/القواعد المثلی بە پرسیارو وەڵام/
#القواعد_المثلى_بە_پرسیار_و_وەڵام: (2)
: 368
2021-10-18
#القواعد_المثلى_بە_پرسیار_و_وەڵام: (2)
پرسیارەكانی بنچینەی دووەم:
پرسیاری 1/ بنچینەی دووەم چییە سەبارەت بە ناوەكانی الله جل جلاله؟
وەڵام: بنچینەی دووەم سەبارەت بە ناوەكانی الله تعالی كە پێویستە بیزانین ئەوەیە: ( أسماء الله أعلام و أوصاف) واتە: ناوەكانی پەروەردگارمان (أعلام) ە، ئەعلام كۆی عەلەمە، واتە ناوەكە ئاماژە بۆ خاوەنەكەی دەكات. ئەوسافیش كۆی وەسفە، واتە: وەسف و باس كردن و ستایشكردن.
پرسیار 2/ بەچی ئیعتیبار و واتایەك ناوەكانی الله تعالی دەبنە (أعلام) و دەبنە ( أوصاف) ؟
وەڵام/ بەو ئیعتیبار و واتایەی كە هەم (عَلَم) ن، و ئاماژە بۆ زاتی الله دەكەن، ، لە هەمان كاتدا (وصف) یشن، واتە هەم وەسف و باسكردنیشن بۆ الله، بۆ نموونە: ناوی (السمیع) ئاماژەیە بۆ زاتی الله تعالی، بەم ئیعتیبارە عەلەمە و ناوە بۆ ئەو زاتە، بەو پێیەش كە وشەی (السمع) سیفەتی بیستن لە خۆ دەگرێت و الله تعالی بیسەرە، دەبێتە سیفەت بۆ الله تعالی. بۆیە دەوترێت ناوەكانی الله هەم عەلەمن، واتە ئاماژەن بۆ زاتی الله دەكەن، هەم وەسف و ستایشن بۆی.
مەسەلەی ئەوەی كە ناو ئەعلام و ئەوساف بێت تایبەتە بە الله و بە پێغەمبەرەكەی صلی الله علیه و سلم، چونكە دەگونجێت كەسێك ناوی عبدالله بێت و خۆی لە ڕاستیدا كەسێكی زۆر بێ باوەڕ و خراپ بێت، یان ناوی (علي) بێت و خۆی كەسێكی نەفس نزم بێت. مەرج نییە مرۆڤەكان هەمیشە واتای ناوەكانیان گونجاو بێت لەگەڵ سیفەتی خۆیاندا
پرسیاری 3/ چۆن و بەچ شێوەیەك ناوەكانی الله تعالی (مترادف) و هاوواتا دەبن؟
وەڵام / ناوەكانی الله تعالی هاوواتا دەبن بەو پێیەی كە هەموویان ئاماژە بۆ یەك زات دەكەن ئەویش الله یە.
پرسیار 4/ چۆن ناوەكانی الله تعالی جیاواز دەبن؟
وەڵام/ ناوەكانی الله جیاواز دەبن بەو پێیەی كە هەر ناوێك ئاماژە بۆ واتاو مەعنایەكی تایبەت بە ناوەكە خۆی دەكات.
پرسیاری 5/ بەڵگە چییە لەسەر ئەوەی ناوەكانی الله تعالی (أعلام) و (أوصاف) ن ؟
وەڵام/ بەڵگە لەسەر ئەوە فەرموودەی الله یە لە قورئانی پیرۆزدا: ﴿ وَهُوَ الْغَفُورُ الرَّحِيمُ ﴾ يونس:107 هەروەها ئایەتی:﴿ وَرَبُّكَ الْغَفُورُ ذُو الرَّحْمَةِ﴾ الكهف: 58. ئایەتی دووەم ئاماژەیە بۆ ئەوەی (الرحیم) لە ئایەتی یەكەمدا سیفەتی رەحمەت و بەزەیی لە خۆ گرتووە.
پرسیار 6/ بیروباوەڕ و عەقیدەی تاقمی موعتەزیلە دەربارەی ناو و سیفەتەكانی الله عزوجل چییە و چۆنە؟
وەڵام/ عەقیدەی موعتەزیلە لەم بارەوە ئەوەیە ناوەكانی الله تعالی جێگیر دەكەن و باوەڕیان بە هەموویەتی، بەڵام سیفەتی ناوەكان جێگیر ناكەن و نكۆڵی لێ دەكەن!
پرسیار 7/ بۆچی موعتەزیلە ناوەكان جێگیر دەكەن و باوەڕیان پێیەتی، بەڵأم نكۆڵی لە سییفەتەكانی دەكەن؟
وەڵام/ چونكە ئەوان دەڵێن: ئەگەر سیفەتەكان جێگیر بكەین و باوەڕمان پێیان هەبێت ئەو مەسەلە سەر لە (تعدد القدماء) ەوە دەردەكات، واتە: هەر سیفەتێك لە سیفەتەكانی الله لەوكاتەدا دەبێتە زاتێكی جیاواز كە سەرەتایان نییە ئەمەش فرەزاتی لێ دەكەوێتەوە! كە ئەمەش بیرۆكە و باوەڕێكی سەیرو ناشەرعی و نالۆژیكییە لە ئەوانەوە.
