العربیة
/چل پەیام بۆ ئافرەتان/
لە واقیعی سەردەم تێبگە و لەخەیاڵدا مەژی:33
: 387
2023-02-19

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان: 33 لە واقیعی سەردەم تێبگە و لەخەیاڵدا مەژی! وێنا كردنی حاڵی ئیسلام و موسوڵمانان لەم سەردەمەدا، بەوەی كە لە بوژانەوە و بەرەو پێشچووندایە، ئەوە زانیارییەكی زۆر ڕاست نییە و هەمان ئەو كەسانەی كە ئەو دۆخەیان درووست كردووە ، ئەو پێناسە نا واقیعی دوور لە ڕاستییە بڵاو دەكەن، ڕاستییەكەشی ئەوەیە موسوڵمانان لە درێژایی مێژوویی ئیسلامدا هەرگیز بە دۆخی لەمە خراپتردا تێنەپەڕیون، سوودی زانینی ئەم حەقیقەتە تاڵەش ئەوەیە، خولقێنەرانی ئەم دۆخە خراپە بناسیت، جۆری لادان و لایەنەكانی شێواندنی ئیسلام شارەزا بیت بۆ ئەوەی لێی پارێزراو بیت، هەروەها بۆ ئەوەی كار بكەیت بۆ ڕاستكردنەوەی ئەو بارە ناهەموارە كە زیاتر خۆی لە لاوازی بواری عەقیدەو بیروباوەڕدا دەبینێتەوە و تۆیش پێویستە ببیتە بەشێك لە هەوڵ و هەڵمەتی نەهێشتنی چەواشەكاری و دەرخستنی ڕووی حەق. لێرەدا بە پێی بەدواداچوونی شارەزایان و هەندێ خوێندنەوەی خۆم، دیارترین بوارەكانی لادان لە عەقیدەی ئیسلامی لەم سەردەمەدا دەخەمە ڕوو، چونكە زۆربەی زۆری ئافرەتانی موسوڵمان و وابەستەبوو بە دینەكەیان، ئەو ڕاستیانە نازانن و وا گومان دەبەن وەزعی ئیسلام و موسوڵمانان لەم سەردەمەدا زۆر باش بێت، بەو شێوەش ئەوانیش بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن، دەبنە بەشێك لەو واقیعە تاڵەی ئاماژەم پێكرد. 1- لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهاندا و بە كوردستانی خۆیشمانەوە، عەقیدەو بیروباوەڕی ئیسلامی نامۆ بووە و بە قۆناغێكی غەریبی ناخۆشدا تێدەپەڕێت، نەك هەر ئەوەش، بەڵكو عەقیدەی ڕاست و شوێنكەوتوانی دژایەتی دەكرێن و لەڕێگەی جۆرەها تۆمەتی ناڕاست و ستەم ئامێزەوە، ناشیرین دەكرێن و وەكو بوونەوەرێكی زیانبەخش بە كۆمەڵگا و دواكەوتوو و بێ دەسەڵات لەوەی بتوانن لەگەڵ ڕەڕەوەی پێشكەوتندا ڕێبكەن وێنا دەكرێن، هۆكاری ئەو دیدە ناڕاستەش زۆرن، لە دیارترینیان هەبوونی كۆمەڵێكی زۆر لە بەناو زانای گومڕا و دینفرۆش كە عەقیدەیان هەموو جۆرە گومراییەكانی تاقمە ئیسلامییەكانی تێدایە و سەریان لە موسوڵمانان شێواندووە. 2- قەتیس كردنی ئایینی ئیسلام لە چەند عیبادەتێكدا ،وەكو نوێژ و زەكات و ڕۆژوو، بە جۆرێك كە زۆربەی موسوڵمانان لەم سەردەمەدا وا دەزانن ئیسلام هەر ئەوانەیە وهیچی تر، بەوەش عیبادەتیان لە عەقیدە جیاكردەوەو دین و دیندارییەكی نامۆ هاتە كایە و ژمارەی موسوڵمانانیش لەسەر بنەمای شێواندنی چەمكەكەی وەكو كەفی سەر دەریا، ڕۆژ لە ڕۆژ لە زیادبووندایە، بێ ئەوەی لە اوقیعی ژیاندا، سوودێكی ئەوتۆیان بۆ خۆیان و بۆ دینەكەیان هەبێت. ئەمەش حاڵی زۆرینەیە نەك هەمووی، چونكە خێر و چاكە لە ئوممەتی ئیسلام بە یەكجاری قەت نابڕێت. (لا تَزالُ طائِفَةٌ مِن أُمَّتي يُقاتِلُونَ علَى الحَقِّ ظاهِرِينَ إلى يَومِ القِيامَةِ) مسلم: 1923. 