كیسەیەكی خۆراك یان تەبەقێكی هێلكەوە كەرامەتیان ئەشكینن و وینەكانیان لەو حاڵەدا بڵاو دەكەنەوە، ئەوە كارێكی زۆر ناشیرینە و دوورە لە جوامێری و ئاكاری كەسی خاوەن كەسایەتی بەرز و پێچەوانەی دەقە شەرعییەكانیشە، ئەوانەش كە ئەو كارە ئەنجام ئەدەن بەلای كەمەوە جەهلێكی رون و ئاشكرایان بە شەرع هەیە وخۆیان ڕێگای گومانی خراپ لەكارەكەیان بۆ خەڵكی خۆش ئەكەن، چونكە وەكو پێشتر باسمان كرد ئاشكرا كردنی خێر و سەدەقە ئەبێت بەسترابێتەوە بە پاساوی مەنتیقی و هۆكاری شەرعی، ئەگەر نا ئازاردانێكی بێ مەعنایە بۆ ئەو هەژارانە.
11- لەگەڵ ئەوەش كە باسكرا پێویستە جیاوازی لە نێوان دوو جۆر لە ئاشكراكردنی چاكەدا بكرێت و دوو جۆر چاكەكار لەیەكتر جیابكەینەوە:
- كەسێك كە چاكەو عیبادەتی شەخسی خۆی بۆ خەڵك باس دەكات و تەسویری دەكات و بڵاوی دەكاتەوە، ئەمە هیچ جۆرە پاساوێكی نییە و گومانی زۆر دەكرێت ئاشكرا كردن و باسكردنی عیبادەت و چاكەكانی خۆی ببێتە مایەی پۆچەڵكردنەوەی كارەكانی، بۆ خۆی زیانی هەیە بۆ كەسی تریش سوودی نییە.
- بە پێچەوانەی ئەو كەسەی كە بە ئاشكرا دەستی یارمەتی بۆ هەژاران درێژ دەكات و دڵیان خۆش دەكات و كەلێنیك لە ژیانیاندا پڕ دەكاتەوە و دڵ و دروونیان ئاسوودە دەكات، ئەم كەسە ئەگەر كارەكەی ڕوپاماییش بێت و سەد لەسەد مەبەستی ڕەزامەندی پەروەردگاریشی نەبێت ئەوا ئامانجەكەی پێكاوە و سوودی بە هەژاران گەیاندووە بەڵام زیانی بە تەنها بە خۆی گەیاندووە وخۆی ڕەنجەڕۆ كردووە.
12- وا دەزانم - لەوانەشە هەڵە بم - موسوڵمانی كورد بەتایبەتی مامۆستایانی ئایینی و هەندیك لە دەوڵەمەند و كەسایەتییە دیارەكان، شلن لە مەسەلەی خۆپارستن لە ڕیایی و وەكو پێویست دەركیان بە ترسناكی ئەو بابەتە نەكردووە، پێم وایە دەبوو ترسیان لەو تاوانە زۆرتر بوایە وزیاتر خۆیان لێی بپاراستایە، چونكە نەك تەنها لە مەسەلەی بەخشیندا، بەڵكو لە ئەنجامدانی زۆر چاكەو عیبادەت و هەڵوێستەكانیاندا كە هەندێكی چاكەو عیبادەتیكی شەخسییە، لە جیاتی شاردنەوەی و هێشتنەوەی لە نێوان خۆیان پەروەردگاریاندا، كە ئەوە پیشەی هاوەڵان و تابیعی و پیاوچاكانی سەلەف بووە، دەچن بە پەلە ئەو چاكەو بەخشین و بگرە عیبادەتەی خۆیان - بەبێ هیچ حیكمەتێكی ڕوون و ئاشكرا - ئەكەن بە پۆستێك و لە تۆڕە كۆمەلایەتییەكان بڵاوی ئەكەنەوە، خەڵكی دەستخۆشییان لێ دەكەن و ئەوانیش بە ئەوپەڕی بێ باكییەوە سوپاسیان ئەكەن و هەست بە هیچ كێشەیەك ناكەن، وەكو ئەوەی ئەو ئایەتەیان نەخوێندبێتەوە: ( فمن كان يرجو لقاء