پرسیار 8/ بەڵگە چییە لەسەر ئەوەی ئەم بیروباوەڕەی موعتەزیلە سەبارەت بەناووسیفەتەكانی الله تعالی هەڵەیە و پووچەڵە؟
وەڵام/ بەڵگە فەرموودەی پەرورەدگارمانە لە قورئانی پیرۆزدا: ﴿إِنَّ بَطْشَ رَبِّكَ لَشَدِيدٌ. إِنَّهُ هُوَ يُبْدِئُ وَيُعِيدُ وَهُوَ الْغَفُورُ الْوَدُودُ ذُو الْعَرْشِ الْمَجِيدُ فَعَّالٌ لِّمَا يُرِيدُ ﴾ البروج: 12 – 16 واتە:
واتە: لەم ئایەتەدا وەكو ئاشكرایە چەندین وەسف و ستایش بۆ الله هاتووە، لە كاتێكدا الله یەكە و (الواحد الأحد ) ە، ئەو فرە زاتیەش كە ئەوان باسی دەكەن درووست نابێت .
پرسیار 9 / بەڵگەی عەقڵی چییە لەسەر پووچەڵی ئەو بیروبۆچوونەی موعتەزیلە؟
وەڵام/ بەڵگە ئەوەیە ستایش و سیفەتەكان جیاواز نین لە وەسفكراوەكان تاكو بوترێت دەبنە چەندین ستایشكراو! بەڵكو ئەو وەسف و ستایشانە هەمووی تایبەتن بە وەسفكراوەكەوە و هەموو بوونەوەرێكیش دەبێت چەند سیفەتێكی هەبێت.
بۆ نموونە و(لله المثل الأعلی) ئەگەر بوترێت كەسێك ئازایە و ڕاستگۆیە و باڵابەرزە و گەنم ڕەنگە، ئەمە مەعنای ئەوە نییە باسی چوار كەس و چوار زاتت كردووە! بەڵكو باسی یەك كەس كراوە بەڵام ئەو سیفەتانەی هەمووی هەیە.
پرسیار 10/ ئایا وشەی (الدهر) ناوێكە لە ناوەكانی الله تعالی؟
وەڵام/ نەخێر (الدهر) ناوێك نییە لە ناوەكانی الله تعالی، چونكە واتایەكی لە خۆ نەگرتووە تاكو ببێتە یەكێك لەناوەكانی الله، هەروەها لەبەر ئەوەی كە (الدهر) ناوێكە بۆ واتای كات و زەمان، الله سەبارەت بەوانەی كە نكۆڵییان لە ڕۆژی زیندووبوونەوە كردوە فەرموویەتی: ﴿ وَقَالُواْ مَا هِيَ إِلاّ حَيَاتُنَا الدّنْيَا نَمُوتُ وَنَحْيَا وَمَا يُهْلِكُنَآ إِلاّ الدّهْرُ﴾ واتە: بتپەرستەكان دەیانوت جگە لەم ژیانەی دونیا كە تێیدا دەژین و دەمرین هیچ ژیانێكی تر نییە، ئەوەشی كە ئێمە لەناو دەبات تێپەڕبوونی ڕۆژگارە و درێژی تەمەنمانە.
سەبارەت بەو فەرموودەش كە پێغەمبەر صلی الله علیه سلم فەرموویەتی: (يؤذيني ابن آدم يسب الدهر وأنا الدهر بيدي الأمر أقلب الليل والنهار) كە الله تعالی لەم فەرموود قودسیەدا ناوی خۆی بە (الدهر) بردووە، بە كۆتایی فەرموودەكە تەفسیر كراوە كە فەرموویەتی: .(بيدي الأمر أقلب الليل والنهار) واتە فەرمان و هەموو شتێك بەدەستی خۆمە، ڕۆژگار و شەوگار دەسوڕێنمەوە. الله خۆی زەمانەو ڕۆژگاری درووست كردووە ئیتر چۆن دەبێت سوڕێنەری ڕۆژگار هەر خۆی سوڕێندراوەكە بێت؟
تێبینی/ هەموو ناوێك لە ناوەكانی الله تعالی سیفەتێكی لە خۆ گرتووە، بەڵام مەرج نییە هەمو سیفەتێك ناو یش بێت، وەكو هەندێ لەوانەی بە (الصفات الذاتیة) دەناسرێت وەكو (الید) و (العین) ئەمانە ناویان لێ ناتاشرێت!
بەڵام بۆ نموونە (الرحمن) ناو و وەسفی الله یە و هیچ تێگیرانێك لە نێوانیاندا نییە، ناوەكان ئاماژە بۆ زاتی الله دەكەن و هەروەها بۆ سیفەتی تەواوی و بێ عەیبی بۆ الله، بەڵام سیفەتەكان تەنها ئاماژە بۆ واتایەك دەكەن لە زاتی الله دا.
إحسان برهان الدین
14 ذو القعدة 1442
24 حزیران 2021
[caption id="attachment_4535" align="alignnone" width="1536"] {"uid":"C8365C0B-CFD4-4EC6-B9C5-D2A6D035B442_1624261384126","source":"other","origin":"gallery","sources":["349691371079211","324215042623211"]}[/caption]
2024-05-23
2024-04-18
2018-04-07
2023-11-22
2023-10-28
2024-03-08