العربیة
/وەڵامی پرسیارەکانتان/
دورکەوتنەوە لەنوێژەکان بەمەسافەی مەترێک لەشرعا جێی ئەبێتەوە، ئایا ئەم مەوزوعە عیباداتە ڕێی پێدراوە بەوجۆرە؟
: 322
2021-09-09
  #وەڵامی_پرسیارەكانتان: پرسیار 27 سلام علیک مامۆستای بەڕێز، ئەتوانی بۆم ڕون بکەیتەوە مەسەلەی ئەم دورکەوتنەوەیە لەنوێژەکان و بەمەسافەی مەترێک دور ئەوەستن ئەمە لەشرعا جێی ئەبێتەوە، ئایا ئەم مەوزوعە عیباداتە ڕێی پێدراوە بەوجۆرە؟ الحمد لله والصلاة والسلام علی رسول الله وعلی آله وصحبه ومن والاه..چەند بەڕێزێكی تریش هەمان ئەم پرسیارەیان بۆ ناردووم، بۆیە لەبەر گرنگی وهەنووكەیی ئەم بابەتە بە ێیویستم زانی لە ڕووی ئاماژەی دەقە شەرعییەكان و قسەی زانایاندا لە چەند خاڵێكدا ئەم ڕوونكردنەوەیە بنووسم: 1- لە ڕاستیدا ئەم مەسەلە وەکو زۆر مەسەلەی فیقهی تر زیاتر لە وەڵامێک هەڵدەگرێت وجێگای ڕێككەوتن نییە لە نێوان زانا هاوچەرخەكاندا كە قسەیان لەسەری كردووە، چونکە لە بنچینەدا جیاوازییەکی زۆر لە نێوانیاندا هەیە سەبارەت بەوەی ئایا نوێژی جەماعەت سوننەتێکی جەخت لەسەرکراوە وەکو زۆرێک لە زانایان وتوویانە، یان واجبە وپێویستە هەموو نوێژێك لە مزگەوت بكرێت، یان فەرزی کیفایەیە واتە كەسانیك ئەگەر لە مزگەوتن نوێژی جەماعەتیان كرد لەسەر ئەوەكانی تر ئەكەوێت، هەروەها خیلاف هەیە لەسەر حوکمی ڕێکخستن و پێکەوە وەستان لەڕیزەكانی جەماعەتدا، ئایا واجبە یان مستحب و سوننەتە، هەموو خاوەن ئەم بۆچوونانەش لە کۆن و نوێدا بەڵگەیان بۆ ڕاوبۆچوونەكەیان هێناوەتەوە و ئێرە جێگەی شیکرۆنەوەیان نییە، خیلافیش لەسەر مەسەلەی نوێژی جەماعەت بەم شیوەی ئیستا هەیە كە نویژخوێنان دوور لەیەكتر دەوستن لە بنچینەدا لەو جیاوازیانەوە سەری گرتووە كە ئاماژەم بۆ كرد. 2 - گومانی تێدا نییە كە نوێزی جەماعەت شێوازو هەیئەتێکی دیاری کراوی خۆی هەیە و بنچینەی كارپێكراو ئەوەیە كە نوێژخوێنانەوە بەتەنیشت یەكترەوە ڕیز بوەستن و هیچ مەسافەیەك لە نێوانیاندا نەبێت، هەزارو چوار سەد ساڵە لە ژێر هیچ پاساوێکدا کەس زاتی نەکردووە ئەو شێوازو هەیئەتە دەستكاری بكات و بیگۆڕێت، بۆیە دەستکاریکردنی شێوازی نوێزی جەماعەت بە شێوەیەك كە لە ئەسڵی شێوازە سوننەتی و باوەكەی خۆی دەربكرێت پرسێکی هەستیارە و ئاسان نییە لە ڕووی زانستی و شەرعییەوە بەڵگەی قایلكەری بۆ دەست بخەیت. 