3- لە ناوچوونی قەڵایەكی قایمی بیروباوەڕی موسوڵمانان، كە نەیارانی ئیسلام كۆششی زۆریان بۆ لەناوبردنی كرد، ئەویش بنەمای (الولاء و البراء)بوو، كە بەو هۆیەوە موسوڵمانان لە بنچینە تۆكمەكانی دینەكەیان و لە ئاكارە ئیسلامییە جوانەكانی خۆیان دووركەوتنەوەو بوونە پاشكۆی ناحەزانی دینەكەیان و كاروباریان كەوتە دەست كەسانێك، بەڕواڵەت موسوڵمان و لەڕاستیدا لە بیرباوەرڕو شەریعەتی ئیسلامەوە گەلێك دوورن. 4- تەشەنە كردنی شێواندنی چەمك و واتاكانی قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لەناو كۆمەڵگای موسوڵماناندا، بە شێوەیەك كە ئایەت و فەرموودەكان لەم سەردەمەدا بە دوورترین شێوە لە حەقیقەتی خۆیان ولە جەوهەری پەیامی ئەو دوو سەرچاوەیە تەفسیر دەكرێن، بەداخەوە خەڵكیش بە هۆی ناحاڵی بوون و نەفامییان بە تەوحید و بەزانستە ئیسلامییەكان و هەروەها ئاشنا نەبووینان بە زمانی عەرەبی ئەو پیلانەیان بەسەردا تێپەڕی و بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن لە حەقیقەتی دینەكەیان دوور كەوتنەوە. 5- بڵاوبوونەو تەشەنەكردنی فیكری ئیرجائی و زۆربوونی شوێنكەوتوانی تاقمی مورجیئە ئەویش لە ڕێگەی خۆ حەشاردان لەژێر ناوی پیرۆزی ئەهلی سوننەت و جەماعەتدا، كە دواجار بوو بە هۆكارێكی گەورە بۆ نامۆبوونی عەقیدەی ئیسلامی لەم سەردەمەدا، چونكە بە پێی عەقیدەی گومڕای مورجیئە، هەركەسێك شایەتمان بهێنیت و بڵێ (لا إله إلا الله) بەبێ ئەوەی عەمەل و كردەوەشی هەبێت، ئیماندارە و ئیمانەكەی تەواوە، تەشەنە كردنی بیری ئیرجائی خراپترین شوینەرواری لە دووركەوتنەوەی موسوڵمانان لە ئەسڵی دینەكەیان هەبوو و تاكو ئێستەش بە هۆی پێشوازی كردنی گەرمی هەموو سەرانی عەلمانیەت و سەرۆكی دەولەتە بەناو ئیسلامییەكان، ئەوان لە زۆربووندان و لە تێكدانی چەمكەكانی عەقیدەی ئیسلام بەردەوامییان هەیە و لە هەموو وڵاتێكدا كە بوونیان هەبێت دارودەستەی زالمان و نەیاری ئەو موسوڵمانانەن كە حەقیقەتی لادانی ئەوانیان لە مەنهەجی ئیسلام بۆ دەركەوتووە. 6- زاڵبوونی فەلسەفە و علم الكلام لەناو وڵاتی موسوڵماناندا كە هەڵقوڵاوی فیكری وەسەنی وبتپەرستی ئوممەتانی پێش ئیسلامە و ڕەنگدانەوەی ئەو دیدو تێڕوانین و هیزرە لەناو كتێب و نووسین و بگرە مەناهیجی دیراسی لە قوتابخانەو زانكۆكان، تەنانەت حاڵ بەوە گەیشت كە خودی عەقیدەی ئیسلامیش لە ڕێگەی علم الكلام وەربگیرێت و جێگە بە عەقیدەی ڕاستی پێشینانی چاكی ئەم ئوممەتە تەنگ بكات. 7- تەشەنە كردنی دیاردەكانی شیرك و بیدعە لەناو ئوممەتی ئیسلامدا، لەوانە: - زۆربوونی هەردوو جۆری شیركی گەورەو بچووك لە ڕێگەی زۆربوونی عیبادەتكردنی ئەولیا و گۆڕ و شەخسەكانەوە، بە شێوەیەك كە وڵات نییە جێگەی تایبەت بەو دیاردانەوە تێدا نەبێت. لەم بارەوە كتێبی( الإنحرافات العقدية والعلمية في القرنين الثالث عشر والرابع عشر وآثارها في حياة الأمة)علي بن بخيت الزهراني، بخوێنە بەسوودە. - زۆربوونی بیدعە لە ناو موسوڵماناندا بە شێوەیەك ئەو بیدعانە سوننەتەكانیان نامۆ كرد و میزاجی ئایینی خەڵكیش بە شێوەیەك تێكچوو، كە چێژ لە هیچ عیبادەتێك نابینن تاكو لەگەڵ بیدعەیەكدا تێكەڵی نەكەن. 