العربیة
/چل پەیام بۆ ئافرەتان/
ئاسانكاری لە مەسەلەی مارەییدا خێرە وسوننەتە:26
: 444
2023-02-19

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان: 26 ئاسانكاری لە مەسەلەی مارەییدا خێرە وسوننەتە مارەیی مافێكی ڕەواو حەڵاڵی ئافرەتە وەریبگرێت، الله تعالە فەبرموویەت: (وَءَاتُواْ ٱلنِّسَآءَ صَدُقَٰتِهِنَّ نِحْلَةً ) النساء :4. نحلة، واتە: دیاری و بەخششێك كە بەدڵێكی ئاسوودەوە بە ئافرەت بدرێت. ئیسلام بایەخی بە مەسەلەی زەواج وبەشوودانی كچ داوەو بە ئایەتێك لە ئایەتەكانی الله عزوجل ناوی بردووە كە فەرموویەتی: (وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُمْ مِنْ أَنْفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُمْ مَوَدَّةً وَرَحْمَةً ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَاتٍ لِقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ ) الروم:21. هۆكاری ئەو بایەخ پێدانەش لەوە سەرچاوە دەگرێت كە زەواج بەرژەوەندی گەورەی بۆ ژن و پیاو و كۆمەڵگا بە گشتی تێدایە. بەڵام كێشەیەكی گەورە دێتە ڕیگەی ئەم سوننەتە گەورەو ئایەتە مەزنەی الله عزوجل، ئەویش ئەوەیە هەندێ لە سەرپەشتیارانی كچان و ئافرەتان، داوای مارەیی زۆر دەكەن بۆ كچەكانیان و بەوەش بەربەرست بۆ گەنجان درووست دەبێت لە بەجێهێنانی ئەو پرۆسە پیرۆزە. لە ڕاستیدا ئیسلام هیچ بڕەپارە و زێڕێكی وەكو مارەیی بۆ ئافرەتان دیاری نەكردووە، بەڵام بە شیوەیەكی گشتی هانی كچان و سەرپەرشتیارانی داوە كە بارگرانی بۆ خوازبێنیكار درووست نەكەن و چاكترین مارەیی ئەوەیە كە ئاسان بێت لەسەر ئەكەسەی دیتە پێشەوە بۆ خوازبێنی و بارگرانی بۆ درووست نەكات. پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (خير االصداق أيْسَرُه) رواه الحاكم والبیهقي. واتە: چاكترین مارەیی ئاسانترینیانە. لە سیرە و سوننەتیشدا هەواڵی لەو جۆە زۆرە كە نیشانەی ئەوەیە ئیسلام هانی ئاسانكاری لەو بوارە دەدات. تەنانەت پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وەكو لە بوخاری و مسلم دا جێگیر بووە، بە پیاوێكی فەرمووە كە بەنیازی زەواجی بووە: (اتخذ ولو خاتما من حدید). واتە: شتیكی بۆ بكە، ئەگەر ئەنگوستیلەیەكی ئاسنیش بووە . جگە لەوەش پێغەبەر صلی الله علیه و سلم خۆی وەكو نموونەیەكی كردەیی ئەو مەسەلەی بەرجەستە كردووە، كاتێك فاتیمەی كچی دەداتە عەلی الله لێیان ڕازی بیت و هیچی نابێت بەمارەیی پێی بدات، دەڵێت قەڵغانێكت هەبوو ئەوەی پێ بدە وەكو مارەیی، كە ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی مارەیی خۆی لە خۆیدا ئامانج و مەبەست نییە لە ئیسلامدا. بە كورتی ئایەت و سوننەتی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم و قسەی خەلیفە ڕاشیدەكان و زانایانی ئیسلام ئەوەمان پێ دەڵێن كە مارەیی سنوورێكی بۆ دیاری نەكراوە بڵێی لەوە كەمتر نابێت، بۆیە مارەیی لەسەر ئەنگوستیلە و بڕێكی خورما و قەڵغان و فێركردنی چەند سوڕەتێك لە قورئان لەسەردەمی پێغەمبەرایەتیدا دامەزراوە، هەروەها جۆرێك لە ئیجماع و كۆدەنگی و كۆك بوونی بەڵگەكان لە