3 - لە چەندین فەرموودەی صحیح دا فەرمانمان پێكراوە ڕیزەكانمان ڕێك و پێك بێت و بەتەنیشت یەكترەوە بووەستین، بۆنموونە ئەو فەرموودەی لە سەحیحی بوخاری و موسلیمدا هاتووە: ( سَوُّوا صُفُوفَكُمْ , فَإِنَّ تَسْوِيَةَ الصُّفُوفِ مِنْ إِقَامَةِ الصَّلاةِ ) واتە: ڕیزەكانتان ڕیك بخەن چونكە ئەو كارەتان بەشێكە لەڕاست و درووستی نوێژەكانتان، هەروەها لە سەحیحی موسلیمدا هاتووە: ( اسْتَوُوا , وَلا تَخْتَلِفُوا فَتَخْتَلِفَ قُلُوبُكُمْ ) واتە: ڕێك وپێك ڕاوەستن و ڕیزەكانتان تیكمەدەن بۆ ئەوەی دڵەكانتان بەرانبەری یەكتر نەگۆڕێ و شتی تێدا درووست نەبێت. 4 - ئەو فەرموودانەی كە فەرمانمان پێدەكات ڕێزەكانمان لە ناو نوێژی جەماعەتدا ڕێك بخەین، هاوكات هەڕەشەشی لەگەڵدا هاتووە بۆ ئەو كەسەی فەرمانەكە جێبەجی نەكات، بۆیە زانایان فەرموویانە: (الامر المقرون بالوعید یدل علی الوجوب)، واتە: هەر فەرمانێك هاوكات بێت لەگەڵ هەڕەشەدا بۆ ئەو كەسەی كە جێبەجێی ناكات ئەوە مەعنای ئەوەیە واجبە و پێویستە بكرێت، بۆ نموونە: ( عِبَادَ اللَّهِ ، لَتُسَوُّنَّ صُفُوفَكُمْ أَوْ لَيُخَالِفَنَّ اللَّهُ بَيْنَ وُجُوهِكُمْ ) . البخاري ( 717 ) ومسلم (436) . واتە: بەندەكانی الله، ڕێزەكانتان لە ناو نویژدا ڕێكبخەن با الله تعالی دڵەكانتان لەیەكتر هەڵنەگێڕێتەوە. هەر لەو فەرموودەی سەرەوەدا هاتووە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ڕیزەكانی ڕێك دەخست وەكو چۆن تیر ڕێكدەخرێت و ڕاست دەكرێتەوە و نابێت چەوتی و خواری تێدا بێت. هەروەها فەرموویەتی: ( أقيموا الصفوف ، وحاذوا بين المناكب ... ولا تذروا فُرُجَات للشيطان ) ڕیزەكانتان ڕێكبكەن وشان بەشان نوێژ بكەن وكەلێن بۆ شەیتان مەهێڵنەوە، لە چەندین فەرموودەی سەحیحی تردا هاتووە كە هەر بۆشایی و كەلێنێك لە نێوان نوێژخوێناندا هەبێت شەیتان لێوە دەچێتە ژوورەوە. بەكورتی: پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم و هاوەڵان و خەلیفەكان رضي الله عنهم زۆر گرنگییان داوە بە ڕێكخستنی ڕێزەكانی نوێژی جەماعەت و بایەخیان بە نەهێشتنی هیچ بۆشایی و كەلێنێك داوە و لە ڕاستیدا نوێژی جەماعەت كاتێك بەو شێوەیە ئەنجام دەدرێت ڕوون و ئاشكرایە كە سەرپێچی سوننەتی تێدایە و داهانانێكی نەشاز لەمەسەلەكەدا هەیە! 5- لە سەردەمی یەكەمدا و لە كاتی هەبوونی پاساوی شەرعیدا نوێژی جەماعەت ڕاگیراوە تاكو نەمانی پاساوەكە ، وەكو كاتی باران و قوڕاو، تەنانەت بانگدەر لە كاتی بانگەكەیدا وتوویەتی لە ماڵەكانی خۆتاندا نوێژ بكەن و مەیەن بۆ مزگەوت،.