العربیة
/ بیروباوەڕ/
زانا له‌ مه‌نهه‌ج لا بدات قسه‌ى ڕه‌تده‌كرێته‌وه‌
: 403
2018-04-30

زانا له‌ مه‌نهه‌ج لا بدات قسه‌ى ڕه‌تده‌كرێته‌وه‌ له‌ باشييه‌كانى شاره‌زا بوون له‌ مه‌نهه‌ج ئه‌وه‌يه‌، زانا خۆى بۆ خۆى مايه‌ى گرنگى و بايه‌خ پێدان نييه‌، به‌ڵكو زانسته‌كه‌ى ده‌بێته‌ هۆكارى گرنگى و كاريگه‌رى كه‌سايه‌تييه‌كه‌ى، پێويسته‌ له‌ هه‌موو كاتێكدا قسه‌ى زانايان له‌ گه‌ڵ مه‌نهه‌ج به‌راورد بكرێت، جا ئه‌گه‌ر ده‌رچوو ده‌خرێته‌ سه‌ر سه‌ر و سه‌رچاو، ئه‌گه‌ر نا، ده‌درێته‌وه‌ سه‌ر خاوه‌نه‌كه‌يدا هه‌ر كێ بێت ئه‌و خاوه‌نه‌ى، با له‌ گۆڕه‌پانى زانستى ئيسلاميدا ژماره‌يه‌كى ئاماژه‌ بۆ كراويش بێت، پێويسته‌ له‌وه‌ دڵنيا بين قسه‌ى زانايان به‌ڵگه‌ نييه‌، به‌ڵگو پێويستى به‌ڵگه‌يه‌. له‌ ڕاستيدا زانا تاكو له‌ دونياى پڕ له‌ فيتنه‌و له‌ خشته‌به‌ر به‌ سه‌لامه‌تى و به‌بێ خۆ دۆڕاندن، يان به‌ بێ ئه‌وه‌ى ببێته‌ داروده‌سته‌ى لايه‌نێك له‌ دونيا ده‌رنه‌چێت، مه‌حاڵه‌ ببێته‌ سه‌رچاوه‌يه‌كى متمانه‌ پێكراوى كۆتايى به‌و واتايه‌ى كه‌ فڵانه‌ زانا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى فڵانه‌ زانايه‌ هه‌رژى وت به‌ بێ سێ و دوو لێى وه‌رگرين، چونكه‌ له‌هه‌ر ساتێكدا و له‌ڕێگه‌ى چه‌ندين پاساوى جۆراوجۆره‌وه‌، ئه‌گه‌رى له‌ خشته‌چوونى هه‌يه‌، نموونه‌ى له‌و جۆره‌شمان گه‌لێك له‌به‌رده‌ستدايه‌ ياده‌وره‌ييه‌كانمان ده‌توانن له‌و باره‌وه‌ يارمه‌تيمان بده‌ن، له‌ كوردستان و عێراق و زۆربه‌ى شوێنه‌كانى جيهان، زۆرمان بينى له‌ هه‌موو لايه‌كه‌وه‌ ڕوويان تێده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ى ئيسلامى لێ فێر بن، به‌ڵام زۆرى نه‌برد له‌ زه‌لكاوى گومڕايى وبه‌ كرێگرته‌ييدا - به‌ شانازييه‌وه‌ - ده‌ستى به‌ مه‌له‌كردن كرد، پاره‌و پله‌و پايه‌و ترس و ته‌ماح و له‌سه‌رووى هه‌مووئه‌و هۆكارانه‌شه‌وه‌، لاچوونى لوتف و ميهره‌بانى خواى گه‌وره‌و له‌سه‌ر به‌نده‌ و به‌خۆى سپاردنى، ده‌بيته‌ هۆكارى له‌ خشته‌چوون و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ڕێگاى ڕه‌زامه‌ندى په‌روه‌ردگار. بۆيه‌ هه‌رگيز نابێت زانست و شوهره‌ت و كاريگه‌رى