العربیة
/كتێب و سه‌رچاوه‌كان/
زنجیرەی کتێب و سەرچاوەکان ٤٥- التحدث بنعمة الله
: 406
2018-04-11
له‌م كتێبه‌دا پێشه‌وا (جلال الدين عبدالرحمن السيوطي) به‌ پێنووسى خۆى باسى ژياننامه‌ى خۆى ده‌كات، ئه‌م كتێبه‌ به‌ كتێبێكى زۆر گرنگ ده‌ژمێردرێت به‌ هۆى ناودارى و گرنگى نووسه‌ره‌كه‌ى، كه‌ زانايه‌كى مه‌وسوعى بووه‌، به‌ شێوه‌يه‌كى چالاك به‌شدارى نووسينى زۆربه‌ى بواره‌كانى زانست له‌ سه‌رده‌مى خۆيدا كردووه‌. ئه‌م كتێبه‌ باس له‌ ژياننامه‌ى زانايه‌كى گه‌وره‌ى ئيسلام ده‌كات، كه‌ هێمايه‌كه‌ له‌ هێماكانى شارستانى ئيسلامى، جياوازى و بايه‌خى كتێبه‌كه‌ش له‌وه‌دايه‌ كه‌ به‌ پێنووسى خۆى نووسراوه‌و. به‌ شێوه‌يه‌كى قۆناغ به‌ قۆناغ ڕوداوه‌ گرنگه‌كانى ژيانى خۆى ده‌خاته‌ڕوو. ئه‌م كتێبه‌ له‌ لايه‌ن إليزابث ماري سارتين (E.M.Sartain) ته‌حقيق كراوه‌و له‌ ساڵى 1972ز بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌مان ئه‌م توێژه‌ره‌ ئافره‌ته‌ لێكۆڵينه‌وه‌يه‌كى له‌سه‌ر سيوطي نووسى به‌ زمانى ئينگليزى به‌ ناونيشانى: "Jalal al din al-Syuti, “Al Tahaduth bini’mat Allahو به‌ مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى بڕوانامه‌ى دوكتۆرا به‌ زانكۆى (كمبردج) پێشكه‌ش كرا. كتێبى (التحدث بنعمة الله) له‌ ميانه‌ى باسكردنى سيوطى دێت بۆ نيعمه‌ته‌كانى خواى گه‌وره‌ به‌ سه‌ر ئه‌و زانايه‌وه‌، له‌ ڕوانگه‌ى فه‌رمووده‌ى خواى گه‌وره‌ (وأما بنعمة ربك فحدث) ، له‌ كتێبه‌كه‌شيدا باسى ئه‌وه‌ى كردووه‌ كه‌ زانايانى پێش خۆى ژياننامه‌ى خۆيانيان نووسيوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى له‌ كاره‌ باشه‌كانيادا شوێنپێيان هه‌ڵگرن، سيوطي هه‌وڵيداوه‌ له‌و كتێبه‌يدا به‌ شێوه‌يه‌كى ڕێك و پێك و وه‌كو گێڕانه‌وه‌ى به‌سه‌رهاته‌كانى ژيانى به‌ پێى كاته‌كانى ته‌مه‌نى ، گه‌شتى زانستى ژيانى خۆى بخاته‌ ڕوو، هاوكات ڕه‌هه‌نده‌ مرۆڤايه‌تييه‌كانى كه‌سايه‌تى ئه‌و زانايه‌ وه‌كو شاره‌زايه‌كى شه‌رع و زمان و ميژوو و ئه‌ده‌ب وزۆر بوارى تر به‌ ڕوونى ده‌رده‌كه‌ويت. سيوطي له‌ كتێبه‌كه‌يدا باس له‌ وێستگه‌كانى ژيانى خۆى ده‌كات، باسى وه‌رگرتنى زانست و نووسينى كتێب و وتنه‌وه‌ى وانه‌كانى كردووه‌، باسى گه‌شته‌كانى خۆى له‌ پێناو وه‌رگرتنى زانست وخاڵى ناكۆكى خۆى و هه‌ندێ له‌ زانايانى سه‌رده‌مى خۆى باس ده‌كات، له‌ گه‌ڵ زۆرى پرسى په‌يوه‌ندارى به‌ بابه‌تى كتێبه‌كه‌ى. كتێبه‌كه‌ نزيكه‌ى 400 لاپه‌ره‌يه‌كه‌، له‌ ته‌حقيق و بڵاوكردنه‌وه‌ى توێژه‌رێكى ئافره‌ته‌ به‌ ناوى (إليزابيث ماري سارتين) و له‌ لايه‌ن (المطبعة العربية الحديثة) له‌ ساڵى 1972 چاپ كراوه‌.