/وەڵامی پرسیارەکانتان/
چۆن لە گومانەكان خۆم بپارێزم؟
: 570
2021-11-06
وەڵامی_پرسیارەكانتان:35
چۆن لە گومانەكان خۆم بپارێزم؟
بۆ ئەوەی لە گومانەكان خۆت بپارێزیت و ئیمانت بەسەلامەتی بمێنیتەوە:
یەكەم/ پێویستە لەسەرت بە هەموو ڕێگەیەكی ڕەخساو خۆت فێری كیتاب و سوننەت بكەیت، ئەمەش كارێكی ئاسان نییەو پێویستی بە تەرخانكردنی كات هەیە و هەبوونی مامۆستایەك لە سەر عەقیدەی تەوحید بنەمایەكی پێویستی ئەو ئەو كارەیە، لەم بارەشەوە ئەوە بزانە:
1 - وەكو بانگەشە زۆربەی تاقمە گومڕاكانی مێژووی ئیسلام بە ئێستاشەوە، بانگەشەی شوێنكەوتنی كیتاب و سونەت دەكەن، بەڵام ئەوە قسەیەك نییەو بكرێت بەڵكو پێویستی بەبەڵگەو سەلماندن هەیە:
وَكُلُّ يَدَّعِي وَصْلاً بِلَيْلَى **** وَلَيْلَى لَا تُقِرُّ لَهُمْ بِذَاكَا
إِذَا اشْتَبَكَتْ دُمُوعٌ فِي جُفُونٍ **** تبينَ مَنْ بَكَى مِمَّنْ تَبَاكَى.
2 - زۆربەی موسوڵمانی كورد لە ڕووی دیندارییەوە كێشەیان ئەوەیە تەمەنیان بەڕێدەخەن و كەمترین زانیارییان لەسەر ئەو دوو سەرچاوە هەیە، لە كاتێكدا تاكە سەرچاوەی تیگەیشتن و كارپیكردنی ئیسلامن، ئەو قورئانەی كە بەردەوام دەیخوێننەوە - بەشێكی كەمی نەبێت - نازانن چی تیایەو مەعنای چییە، لە سوننەت وفەرموودەكان بەهەمان شێوە، لە هەزاران فەرموودە كە كاروباری دونیای موسوڵمانان ڕێك دەخات و بەرنامەی بۆ سەرفرازی دوا ڕۆژیان تێدایە چەند فەرموودەیەك نەبێت ئاگایان لە هیچی نییە، بە مامۆستایانی ئایینیشەوە زیاتر ئاگایان لەو فەرموودانە هەیە كە پەیوەندی بە بەباتە فیقهیەكانەوە هەیە، بەڵام عەقیدە وبیروباوەر لە واقیعی ژیان دوورخراوەتەوە و بۆ خەڵكی باس ناكەن و ئایینی ئیسلامیان وەكو ئایینێكی فیقهی پەتی وینا كردووە بۆیان.
دووەم/ خوێندنەوەی كتیبی زانا متمانە پێكراوەكان لە ئەهلی تەوحید و زانست - لە كۆن و نوێ - بخوێنەوەو كاری پێ بكە، كتێبەكانی فەرموودەو سوننەت و شەرحەكانیان بخوینەوەو لێیان تێبگە، لە تەفسیرە باش و شایەتی بۆ دراوەكانی قورئانی پیرۆز لە كۆن و هاوچەرخدا سوودمەند ببە، هەموو ئەوانە وەكو قەڵغانن بۆت، هەم لەسەر ڕێباو مەنهەجی دینەكەت جێگیرت دەكەن، هەم دیوارێكی تۆكمە وقایمت لە دژی شوبهەو گومانی بێباوەڕان بۆ درووست دەكەن.
