حوكمی وتنی ئامین وچه‌ند تێبینییه‌كی تر
1- له كۆتایی سوره‌تی (الفاتحة) له نوێژدا سوننه‌ته نویژخوێن و پێشنوێژیش بڵێن: ئامین وه‌كو له هه‌ردوو سه‌حیحی البخاري (780) ، ومسلم (410) دا هاتووه: ( إِذَا أَمَّنَ الْإِمَامُ ، فَأَمِّنُوا ، فَإِنَّهُ مَنْ وَافَقَ تَأْمِينُهُ تَأْمِينَ الْمَلَائِكَةِ ، غُفِرَ لَهُ مَا تَقَدَّمَ مِنْ ذَنْبِهِ ).ئامینه‌كه‌ش له نوێژی جه‌هریدا به جه‌هری ئه‌بێت واته به‌ده‌نگی به‌رز له‌به‌ر فه‌رمووده‌یه‌ك له سونه‌نی أبو داود (932) هاتوه‌و شه‌یخی ئه‌لبانی به سه‌حیحی زانیوه: (إذا قرأ ( وَلَا الضَّالِّينَ ) ، قال : آمين ، ورفع بها صوته).
به‌ڵام پێشه‌وا مالیك و ئه‌وانه‌ی هاوڕای ئه‌ون له‌به‌ر ئایه‌تی: (ادْعُوا رَبَّكُمْ تَضَرُّعًا وَخُفْيَةً) پێیان وایه نابێت به ئامین ده‌نگ به‌رز بكرێته‌و به‌ڵام زانایانی تر وه‌ڵامیان داونه‌ته‌وه كه ئه‌و ئایه‌ته گشتییه‌و فه‌رمووده‌كه تایبه‌تی كردووه له‌و حاڵه‌ته‌دا بۆیه راستتر ئه‌وه‌یه ئامین یان ئه‌مین كه ئه‌ویش درووسته به ده‌نگی به‌رز بوترێت.
2- هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به بێ ده‌نگ بوونی ئیمام له دوای ته‌واوبوونی سوڕه‌تی الفاتحة و وتنی وشه‌ی ئامین بۆ ئه‌وه‌ی نوێژخوێنان سوره‌تی الفاتحة بخوینن ئه‌وه خیلافی له‌سه‌ره‌و خیلافه‌كه‌ش له‌سه‌ر به‌ڕاست زانین و نه‌زانی ئه‌و فه‌رمووده‌یه كه له سمرة و عمران ه‌وه رضي الله عنهما له‌وباره‌وه هاتووه، له‌به‌ر هه‌بوونی ئه‌و خیلافه‌ش ئه‌گه‌ر پێشنوێژێك له پاش ته‌واوبوونی سوره‌تی الفاتحة كه‌مێك بوه‌ستیت بۆ ئه‌وه‌ی نوێژخوێنان ئه‌و سوڕه‌ته بخوێنن ڕاست نییه كاره‌كه‌یان به بیدعه وه‌سف بكرێت، به‌ڵام زۆرێك له زانایان فه‌رموویانه ئه‌وه‌ی جێگیر بووه بۆ پێشنوێژ ته‌نها دوو بێ ده‌نگییه، یه‌كه‌میان دوای ته‌كبیره‌ی ئیحرامه به مه‌به‌ستی خویندنه‌وه‌ی (دعاء الاستفتاح) و دووه‌میان دوای ته‌واوبوونی خوێندنه‌وه‌ی سوره‌تی دوای فاتیحه‌یه له پێش ركوعدا، به مه‌به‌ستی جیاكردنه‌وه‌ی قورئانخوێندنه‌كه له گه‌ڵ ركوع، واته: هه‌ڵه‌یه پێشنوێژ له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی خویندنه‌كه‌ی یه‌كسه‌ر الله أكبر بكات و بچێت بۆ ركوع، فه‌رموویانه سه‌كته‌ی ترمان نییه جگه له‌و دووانه به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر هه‌بێت، سه‌باره‌ت به‌بێ ده‌نگ بوونی دوای ته‌واوبوونی سوڕه‌تی الفاتحة ش له ڕاستیدا ئه‌وه پێی ناوترێت سه‌كته چونكه پێشنوێژ ته‌نها ئه‌وه‌نده ئه‌وه‌ستێت كه هه‌ناسه وه‌رگرێته‌وه بۆ خوێندنی داهاتووی، ورده‌كاری زیاتریشی له‌سه‌ره خوێنه‌ر بۆ نموونه ده‌توانێت بۆ كتیبی (زاد المعاد) ی ابن القیم بگه‌ڕێته‌وه.
