العربیة
/هەندێ لە ئەحکام و هەڵە و بیدعەکانی نوێژ/
هەندێ لە ئەحکام وهەڵەو بیدعەکانی نوێژ:15
: 543
2020-03-18

 

#هه‌ندێ_له‌_ئه‌حكام_و_هه‌ڵه‌_و_بیدعه‌كانی_نوێژ:15
خوێندنەوەی قنوت پاش هەڵسانەوە لە ركوع
قنوت ی شەرعی لە دوو حاڵەتدا دەبێت:
یەكەم/ لە كاتی نەوازیل: جێگیر بووە لە فەرموودەی صحیح دا كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە كاتی بەڵاو ناخۆشیدا لە پاش ڕاستبوونەوە لە ڕكوعی كۆتایی لە نوێژدا نزاو پاڕانەوەی قنوت ی خوێندووە و دوعای لە بێباوەڕان كردووە و هەروەها پاڕاوەتەوە كە موسوڵمانان لە پیلانی ناحەزانی دینەكەیان پارێزراو بن، بەردەوامیش ئەو كارەی نەكردووە، بەڵكو ماوەیەك بووەو وازی لێ هێناوە بە بێ دیاری كردنی نوێژی فەرزێكی دیاری كراو، نموونەی ئەم جۆرەش ئەوەیە پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم بۆ ماوەی یەك مانگ لەناو نوێژدا دوعای لە هۆزەكانی رعل و ذكوان دەكرد چونكە دەستیان چووە خوێنی ئەو هەفتا هاوەڵە و بە غەدر و فێڵ و ئەوانیان كوشت.
ابن حجر العسقلاني فەرموویەتی حیكمەت لەوەی كە ئەو دوعا لە سەجدەدا نەبووە لە كاتێكدا سەجدە جێگای وەڵامدانەوەی دوعایە ئەوەیە كە مەئمومەكانیش لەگەڵ پێشنوێژدا بەشدار بن بە ئامین كردن هەر بۆیە قنوت بە دەنگی بەرز و ئاشكرا دەكرێت.

 

 

 

دوعای ئەم قنوتەش جیاوازە لە دوعای قنوتی وتر كە بە (اللهم اهدني فیمن هدیت..) دەست پێ دەكات، بەڵكو سوننەت وایە دوعاكە تایبەت بێت بەو پرسەی كە پاڕانەوەكەی بۆ دەكرێت، وەكو ابن عثیمین باسی كردووە لە "فتاوى نور على الدرب" (160 /32) .
ئەم قنوتە گومانی تێدا نییە كە سوننەتە و بە فەرموودەی صحیح لە بوخاری و مسلم و لای گێڕەرەوانی تری فەرموودە جێگیر بووە.

 

 

 

سەبارەت بە قنوت لە نوێژی هەینیدا وا دەردەكەویت كە درووست نییە، پێشەوا مالیك پرسیاری لە ابن شهاب الزهري كرد لەو بارەوە فەرمووی كارێكی داهێنراوە و زۆرێك لە زانایان بەكارێكی باشیان نەزانیوە و جیگیر نەبووە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم كردبێتی.

 

 

 

دووەم/ قنوت لە نوێژی وتردا: سەبارەت بە قنوتی وتر سوننەتە لە پێش ڕكوع یان لە دوای ڕكوع ئەنجام بدرێت و بەردەوامیش نەبیت لەسەری بەڵكو هەندی جار بكرێت و هەندێ جار نەكرێت و بەم دوعایە دەست پێ بكات: ( اللهم اهدني فيمن هديت ، وعافني فيمن عافيت ، وتولني فيمن توليت ، وبارك لي فيما أعطيت ، وقني شر ما قضيت ، فإنك تقضي ولا يقضى عليك ، إنه لا يذل من واليت ، ولا يعز من عاديت ، تباركت ربنا وتعاليت ، لا منجى منك إلا إليك ) أخرجه أبو داود (1213) والنسائي (1725) وصححه الألباني في الإرواء 429 .
بەڵام النووي لە كتێبی المجموع (3/497) فەرموویەتی: (الصحيح المشهور الذي قطع به الجمهور أنه لا تتعين بها ( أي بهذه الصيغة ) ، بل يحصل بكل دعاء) واتە ڕاست ئەوەیە كە مەرج نییە هەر بەو دوعایە قنوت بكرێت ، بەلكو بە هەر دوعایەكی تریش دەكرێت. ئەلبانی ش لەم بارەوە فەرموویەتی: " ولا بأس من الزيادة عليه بلعن الكفرة ومن الصلاة على النبي صلى الله عليه وسلم، والدعاء للمسلمين " واتە ئاساییە جگە لەو دوعایە پاڕانەوەی تری بۆ زیاد بكرێت وەكو نەفرەت كردن لە بێباوەڕان و سەڵەواتدان و نزاو پاڕانەوە بۆ موسوڵمانان.

