العربیة
/چل پەیام بۆ ئافرەتان/
مافەكانی پیاو لەسەر خێزانی:29
: 324
2023-02-19

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان:29 مافەكانی پیاو لەسەر خێزانی هاوسەران مافیان بەسەر یەكەوە هەیە و پێویستە پارێزگاری بەجێگەیاندنی ئەو مافانە بكەن، لە ڕاستیدا دەقەكانی قورئان و سوننەتیش بە ڕاشكاوی ئەوەمان پێ دەڵێن كە مافەكانی مێرد بە سەر هاوسەرەكەیدا گەورەترە و زیاتر جەختی لەسەر كراوەتەوە بەراورد بە مافەكانی ئافرەت بەسەر مێردەكەیەوە، ئەوەش ئەگەرچی حەقیقەتێكی حاشا هەڵنەگرە، بەڵام بەڕەهایی نییە و پێوەر و مەرجی خۆی هەیە. ئەمەی خوارەوە مافە سەرەكییەكانی پیاوە لەسەر هاوسەرەكەی بە كورتی، بەڵام وردەكاریەكانی لە كتێبەكانی فیقهدا بەبەڵگەكانییەوە باس كراون : 1- مافی گوێڕایەڵیكردن: پێویستە ئافرەت گوێڕایەڵیی مێردكەی بكات، لە هەموو فەرمان و ئامۆژگاری و داواكارییەكدا كە پێچەوانەی شەرع نەبێت نابێت قسەی بشكێنیت. الله تعالی فەرموویەتی: {الرِّجَالُ قَوَّامُونَ عَلَى النِّسَاء} النساء: 34. ئەو قەوامییەتەی كە الله تعالی كردوویەتی بە تایبەتمەندی پیاوان، بە بێ گوێڕایەڵی ئافرەتان بۆیان جێبەجێ نابێت. هەر لەو ئایەتەی سەرەوەدا دەردەكەوێت كە ئافرەتی چاك و ساڵحان ئەو ئافرەتەیە كە گوێڕایەڵی مێردەكەی بێت وئافرەتی خراپیش ئەوەیە كە لە چاكەدا بە قسەی ناكات، چونكە الله عزوجل فەرموویەتی: ( الرِّجَالُ قَوَّامُونَ عَلَى النِّسَاءِ بِمَا فَضَّلَ اللَّهُ بَعْضَهُمْ عَلَىٰ بَعْضٍ وَبِمَا أَنفَقُوا مِنْ أَمْوَالِهِمْ ۚ فَالصَّالِحَاتُ قَانِتَاتٌ ) النساء:34. بۆیە هەرگیز سیفەتی چاكی و ساڵح بوون بە ئافرەتێك ناوترێت ئەگەر گوێڕایەڵی پیاوەكەی نەبێت. 2- بەڵام ئەو گوێڕایەڵییەی كە مافی پیاوە لە سەر خێزانەكەی پێویستە لە مەعروف و لە بازنەی ڕەزامەندی الله و پێغەمبەرەكەیدا بێت صلی الله علیه و سلم، نەك پێچەوانەی ئەوەو فەرمان بە خراپە و هەر كارێكی ناشەرعی، ئەگەر فەرمانی بەخراپە و بەوەی كە الله پێی رازی نابێت پێكرد، بۆ نموونە پێی وت نوێژ وڕۆژووی فەرز ئەنجام مەدە، خۆت دامەپۆشە لە نامەحرەم، لەگەڵ فڵانە تەوژم و تاقمدا كار بكە كە بەرنامەیان ناكۆكە لەگەڵ عەقیدەی ئیسلامیدا، ببە بێژەر لە كەناڵێكدا، لە فڵانە ڕیكخراو كار بكە كە ژنان و پیاوان تیكەڵ دەبن و بەرنامەشیان دوورە لە ەنهەجی ئەهلی سونەت، یان هەر داواكارییەك كە ناشەرعییە و پێچەوانەی كیتاب و سوننەتە، ئەوە ئافرەتە نابێت گوێڕابەڵی بكات و پێویستە بە ڕێزو بە قسەی خۆش قەناعەتی پێبكات كە ئەوكارە درووست نییە بكرێت، ئەگەریش هەر قەناعەتی نەكرد، ئەو هەر دەبیت سوور بێت لەسەر ئەنجام نەدانی، چونكە: ( لا طاعة لبشر في معصية الله، إنما الطاعة في المعروف ) رواه البخاري ومسلم. 