ابن قدامة لە "المغني" (1/366) دا وتوویەتی : " وَيُعْذَرُ فِي تَرْكِ الجمعة والجماعة بِالْمَطَرِ الَّذِي يَبُلُّ الثِّيَابَ , وَالْوَحْلِ الَّذِي يَتَأَذَّى بِهِ فِي نَفْسِهِ وَثِيَابِهِ" واتە: لە كاتی بارانیك كە جل تەڕ بكات وقوڕاوێك كە ببێتە مایەی زەحمەت بۆ نوێژخوین و جلەكانی پیس بكات، ئەوە دەبێتە پاساو بۆ ئامادە نەبوون لە نوێژی جومعەو جەماعەت. وتوویانە: پاساوی ئەم پەتایە زۆر لە پاساوی قوڕ و باران بە هێزترە، كەواتە تاكو ئەو پەتا مابیت لەناو خەڵكدا دەكرێت بە عەزیمە كار نەكرێت كە ئەنجامدانی نوێژەكانە بە جەماعەت، بەڵكو بە ڕوخسەت كار بكرێت كە نوێژكردنی موسوڵمانە لە ماڵەكەی خۆیدا چی بە تەنها بێت یان لەگەڵ خانەوادەكەیدا بە كۆمەڵ بیكات. 6- پاراستی گیانی كەسەكان و سەلامەتییان (حفظ النفس) مەبەستێكی سەرەكی ئیسلامە و ( وَمَا جَعَلَ عَلَيْكُمْ فِي الدِّينِ مِنْ حَرَجٍ ) و (وَما أَمَرْتُكُمْ به فَافْعَلُوا منه ما اسْتَطَعْتُمْ) بنەمای شەرعی كارپێكراوە و ئەم پەتایەش مادام جێگیر بووە كە مەترسی لەسەر ژیان و سەلامەتی كەسەكان هەیە كەواتە دەبێتە پاساو بۆ ڕاگرتنی نوێژی جەماعەت تا ئەو كاتەی دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە ونوێژ كردنی جەماعەت نابێتە یەكێك لەسەرچاوەكانی مەترسی لەسەر ژیانی خەڵكی. 7- دووركەوتنەوەی نویژخوێنان لەیەكتر لە نوێژی جەماعەتدا ئەگەر چی لە ڕووی تەندروستییەوە سوودی هەیە ، بەڵام مەرج نییە لە نەخۆشییەكە بتپارێزیت، لەڕێگەی پژمە و كۆكە و جێگای سەجدە بردن وچەندین ڕێگای تر سەرەڕای ئەو مەودایە هەر دەگونجێت ڤایرۆسەكە بگوێزرێتەوە و بەو شێوەیەش ئەو دەستكاریكردنەی نوێژی جەماعەت كارێكی بێ سوود دەبێت. بە پێی ئەوانەی كە باسكران و زۆر بەڵگەی تر كە ئێرە جێگای شیكردنەوەیان نییە، كۆمەڵێك لە زانایانی ئەم سەردەمە، بۆ ئەم دۆخەی ئێستا ڕاگرتنی نوێژی جەماعەتیان پێ باشتر و شەرعیترە تاكو ئەوەی كە گۆڕانكاری لە شێوازی نوێژدا بكرێت و چەندین وەعید و هەرەشەی پیغەمبەر صلی الله علیه و سلم لەو بارەوە پشت گوی بخرێن و دەرگای زەرورەت بەو شێوە فراوانە لەسەر پشت بكرێتەوە، دەڵێن: ماوەیەك نەكردنی نوێژی جەماعەت لە مزگەوت لەوە باشترە شیرازەی شەرعیی ئەو شەعیرە گەورەیەی ئیسلام تیكبدرێت. لە بەرانبەردا كۆمەڵێكی تر لە زانایانی ئەم سەردەمە و زۆربەی موسوڵمانانیش هەر مەیلیان بەلای ئەوەدایە كە