 

 

 

سەبارەت بە ئەنجامدانی قنوت لە نوێژی بەیانی بە بێ هیچ هۆكارێك وەكو ڕوودانی موسیبەت و بەڵا، بەڵگەی لەسەر نییە و پێچەوانە سوننەتە، چونكە ئەوەی لە سوننەت جێگیر بووە ئەوەیە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە نوێژی وتر و لە كاتی ناخۆشی و بارودۆخی خراپ و نائاساییدا لە نویژە فەرزەكاندا لە بەیانی و غەیری بەیانی قنوت ی دەخوێند.

 

 

 

بەڵام جێگای ئاماژە پێكردنە كە هەندێ لە ئەهلی عیلم قونوتیان لە نوێژی بەیانی بە مستحب زانیوە و مەزهەبی شافیعی ش لەسەر ئەوەیە.
بەڵام بە وردبوونەوە لە بەڵگەكانی سوننەت دەردەكەوێت كە بەردەوام بوون لەسەر قنوت لە نویژی بەیانیدا بەبێ هۆكار پێچەوانەی سوننەتەو هەندێك لە زاناكان بەڵكو لە تابعییەكان بە بیدعەیان زانیوە، بۆ نموونە طارق بن أشيم الأشجعي لە باوكی دەربارەی قنوت ی بەیانیان پرسیوێتی كە باوكی نوێژی لە پشت پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم و خلیفەكانەوە كردووە، ئەویش لە وەڵامدا فەرموویەتی:(أي بني محدث)، واتە كورم ئەوە بیدعەیە. "قلت لأبي: يا أبت! إنك صليت خلف رسول الله ﷺ، وخلف أبي بكر و عمر و عثمان و علي ، أفكانوا يقنتون في الفجر؟ فقال: أي بني محدث". خرجه الإمام أحمد و الترمذي و النسائي و ابن ماجة بإسناد صحيح.

 

 

 

ئەوەش بەواتای ئەوە نایەت كە شافیعی بیدعەی ئەنجام داوە، چونكە ئەو ئیجتیهادی كردووەو ئەو كارەی خۆی بە سوننەت زانیوە و لای جێگیر نەبووە كە خیلافی سوننەتە ئەگینا ئەنجامی نەدەدا ، لەبەرانبەریشدا جومهوری زانایان بە سوننەتیان نەزانیوە قنوت بەبەردەوامی لە نوێژی بەیاناندا بخوێنرێت..

 

 

 

دەست بەرزكردنەوەش لە كاتی دوعای قنوت دا مەسەلەیەكی خیلافییە و وا دەردەكەوێت بەڵگەیەكی ڕوون و سوننەتیكی ئاشكرا نەهاتووە بە یەكێكیان بۆیە هەركامیان بكرێت بە پێی ئەو خیلافەی لەسەر ئەسڵی دەست بەرزكردنەوەدا هەیە هەر ئاساییە وەكو هەندی لە زانایان فەرموویانە الله اعلم.
ئەگەریش كەسێك لە مزگەوتێكدا نوێژی كرد و پێشنوێژ قنوت ی خویند و دەستی بەرز كردەوە وەكو وتم بە پێی ئەو خیلافە كەهەیە ئەتوانێت دەست بەرز نەكاتەوە، بەڵام ئەگەر مەترسی درووست بوونی فیتنە لە دەست بەرزنەكردنەوكەیدا هەبوو دەست بەرز بكاتەوە باشترە.

 

 

 

إحسان برهان الدین
16 رجب 1441
2020/3/11