ربه فليعمل عملا صالحا ولا يشرك بعبادة ربه أحدا ) وەكو ئەوەی ئەو هەموو فەرموودەیان نەخویندبێتەوە كە وریایی لە ڕیایی دەدەن و ڕیایی بەشیرك وەسف دەكەن، داواكارم لە مامۆستایانی ئایینی و خێرخوازان و ئەو كەسانەی كە چاكەكانی خۆیان ئەكەنە پۆستی فەیسبوك، بترسن و وەستانێكی قوڵ و تیروتەسەلیان لەگەڵ ئەم بابەتە هەستیارەدا هەبێت، بە ئەو پەڕی دڵسۆزی ودڵنیایی پێیان دەڵێم تاكو دەتوانن چاكەكانتان بشارنەوە و عەلی كوری حوسەین رضي الله عنهما بكەن بە نموونەی خۆتان كە وەكو الذهبي لە سیر أعلام النبلاء دەیگێڕێتەوە بژێوی ڕۆژانەو خەرجی چل ماڵی لەئەستۆ گرتبوو بێ ئەوەی كەس پێی بزانێت تاكو وەفاتی كرد ئەوكاتە ئازووقەكان بەماڵەكان نەدەگەیشت و لە كاتی شوشتنی تەرمەكەی شوێنەرای هەڵگرتنی ئەو ئازووقانەی بەسەر شانەوە دیار بوو كە خۆی بۆ ئەو خەڵكەی دەبرد، ئەوەندە بەسە كە الله تعالی لە فەرموودەی قودسیدا فەرموویەتی: " أنا أغنى الشركاء عن الشرك، من عمل عملاً أشرك معي فيه غيري تركته وشركه" رواه مسلم.
13- لەم نووسینەمدا هەوڵمداوە خویندنەوەیەكی شەرعی پشت ئەستوور بە زۆر سەرچاوەی شەرعی كە بۆیان گەراومەتەوە پیشكەش بكەم بە كورتی كە تەنها مەبەستم ڕوڕوونكردنەوەی حەق و دەرخستنی حوكمی شەرعە لەم پرسەدا، كە لەم كاتە هەستیارەدا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا مشت و مڕی لەسەر درووست بووە، بەدەر لەوەی كێ پێی خۆشەو كێ پێی ناخۆشە، وەكو پیشەی هەمیشەییم لەبەر سەربەخۆیی و بێ لایەنی و دووربوونم لە هەموو كۆمەڵ و حیزب و كەسایەتییەكی فەرمی ناودار و تەنانەت لە ڕێكخراوە خیرخوازییەكانیش، بۆیە گوێ بە هەلسەنگاندن و ڕەخنە نادەم بۆ قسەكانم، مەگەر كەسێك بە بەڵگەیەكی شەرعی بۆم بسەلمێنیت كە لە بڕگەیەكدا هەڵەم كردووە، ئەوكات بەبی سێ و دوو لەهەلەكەم پاشگەز دەبمەوە وسوپاسی دەكەم، بۆیە مەبەستمە بڵێم نە پشتگیری كەس دەكەم لەم مەسەلەو نە دژبە هەڵوێستی كەس ئەوەستم، ئەوانەش كە لەم ڕۆژگارەدا توانای ماڵ بەخشینیان هەیە و بە ڕاستەقینە و لەبەر ڕەزامەندی الله هاوكاری هەژاران دەكەن لە چاومدا زۆر گەورەن و هەست بە (غبطة) ئەكەم بەو بەشە گەورەی كە پەروەردگار پێیانی بەخشیوە، مەگەر كەسێك ڕابوردووی و ئێستای خراپ بێت و لە بنەماكانی بیروباوەڕ و ئیسلام لایدا بێت، ئەوە ئەگەر هەموو دونیا موڵكی ئەو بێت وبیبەخشێت، نە خۆزگەی پێ دەخوازم و نە بۆ خۆیشی سوودی ئەبێت، تاكو نەگەڕێتەوە سەر ڕاستەشەقامی ئیسلام.
إحسان برهان الدین
7 شعبان 1441
2020/3/31