ئەگەر بزانیت ڕێژەی لادان لە عەقیدەی ڕاستی كیتاب و سوننەت لەم سەردەمەدا چەند زۆرە و ئەو پەتایە لە ناو ئوممەتی ئیسلامدا چۆن تەشەنەی كردووە، سەرسام دەبیت و باوەر ناكەیت! نەك لە سەر ئاستی خەڵكیی بەگشتی كە ناتوانن پێناسەی موسوڵمانێتی و باسی ئەرك و مافەكانی موسڵمانێتی خۆیان بكەن، بەڵكو لەسەر ئاستی ئەوانەش كە خەڵكی بە مامۆستا و ڕێپیشاندەریان دەزانن، ئەگەر كەسێك عەقیدەی سەلامەت بوو ئەبێت سوپاسی پەروەردگاری بكات و بڵێت بەڕاستی لوتفی لەگەڵ كردووم و من لە نیعمەتێكی گەورەدام.
سێیەم/ لە كۆڕو كۆمەڵ و كتێب و سایت و ڕێكخراوو هەر شوێنێكی تر دووربگرە كە بەرەدەوام باسی شوبهەو گومان دەكەن و كۆیان دەكەنەوە و ئیشی لەسەر دەكەن، چونكە ئەوە ئەوە پێچەوانەی ڕێنمایی پێغەمبەرە صلی الله علیه و سلم، هاوەڵان و زانایانی پێشینانیش وتەیان لە قەدەغەكردنی ئەو كارە گەلێك زۆرە، بەوەش فریو مەخۆ ئەگەر وتیان ئێمە بۆیە كۆی دەكەینەوە ئیشی لەسەر دەكەین وەڵامیان دەدەینەوە و ئیسلام سەردەخەین! من قسە لەسەر نیەتی كەس ناكەم وگومان ناكەم كە زۆرێك لەو كەسانە ڕاست دەكەن لەو بانگەشەیاندا، بەڵام ڕێگەی كە هەڵەیان بۆ ئەو ئامانجە هەلبژاردووە، ڕێگەی هەڵەش لە مەودای دووردا دەرنجامی پیچەوانە و چاوەڕوان نەكراوی ئەبێت.
ئەو شێوازە لەبەرەنگاربوونەوەی شوبهەو گومانی دوژمنانی ئیسلام دڵت وەكو ئیسفنجێك لێ دەكات، هەمو ئەو گومان و پیساییانە هەڵدەمژێت وكاتێك دزانیت فیترەتی خۆتت شێواندووەو خاكی دڵت كردووەتە زەمینەیەكی لەبار بۆ چرۆكردنی گومانەكان، بۆ خۆت و بۆ ئەوانەی كە گویت لێ دەگرن، چونكە شوبهەو گومان كاریگەری و راكێشانێكی هەیە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم و هاوەڵان وریاییان داوە لەو جۆرە كارە كەچی، خەڵكانیك بە زمانی حاڵ دەڵێن نا ئێمە بۆ ئەم سەردەمەی خۆمان باشتری لێ دەزانین.
الله تعالی فەرمووویەتی: (وإذا رأيت الذين يخوضون في آياتنا فأعرض عنهم حتى يخوضوا في حديث غيره وإما ينسينك الشيطان فلا تقعد بعد الذكرى مع القوم الظالمين).
ئەم ئایەتە بەڵگەیە لەسەر دووركەوتنەوە لە زەلكاوی شوبهەو گومانەكان، نەك مەلەكردن تێیدا بەبەهانەی بەرپەرچدانەوەو و ئاشنا كردنی موسوڵمانان بە وتەو گومانی مولحید و لادەرەكان.
باشە ئەو هەموو گومانەی كە لە ڕاگەیاندنەكانەوە لە دژی ئیسلام بڵاو دەكرێتەوە چۆن پووچەڵی بكەینەوە، ئایا بێ دەنگ بین بەرانبەری؟ نەخێر كەس وای نەوتووە، هەوڵ دەدەم لە باسێكی سەربەخۆدا - إن شاء اله - وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە.
إحسان برهان الدین
21 ذو الحجة 1441
11 آب 2020
2023-04-26
2024-03-08
2023-02-19
2018-11-02
2024-04-18
2023-11-15
2023-11-15