العربیة
/كتێب و سه‌رچاوه‌كان/
زنجیرەی کتێب و سەرچاوەکان ٣٢- ألفية ابن مالك
: 498
2018-04-10
مه‌تنێكى هه‌ره‌ گرنگه‌ به‌ شێوه‌ى هۆنراوه‌ ، پێكهاتووه‌ له‌ (1002) دێڕ(به‌يت)، زۆربه‌ى بنچينه‌كانى هه‌ردوو زانستى (نحو وصرف) ى له‌ خۆ گرتووه‌، سه‌رچاوه‌يه‌كى متمانه‌ پێكراوى به‌ ناوبانگه‌ له‌ لاى هه‌موو هه‌وادارانى زمانى عه‌ره‌بى به‌ فێرخوازان و زانايانه‌وه‌ به‌ ئه‌وپه‌ڕى بايه‌خه‌وه‌ ته‌ماشا ده‌كرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ هه‌موو هۆكاره‌كانى گرنگى تێدا كۆبووه‌ته‌وه‌ له‌ لێوردبوونه‌وه‌ى زانستيى و ئاسانى وشه‌و بڕگه‌كانى و سه‌نگينى دانه‌ره‌كه‌ى، به‌ شێوازێكى زۆر به‌رفراوان بوو به‌ جێگاى متمانه‌و بايه‌خى خوێنه‌ران به‌ گشتى و فێرخوازان و زانايان به‌ تابه‌تى.   ڕێكخه‌رى هۆنراوه‌كه‌ ناوى (محمد بن عبد الله بن مالك الطائي الجياني) ناسراو به‌ (ابن مالك) ڕه‌حمه‌تى خواى لێبێت، له‌ ساڵى 600 ك له‌ جه‌ييان له‌ ئه‌نه‌لوس له‌ دايكبووه‌و له‌ ساڵى 672 ك له‌ ديمه‌شق وه‌فاتى كردووه‌، زانايه‌كى بليمه‌ت بووه‌ له‌ زمانى عه‌ره‌بى و زۆر خواناس بووه‌، له‌ ژياننامه‌كه‌يدا هاتووه‌ هه‌ميشه‌ يان خه‌ريكى نوێژ بوو يان قورئانخوێندن يان له‌ بازنه‌ى وانه‌ وتنه‌وه‌دا بينراوه‌و.   سه‌ره‌تاى ئه‌لفيه‌كه‌ به‌م چه‌ند دێڕه‌ ده‌ست پيده‌كات: قالَ مُحمَّدٌ هو ابْنُ مالكِ -- أحمدُ ربِّيْ اللهَ خيرَ مالكِ مُصلِّياً على النَّبيِّ المصطفى -- وآلهِ المُسْتكملينَ الشَّرَفا وأستعينُ اللهَ في ألفيَّة -- مقاصدُ النَّحْوِ بها مَحْوِيَّة تُقرِّبُ الأقصى بلفْظٍ مُوْجَزِ -- وتَبسطُ البَذْلَ بوعدٍ مُنْجَزِ   پێش ابن مالك (ابن معطي) له‌ هه‌مان بواردا مه‌تنێكى هه‌زار به‌يتى نووسيبوو، بۆيه‌ ابن مالك له‌ ئه‌لفيه‌كه‌يدا ئاماژه‌ى پي ده‌كات و ئه‌وه‌ى خۆى له‌وه‌ به‌ باشتر ئه‌زانێت، به‌لام نزاى چاكه‌ى بۆ ده‌كات و ده‌ڵێت ان شاء الله خوا پاداشتى هه‌ردوكمان ده‌داته‌وه‌، وه‌كو فه‌رموويه‌تى: وتقتضي رضىً بغيرِ سُخْطِ -- فائقةً ألْفِيَّةَ ابْنِ مُعْطِ وَهوَ بِسَبقٍ حائِزٌ تفضيلاً -- مستوجِبٌ ثنائِيَ الجميلا واللهُ يقضي بهِبَاتٍ وافِرهْ -- لي ولهُ في درجاتِ الآخِرَهْ   شايانى باسه‌ له‌ پاش ابن مالك سيوطي ئه‌لفييه‌كى له‌ زانستى نحو نووسى و له‌سه‌ره‌تاكه‌يدا ئه‌لفييه‌كه‌ى خۆى له‌وه‌ى ابن مالك به‌ ڕوونتر و ئاسانتر زانى، به‌ڵكو له‌‌ پاش السيوطي ش الاجهوري ئه‌لفييه‌كى له‌ هه‌مان بابه‌تدا نووسى وله‌وه‌ى السيوطي به‌ باشترى زانى،.