/وەڵامی پرسیارەکانتان/
کام کتێبی سیرەی پێغەمبەر صل الله علیە وسلم باشە چ کوردی بێ یان عربی؟
: 1375
2021-09-09
#وەڵامی_پرسیارەكانتان: پرسیار 23
السلام علیکم مامۆستای گرانقدر پرسیارێکم هەبوو بەلای تۆوە کام کتێبی سیرەی پێغەمبەر صل الله علیە وسلم باشە چ کوردی بێ یان عربی ، جزاك الله خیرا.
الحمد لله/
لە سیرەدا كتێب زۆر نووسراوە چی لەسەردەمانی دێریندا و چی لەم سەردەمەی خۆماندا، بەڵام زۆرێك لە كتێبی سیرە لە هەواڵی ناڕاست و لاواز بژار نەكراون و زۆر گرنگە خوینەر لەو سەرچاوە وردبێتەوە كە دەیەوێت سیرەو ژیاننامەی پێغەمبەری صلی الله علیه و سلم لی وەرگرێت، چونكە هەندێ بەسەرهات و هەواڵ لە سیرەدا دەگێڕدرێتەوە و بەناوبانگ و مەشهوریشە بەڵام كە لێكوڵینەوەی لێ دەكەیت دەبینی بەو شێوە نییە و تێبینی لەسەرە.
پێش هەموو شتێكیش ئەبێ ئەوە بزانیت كە ئەوەی لە ناوەڕۆكی كتێبەكانی سیرە دا هاتووە وەكو ئەوە نییە كە لە ناو كتێبەكانی فەرموودەدا هاتووە چونكە بە كورتی فەرموودە پێوەری فەرموودەناسانی لەسەر جێبەجێ دەكرێت و بەو پێیەش ئیتر ڕاست و ناڕاستی لەیەكتر جیادەكرێتەوە، بەڵام لە كتێبەكانی سیرەدا، یان ڕاستتر بڵێین لە زۆربەی زۆری كتێبەكانی سیرەدا ئەو پێوەرە بەكارنەهاتووە، بۆیە هەواڵەكانی سیرە كە لە قورئان و سەرچاوەكانی فەرموودەدا نەهاتووە پێویستی بە لێكۆڵینەوەیە و تەنها لەبەر ناوبانگە و مەشهوری نابێت یەكسەر وەربگیردرێت، زیاتر لە دە سەدە پێش ئێستەش پێشەوا أحمد بن حنبل فەرموویەتی: «ثلاثة لا أصل لها: التفسير، والملاحم، والمغازى» لا أصل لها واتە ئیسنادی نییە و پێویستی بە لێوردبوونەوەیە و تەحقیقە.
ئەم باسە دەگونجێت قسەی زۆر لەسەر بكرێت، بەڵام من لێرەدا بە كورتی تەنها چەند خاڵێك دەخەمە روو:
1- كۆنترین و گشتگیرترین وبەناوبانگترین كتێبی سیرە كە بەدەستمان گەیشتبێت ، السیرة النبویة ی ابن هشام ە و ئەویش كورتكراوە و گێڕانەوەی كتێبەكەی (محمد بن اسحاق) ە لە سیرەدا كە بەدەستمان نەگەیشتووە و فەوتاوە، بەڵام لەڕێگەی ابن هشام ە وە بەناڕاستەوخۆ پێمان گەیشتووە ، ئەو كتێبەش سەرەرای گرنگی زۆری كە هەرچی نووسەرانی سیرە هەیە لە دوای ئەو پشتیان پێ بەستووە، پێویستی بە لێكۆڵینەوەو وردبوونەوە هەیە و بەبێ تەحقیقێكی باش نییە بخوێنرێت، چونكە دانەرەكەی لە ڕووی زانستی و لێكۆڵینەوە بەسەرهاتەكانی بژار نەكردووە وزیاتر كۆی كردوەتەوە.
2- لەبەر گرنگی سیرەو خۆشەویستی زۆری پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە درێژایی مێژوودا كتێب دەربارەی سیرە زۆر نووسراوە، بەڵام زۆربەی زۆریشیان چاوپۆشییان لە هەندێ هەواڵی لاواز و بێ سەنەد كردووە بەو ئیعتیبارەی كە حوكمی شەرعی نییە یان هەواڵەكە زۆر لاواز نییە ئیتر تساهل یان كردووە.
3- یەكێك لەوانەی سیرەیەكی جوان و پوختیان نووسیوە پێشەوا شمس الدین الذهبي توركمانیە لە دووبەرگدا لەگەل (سیر أعلام النبلاء) دا چاپ كراوە، یەكێكە لە چاكترین ئەو كتێبانەی بەوردی و بەبەڵگەوە باسی ژیاننامەی پێغەمبەری كردووە صلی الله علیه و سلم.