8- زۆربوونی چالاكی بەناو عەقلانی و قورئانی ودژە سوننەتەكان و هەروەها دەركەوتنی هەندێ فیرقی تر وەكو خەورایجەكان و ئەوانەی لەسەر ڕێچكەیان ڕێ دەكەن، كە ئەوەش پێچەوانەی مەنهەجی ئەهلی سوونەت و جەماعەتە و دەرەنجام ئەو جۆرە كردەوانەش بوون بە شێوازیكی تر لەلادان لە ڕێبازی ڕاستی پێشینانی چاكی ئەم ئوممەتە. 9- بڵاوبوونەوەی هەندێ بیروباوەڕ و عەقیدەی باتڵ و پێچەوانەی بیروباوەڕی پیشینانی چاكی ئەم ئوممەتە و باوەڕ بوون بە دەسەڵاتی ئەولیا و مەشایخ و هاواركردن بە مردووان و تەشەنە كردنی سیحر و جادوو فاڵ گرتنەوە و باوەربوون بە بورج و خوێندنەوەی بەخت و ناودەست و فنجان و زۆر حاڵەتی نەخوازراوی تر كە هەمووی پێچەوانەی بیروباوەری ئیسلامە، خەڵكی ئەوەندەی تر لە حەقیقەتی دینەكەیان دوورخستەوە. كارەساتی گەورەش ئەوە بوو، بەرانبەر ئەم هەموو لادان و ئینحیرافاتە، ڕۆڵ وكاریگەری زانایان - جگە لە كەمینەیەك نەبێت - وەكو پێویست نەبوو، كە ئەوان دەبوو هەستیان بەبەرپرسیارێتی گەورە بەرانبەر ئەو دۆخە پڕمەترسییە بكردایە، بەتایبەتی كە الله تعالی دەربارەی ئەوان فەرموویەتی: {وإذ أَخذ الله ميثاق الذين أوتوا الكتاب لتبينّنه للناس ولا تكتمونه فنبذوه وراء ظهورهم واشتروا به ثمناً قليلا فبئس ما يشترون} آل عمران:187. بەڵام بەداخەوە نەك زۆربەیان بە ئەركی خۆیان هەلنەسان، بەڵكو بە خۆیشیان بوون بە بەشێك لەو كارەساتەی بەسەر ئومەتی ئیسلامدا هات و زۆربەیان خۆیان كەڕ و بێ ئاگا كرد لەو واقیعە تالەی تووشی ئوممەت بووە، بەڵكو هەموو هەولێكیان بۆ خۆشی و ڕابواردنی خۆیان قۆستەوەو، نكۆڵییان لەو ئەمانەتە كرد كە الله عزوجل پێیانی سپاردبوو . ئەگەرچی ئەم ڕاستی وخەمانەی باسم كرد لەوانەیە زانینیان بۆ پیاوان و بۆ ژنان وەكو یەك پێویست بێت، بەڵام لێرەدا مەبەستم بوو وەكو ئاگاداركردنەوەتان پێتانی ڕابگەیەنم، چونكە ئافرەتان عاتیفە زاڵە بەسەریاندا وخۆش باوەڕن بۆ ئەو قسانەی كە دەوترێت و ڕەنگە توانای تەحقیق كردنیان وەكو پێویست نەبێت، هەروەها بۆ ڕواندنەوەی ئەو وەهمەی كە كە گوایە موسوڵمانان لە وەزعێكی زۆر باش و بەهێزدان و هەموو شتیك لەبارە بۆیان، چونكە بەداخەوە وەكو وتم پێچەاونەی ڕاستییە و ئەگەر باوەڕی پێ بكەن، چەواشە دەبن و ناتوانن بە ئەركی پێویستی خۆتان لە بەهیزكردنی عەقیدەی خۆتان و ماڵ ومنداڵتان هەڵبسن، وەكو كەسێك كە بە دەست نەخۆشییەكی كوشندەوە بناڵێنیت، بەڵام پێی بوترێت تەندروستیت زۆر باشە و پێویستت بە وەرگرتنی هیچ چارەسەرێك نییە تاكو دۆخی خراپ دەبیت و هیوای چارەسەری نامێنیت، ! كە تۆ دڵنیابووی حاڵی ئوممەت بەو شێوە گەیشتووەتە ئەو هەڵدیڕە، ئەوكات بیر لەوە دەكەیتەوە هیچ نەبێت لە چوار چێوەی ماڵەكەی خۆت و لە بازنە نزیكەكانتاندا جەخت لەسەر ڕاستكردنەوەی ئەو لادان و هەڵانە بكەنەوە و بەر لەوەی بگەڕێنەوە لای پەروەردگارتان بەردێكتان بۆ دینەكەتان خستبێتە سەر بەردێك.