به‌ڵام ئه‌وه‌ى خواى گه‌وره‌ وه‌رگيرانى به‌ نسيب كرد و كردى به‌ مه‌شخه‌ڵى ڕێگاى زانست و زانايان زياتر ئه‌لفييه‌كه‌ى ابن مالك بوو. ئه‌لفييه‌ى ابن مالك چه‌ندين شه‌رحى هه‌يه‌، له‌وانه‌: - شه‌رحى ابن الناظم كه‌ شه‌رحى بدرالدين ى كوڕى ڕێكخه‌رى هۆنراوه‌كه‌يه‌. - هه‌روه‌ها شه‌رحى ( منهج السالك في الكلام على ألفية ابن مالك ) ى الفيروزآبادي،. - توضيح المقاصد والمسالك في شرح ألفية ابن مالك ى ابن أم قاسم المرادي . - له‌ هه‌موويشى به‌ ناوبانگتر شه‌رحى: _ أوضح المسالك إلى ألفية ابن مالك , كه‌ له‌ زانكۆ و په‌يمانگا و ئاسته‌ ئه‌كاديميه‌ به‌رزه‌كاندا پشتى پي ده‌به‌سترێت وشه‌رحێكى پوخته‌ى كورته‌ له‌ دوو به‌رگدا و شه‌رحێكى به‌ ناوبانگه‌. - هه‌روه‌ها شه‌رحى ابن عقيل يش زۆر پوخته‌ و ئاسانه‌ ، بۆ كه‌سانى سه‌ره‌تاو مامناوه‌ندى گونجاوه‌ . - هه‌روه‌ها الأشمونى شه‌رحێكى ڕێك و پيكى له‌سه‌ر ئه‌لفيه‌ هه‌يه‌ به‌ ناونيشانى:( منهج السالك إلى ألفية ابن مالك ) ..شه‌رحى ديكه‌شى هه‌يه‌.   - زانا هاوچه‌رخه‌كانيش به‌ هه‌مان شيوه‌ شه‌رحيان هه‌يه‌ له‌سه‌رى ئه‌لفيه‌كه‌ى ابن مالك: وه‌كوشه‌رحى أحمد الهاشمي و عبد الله بن صالح الفوزان وعبد العزيز الحربي ...   - به‌ هه‌مان شێوه‌ زانايان به‌ده‌نگ شه‌رحيان تۆمار كردووه‌ له‌سه‌ر ئه‌لفيه‌ ،وه‌كو: شه‌رحى محمد بن صالح العثيمين ، وشه‌رحى د.محمد الفاضل وزۆر شه‌رحى تر.   دانه‌رى كتێبى:( إتحاف ذوي الاستحقاق لبعض مراد المراد وزوائد أبي إسحاق ) باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌لفييه‌ى ابن مالك (263) شه‌رحى هه‌يه‌: ( 25)ى چاپكراوه‌، (54) هێشتا ده‌ستنووسه‌و چاپ نه‌كراوه‌، (54) شه‌رحى له‌ ناوچووه‌، (74) په‌راوێزى بۆ دانراوه‌، (56) كتێب ده‌رباره‌ى نووسراوه‌و په‌يوه‌ندى پيوه‌ هه‌يه‌...ئه‌م كتێبه‌ش كه‌ ئه‌م سه‌رژمێرييه‌ى تێدايه‌ له‌ ساڵى (1420ك) چاپ كراوه‌. شه‌رحه‌كانيش به‌ عه‌ره‌بيه‌و به‌ فارسييه‌و به‌ به‌ نووسينه‌و به‌ هۆنراوه‌يه‌.   شايانى باسه‌ زاناو زمانزانى به‌ ناوبانگ محمد محي الدين عبدالحميد خزمه‌تى زۆرى به‌ ئه‌لفيه‌ كردووه‌ له‌ ڕێگه‌ى شه‌رح و ته‌عليق و ته‌خريج و جۆره‌ها خزمه‌تى تر بۆ شه‌رحه‌كانى ئه‌لفيه‌.