العربیة
/هەندێك هەڵەو بیدعەی بیروباوەڕ/
12-لە میانڕەوی ئیسلام هەڵە تێمەگە!
: 189
2024-02-06

یەكێك لە چەمكە هەڵەكان سەبارەت بە مەسەلەیەكی بیروباوەڕ كە لەناو خەڵكیدا بەربڵاوە پێناسەی (الوسطیة) ومیانڕەوییە، خەڵكی وا دەزانن، یان ڕاستتر بڵێم وا تێگەیەنراون، لە ئیسلامدا هەندێ لایەن هەیە توند وتیژە و هەندێ لایەنیشی تێدایە ئاسان و شلە، جا میانڕەوی ئەوەیە لەو نێوەندەدا میانڕەو بیت و ناوەڕاست بگریت، نە زۆر توند بیت و نە زۆر شل! مەسەلەكەش وا نییە و ئەوە هەڵە تێگەیشتنە . 

لە ڕاستیدا پێناسەی (الوسطیة) كە لەم ئایەتدا باسكراوە: ( وَكَذَلِكَ جَعَلْنَاكُمْ أُمَّةً وَسَطاً لِتَكُونُوا شُهَدَاءَ عَلَى النَّاسِ) البقرة: من الآية143 بریتییە لەوەی شوێنكەوتووانی محمد صلی الله علیه و سلم میانڕەون لە نێوان ئوممەتەكانی جولەكە و نەساڕا و میللەتەكانی تردا، لە لایەكی ترەوە شوێنكەوتووانی سەلەف واتە ئەهلی سوننەت و جەماعەت لە نێو تاقمە لادەرەكاندا بە میانڕەو دادەنرێن، لەبەر ئەوەی دەستیان بە كیتاب و سوننەتەوە گرتووە و بۆ ئەملاو بۆ ئەولا لایان نەداوە، بۆ نموونە لە هەڵوێستیان لە هاوەڵانی پێغەمبەری ئازیزدا صلی الله علیه و سلم میانڕەون لە نێوان ڕافیزە و نواصب دا ، واتە نە بێڕێزییان بەرانبەر دەكەن ونە لە ئاستی مرۆڤ بوونیش دەریان دەكەن، بە هەمان شێوە لە ئەحكامەكاندا میانڕەون لە نێوان موعتەزیلە و مورجیئەكاندا واتە نە ئەنجامدەری تاوانی گەورە تەكفیر دەكەن و نە وەكو مورجیئە دەڵێن هیچ تاوانێك زیان لە ئیمان ناگەیەنێت و...هتد. 

سەبارەت بە ئەو قسەی كە خەڵكی دەیكەین ودەڵێن میانڕەو بە لە دینەكەتدا، ئەگەر مەبەستیان دەست بەردار بوون و وازهێنان بێت لە سوننەتەكان بۆ ئەوەی پێت بوترێت میانڕەو ومۆدێرن و ئەو جۆرە قسانە، ئەوە قسەیەكی ناحەق و واتایەكی نامۆیە بە كیتاب و سونەت. دەستگرتن بە سوننەتەوە وەكو هێشتنەوەی ڕیش و باڵاپۆشی و دووركەوتنەوە لە تێكەڵ بوونی حەرام لە نێوان ژنان و پیاواندا و جێبەجێ كردنی هەر سوننەتێكی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم با هەموو خەڵكی ئەم سەردەمە بە ئیسلامییەكانیشەوە بە توندڕەوی بزانن ئەوە چڵەپۆپەی میانڕەوییە. 

بەڵام دەكرێت داوای میانڕەوی لە دوو كەس بكرێت بۆ نموونە یەكێكیان بەجارێك وازی لە نوافل و نوێژی سوننەت و ڕۆژووی سوننەت و سەدەقەی غەیری زەكات هێناوە، یەكێكیش هەموو ڕۆژێك بە ڕۆژووە و بەردەوام خەریكی نوێژی نەوافیلە و زۆر خۆی ماندوو كردووە، دەكرێت پێیان بوترێت میانڕەو بن واتە وەكو پێغەمبەر بن صلی الله علیه و سلم عیبادەت بكەن، كە هەندێ جار ڕۆژووی نەوافیلی زۆر ئەگرت و هەندێ جار كەمی ئەكردەوەو لە نەوافیلەكانی تریش بەهەمان شێوە وەكو لە فەرموودەكاندا هاتووە. 