3- واجبە لەسەر ئافرەت گوێڕایەڵی مێردەكەی بكات هەركات بۆ كارو پێویستی شەرعی خۆی بانگی كرد، ئەگەر گوێڕایەڵی نەكرد، ئەوا تاوانێكی گەورەی ئەنجامداوە، مەگەر پاساوێكی شەرعی هەبێت وەكو نەخۆشی و نەتوانین، چونكە (لَا يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا ۚ) البقرة: 286.. پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرمویەتی: " إذا دعا الرجل امرأته إلى فراشه فأبت فبات غضبان عليها لعنتها الملائكة حتى تصبح " رواه البخاري ( 3065 ) ومسلم (1436 ) . واتە: ئەگەر پیاوێك هاوسەرەكەی بۆ سەر جێگەكەی بانگ بكات و ئەو ڕازی نەبێت و بەهۆیەوە مێردەكەی زویر بكات، مەلائیكەتەكان تاكو بەیانی نەفرەتی لێ دەكەن. 4- واجبە لەسەر ئافرەت گوێڕایەڵی پیاوەكەی بێت لەوەی كە ڕێگە بە هیچ كەسێك نەدات بێتە ماڵەكەی ئەگەر ئەو پێی خۆش نەبێت، هەروەها ڕۆژووی نافیلە واتە جگە لە ڕەمەزان نابێت بگرێت بە ئیزن و رێگە پێدانی ئەو نەبێت، رسول الله صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی : " لا يحل للمرأة أن تصوم وزوجها شاهد إلا بإذنه ، ولا تأذن في بيته إلا بإذنه ، ...." . رواه البخاري ( 4899 ) ومسلم ( 1026 ) . 5- پاراستنی نهێنی لە نێوان تەواوی موسوڵماناندا واجبە و ئایەت و فەرموودەكان لە سەری كۆكن و زۆرن، جا پاراستنی نهێنی لە نێوان هاوسەراندا ئەوە مەسەلەیەكی گرنگترە و زیاتر جەختی لەسەر كراوەتەوە، چونكە ژیانی هاوسەرگیری بە زۆر بەرزایی و نزمایی و دۆڵ و نشێودا تێدەپەرێت، واجبە لەسەر ئافرەت - وەكو واجبیشە لەسەر پیاوان - نهێنی ناو ماڵەكانیان بپارێزن، بەتایبەتیش ئەم داواكارییە ڕوو دەكاتە ئافرەت، چونكە ئەوان بەوە ناسراون لەگەڵ هاوڕێ و كەس و كاردا باسی زۆر پرسی درووست و هەندێ جار نادروست و گوناهیش دەكەن، بۆیە دەبێت ئافرەت لەوە تێبگات دەركردنی نهێنییەكانی ناو ماڵی خۆی و باس كردنی مێردەكەی بەوەی كە پێی ناخۆشە لە دەرەوەی مالەكەی خۆی، ئەوە كارێكی حەرام و قەدەغەیە وجۆرێكە لە خیانەت لە و ناپاكی بەرانبەر ئەو هاوسەرە: الله تعالی ڕقی لەوانەیە كە خیانەت دەكەن و نهێنی ماڵەكانیان ناپارێزن. (إِن اللهَ لا يُحِب الْخَائِنِينَ) الأنفال: 58. لە فەرموودەدا هاتووە ئەگەر كەسێك قسەیەك لەلای كەسێكی تر بكات و سەیری ئەملاو ئەو لای خۆی بكاتە بەوە واجب دەبێت ئەو قسە بپارێزرێت و وەكو نهێنی تەماشا بكرێت، بەڵام ئەو قسە و كردارادارانەی پیاو لەناو ماڵی خۆیدا ئەنجامیان دەدا دەبێت هاوسەرەكەی هەموی بپارێزیت و نەچێت لەماڵی باوك وبرا و هاوڕێ و دراوسێ باسیان بكات، چونكە ئەوە خیانەتە. یەكێكیش لە خراپترین شێوازەكانی دەركردنی نهێنی ئەوەیە باسی سەرجێیی و كاری تایبەتی خۆیان بۆ كەسانی تر باس بكەن: ( إن من أشر الناس عند الله منزلة يوم القيامة الرجل يفضي إلى امرأته وتفضي إليه ثم ينشر سرها ) رواه مسلم. هەروەها هەموو قسە و باس و كێشە وڕوداو وبەسەرهاتێك كە لە ژیانی ڕۆژانەدا روودەدات و دەركردنی زیانی هەبێت، یان یەكێك لە هاوسەران پێیان ناخۆش بێت، هەموو ئەوە حەرامە و دەبێتە جۆرێك لە خیانەت كردن بەرانبەر بە هاوسەرەكەی. 