موسوڵمانی ئەم سەردەمە، ڕاستتر بڵێین زۆربەیان، لە ناخەوە ڕوخاون و بەردەوام هەست بەبەزین و كەمی دەكەن، شارەزایان و ئەوانەی بەدواداچوونیان بۆ ئەم دەردە كوشندەیە كردووە زۆر هۆكاریان باس كردووە لێرەدا هەندێك لە دیارترینیان دەخەمەڕوو:
1- موسوڵمانان تووشی بێ هیوایی بوونە لە گۆڕینی واقیع، پێیان وایە كار لە كار ترازەوە هیچیان پێ ناكرێت و بارەكە نەك تەنها لار بوەتەوە بەڵكو كەوتووە و تازە بەكەس ڕاست نابێتەوە. دەڵێن هەوڵی گۆڕانكاری وەكو فووكردنە بە خۆڵە مێشدا.
2- خەڵكی هەمیشە تەماشای كەسانی لەخۆیان لاوازتر و خراپتر دەكەن، ناچن چاو بكەن لە كەسانی لەخۆیان بەرزتر و بەهێزتر و خاوەن كەسایەتی تۆكمەتر ، بەو شێوەش نەك بەرەو پێش ناچن بەردەوام پاشەكشەش دكەن.
3- یەكێك لەدەردە كوشندەكانی موسوڵمانان لەم سەردەمەدا لاسایكردنەوەیە، بۆ نموونە تەماشای هەموو شتێكی ڕۆژئاوا بە گەورەو مەزن دەكەن، تەنانەت ئەكتەر و یاریزان و نزمترین مرۆڤەكانی سەرزەوی لەبەر ئەوەی ڕۆژئاوایین لە خۆیان بەباشتر و بە پێشكەوتووتر و بە مەزنتریان دەزانن و بەچاوێكی گەورەوە سەیریان دەكەن. بۆیە ئەوەی داهێنان بێت نییانە.
4- كاتێك گەشت دەكەن بۆ ئەوروپا و ئەمریكا ودەگەڕێنەوە، ئەوەندەی تر ئەوانیان لەلا گەوەر دبێت و خۆیان و میللەت و كەلتور و هەموو شتێكی خۆیانیان لەبەرچاو دەكەوێت، چاویان تەنها ڕواڵەت دەبنێ و لە ناوەڕۆك و جەوهەر بێ ئاگان.
كاتی خۆی سید قطب بەڕەحمەت بێت - ب پێچەوانەی ئێمەوە - كە سەردانی ئەمریكای كرد حەقیقەتی ڕۆژئاوای بۆ دەركەوت و داوای كرد لە موسوڵمانان لەبەرزایی ئیسلامەوە تەماشای شارستانی ئەوان بكرێت نەك خۆیان بەكەم بزانن وا بزانن ئەوان لە بەرزاییدان ( پێت كرا كتێبی أمریكا التي رأیت بخوێنە).
5- ڕازی بوون و خۆبەدەستەوەدان بۆ واقیعی تاڵی ئەم سەردەمە كە هەرگیز نابێت موسوڵمان پێی ڕازی بێت و دەبێت ئەوەندەی پێ دەكرێت خەریكی گۆڕانكاری بێت، پێویستە وا بزانێت كار و كۆشش لەسەر ئەوەو دەرنجام لەلای الله یە.
6- زۆربەی موسوڵمانان وایان لێ هاتووە شەرم لە ئیسلامەكەی خۆیان دەكەن، شانازی بە دینەكەیانەوە ناكەن، تەنانەت نایانەویت هیچ دیاردەو سوننەتێكی ئیسلامیشیان پێوە دیار بێت، خاوەن كەسایەتییەكی بەهێزی ئیسلامی نین كە هیز و توانایان لە قورئان و سوننەتەوە وەربگرن، بەڵكو هەر نازانن قورئان و سوننەت بە ڕاستەقینە چییان تێدایە، و خوێندنەوەشیان بۆ ئەو دوو سەرچاوە بەبێ ێگەیشتنە و بەسەر ئایەت و فەرموودەكاندا تێدەپڕن. وایان لێ هاتووە بەدوای ئەوەدا وێڵن پێیان بوترێت كەسێكی هاوچەرخ و مۆدێرنە و مەبەستیانە كە خۆیان وا دەربخەن ئیسلامیان بە توندی نەگرتووە و بەڵكو زۆر بەشلی و بە مۆدێرنەیی، بەكورتی عەلمانیەكی دەمامكدارن و پۆشاكێكی ئیسلامی تەكیان ئەویش بەشەرمەوە لەبەر كردووە!
