/وەڵامی پرسیارەکانتان/
ئایا دیوانی شافیعی هەمووی شیعری خۆیەتی؟
: 379
2021-10-25
وەڵامی_پرسیارەكانتان:33
ئایا دیوانی شافیعی هەمووی شیعری خۆیەتی؟
یەكێك لەو دیوانە هۆنراوانەی كە خوێنەرێكی زۆری هەیە و كەسانیكی زۆر پێی كاریگەرن، كە من خۆیشم لە كاتێكی زۆر زوو خویندوومەتەوە و زۆربەییم لەبەر كردووە، دیوانی هۆنراوەكانی پێشەوا موحەممەدی كوری ئیدریسی شافیعییە بەڕەحمەت بێت كە لە ساڵی 150ك لە دایكبووەو لە ساڵی 204 ك وەفاتی كردوە، هۆنراوەكان لەو دیوانەدا پڕ لەواتا و حیكمەت وچێژن، جگە لەوەش بە شیوازێكی ئاسان و سەرنج راكێش وپڕ لە سۆز نووسراون، بەڵام زۆر كەس نازانن كە زۆربەی ئەو شیعرانە لەو دیوانەدا هاتووە، ئەگەرچی دەدرێنە پاڵ ئەو كەسایەتییە گەورەیە، بەڵام لە ڕاستیدا جگە لە چەند هۆنراوەیەكی كەمی نەبێت، ساغ نەبووەتەوە كە پێشەوا شافیعی خاوەنی ئەو هۆنراوانە بێت، ئەوەشی كە سەیرە - وەكو د.مجاهد مصطفى بهجت دەڵێت - زۆربەی ئەوانەی دیوانەكەیان بڵاوكردووەتەوە و لێكۆڵینەوەیان بۆ كردووە بەسەر ئەم پرسە گرنگەدا تێپەڕبوونە و لێكۆڵینەوەیەكی وردیان لەسەری نەكردوە.
ئەوەشی شارەزایی لە شیعرو ئەدەب هەبێت و لە هۆنراوەكانی ئەو دیوانە وردبووبێتەوە، بۆی دەردەكەوێت كە ئەوانە هۆنراوەی یەك شاعیر نین و بەڵكو لەیەك سەردەمیشدا نەوتراون، بە كورتی و بە پێی ئەوانەی لیكۆڵینەوەیان لەسەر ئەم بابەتە كردووە، قەسیدەكانی دیوانی شافیعی دەبنە چوار بەشەوە:
یەكەم: بەشێك لە قەسیدەكان كە ژمارەیان شەش قەسیدەیە (42، 50، 53، 56، 70، 80) ، بەڕێگەی ڕاست و بە سەنەدی تەواو پێمان گەیشتوون و هیچ گومانێك لەوەدا نییە كە شیعری شافیعی ن.
دووەم: بەشێكی تری كە بریتین لە (11) قەسیدە ڕای پەسەند ئەوەیە كە شیعری شاعیری ترن وەكو الخلیل ونصر بن سیار و كەسانی تر، بەڵام بەهۆكاری جیاواز دراونەتە پاڵ شافیعی،
سێیەم: هەندێ پارچە هۆنراوەی تر كە ژمارەیان (30) پارچەیە، سەلمێندراوە كە هۆنراوەی شافیعی نین بەڵكو هۆنراوەی شاعیری ترن، (12) یان لەبەر ئەوەی لەڕێگەی شیعەو ئەهلی تصوف بەم دواییانە دراونەتە پاڵی شافیعی ، (6) پارچەی لەبەر ئەوەی نە لە ڕووی ڕواڵەت و نە لەڕووی ناوەڕۆكەوە ناگۆنجیت شیعری شافیعی بێت، (12) شیان لەبەر ئەوەی شافیعی تەنها لە كتیبەكانیدا وەكو نموونە ئاماژەی بۆ كردوون، ئیتر كۆكەرەوانی دیوانەكەی لێیان تیكچووەو وەكو شیعری خۆی جێگیریان كردووە.
چوارەم: دیوانەكە كۆمەڵە هۆنراوەیەكی تری تێدایە كە ژمارەیان (45) پارچەیە، نەسەلمێندراوە كە كێ خاوەنێتی و ناكۆی لەسەر خاوەندارێتیان هەیە، بەبەڵگەی زانستی ساغ نەبووەتەوە كە شیعری شافیعی ن، یان هۆنراوەی شاعیری تر.
بۆ زانیاری زیاتر و وردتر بڕوانە:
- النصوص الشعرية المنسوبة للشافعي وغيره/ أ.د مجاهد مصطفى بهجت.
- ما صحة نسبة «ديوان الشافعي»؟ / جمال بن حويرب.
- تصحيح نسبة أبيات وصفت أنها من قول الإمام الشافعي/ خالد التميمي.
إحسان برهان الدین
25 شوال 1441
17 حزیران 2020
2023-02-19
2023-11-08
2023-11-01
2023-10-28