العربیة
/بیانناسە/
زنجیرەی بیانناسە ٦٥- بشار بن برد
: 390
2018-04-08
ناوى (بشار بن برد بن يرجوخ العُقيلي) يه‌، له‌ كۆتايى سه‌ده‌ى يه‌كه‌مى كۆچى به‌ نابينايى له‌ به‌سره‌ له‌ ساڵى 96ك له‌ دايكبووه‌، له‌ بنچينه‌دا خه‌ڵكى خوراسانه‌و ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ باپيرانى له‌ پادشايانى فارس بوونه‌، هه‌ر خۆى له‌ چه‌ندين هۆنراوه‌دا شانازى به‌وه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت: من خراسان وبيتي في الذرى **** ولدى المسعاة فرعي قد بسق   به‌ششار كه‌سێكى چوار شانه‌ى باڵا به‌رزى و ده‌موچاو پانى زه‌به‌لاح بوو، وه‌كو مێژوونووسان ده‌گێڕنه‌وه‌ سيمايه‌كى جوانى نه‌بووه‌، قسه‌ڕه‌ق و ئاكار ناشيرين و له‌ ژيان بێزار بووه‌، ده‌مارگيرى زۆرى هه‌بوو بۆ فارسه‌كان و ڕقى له‌ عه‌ره‌ب بوو، هه‌ميشه‌ گاڵته‌ى پيده‌كردن، له‌و شاعيرانه‌يه‌ كه‌ (مخضرم) يان پێ ده‌وترێت، واته‌: فرياى هه‌ردوو سه‌رده‌مى ئومه‌وييه‌كان و عه‌بباسييه‌كان كه‌وتووه‌، زوو توڕه‌ ده‌بوو، له‌ هۆنراوه‌كانيدا جنو فرۆش بوو ، كه‌س له‌ زمانى ڕزگارى نه‌ده‌بوو، زانايان و زمانناسانى وه‌كوالاصمعي وسيبويه والاخفش و ته‌نانه‌ت خودى خه‌ليفه‌ش،چونكه‌ جارێكيان له‌ شيعرێكيدا مه‌هدى خه‌ليفه‌ى داشۆڕى.   له‌ ڕووى تواناى شيعر وتنه‌وه‌، هه‌ندێك به‌سه‌ر گه‌وره‌ى شاعيرانى چاخى عه‌بباسى يه‌كه‌م دايده‌نێن، خاوه‌ن زياتر له‌ دوانزه‌ هه‌زار به‌يت شيعر بووه‌، ئه‌گه‌رچى زۆربه‌ى ئه‌وانه‌مان پێنه‌گه‌شتووه‌، زۆر ژير و زيره‌ك بوو، سه‌باره‌ت به‌وه‌ى به‌ نابينايى له‌ دايكبووه‌، ده‌ڵێت: عَميتُ جنيناً والذكاءُ من العَمَى **** فجئتُ عجيبَ الظنَ للعلم موئلا   به‌ششار گه‌شتى زۆرى به‌ شاره‌كانى عێراقدا كرد و دواجار گه‌ڕايه‌وه‌ به‌سره‌و بۆ ماوه‌يه‌ك ئاماده‌ى وانه‌كانى علم الكلام وفه‌لسه‌فه‌ بوو، دواتر زه‌نده‌قه‌و بێ باوه‌ڕى خۆى به‌ هه‌موو شتێكى هه‌ست پينه‌كراو به‌ ڕاشكاوى ڕاگه‌ياند، له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا كه‌سێكى بێ شه‌رم بوو، له‌سه‌ر ده‌مێكدا كه‌ ئايين ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ته‌واى له‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگا هه‌بوو، ئه‌و به‌ ڕاشكاوى سه‌رقالى مه‌ى خواردن و