بە كورتی هەموو ئەو حوكمانەی لە قورئان و لە سوننەتدا هاتوون بە سەریەكەوە پێیان دەوترێت میانڕەوی، نەك لە نێوان ئەوانەی خەڵكی بە توند و بەشلیان دەزانن لە دەقەكانی كیتاب و سوننەت ئەو نێوەندە بگریت و ببیت بە میانڕەو ئەوە پێناسەیەكی هەڵەیە و پێچەاونەی مەبەستەكانی ئیسلامە. 

لەم سەردەمەشدا هەڵە تێگەیشتن و ڕۆچوونێكی خراپ هەیە لە بەلاڕێبردنی چەمكی میانڕەویدا، بە ڕادەیەك كە زۆر لە سەرپێچی و لادانی بیروباوەڕ و ئینحیرافاتی مەنهەجی هەمووی لە بازنەی میانڕەویدا خۆی دەبینێت و جێگای بۆ كراوەتەوە، وەكو ئەوەی میانڕەوی بریتی بێت لە هەڵبژاردنی كامە حوكم ئاسان و بێ ئەركە وبەرپرسیارێتییە لە ئیسلامدا و وازهێنان لە هەموو حوكمێك كە ئەرك و ناڕەحەتی بخاتە سەر شانی موسوڵمان و سەرباری ئەوەش چەندین داهێنانی دوور لە جەوهەری شەریعەت و لاساییكردنەوەی نەیارانی ئیسلام وپەروەردەكردنی نەوەیەك لەسەر سەسام بوون بە ڕۆژئاوا و جێبەجێ نەكردنی سوننەتەكان و تێكەڵ كردنی چەمكەكانی وەكو (الولاء و البراء ) و تێوەگلان بە چەندین بیدعەی عەقیدی هاوچەرخ و كارەساتی تر و پۆلێن كردنی هەموو ئەوانە لە ژێر زاراوەی میانڕەوی وەكو ئەوەی میانرەوی جۆرێك بێت لە خۆداماڵین لە ئەركە ئیمانییە گەورەكان و تێكەڵ و پێكەڵ كردنی واتا عەقیدی و مەنهەجییەكان بێت، لە كاتێكدا میانڕەوی بە دوو وشە ئەگەر بمانەوێت پێناسەی بكەین بریتییە لە جێبەجێ كردنی ئیسلام وەكو خۆی بەبێ زیاد كردن بەرەو توندی یان كەمكردنەوەی بەرەو شلی. چونكە شەریعەتی ئیسلام هەمووی بەسەر یەكەوە شەریعەتێكی میانڕەوە بە هەموو ئەو حوكم و سزایانەش كە زۆرێك لە خەڵكی ئەم سەردەمە بە مایەی توند وتیژی دەبینن. 

وشەی (وسطا) لەو ئایەتەی لەسەرەتای ئەم باسەوە خستمانەڕوو، لەلای سەلەف و شوێنكەوتووانیان واتای دادگەری دەبەخشێت، بۆ نموونە لە أبو سعید الخدري و ابن عباس الله لێیان ڕازی بێت و لە مجاهد و لە قتادة و الرببع بە ڕەحمەت بن ئەوەیان لێ دەگیڕدرێتەوە كە وشەی (وسطا) لە ئایەتی: (وَكَذَلِكَ جَعَلْنَاكُمْ أُمَّةً وَسَطًا ﴾ البقرة: 143واتە: (عدلا )كە بە مەعنای داگەری هاتووە، (بڕوانە: ينظر: تفسير الطبري: 2/ 7-8،، و تفسير القرطبي:2/ 153-154، و تفسير ابن كثير:1/ 190) بۆیە واتای میانڕەوی و وەسەتییەت لە بنەڕەتدا خۆی لە تێكڕای شەریعەتی ئیسلامدا دەبینێتەوە كە شەریعەتێكی دادگەرە و الله عزوجل خۆی سەرچاوەی هەموو حوكمەكانە تێیدا و مرۆڤەكان هیچ دەستێكیان لە هەڵبژاردنی حوكمەكاندا نییە تێیدا. دواجاریش ئەوە تایبەتمەندییەكی دینی ئیسلامە كە دین و دیندارانیش بەرین لە هەموو لادانێك، هەم لەوانەی كە دین لە پێكهاتە و بنچینەی خۆی توندتر دەكەنەوە و میزاجی توندی خۆیانی تێكەڵ دەكەن، هەم لەوانەش كە بەهۆكاری جیاجیا، دین بەرەو شلیی وشێواندن و بەرەو لاساییكردنەوەی نەیارانی ئیسلام دەبەن، میانڕەوی و وەسەتییەتی ئیسلام جێگرەوەو لەناوبەری ئەو دوو تێگەیشتنە نامۆیەیە.