6- واجبە لەسەر ئافرەت لە ماڵی خۆی دەرنەچێت بەبێ ئەوەی داوای ئیزنی دەرچوون و مۆڵەت لە مێردەكەی نەكات، تەنانەت ئەگەر باوكیشی نەخۆش بێت نابێت بەبێ داوای مۆڵەتی هاوسەرەكەی سەردانی باوكی بكات، چونكە وەكو زانایان فەرموویانە تاعەت و گوێڕایەڵی میرد لەسەر ئافرەت واجبە و ئەو سەردانە سوننەتە. 7- مافی پیاوە بەسەر خێزانەكەی كە خزمەتی بكات، وەكو چۆن واجبی پیاویشە هەڵسێت بەدابین كردنی پێویستییە سەرەكییەكانی ژیانی هاوسەرەكەی، شيخ الإسلام ابن تيمية فەرموویەتی: (وتجب خدمة زوجها بالمعروف من مثلها لمثله ويتنوع ذلك بتنوع الأحوال فخدمة البدوية ليست كخدمة القروية وخدمة القوية ليست كخدمة الضعيفة)" الفتاوى الكبرى " ( 4 / 561 ) . واتە: ئافرەت واجبە لەسەری خزمەتی مێردەكەی بكات بە چاكە و بە پێی پێویست، بەڵام ئەو خزمەتە بەپێی حاڵەتەكان دەگۆڕێت، لە ئافرەتێكی نیشتەجێ لە گوند بۆ ئافرەتێكی نیشتەجی لە شار بە هۆی جیاوازی ئیش و كارەكانەوە، هەروەها خزمەتی ئافرەتێكی تەندروست باش و بەهێز بۆ مێردەكەی جیاوازە لە خزمەتی ئافرەتێكی لاواز یان نا تەندروست. 8- پیاو لە كاتی پێویستدا وەكو ناشز بوونی هاوسەرەكەی، مافی تەمبێ كردنی خێزانەكەی هەیە، ئەویش ئەگەر ئەو ئافرەتە لە بەجێگەیاندنی مافی الله كەمتەرخەم بووبێت، یان لە یەكێك لە مافەكانی مێردەكەی كەمتەرخەم بووبێت كە دەبێت بۆی جێبەجێ بكات، بەڵگەی ئەو مافەش فەرموودەی الله یە لە قورئاندا: (وَاللَّاتِي تَخَافُونَ نُشُوزَهُنَّ فَعِظُوهُنَّ وَاهْجُرُوهُنَّ فِي الْمَضَاجِعِ وَاضْرِبُوهُنَّ ۖ فَإِنْ أَطَعْنَكُمْ فَلَا تَبْغُوا عَلَيْهِنَّ سَبِيلًا ۗ إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلِيًّا كَبِيرًا) النساء: 34. بەڵام زانایان حەوت مەرجیان داناوە بۆ مەسەلەی بەكارهێنانی لێدان ئەگەر هۆكارێكی شەرعیش هەبێت: یەكەم: لێدان مافی مێردێكە كە هەڵسابێت بە پێدانی مافەكانی هاوسەرەكەی لە ڕووی شەرعییەوە، نەك خۆی كەمتەرخەم بێت و زیانی بە هاوسەرەكەی گەیاندبێت و لەو لاشەوە لێی بدات. دووەم: پیاو بۆی نییە لێدان بەكار بهێنێت تاكو ڕێگاكانی تر تەواو دەكات و بۆی دەردەكەوێت كە سوودیان نییە، كە بریتین لە ئامۆژگاری كردنی ئەو ئافرەتە بە قسەی خۆش، ئەگەر بێ سوود بوو ئینجا بڕواتە سەر هەنگاوی دووەم كە بریتیە لە پشت تێكردن و هەجر كردنی لە جێگای خەوتندا، كە ئەوەش هەندیك ئەحكامی خۆی هەیە ئەگەر ئەویش سوودی نەبوو، ئینجا پەنا بۆ لێدان دەبرێت ئەگەر گومان ببرێت ڕێگەچارەیەكی باشە و دەرەنجامی باشی دەبێت. بەڵام ئەگەر بە بێ ئەو چارەسەرانە یەكسەر بە لێدان دەست پێ بكات ئەوە پێچەوانەی فەرمانی پەروەردگار كردووە لە ئایەتەكەدا. سێیەم: بیانوویەكی شەرعی هەبێت بۆ لێدان، بۆ نموونە ئەو ئافرەتە نشوز و لاساری هەبێت وهرچی هەوڵی لەگەڵدا بدات نەیەتە سەر ڕێگای ڕاست و لە كاری چاكەو شەرعیدا گوێڕایەڵی مێردەكەی نەكات، ئەگەر نا درووست نییە لێدان بەكار بهێنێت. چوارەم: دەبێت مەبەست و نیەتی پیاو لە لێداندا ئەوە بێت ئافرەتەكە بگێڕێتەوە سەر جادەی حەق و كرداری پەسەند، نەك مەبەستی ئازاردن و ئیهانە كردن و سووكایەتی پیكردنی