4- ئەو كتێبانەش كە باسی مافەكانی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم دەكەن زۆر گرنگن بەتایبەتی كتێبی (الشفا بتعريف حقوق المصطفى)، لە نووسینی القاضي عياض، بەڵام پێویستە بە تەحقیقەوە بخوینرێتەوە.
5- ئەو كتێبانەی كە باسی ڕواڵەت وسیما و ئاكار و هەیئەت و شێوازی خواردن و خواردنەوە و هەڵس وكەوتی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم دەكەن زۆر گرنگە بخوینرێنەوە وەكو كتێبی (الشمائل النبوية والخصائص المصطفوية) ی پێشەوا الترمذي.
4- هەروەها كتێبی (زاد المعاد في هدي خیر العباد) ی ابن القیم یەكێكە لە چاكترین ئەو كتێبانەی ژیاننامەی پێغەمبەری صلی الله علیه و سلم بە شێوەیەكی ورد و ڕاست و جوان خستووەتە روو.
5- لەم سەردەمەی خۆماندا لە بواری سیرە و ژیاننامەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم كتیب زۆر زۆر نووسراوە، ڕوانگەی باسكردنەكانیشیان جیاوازە بۆ نموونە كەسێك سیرەی لەڕوانگەی جەختكردنەوە لەسەر فیقهو شەریعەت نووسیوە، یەكێكی تر لەڕوانگەی سەربازییەوە، یەكیكی تر لەڕوانگەی پەند و وانە وەرگرتنەوە، بێگومان من ناتوانم و مەبەستیشم نییە ناوەكانیان بخەمە روو بەڵام وەكو نموونە ئاماژە بۆ چەند كتێبێكی گرنگیان دەكەم لێرەدا:
* (السیرة النبویة الصحیحة) ی د.أكرم ضیاء العمري كتێبێكی زۆر باشە نووسەرەكەی هەوڵی داوە پێوەری فەرموودەناسان لەسەر بابەتەكانی سیرە جێبەجێ بكات، واتە هەر بەشێك لە سیرەدا مامەڵەی فەرموودەیەكی لەگەڵدا كردووە و بەپێی پێوەرەكانی فەرموودەناسان بڕیاری لەسەر بەسەرهاتەكە داوە، بۆ نموونە كە دەگاتە باسی سەفەركردنی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم لە كاتی مێرد مناڵیدا لەگەل مامی بۆ شام ڕەخنە لە ڕیوایەتەكە دەگرێت و لەڕاست و درووستی ئەو چیرۆكە دەكۆڵێتەوە.
* كتێبی الرحیق المختوم كتێبێكی پوخت و باشە لە نووسینی صفي الرحمن المباركفوري.
* كتێبی السيرة النبوية ی علي الصلابي دوو بەرگە كتیبێكی باشە و پەند و وانەی جوانی لە ژیاننامەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم دەركردووە، بەندەش لە دوو بەرگدا كردوومەتە كوردی و لە كتیبخانەكانی كوردستاندا هەیە بە ناونیشانی: (ژیاننامەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم خستنەڕووی ڕووداوەكان و شیكردنەوەی بەسەرهاتەكان) .
هەروەها كتێبی فقه السیرة ی محمد الغزالي سەرەڕای تێبینیەكان ئەگەر بە تەحقیقی محمد ناصر الدین الألباني بخوینرێتەوە بە سوودە بگرە ئەوەی البوطي ش هەر بەدەر نییە لەسوود ئەگەر لە بەسەرهات وفەرموودە لاوازەكان ی ئاگادار بیت، هەروەها كتێبەكانی (نور الیقین) ی محمد الخضري بك و( المنهج الحركي للسیرة النبویة) ی محمد منیر الغضبان و (الرسول القائد) ی محمود شیت خطاب و (نبي الرحمة ) ی محمد مسعد ياقوت و كتێبی (اللؤلؤ المكنون في سیرة النبي المأمون) ی موسی العازمي.
بۆ كەسێكیش بیەوێت سەرچاوەكانی سیرە بەتەواوی بزانێت لە كۆن و نوێدا چی لەسەر نووسراوە و لەو هەوڵانە ئاگادار بێت، باشترە كتێبەكەی محمد یسري سلامة بخوێنیتەوە بەناونیشانی (مصادر دراسة السیرة النبویة).هەروەها بەندەش وانەیەكی كورتم بە كوردی هەیە لەسەر سەرچاوەكانی سیرە لە كەنالی یوتیوبەكەم.
والله أعلم بالصواب.
إحسان برهان الدین
28 رمضان 1441
2018-04-12
2018-05-13
2022-07-05
2023-11-22
2023-11-01
2022-06-01