العربیة
/ئافرەتان/
قۆناغه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی یاخی بوونی ئافره‌ت
: 386
2018-05-03

#چه‌ند_باسێكی_شه‌رعی_ده‌رباره‌ی_نشوز_ی_ئافره‌ت:4 قۆناغه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی یاخی بوونی ئافره‌ت خوای گه‌وره‌ گوێڕایه‌ڵی مێردی له‌سه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی واجب و پێویست كردووه‌ له‌ هه‌موو شتێكدا كه‌ پێچه‌وانه‌ی شه‌رع نه‌بێت، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ڵێنی پاداشتی گه‌وره‌ی پێداوه‌ و ئایه‌ت و فه‌رمووده‌ی زۆریش هه‌یه‌ پاڵپشتی ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌كه‌ن، له‌سه‌ر ئه‌م ڕێبازه‌ش هاوه‌ڵه‌ به‌ڕێزه‌كانی پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم له‌ ئافره‌تان و له‌ شوێنكه‌وتوانیان له‌ هه‌موو سه‌ده‌كاندا، به‌رده‌وام بوونه‌ و له‌سه‌ری ڕۆیشتوون. خوای گه‌وره‌ش له‌ قورئانی پیرۆزدا به‌ ڕاشكاوی و هه‌روه‌ها له‌ فه‌رموده‌كاندا به‌ ڕوونی هاتووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئافره‌ت یاخی و به‌له‌سه‌ بوو له‌وه‌ی ئه‌و مافانه‌ی له‌سه‌ریه‌تی به‌رانبه‌ر مێرده‌كه‌ی ئه‌نجامی بدات ، ماف به‌و مێرده‌ دراوه‌ ته‌مێی هاوسه‌ره‌كه‌ی بكات به‌ شیوه‌یه‌كی پله‌ به‌ پله‌. الله تعالی له‌ قورئانی پیرۆزدا فه‌رموویه‌تی: (وَاللَّاتِي تَخَافُونَ نُشُوزَهُنَّ فَعِظُوهُنَّ وَاهْجُرُوهُنَّ فِي الْمَضَاجِعِ وَاضْرِبُوهُنَّ ۖ فَإِنْ أَطَعْنَكُمْ فَلَا تَبْغُوا عَلَيْهِنَّ سَبِيلًا ۗ إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلِيًّا كَبِيرًا) به‌ پێی ئه‌م ئایه‌ته‌ هاوسه‌ر ده‌توانێت به‌رانبه‌ر (نشوز) ی خێزانه‌كه‌ی چه‌ند ڕێگایه‌ك بگرێته‌ به‌ر: یه‌كه‌م جار به‌ ئامۆژگاری و قسه‌ی خۆش و ئاڕاسته‌ی نه‌رم و بیرخستنه‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌ مافی خواو ئه‌و مافانه‌ی مێرد كه‌ له‌ قورئان و سوننه‌تدا باس كراون له‌ سه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی و ترسناكی یاخیبوون و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ژنه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خێزان ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بوو له‌ سه‌ر (نشوز) ه‌كه‌ی. ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ سوودی نه‌بوو مێرده‌كه‌ به‌ پێی ئایه‌تی قورئان ده‌توانێت ده‌ست به‌ هه‌نگاوی دووه‌م بكات به‌وه‌ی جێگای خه‌وتنی له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی جیا بكاته‌وه‌ وه‌كو جۆرێك له‌ ته‌مێ كردن لێی دوور بكه‌وێته‌وه‌ له‌ كاتی خه‌وتن به‌ مه‌به‌ستی درووست كردنی فشاری ده‌روونی له‌سه‌ر ئه‌و ئافره‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ی گوێڕایه‌ڵی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حه‌ق نیشان بدات. ئینجا ئه‌گه‌ر نه‌ ئامۆژگاری و جێگا جیاكردنه‌وه‌ سوودیان نه‌بوو، مێرده‌كه‌ ده‌توانێت لێدانێكی سووك به‌كاربهێنێت بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و جێگه‌ی لێده‌درێت خوێنی لێبێت، یان بشكێت یان ئازاری سه‌ختی به‌ركه‌وێت، زانایان به‌ (ضرب غیر مبرح) ده‌ربڕنیان لێكردووه‌ و شایانی باسیشه‌ ئه‌و لێدانه‌ بۆ ته‌مێ كردن و چاكسازییه‌، نه‌ك ئازار پێگه‌یاندن و شێواندن، جه‌ختیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ ئه‌و لێدانه‌ نابێت به‌ر ڕوخسار و ده‌م وچاو وهه‌ندی شوێنی تر بكه‌وێت، وه‌كو له‌ فه‌رمووده‌دا هاتووه‌:((ولا تَضرِب الوجه، ولا تُقبِّح، ولا تَهْجُر إلا في البيت)) ، پێغه‌مبه‌ریش صلی الله علیه وسلم له‌ درێژایی ژیانی هاوسه‌رێتیدا له‌ گه‌ڵ هه‌موو هاوسه‌ره‌كانی