لە دێر زەمانەوە یەكێك لەو بیروباوەڕە پووچ و بەتاڵانەی لەناو خەڵكیدا بڵاوە ئەوەیە لە كاتی چاوفڕیندا ئەو كەسە دەترسێت و بەو هۆیەوە چاوەڕوانی ڕوودانی كارەساتێك دەبێت ، بۆ نموونە ئافرەتی وا هەیە تووشی ئەو چاوفڕینە ببێت دڵی دادەخورپێت و دەترسێت مناڵێكی یان مێردەكەی وهەر ئازیزێكی تری تووشی ڕووداوێك ببن!
لە لای هەندێ لەو كەسانەش باوەڕیان بەم جۆرە خورافاتانە هەیە دەڵێن فڕینی چاوی ڕاست مژدەیەكی خۆشە و فڕینی چاوی چەپ وریاكردنەوەیە لە هەواڵێكی ناخۆش، لە ڕاستیشدا هەر دوو ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە و پێچەاونەی عەقیدە و بیروباوەڕی ئیسلامی و زانستی پزیكیشە.
بێگومان هەموو ئەو بیروباوەڕانە جۆرێكن لە شیرك، چونكە چاو هیچ لە غەیب وزانستێكی نادیار نازانێت تاكو بەو شێوە خاوەنەكەی ئاگادار بكاتەوە، ولە هەندێ وڵاتیشدا كە ئەو حاڵەتە درووست دەبێت ئەو كەسە شتێك دەخاتە سەرچاوی بۆ ئەوەی چاوی لەو جوڵە بخات و كارەساتەكە ڕوونەدات! كە ئەوەش بۆ خۆی شیركێكی ترە. لەوانەیە لە هەندێ جێگەی تر واتای تری هەبێت بەڵام بەگشتی جگە لەوەی حاڵەتێكی ئاساییە یان نەخۆشییەكەو پێویستی بەچارەسەرە نابێت ببرێتە قاڵبێكی ترەوە.
هەروەها خەڵكانێكی تر هەن ئەگەر گوێیان بزرنگێتەوە وا دەزانن كەسێك باسی ئەوانی كردووە، وەكو ئەوەی گوێ توانای لەو جۆرە ئاگادار كردنەوانەی هەبێت و خاوەنەكەشی لێ ئاگادار بكاتەوە، بێگومان ئەوەش هەڵەیەكە لە بیروباوەڕی ئەو كەسەدا، چونكە گوێ درووست كراوێكی پەروەردگارە و هیچی پێ ناكرێت و بۆ بیستن درووست كراوە و ڕۆڵی لەو جۆرە نابینێت كە ئەو خەڵكە گومان دەبەن. هەرچی فەرموودەیەكیش لەو بارەوە هاتبێت وەكو فەرموودە ناسان دەڵێن ئەسڵی نییە و هەڵبەستراوە.
هەروەها مەسەلەیەكی تریش هەیە شایانی هەڵوەستە لەسەر كردن و وریا كردنەوەی موسوڵمانانە لەم بارەوە، ئەویش ئەوەیە كەسانێك ئەگەر ببینن پێڵاوێك هەڵگەڕاوەتەوەو سەروژێر بووەتەوە دەترسن و زوو ڕاستی دەكەنەوە وهەندێك دەڵێن ئەوە دەبێتە مایەی ڕودانی ناخۆشی و لە هەندێ لە ولاتانی - لەوانەیە لای خۆمان ئەوە نەبێت - دەڵێن ژێری پێڵاو نابێت ڕووی لەسەرەوە بێت لەبەر ئەوەی الله لە ئاسمانە و نابێت پێلاو ڕووی لە ئاسمان بێت
باسێكی تریش نزیك لەم بابەتە مەسەلەی خورانی ناو لەپی دەستی مرۆڤە، كە تاكو ئێستاش بەلای هەندێكەوە مایەی دڵخۆشییە و باوەڕیان وایە ئەو كەسە كە ناولەپی دەخورێت پارەیەكی دەست دەكەوێت و ئەوەش خورافەیەكە و هیچ بنەمایەكی نە شەرعی و نەعەقڵی نییە و هەركێیش باوەڕی وابێت كە بەخورانی ناو لەپی پارەی دەست بكەوێت یان خێرێكی تووش ببێت ئەوە كێشەی لە بیركردنەوەو لە عەقیدەدا هەیە و پێویستە تەوبە بكات چونكە ئەو جۆرە بیروباوەڕانە زیان بەدینی دەگەیەنێت و دەبێت لە خۆی دووریان بخاتەوە.
پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لەڕێگەی وەحی ئیلاهییەوە عەقڵی مرۆڤەكانی لە هەموو ئەفسانە و خورافاتێك ڕزگار كرد و فێری ئەوەی كردین كە هەمیشە و لە هەموو شتێكدا پشت بە الله ببەستین و باوەڕمان بە چاكەو خراپەی قەدەر هەبێت و لە هیچی تر نەترسن، بەڵام ئەو كەسەی كە تەوحیدی لە خۆیدا بەتەواوی جێبەجێ نەكردبێت و هەڵەو ناتەواوی لە بیروباوەڕیدا هەبێت، بەردەوام دەبێت بەدیلی هەندێ بیروباوەڕی هەڵە و دژوار لەگەڵ دین و لە عەقڵدا.