العربیة
/كتێب و سه‌رچاوه‌كان/
زنجیرەی کتێب و سەرچاوەکان ٤- تفسير القرآن العظيم
: 620
2018-04-09
به‌ناوبانگترين ته‌فسيره‌ بۆ قورئانى پيرۆز، به‌ ته‌فسيرى (ابن كثير) ده‌ناسرێت، دانه‌ره‌كه‌ى (عماد الدين أبي الفداء إسماعيل بن كثير القرشي الدمشقي) فه‌رموده‌ناس و شه‌رعزان و موفه‌سيرى قورئانه‌، يه‌كێكه‌ له‌ پێشه‌وايانى ئه‌هلى سوننه‌ت، له‌ ساڵى 701ك له‌ نزيك ديمه‌شق له‌ دايكبووه‌و له‌ ساڵى 774ك وه‌فاتى كردووه‌. ته‌فسيره‌كه‌ى له‌ خانه‌ى ته‌فسيرى قورئان به‌ قورئان پۆلێن ده‌كرێت، يان ئه‌وه‌ى كه‌ پێى ده‌وترێت:(التفسير بالمأثور) واته‌: بۆ ته‌فسيرى ئايه‌تێك سه‌ره‌تا هه‌وڵ ده‌دات به‌ ئايه‌تێكى ترى قورئان ڕوونى بكاته‌وه‌ ، يان به‌ فه‌رمووده‌و و شوێنه‌وارى هاوه‌ڵان و تابعييه‌كان وزانايانى سه‌له‌ف، جگه‌ له‌وه‌ش باسى قيرائاتى قورئانى و شيكردنه‌وه‌ى سه‌نه‌ده‌كان و هۆكارى دابه‌زينى سوره‌ته‌كان و سوودى جۆراوجۆر له‌ ته‌فسيرى ئايه‌ته‌كاندا باس ده‌كات. ڕێڕه‌وى ئه‌م زانايه‌ له‌ ته‌فسيره‌كه‌يدا وه‌كو محمد الزحيلي ده‌ڵێت: 1- ڕوونكردنه‌وه‌ى واتاى ئايه‌ته‌كان‌ به‌ شێوه‌يه‌كى ڕوون و پوخت و به‌ پێى مه‌نهه‌جى ئه‌هلى سوننه‌ت. 2- لێكدانه‌وه‌ى ئايه‌ته‌كان‌ به‌ ئايه‌تى ترى هاو واتاى ئه‌و ئايه‌ته‌. 3- روونكردنه‌وه‌ى واتاى ئايه‌ته‌كان به‌ فه‌رمووده‌ ،كه‌ له‌ گه‌ل سه‌نه‌ده‌كانان ده‌يانخاته‌ ڕوو، هاوكات زۆر جار باسى حوكمى ڕاست و درووستى فه‌رمووده‌كه‌ش وه‌كو فه‌رمووده‌ناسێك باس ده‌كات.. 4- هێنانه‌وه‌ى وته‌ى هاوه‌ڵان و تابعييه‌كان وئه‌وانه‌ى دواى ئه‌وانيش به‌ تايبه‌تى زانايانى سێ سه‌ده‌ى يه‌كه‌م. 5- وريايى ده‌دات له‌ گێڕانه‌وه‌ى ئيسرائيليات، به‌ڵام خۆيشى له‌ هه‌ندى شوێن له‌ ته‌فسيره‌كه‌يدا تووشى ئه‌وه‌ بووه‌. 6 - ته‌فسيره‌كه‌ى ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه‌ به‌ باسى فيقهى و باسى زمانى عه‌ره‌بى و قيرائاتى قورئانى و هۆكارى دابه‌زينى سوڕه‌ته‌كان وهێنانه‌وه‌ى شيعر بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ى واتاكان كه‌ هه‌موويان له‌ خزمه‌تى ڕوونكردنه‌وه‌ى واتاى ئايه‌ته‌كاندان. 7- ناوى زۆرێك له‌ زانايان و ناودارانى ئه‌هلى عيلم ده‌بات و باسى زانست و چاكه‌يان ده‌كات و له‌ وته‌كانيان ده‌گوێزێته‌وه‌، وه‌كو الطبري و ابن ابي حاتم وابن عطية و ابن تيمية ى مامۆستاى، هه‌روه‌ها له‌ ته‌فسيرى سوڕه‌تى الانبياء دا باسى (المزي) مامۆستاى ده‌كات و دوعاى ته‌مه‌ن درێژى بۆ ده‌كات. ته‌فسيرى (ابن كثير) به‌ هۆى ناوبانگى زۆرى و پشت به‌ستنى زانايان و موسوڵمانان پێى، نوسخه‌ى زۆرى له‌ كتێبخانه‌كانى جيهان دا هه‌يه‌ و، تاكو ئێستا وه‌كو ده‌ستنووس ماونه‌ته‌وه‌. ئه‌م ته‌فسيره‌ چاپى زۆرى هه‌يه‌ له‌ كتێبخانه‌كاندا، له‌وانه‌: چاپى دار الشعب له‌ ميسر، چاپى دار طيبة له‌ سعوديه‌ ، چاپى أولاد الشيخ له‌ ميسر، هه‌روه‌ها له‌ دار الأرقم يش له‌ كوه‌يت به‌ ته‌حقيقى شێخ مقبل الوادعي چاپێك كراوه‌ كه‌ حوكمى به‌سه‌ر ئه‌و فه‌رموودانه‌ داوه‌ كه‌ پيشه‌وا ابن كثير له‌ ته‌فسيره‌كه‌يدا حوكمى له‌سه‌ريان نه‌داوه‌ ، يان جارى وا هه‌يه‌ به‌ دواداچوون بۆ هه‌ندێ له‌ حوكمه‌كانى ابن كثير ده‌كات. ته‌فسيرى ابن كثير چه‌ند موخته‌سه‌رێكى هه‌يه‌، له‌وانه‌: موخته‌سه‌ره‌كه‌ى محمد علي الصابوني ڕه‌حمه‌تى خواى لێبێت، به‌ڵام زانايان ڕه‌خنه‌يان له‌ كاره‌كه‌ى گرتووه‌، به‌ تايبه‌تى شێخ بكر بن عبد الله أبو زيد له‌ كتێبى: (التحذير من مختصرات محمد علي الصابوني في التفسير) ، هه‌روه‌ها (المصباح المنير في تهذيب تفسير ابن كثير)ى المباركفوري و چه‌ند كه‌سێكى تر كه‌ له‌ لايه‌ن دار السلام له‌ رياض چاپكراوه‌، هه‌روه‌ها كورتكراوه‌كه‌ى محمد نسيب الرفاعي ( تيسير العلي القدير لاختصار تفسير ابن كثير). به‌ڵام پێده‌چێت موخته‌سه‌ركه‌ى احمد شاكر (عمدة التفسير) كه‌ تاكو سوڕه‌تى الأنفال ى ته‌واو كرد چاكترين كورتكردنه‌وه‌ بيت بۆ ته‌فسيره‌كه‌. پوخته‌ى قسان ئه‌وه‌يه‌: ته‌فسيرى القرآن العظيم يه‌كێكه‌ له‌ چاكترين ئه‌و ته‌فسيرانه‌ى بۆ قورئانى پيرۆز كراوه‌ تاكو ئێستا، زانايان له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا شايه‌تييان بۆ داوه‌.     الشفا بتعريف حقوق المصطفى كتێبێكى به‌ ناوبانگ و پڕ بايه‌خ و به‌ سووده‌ ، تايبه‌ته‌ به‌ ناساندنى پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم و ناسين وشاره‌زا بوون له‌و مافانه‌ى كه‌ هه‌يه‌تى به‌سه‌ر موسوڵمانانه‌وه‌، نووسه‌ره‌كه‌ى (عياض بن موسى بن عياض بن عمرون اليحصبي السبتي المالكي) ه‌، ناسراو به‌ القاضي عياض له‌ سه‌بته‌ ى مه‌غريب له‌ ساڵى 476ك له‌ دايكبووه‌ و له‌ ساڵى 544ك له‌ مه‌راكش وه‌فاتى كردووه‌، زاناى مه‌غريب و پێشه‌واى فه‌رمووده‌ناسان بووه‌ له‌سه‌رده‌مى خۆيدا، كتێبه‌كه‌ به‌ گشتى باسى پله‌و پايه‌ى پێغه‌مبه‌رى خوا ده‌كات صلى الله عليه وسلم و مافه‌كانى ڕوون ده‌كاته‌وه‌، زانايان زۆر گرنگييان به‌م كتيبه‌ داوه‌و شه‌رحيان كردووه‌و په‌راوێزيان بۆ داناوه‌ و هۆنيويانه‌ته‌وه‌ و له‌به‌ريان گرتووه‌ته‌وه‌، كتێبى الشفا له‌ به‌رگێكدا ده‌بيته‌ چوار به‌شه‌وه‌: به‌شى يه‌كه‌م:تايبه‌ته‌ به‌ مه‌زن ڕاگرتنى پيغه‌مبه‌رصلى الله عليه وسلم له‌ رووى گوفتار و كرداره‌وه‌. به‌شى دووه‌م: باس له‌ مافه‌كانى پێغه‌مبه‌رصلى الله عليه وسلم ده‌كات به‌سه‌ر موسوڵمانانه‌وه‌ ده‌كات. به‌شى سێيه‌م: هه‌ندێ سنوور ڕوون ده‌كاته‌وه‌، چى ڕێگه‌ ثيدراوه‌و چى ڕێگه‌ پێدراو نييه‌ ده‌رباره‌ى پێغه‌مبه‌ر ى خوا صلى الله عليه وسلم . به‌شى چواره‌م: باسى حوكمى جنێودان و سوكايه‌تيكردن به‌ پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم ده‌كات. ئه‌م كتێبه‌ ئه‌گه‌ر چى هه‌ندێ ڕه‌خنه‌ى له‌سه‌ره‌ له‌ ڕووى پله‌ى هه‌ندێ له‌ فه‌رمووده‌كان، به‌ڵام به‌گشتى زانايان ستايشيان كردووه‌ و هه‌ندێكيان فه‌رموويانه‌:(لولا الشفا لما عرف المصطفى) كتێبى (الشفا) له‌ هه‌موو جيهاندا زۆر بڵاو بووه‌ته‌وه‌و چاپى زۆرى هه‌يه‌ له‌ لوبنان و مه‌غرب و ميسرو ئيمارات و نه‌مسا وشوێنى تر، به‌ پێى هه‌ندێ له‌ شاره‌زايان چاكترين چاپه‌كانى ئه‌وه‌ى دار ابن رجب ه‌ له‌ ميسر به‌ سه‌رپه‌رشتى مصطفى العدوي، پێشه‌وا السيوطي ش ته‌خريجى فه‌رمووده‌كانى كردووه‌ له‌ كتيبى: (مناهل الصفا في تخريج أحاديث الشفا بتعريف حقوق المصطفى صلى الله عليه وسلم).