ئەو شێوازەی نوێژ كردن لە دووركەوتنەوەی نوێژخوێنان لە یەكتر درووستە و بۆ حاڵەتی زەرورەتە و زۆر لە داخستنی مزگەوتەكان و پەكخستنی نوێژی جەماعەت باشترە، لەو بارەشەوە كۆمەڵێك بەڵگەیان هێناوەتەوە بە كورتی: * مەسەلەی نوێژ كردنی شان بەشان و نزیك لە یەكتر ( تسویة الصفوف) و(التراص) یان بە مستحب و سوننەت داناوە نەك فەرز و واجب، لە هەندی لە مەزهەبەكاندا جێگەی سێ كەس لە نێوان دوو نوێژخوێندا لە ڕیزی جەماعەت هەبیت درووستە، بۆیە وتوویانە دووركەوتنەوەكە ئەگەرچی نەبێت باشترە بەڵام كاریگەری لە سەر وەرگیران وڕاست و درووستی نوێژەكە نییە. * ئایەتی {فَاتَّقُوا اللَّهَ مَا اسْتَطَعْتُمْ} یان وەكو بەڵگە هێناوەتەوە كە لە كاتی ئێستادا لەبەر ئەوەی ناتوانرێت بەتەنیشتی یەكترەوە نوێژ بكرێت، بۆیە لەبەر پاراستنی تەندروستی نوێژخوێنان درووستە بەو شێوە نوێژ بكرێت، بەڵكو شەرع لە كاتی ناچاریدا ڕێگەی بە زۆر شتی تری هاوشێوەی ئەمە داوە بۆ نموونە كەسێك كە توانای دەستنوێژ و نە تەیەمومی نەبێت، یان كەسێك نەزانێت ئاراستەی قیبلە لە كوێیە، یان لە كاتێكی دیاریكراودا جلێكی نەبێت لە كاتی نوێژكردندا خۆی پێ دابپۆشێت، ئەوانە هەموویان ڕێگەیان پێدراوە بەو حاڵەوە بەبێ دەستنوێژ و تەیەموم و خۆ داپۆشین نوێژ بكەن، بۆیە هەبوونی ئەو مەودایەش بۆ ئەم حاڵەتەی ئێستە ناچارییە و درووستە . * هەمان ئەم فەرموودە: (مَا نَهَيْتُكُمْ عَنْهُ، فَاجْتَنِبُوهُ وَمَا أَمَرْتُكُمْ بِهِ فَافْعَلُوا مِنْهُ مَا اسْتَطَعْتُمْ) لای ئەمانیش كراوە بەبەڵگە كە ئەوەی لە ئێستادا دەتوانرێت ئەنجام بدرێت لە نوێژی جەماعەتدا ئەمەیە و ناكرێت و زیانی هەیە نوێژخوێنان بەتەنیشتی یەكترەوە نوێژ بكەن. * هەندیك لەو فەرموودانەی كراونەتە بەڵگە بۆ نادرووستی نوێژ كردن بەو شێوازە بەڕێگەی تر هاتووە كە ئاماژەی بۆ ئەوە تێدایە ڕێك ڕاوەستان جوانییە بۆ ڕیزەكە و وا باشترە نەك مەرج بێت، وەكو فەرموودەی: (أقيموا الصف في الصلاة؛ فإن إقامة الصف من حسن الصلاة)؛ متفق عليه. جگە لەمانەی كە باس كران كۆمەڵێكی تر بەڵگە و بنەمای ئوسوڵییان هێناوەتەوە بۆ پشتگیری بۆچوونەكەیان لەبەر درێژنەكردنەوەی باسەكە باسمان نەكرد. پوختەی وەڵامەكە ئەوەیە: زانایان دوو بۆچوونی تەواو لەیەكتر جیاوازیان هەیە لە نێوان ئەوەی ئەم كارە بیدعەیەو نادرووستە و نوێژكردن بە تەنها یان لەماڵەوە و لە گەڵ خێزان و مناڵدا لەو جۆرە نویژە باشترەو