7- موسوڵمانی ئەم سەردەمە هیچ ئامانجێكی گەورەی بۆ خۆی دیاری نەكردووە، بەرنامەیەكی نییە كۆششی بۆ بكات، لە ژیانی دونیادا نگرۆ بووە، تاكو دەمرێت ناتوانێت بە چارەكێكی هیوا و ئەواتە دنیاییەكانیدا بگات بۆیە دەمرێت و فریای هیچ نەكەوتووە و هیچ كۆششێكی بۆ دینەكەی نەكردووە و هەر خەریكی پارە پەیدا كردن و بایەخدان بووە بە ژیانی دونیا. ئەگەر نوێژ و ڕۆژوو بكات و زەكات دەربكات ئیتر وا نازانێت هیچی تری لەسەرە و وا گومان دەبات ئیسلام قرزاری ئەو بێت !
8- هەندێكی تریش لەوانەی كە گوایە بانگەواز بۆ ئیسلام ئەكەن، هەمیشە خەریكی بەرگریكردنن لە ئیسلام و وەڵامی گومان ئەدەنەوە و خەریكی پاكانە كردنن بۆ ئیسلام لە دژی نەیارەكانی، هەمیشە وا تەماشا دەكەن ئیسلام لە قەفەسی تۆمەتباریدایە و ئەوانیش بوونەتە پارێزەر بۆی، بۆچی پیغەمبەر صلی الله علیه وسلم نۆ خێزانی هەبوو، بۆچی ئیسلام دەستی دز دەبڕێتەوە، بۆچی ئیسلام لەدژی بێ باوەڕان جیهاد ڕادەگەیەنێت و زنجیرەیەكی دوورودرێژ لە گومان و لاوازی كە لە خەیاڵیدا هەیە سەبارەت بە ئیسلام و بەردەوام خەریكن بەرگری لێ دەكەن، وەكو ئەوەی ئیسلام كۆمەڵێك عەیب وعار و كەم وكوتی بێت.
9- موسوڵمانی ئەم سەردەمە ئیسلام وەكو كێشە و وەكو قضیة یەك تەماشا ناكات بیكات بە خەم و بە خولیای خۆی كاری بۆ بكات و بانگەوازی بۆ بكات و قوربانی بۆ بدات و ڕاستییەكانی قورئان و سوننەت دەربخات وباس بكات، بەڵكو ئیسلام بەبەرچاوییەوە لەنێوبچێت ئەو باكی نییە و ئەڵێت من چیم پێ دەكرێت، خوا خۆی با دینی خۆی بپارێزێت (بە زمانی سەر وا نالێت بە زمانی حاڵ وا دەڵێت).
10- سەرسام بوونی موسوڵمانان بە ناحەزانی ئیسلام گەیشتووە بەوەی حوكم بە شەریعەتی الله ناكەن و سونەتی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لەناویاندا لە ئەوپەڕی نامۆییدا و كار بە یاسا و ڕێسای ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و قسە و بەرنامەی مرۆڤەكان دەكەن و خۆیشیان بە موسوڵمانی عەیار بیست و چوار ئەزانن تەنها لەبەر ئەو نوێژ و عیبادەتانە كە دەیكەن و ئەو هەموو كەمتەرخەمییەش كە لە ئیمان و لە عەقیدەدا هەیانە هەر بەخەیاڵیشاندا نایەت.
جا وەرە ئیمان بەو شێوە لاواز بێت و ناخیان پڕی لەترس بێت و بەو شێوە سەرسام بن بە ڕۆژئاواو بەهەموو دوژمنێكی ئیسلام و زانستی شەرعیشیان نەبێت و عیبرەت و پەندیش لە میژوو وەرنەگرن، ئیتر چۆن موسوڵمانێكی ناخ ڕوخاوو بەزیویان لێ دەرناچێت ، مەخابن ئەمە حاڵی زۆرینەیە نەك هەموویان، چونكە ئوممەتی ئیسلام هەرگیز خەڵكانی باش و چاكساز و خۆیەكلاكەرەوەیان بۆ ئیسلام لێ نابڕێت، بەڵام ڕێژیان زۆر كەمە و بەردوام لە كەمبوونیشدان.
إحسان برهان الدین
23 ربيع الأول 1445