داوێن پيسى بوو، هۆنراوه‌ى زۆريشى به‌ كچاندا ده‌وت و ئه‌وه‌ش بووه‌ مايه‌ى بێزاربوونى خه‌ڵكى وبه‌رزكردنه‌وه‌ى سكاڵا بۆ لاى خه‌ليفه‌و ئه‌ويش بۆ ماوه‌يه‌ك زيندانى كرد. به‌ششار ئه‌گه‌ر چى وه‌كو زنديق و بێ باوه‌ڕ به‌ خوا و ڕۆژى دوايى ده‌ناسرا، به‌ڵام هه‌ندێ جار خۆى وه‌كو خه‌واريجه‌كان نيشان ده‌دا وبه‌رگرى له‌ بيروبۆچوونه‌كانيان ده‌كرد، جارجاره‌ش ڕووبه‌ڕوى (واصل بن عطاء)ى سه‌ركرده‌ى موعته‌زيله‌كان ده‌بوويه‌وه‌و له‌ وانه‌كانيدا كێشه‌ى بۆ درووست ده‌كرد، به‌ڵام به‌ گشتى به‌ پێى شيعره‌كانى له‌ نێوان زه‌نده‌قه‌و خه‌واريجه‌كاندا بوو. هه‌روه‌ها يه‌كێك له‌ بۆچوونه‌كانى په‌سه‌ند كردنى هه‌ڵوێستى ئيبليس بوو- به‌له‌عنه‌ت بێت- له‌ دژى ئاده‌م سه‌لامى خواى لێبێت، وه‌كو خۆى ده‌ڵێت: إبليسُ أفضلُ من أبيكم آدم *** فتبينوا يا معشر الفجار النارُ عنصره وآدم طينة *** والطين لا يسمو سمو النارِ واته‌: ئبيليسى له‌ ئاده‌م به‌ باشتر ده‌زانى له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و له‌ ئاگر دروستكراوه‌و گڵيش هه‌رگيز وه‌كو ئاگر به‌رز نابێته‌وه‌. له‌ كتيبى (البيان والتبيين/الجاحظ/ دار صعب/بيروت/ص24) هانووه‌ كه‌ واصل بن عطاء زۆر ڕقى لێ بوو، ده‌يوت: ئه‌گه‌ر ڕه‌شه‌كوژى خه‌ڵكى كارێكى ناشيرين نه‌بوايه‌ كه‌ مانه‌وييه‌كان ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن، كه‌سێكم ده‌نارد له‌ماڵه‌كه‌ى خۆيدا بيكوژێت. بشار بن برد هاوه‌لانى ته‌كفير ده‌كرد وباسى ئه‌وه‌شى ده‌كرد كه‌ مردووه‌كان پێش ڕۆژى قيامه‌ت ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ دونيا و پشتگيرى ئيبليسى ده‌كرد له‌ خۆبه‌باشتر زانينى له‌ ئاده‌م عليه السلام وه‌كو (عبدالقاهر البغدادي) ده‌رباره‌ى ده‌ڵێت: (وحكى أصحاب المقالات عن بشار أنه ضمّ إلى ضلالته في تكفير الصحابة وتكفير عليّ معهم ضلالتين أخريين إحداهما قوله برجعة الأموات إلى الدنيا قبل يوم القيامة كما ذهب إليه أصحاب الرجعة من الرافضة. والثانية قوله بتصويب إبليس في تفضيل النار على الأرض)(الفرق بين الفرق/البغدادي/دار الجيل/ص39).   