3- هه‌ڵه‌یه‌كی تری نوێژخوێنان هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كاتێك ده‌چنه ناو مزگه‌وته‌وه‌و سه‌فی نوێژ به‌ستراوه‌و جێگه‌ی كه‌سی تری تێدا نابێته‌وه كه‌سێك ڕاده‌كێشنه دواوه بۆ ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌كه ته‌نها خۆی نه‌بێت و پێكه‌وه بوه‌ستن! ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌یه و هه‌رچی فه‌رمووده‌ش له‌و باره‌وه هاتووه سه‌حیح نین، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه جێگه‌ی نه‌بوویه‌وه له ناو سه‌فه‌كه‌دا ئاساییه ته‌نها خۆی له دواوه نوێژ بكات و نوێژه‌كه‌ی ته‌واوه چونكه هیچ ڕێگه‌چاره‌یه‌كی تری نییه له‌وه زیاتر: (لايُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا) ئه‌و فه‌رمووده‌ش كه له‌و حاڵه‌ته‌دا داوا له نوێژخوێن ئه‌كات نوێژه‌كه‌ی دووباره بكاته‌وه بۆ كه‌سێكه كه جێگه هه‌بێت له سه‌فه‌كه‌و خۆی به ویستی خۆی بچێت به‌ته‌نها له سه‌فێكی تازه بوه‌ستێت له دواوه.
4- جێگیر بووه له پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه و سلم كه لای ڕاستی سه‌فه‌كان باشتره له لای چه‌پی، بۆیه ئاساییه هه‌وڵ بدرێت له‌لای ڕاسته‌وه نوێژ بكرێت و دوای ئه‌وه لای چه‌پ پڕ بكرێته‌وه، هه‌ڵه‌شه له‌و حاڵه‌ته‌دا پێشنوێژ داوا له نوێژخوێنان بكات كه سه‌فه‌كه‌یان ڕێك بكه‌نه‌وه به‌ڵكو به‌و شێوه خێری زۆرتره.
5- نوێژكردن له نێوان كۆڵه‌كه‌كانی ناو مزگه‌وتدا كارێكی مه‌كروهه ئه‌گه‌ر پێویستییه‌ك نه‌بێت بۆ نوێژ كردن له‌و جێگه‌یه‌دا، مُعَاوِيَةَ بْنِ قُرَّةَ له باوكی ده‌گێڕێته‌وه: (كُنَّا نُنْهَى أَنْ نَصُفَّ بَيْنَ السَّوَارِي عَلَى عَهْدِ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وَنُطْرَدُ عَنْهَا طَرْدًا) صححه الألباني في "صحيح ابن ماجة" . واته: له‌سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ردا صلی الله علیه وسلم نه‌هیمان لێده‌كرا و لێمان قه‌ده‌غه ده‌كرا سه‌ف له نێوان ستونه‌كانی ناو مزگه‌وتدا ببه‌ستین و له‌و جێگه‌یه ده‌رده‌كراین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر نوێژخوێنان زۆر بن وجێگا له ناو مزگه‌وته‌كه‌دا ته‌نگ بێت له‌و حاڵه‌ته‌دا ئاساییه وه‌كو ابن عثیمین ده‌ڵێت: "الصف بين السواري جائز إذا ضاق المسجد ، حكاه بعض العلما‌ء إجماعاً ، وأما عند السعة ففيه خلاف ، والصحيح : أنه منهي عنه ؛ لأنه يؤدي إلى انقطاع الصف ، لا سيما مع عرض السارية" واته: سه‌ف به‌ستن له نێوان كۆڵه‌كه‌كاندا درووسته ئه‌گه‌ر جێگای ناو مزگه‌وت ته‌نگ بێت، هه‌ندێ له زانایان كۆده‌نگی زانایانیان له‌و باره‌وه باس كردووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر جێگه زۆر بێت و مزگه‌وته‌كه فراوان بێت ئه‌وه خیلافێكی تێدایه ڕاستیش ئه‌وه‌یه نه‌هی له‌سه‌ره چونكه سه‌فه‌كان ده‌پچڕێت به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر كۆڵه‌كه‌كه پان و گه‌وره بێت.
بۆ زانیاری زیاتر بڕاونه:
- زاد المعاد / ابن القیم.
- القول المبین في أخطاء المصلین/مشهور حسن.
- حكم الصف بين سواري المسجد/ محمد صالح المنجد.إحسان برهان ا‌لدین
7 ذو القعدة 1440
10/7/2019