ئیسلامدا لەسەر ئەوەن كە زۆری و گرانی مارەیی كارێكی باش نییە و بەرەكەتی كارەكە كەم دەكاتەوە. لەبەر ئەوەی كە ئاماژەی پێكرا، باشترە و خێری زۆرترە و گونجاوترە لەگەڵ سوننەتدا كە ئاسانكاری لە بڕی مارەییدا ڕەچاو بكرێت و بارگرانی نەخرێتە سەر خوازبێنیكەر. چونكە ئەگەر ئاسانكاری لە مەسەلەی مارەییدا بكرێت، زەواج زۆر ئەبێت ولە ئەنجامی ئەو ئاسانكارییە خێر و بێرێكی زۆر لەناو كۆمەڵگادا بڵاو دەبێتەوە. دەرەنجامی گران كردنی مارەیی - وەكو شێخ محمد صالح المنجد دەڵێت - كاریگەری خراپی زۆر لێ دەكەوێتەوە، لەوانە: 1- ئاسانكاری لە مەسەلەی مارەییدا ڕێبازی پێغەمبەرایەتییەو پێشینان و پاشینانی ئەم ئومەتە لەسەر ئەوە كۆكن كە كارێكی باشە و پێچەوانەكەی كە گرانكردنی مارەییە كارێكی خراپە. 2- زەواج پرۆسەیەكی گرنگ و پیرۆزە و حوكمی ئەنجامدانی هەندێك جار دەگاتە ئەوەی واجب بێت، جا كە مارەیی زۆر بێت و لەسەرووی توانای پیاوانەوە بێت، ئەوە جۆرێكە لە درووست كردنی بەربەست بۆ ئەو پرۆسەیە. 3- ڕازی نەبوونی وەلی ئەمری كچ بەوەی كچەكەی بەشوو نەدات بەو مارەییە زۆرە نەبێت، ئەوە كارێكی نادرووستە و جۆرێكە لە زیان گەیاندن بە كچەكەی خۆی و بە ئەسڵی پرۆسەكە بە گشتی و ئەوەش حەرامە. 4- داواكردنی مارەیی زۆر لەسەرووی توانای خوازبێنیكەرەوە، دەبێتە مایەی كەم بوونەوەی زەواج و ئەوەش لەلای خۆیەوە دەبێتە هۆكارێك بۆ بڵاوبوونەوەی فەساد، یەكێكش لە ئامانجەكانی شەریعەت ئەوەیە بەرژەوەندییەكان جێبەجێ بكات و ڕێگری لە زیان و خراپەكان بكات، كەم كردنەوەی مارەیی و ئاسانكاریش تێیدا مادام دەبێتە یارمەتیدەر بۆ درووست بوونی ئەو دەرەنجامە كەواتە كارێكی باشەو واجبێكی شەرعییە. 5- ئەزموونە تاڵەكانی ژیان ئەوەمان فێر دەكات، كە زۆر جار ڕێگری كردنی سەرپەرشتیاران لە بەشوودانی كچەكانیان بە هۆی زۆریی مارەیی داواكراو، بووەتە مایەی مانەوەی كچەكانیان و ڕێحۆشكەریش بووە بۆ سەرهەڵدانی هەندێك خراپە لەكۆمەڵگادا لەڕێگەی تێوەگلانی ئەو كچ و كوڕانەی كە گرانی مارەیی ڕێگای زەواجی لێ داخستوون بەهەندێ خراپە و فەسادەوە. 6- گرانی مارەیی لە دەرەوەی سنوور و توانای ئەوانەی دێن بۆ خوازبێنی دەبێتە هۆكاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دەروونی و خەمۆكی لەناو كچان و كوڕاندا و لەوەشدا سەرپەرشتیاران ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵدەگرن. 7- زۆری مارەیی ئەگەرچی بەڕواڵەت هەندێك بەرژەوەندی بۆ كچەكە و ماڵەوەیان تێدا وەدی دەكرێت، بەڵام لە ڕاستیدا خراپەكانی چەند بەرانبەر ئەو چاكییەیە و لە شەریعەتیشدا نەهێشتنی فەساد و خراپە لە پێشترە لە بەدەستهێنانی بەرژەوەندی، (درء المفاسد مقدم على جلب المصالح). بۆیە با سەرپەرشتیارانی كچان و ئافرەتان ئەو ڕاستیانە لەچاو بگرن و باری ئەوانەی دێنە پێشەوە بۆ خوازبێنی قورس نەكەن، چونكە ئەو كارەیان خۆی لە خۆیدا كارێكی ناشەرعی و خراپە، كاریگەری و دەرەنجامە ناڕاستەوخۆكانیشی ڕەهەندی خراپ و نەرێنی جۆراوجۆریان لێ دەكەوێتەوە، دواجاریش پشكی ئەو باجەكچەكانی خۆیان و كوڕی خەڵكی و كۆمەڵگا بە گشتی هەڵیدەگرن.