ئه‌دۆنيس كه‌ به‌سه‌رگه‌وره‌ى حه‌داسييه‌كان داده‌نرێت له‌م سه‌رده‌مه‌، له‌ كتێبى(الثابت والمتحول) به‌رگرى زۆرى له‌ بشار بن برد كردووه‌و، هه‌روه‌ها ئه‌و شاعيره‌ جێگاى ڕێزو بايه‌خێكى زۆره‌ له‌ لاى زۆرێك له‌ ليبرالى و حه‌داسييه‌كانى جيهان به‌ شێوه‌يه‌كى گشتى، (جيهان السادات) ى خێزانى أنور السادات يش نامه‌ى دوكتۆراكه‌ى له‌سه‌ر بشار بن برد بوو، كه‌ به‌ ڕۆشنبيرێك له‌ دژى بيرى كۆنه‌په‌رستيدا ناساندوويه‌تى. بشار بن برد به‌ يه‌كێك له‌و شاعيرانه‌ ده‌ژمێردرێت كه‌ شيعره‌كه‌يان بووه‌ هۆى كوژرانيان، ئه‌م شاعيره‌ به‌ شێوه‌يه‌كى گشتى و له‌سه‌ره‌تاى لاوێتييه‌وه‌ شيعرى داشۆرينى زۆر بوو، هه‌رچى به‌ دڵ نه‌بوايه‌ يان حه‌زى له‌ كه‌سێك نه‌كردايه‌ دايده‌شۆرى به‌ شيعره‌كانى، كه‌ شيعره‌كانى له‌ ڕووى ڕواڵه‌ت و هه‌نه‌رييه‌وه‌ له‌ ئاستێكى به‌رزدابوونه‌، چونكه‌ وه‌كو الجاحظ ده‌ڵێت له‌ (البيان والتبيين )دا به‌ششار شاعيرێك بووه‌ (مطبوع) بووه‌، واته‌:به‌ سروشت و سه‌ليقه‌ هۆنراوه‌ى وتووه‌ ، بێ ئه‌وه‌ى خۆى بۆ مانوو بكات،هاوكات شيعرى (مجون) واته‌: بێ ڕه‌وشتيشى زۆر بوو، وه‌سفى په‌يوه‌ندييه‌كانى خۆى له‌ گه‌ل كچاندا و رۆيشتنى بۆ مه‌يخانه‌كان ده‌كرد له‌سه‌رووى ئه‌وانه‌شه‌وه‌ به‌ راشكاوى بيروباوه‌رى خۆى ده‌رباره‌ى خوا و ڕۆژى دوايى ده‌خسته‌ ڕوو كه‌ هه‌ندێ جارنكۆڵى لێ ده‌كرد، جاريكيش به‌مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى پاره‌ مه‌دح و ستايشى مه‌هدى خه‌ليفه‌ى كرد به‌ڵام ئه‌و له‌ رانبه‌ردا هيچى پێ نه‌دا ، بۆيه‌ دواى ماوه‌يه‌ك به‌ شيعريكى جنێوئامێز سووكايه‌تى به‌ خه‌ليفه‌ كرد وپێى وت: خَليفةٌ يَزْني بعمّاتِهِ **** يَلْعَبُ بالدّبُّوقِ والصَّولجَانْ بۆيه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ خه‌ليفه‌ خۆى بۆ به‌سره‌ هات و فه‌رمانى كرد ده‌ستگير بكرێت، پاشان فه‌رمانى كرد بيرێت حه‌فتا قامچى لێ بدرێت به‌ڵام به‌ششار كه‌ ئه‌و كاته‌ پير بوو، پاش ماوه‌يه‌ك له‌و سزايه‌ به‌رگه‌ى نه‌گرت و له‌ ساڵى 168ك گيانى له‌ ده‌ستدا. له‌م باره‌وه‌ ابن سلام له‌ "طبقات الشعراء" سه‌باره‌ت به‌ هۆكارى مردنه‌كه‌ى وتوويه‌تى: "كان بشار يعد من الخطباء البلغاء الفصحاء وله قصائد وأشعار كثيرة، فوشى به بعض من يبغضه إلى المهدي بأنه يدين بدين الخوارج فقتله المهدي،وقيل: بل قيل للمهدي: إنه يهجوك، فقتله، والذي صح من الأخبار في قتل بشار أنه كان يمدح المهدي، والمهدي ينعم عليه، فرمي بالزندقة فقتله).