و شێوازى قسه‌كردن و جوانى گوتار - به‌ ڕواڵه‌ت - ببنه‌ پێوه‌ر بۆ ئه‌وه‌ى به‌ كه‌سێك بوترێت زانا و پێشه‌وا، له‌ جێگه‌ى ئه‌وه‌ ئه‌ندازه‌ى هاوته‌ريبى و گوێڕايه‌ڵى و شانازى كردن و شاره‌زا بوون له‌ مه‌نهه‌ج پێويسته‌ بكرێته‌ پێوه‌ر بۆ بايه‌خدان به‌ قسه‌ى زانايان. من ده‌ڵێم: گه‌وره‌ترين فرياگوزارى دڵسۆز بۆ موسوڵمان له‌م سه‌رده‌مه‌ دا، شاره‌زا بوونه‌ له‌مه‌نهه‌ج، له‌ سه‌رده‌مێكدا كه‌ پێوه‌ره‌كانى ديندارى تووشى تێكچوون و شێواندن بوونه‌ له‌ زه‌ينى موسوڵماندا، له‌و ده‌مه‌ى كه‌ خۆڵت به‌ ڕۆژى ڕوناك به‌ نرخى زێڕ پێ ده‌فرۆشن و، تۆيش شاره‌زاييت له‌ جياكرده‌نه‌وه‌يان نييه‌، له‌ ڕۆژگارێكدا كه‌ ڕاگه‌ياندنه‌كان ده‌يان كه‌س - به‌ مه‌به‌ستى تايبه‌تى گوماناوى ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌وه‌ - درووست ده‌كه‌ن به‌ ناوى بانگخوازه‌وه‌، به‌ڕواڵه‌ت خێرو ڕه‌حمه‌تن، له‌ ڕاستيشدا ئامرازى سه‌ر لێشێواندن و زه‌حمه‌تن، له‌و كاته‌ ناڕه‌حه‌ته‌ى كه‌ سه‌ره‌تاكانى غوربه‌تى ئيسلام له‌م ده‌ڤه‌ره‌ به‌ ئاشكرا ده‌ركه‌وتووه‌و، هه‌ستى به‌رپرسيارێتى به‌رانبه‌ر دينى خوا، له‌ كه‌مبوون و پووكانه‌وه‌يه‌كى به‌رده‌وامدايه‌، خۆ شاره‌زا كردن له‌ مه‌نهه‌ج - كه‌ پێويستى به‌ ماندوو بوو ته‌خارن كردنى كات و مامۆستا و ڕاوێژكارى باشه‌ - كه‌ بريتييه‌ له‌ وه‌رگرتن و فێربوونى دينى خوا له‌ هه‌ردوو سه‌رچاوه‌ بێگرد و سازگاره‌كه‌ى خۆيه‌وه‌، تاكه‌ ڕێگايه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ داوى نه‌فامى وجه‌هاله‌تى ده‌مامكدار و پلانى ڕه‌نكراو به‌ ڕه‌نگى ديندارى له‌ خشته‌ت نه‌بات. كورته‌ى مه‌به‌ستم له‌م چه‌ن دێڕه‌ى سه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌يه‌: زانا پێگه‌و پله‌و پايه‌ى گه‌وره‌ى له‌ دڵى موسوڵماندا هه‌يه‌، به‌ڵام ئه‌و پێگه‌و پله‌و پايه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ مه‌رجێكى هه‌ره‌ گرنگ و بنچينه‌يى ، ئه‌ويش پابه‌ند بوونى ئه‌وزانايه‌يه‌ به‌ بنه‌ماو بنچينه‌ و هێڵه‌ پانه‌كانى ئيسلام، به‌ده‌ر له‌وه‌ش، ناوێكى گه‌وره‌ و شارێكى وێرانه‌. إحسان برهان الدين 2017-4-24 سلێمانى