شەرعیترە. بۆچوونی دووەمیش لەڕیگەی كۆمەڵێك پاساو و بەڵگەوە وتوویانە دووركەوتنەوەی نوێژخوێنان لە نوێژی جەماعەت لەبەر ئەوەی بۆ زەرورەتە و پێویستییەكی گشتی هەیە بۆ ئەو كارە بۆیە درووستە و هیچی تێدا نییە بەو شیوە نوێژ بكرێت، هەركێیش بە یەكێك لەو دوو بۆچوونە كار بكات نكۆڵی لەسەر ناكرێت. بە تێگەیشتنی منیش لەو بەڵگەو پاساوانە، ئەگەر بزانرێت كە ئەم دۆخە كاتییە و لە چەند هەفتەو چەند مانگێكدا تەواو دەبێت، هاوكات ئەگەر جێگای گومان نەبێت كە تەشەنەكردنی پەتاكە بەو شێوەیە كە باسی لێوە دەكرێت و زیدەرەوی لە ژمارەكاندا نەكرابێت، لەگەڵ ئەو بۆچوونەم كە ئەو ماوەیە لەماڵەوە نوێژ بكرێت باشترە وشەرعیترە، چونكە بەریەككەوتن لە مزگەوتدا تەنانەت بەو شێوەیش كە ئێستا نوێژ دەكرێت هەر زۆرە و ئەهلی مزگەوت خەڵكێكی بە سۆز وعاتیفین و ئەستەمە یەكتر ببینن و تەوقە نەكەن و باوەش بەیەكتردا نەكەن، هەرچۆنێكیش بێت پاساوی ئەم پەتایە لە پاساوی باران و قوڕاو بەهێزرترە كە رێگە دراوە لەو حاڵەتانەدا لە ماڵەوە نوێژ بكرێت، بەو شێوەش هەم دەبێتە خۆپارێزی كە ئەویش مەبەستێكی شەرعییە و هەم لەو جۆرە نوێژە نامۆیە ڕزگارت دەبێت كە هەست بە چێژی نوێژی جەماعەت ناكەیت و لە درێژایی هەزار و چوارسەد ساڵی مێژووی ئیسلامیشدا نەزانراوە نوێژی لەو جۆرە ئەنجام درابێت. بەڵام ئەگەر ئەم نەخۆشییە بوو بە واقیعێك و بوو بە هاوڕێی ژیانمان وهەروا بەم ئاسانییە بەجێمانی نەهێشت و كاتی مانەوەی كراوە بوو! ئەو كات ناچار دەبین بچینە سەر بنەمای زەرورەت وخۆمانی لەگەڵدا بگونجێنین، وەكو زانایانیش فەرموویانە: (المكروهات تبیحها الحاجات) واتە: پێویستی ڕێگە بە ئەنجامدانی شتە ناپەسەندەكان دەدات، بێگومان خۆ نابێت لە ترسی ئەو ڤایرۆسەدا دەرگای مزگەوتەكان بۆ هەمیشەیی دابخرێت، چونكە ئەو كارە زیانی لە زیانی خودی پەتاكە زۆرتر ەبێت ولەو حاڵەتەدا كار بەو ڕوخسەتانە دەكرێت كە زانایان باسیان كردووە لەم بارەوە. وەكو خۆیشم تاكو ئێستا هەر هاتوچۆی مزگەوت دەكەم و وا چەند ڕۆژێكە كە مزگەوتەكەی ئێمەش دەستی بەو شیوازە نوێژكردنە كردووە - نا بە دڵ و بێ ئەوەی هەست بە ئاسوودەیی بكەم - بەو شێوە نامۆیە نوێژی جەماعەتم كردووە، جگە لە زەرورەتیش لە ڕووی زانستییەوە قەناعەتم بەو پاساو و بەڵگانە نییە كە بۆ ئەو جۆرە نوێژكردنە دەهینرێتەوە و هەمووی بەدەر نابینم لە تكلف..والله اعلم. إحسان برهان الدین 13 شوال 1441 5 حزیران 2020