العربیة
/وەڵامی پرسیارەکانتان/
زۆر كەس لە كاتی قورئانخوێندندا خۆیان ئەجوڵێنەوە و خۆیان ئەلەرێننەوە ئەوە تا چەند درووستە؟
: 299
2021-09-09
  #وەڵامی_پرسیارەكانتان: پرسیار 18 زۆر كەس لە كاتی قورئانخوێندندا خۆیان ئەجوڵێنەوە و خۆیان ئەلەرێننەوە ئەوە تا چەند درووستە؟ الحمدلله/ لەبەر ئەوەی جێگیر نەبووە لە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم و هەروەها نەزانراوە كە یەكێك لە هاوەڵان لەكاتی خوێندنی قورئاندا سەری یان لاشەی جوڵاندبێتەوە بە شێوەیەكی بەردەوام، بۆیە ئەگەر قورئانخوێن ئەو كارە ئەگەر لەڕووی عیبادەتەوە بكات ئەوە كردارێكی بیدعەیە و جائیز نییە بیكات وەكو ئەهلی عیلم فەرموویانە، بەڵام ئەگەر تەنها ڕاهاتن بێت و مەبەستی پێی عیبادەت نەبێت ئەوە ناچێتە بواری بیدعەوە، بەڵام بێگومان نەكردنی باشترە و قورئانخوێن خۆی ڕابهێنێت لەسەر ویقار و سەنگینی لە كاتی خویندنەوەكەیدا و واز بهێنێت لەو خووە باشترە. ئینجا ئەم عادەتە وا دیارە پەیوەندی بە جولەكەوە هەیە، چونكە ئەوان لە كاتی خوێندنی تەورات دا بە توندی سەریان دەجوڵێنن و لاشەیان دەلەرێننەوە بەو پێیەی ئەوە بە بەشێك لە دینداری دەزانن، چونكە دەلێن كاتێك موسی علیه السلام ئەلواحەكانی بڵاوكردووەتەوە هەرچی دارو درەخت و بەرد هەیە هاتووەتە جوڵە و لەرزین و خۆی لەراندووەتەوە. هەروەها شێخ بكر بن عبدالله أبو زید لە كتێبی (بدع القراء) دا ئەو كارەی وەكو یەكێك لە بیدعەكان باس كردووە و هەروەها باسیشی لەوە كردووە كە ئەهلی ئەندەلوس لەو بارەوە توند بوونە و ڕێگەیان نەداوە لەكاتی قورئانخوێندندا خوێنەر خۆی بلەرێنێتەوە چونكە ئەوە لە بنچینەدا كرداری جولەكەكانە، هەروەها دەلێت: ئەبو حەییانی ئەندەلوسی لە كتێبی (البحر المحیط) دا باسی لەوە كردووە لە ئەندەلوس كاتێك مناڵان لە مەكتەب قورئانیان دەخوێند، ئەگەر جوڵە و لەرینیان بكردایە مامۆستاكانیان لەسەر ئەو كارە لێیان ئەدان بۆ ئەوەی فێری نەبن و نەبێتە خوو بۆیان. هەندێك لە قورئانخوێنە بەناوبانگەكانیش لە كاتی قورئانخویندندا بە لای ڕاست و چەپدا خۆیان ئەلەرێننەوە یان سەریان پاش و پێش پێ دەكەن ئەوەش ڕەنگە كاریگەری لەسەر خەڵكی عەوام هەبێت وبكرێتە بەڵگە! زیاتریش ئەم حاڵەتە لە لای قورئانخوێنەكانی میسر هەیە چونكە سەرجوڵاندن لە كاتی قورئانخویندندا لە دێر زەمانەوە لەوێ بووونی هەبووە. زۆر جاریش مەسەلەكە لە كاریگەر بوون و كاردانەوەی خوێنەر سەرچاوە دەگرێت لەگەل ئایەتەكانی قورئانی پیرۆزدا، بەڵام مەسەلەكە دواجار ڕاهاتنە و مادام خیلافی سوننەت بێت نەكردنی باشترە با بەمەبەستی دینداریش نەبێت، چونكە قورئانخوێندن وەكو ئاشكرایە خۆی بۆ خۆی عیبادەتە. بە كورتی ئەگەر سەرو لاشە جوڵاندنی خوێنەری قورئان وەكو عیبادەت ئەنجام بدرێت ئەوە بیدعەیەو نادرووستە، بەڵام ئەگەر بووبێتە خوویەك و مەسەلەكە راهاتن بێت ئەوە نابێتە بیدعە، بەڵام وازلێهێنانی باشترە و الله أعلم. إحسان برهان الدین 24 رمضان 1441