په‌نای بۆ لێدان نه‌بردووه‌، بۆیه‌ زانایان فه‌رموویانه‌ مێرد تا بكرێت پێویسته‌ خۆی له‌ لێدانی هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌ دوور بگرێت، ئه‌گه‌ر پێویستی كرد هه‌ره‌شه‌ی لێدان بكات و به‌ڵام جێبه‌جێی نه‌كات وه‌كو شه‌وكانی له‌ (نیل الاوطار) دا فه‌رموویه‌تی، به‌ كورتی لێدان دوا چاره‌سه‌ره‌ پێش جیابوونه‌وه‌ و گه‌یشتن به‌ كۆتایی ژیانی هاوسه‌رگیری. شایانی باسه‌ وه‌كو هه‌ندیك له‌ زانایان فه‌رموویانه‌ ئافره‌تان سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌ری ئه‌و سێ ڕێگه‌چاره‌ بۆ چاكبوون جیاوازی له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌، جۆرێكیان هه‌یه‌ به‌ قسه‌ی خۆش و ئاماژكاری گۆڕاناری چاكیان تێدا دروویت ده‌بێت و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر جاده‌ی حه‌ق و راستی، جۆرێكیشیان هه‌یه‌ قسه‌ له‌ گه‌ڵیاندا سوودی نییه‌ و جێاكردنه‌وه‌ی جیگه‌ی له‌ لایه‌ن مێرده‌كانیانه‌وه‌ كاریگه‌ری له‌ قسه‌كردن و ئامۆژگاری زۆرتره‌ له‌سه‌ریان، جۆرێكیشیان هه‌یه‌ نه‌ به‌ ئامۆژگاری و قسه‌ی خۆش و نه‌ جیاكردنه‌وه‌ی جیگه‌و دووركه‌وتنه‌وه‌ی مێرده‌كانیان لێیان چاك نابنه‌وه‌ و ئه‌و جۆره‌ ناچار لێدانی له‌گه‌ڵدا به‌ كار بهینێت به‌و شێوه‌ و مه‌رجاناه‌ی كه‌ له‌ ئایه‌ت و فه‌رمووده‌كاندا هاتووه‌ و له‌ راستیدا ئه‌و لێدانه‌ی ڕێگه‌ی پێدراوه‌ له‌ ده‌قه‌ شه‌رعییه‌كاندا ئه‌وه‌نده‌ مه‌رجی بۆ دانراوه‌ وه‌كو ئه‌وه‌یه‌ ڕێگه‌ی لێ گیرابێت، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌ زانایان فه‌رموویانه‌ لێدانه‌كه‌ به‌ داری سواك بێت كه‌ ئازارێكی زۆر كه‌م به‌ كه‌سی لێدراو ئه‌گه‌یه‌نێت و دواجاریش وا ده‌رده‌كه‌وێت مه‌سه‌له‌ی لێدان مه‌سه‌له‌یه‌كی ڕه‌مزیه‌ و بۆ ته‌مێ كردنه‌ نه‌ك بۆ ئازار پێگه‌یاندن و شكاندن و خوێناوی كردن و شێواندن. له‌ كۆتاییشدا وه‌و هه‌ندێ له‌ توێژه‌ران ده‌ڵێن: لێدان پیاوان بۆ هاوسه‌ره‌كانیان پێش دابه‌زینی ئه‌و ئایه‌ته‌ و له‌ كاتی دابه‌زینی و تاكو ئه‌مڕۆیش نه‌ ته‌نها له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی موسوڵماناندا، به‌ڵكو ئاماره‌كان ده‌ریده‌خه‌ن تاكو ئێستاش له‌ ڕۆژئاواشدا پیاوان زۆر جار په‌نا بۆ لێدانی هاوسه‌ره‌كانیان ده‌به‌ن له‌ هه‌ندی كاتدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تیبینی ده‌كرێت سه‌باره‌ت به‌ ڕێگه‌ پێدانی قورئانی پیرۆز بۆ لێدانی ئافره‌تان ئه‌وه‌یه‌: 1- لێدان ته‌نها بۆ ئافره‌تیكه‌ هه‌ڵگه‌ڕابیته‌وه‌و یاخی بووبێت و كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر ته‌ندرووستی خێزان و مناڵ درووست كردبێ. 2- لێدان ڕێگه‌ی پێدراوه‌ پاش ئه‌نجامدانی دوو هه‌نگاوی پێش ئه‌وه‌ كه‌ بریتین له‌ ئامۆژگاری و جیاكردنه‌وه‌ی پیاو بۆ خه‌وی له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی، له‌ كاتی بێسوودبوونی ئه‌و دوو ڕێگایه‌ ئینجا په‌نا بۆ لیدان ده‌برێت 3- له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر په‌نا بۆ لیدان برا پێویسته‌ كۆمه‌ڵێك مه‌رجی تێدا بێت، وه‌كو باسمان لێدانه‌كه‌ زۆر به‌ ئازار نه‌بێت ( ضربا غیر مبرح) هه‌روه‌ها ڕوخسار وسه‌ر و سك و شوێنی هه‌ستیار نه‌گرێته‌وه‌،زۆرێكیش له‌ زانایان به‌ نموونه‌ وتوویانه‌ لێدانه‌ك به‌ داری سیواك بیت كه‌ دارێكی باریكه‌ و بچووكه‌، یان به‌ شتێكی له‌و شێوه‌. چاكترین به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ پێغه‌مبه‌ری خوایه‌ صلی الله علیه وسلم كه‌ جیبه‌جێكردنیكی كرده‌یی بوو بۆ قوئانی پیرۆز له‌ درێژایی چل ساڵدا له‌ گه‌ل هه‌موو هاوسه‌ره‌كانیدا بۆ جارێكیش په‌نای بۆ لێدانی هیچ كام له‌ خیزانه‌كانی نه‌بردووه‌. إحسان برهان الدین 16 شعبان 1439 2018-5-2