بێت، بۆیە بۆ نموونە لێدانەكە نابیت بەبەرچاو خەڵكەوە بێت. پێنجەم: نابێت لێدانەكە زۆر ئازاربەخش وقایم بێت، یان شوێنەوار بەجێ بهێڵێت، یان شوێنەكەی شین و مۆر بكاتەوە، یان جێگای لێدانەكە خوێنی لێ بێت و شكان و ئەو جۆرە حاڵەتانە دروست بێت، ، هەموو ئەوانە زانایان باسیان كردووە كە قەدەغەیە. شەشەم: لێدانەكە بە دەست بێت بۆ نموونە یان بە هەر شێكی تر، نابێت لە دە جار ئازار گەیاندن زیاتر بێت. حەوتەم: دەبێت لە لێداندا نە ڕوخسار و نە سك و نە هیچ شوێنێكی هەستیاری ئافرەت بگرێتەوە. وەكو دەردەكەوێت ئەو مەرجانەی زانایان دایانناوە زۆر توندەو بۆ چارەسەر كردنی كێشەیە نەك بۆ ئازاردان و سووكایەتی كردن بە كەرامەتی ئافرەتەكە، هەمویشی بەڵگەی لەسەرە و تەنها ئەوە دەمێنیت ئەو لێدانە بۆ مەبەستێكی چاكسازی بێت بۆ ئافرەتەكەو لە سنوورێكی زۆر تەسك و كەمدا بوونی هەیە. دوو تێبینیەكی گرنگ: 1- پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە ژیانیدا بە دەستی خۆی نە لە هاوسەرێك یان خزمەتكارێكی خۆی نەداوە، وەكو لە سەحیحی موسلیمدا هاتوە دایكی ئیمانداران عائیشە الله لەخۆی و باوكی ڕازی بێت فەرموویەتی: (ما ضرب رسول الله صلى الله عليه وسلم شيئًا قطُّ بيده، ولا امرأةً، ولا خادمًا، إلا أن يجاهد في سبيل الله، وما نيل منه شيء قطُّ فينتقم من صاحبه إلا أن يُنتهك شيء من محارم الله، فينتقم لله تعالى). رواه مسلم. 2- سەرەڕای ئەو هەمو مەرجانەی زانایان بۆ مەسەلەی لێدان دایانناوە و بازنەكەیان بەپێی ئایەت و فەرموودەكان و سیرەو ژیاننامەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم تەسك كردووەتەوە، بەڵام دواجار لێدان شەریعەتێكە و الله تعالی لە قورئاندا جێگیری كردووە، هەركێ بڵێت لێدان چارەسەرێكی نەشیاوە بۆ ئەم سەردەمە، یان حەلێكی ناشارستانییە، یان لە دڵیی خۆیشییەوە ئەگەر ڕەخنەی لێی هەبێت و بە ڕێگەچارەیەكی دواكەوتووانە و نەگونجاوی بزانێت بۆ ئەم ڕۆژگارە، ئەوە ڕەخنەی لە فەرمانی الله گرتووە و ئایەتی پەروەردگاری ڕەتكردووەتەوە و بێ حیكمەتی داناوە، بەوەش پەیوەندی بە ئیسلامەوە نامێنیت، چونكە حوكمێكی پەروەردگاری خستووەتە هەڵەوە، لێدان بەشێكە لە شەریعەت، بەڵام كەسەكە بە مەرجەكانی خۆی سەرپشكە بەكاری بهێنیت، یان هەرگیز پەنای بۆ نەبات ئەگەر پێویستیش بكات، لەم مەسەلەدا دەبێت هاوسەران بەتایبەتی ئافرەتان زۆر ئاگادار بن، چونكە الله عزوجل هەرگیز هیچ حوكمێك بەبێ حیكمەت و سوود تەشریع ناكات، ئەگەر سەرزەوی بلێت ئەوە حوكمێكی هەلە موسوڵمان هەر دەبیت بڵێی حوكمیكی ڕاستە پڕ لە حیكمەتە چونكە فەرمان لە قورئاندا هاتووە، بەندەكان لەسەریانە بە هەموو حوكمێكی الله و پێغەمبەرەكە ڕازی بن و لە دڵیشیانەوە نابێت ڕەخنە بگرن: (وَمَا كَانَ لِمُؤْمِنٍ وَلَا مُؤْمِنَةٍ إِذَا قَضَى اللَّهُ وَرَسُولُهُ أَمْرًا أَن يَكُونَ لَهُمُ الْخِيَرَةُ مِنْ أَمْرِهِمْ ۗ وَمَن يَعْصِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ فَقَدْ ضَلَّ ضَلَالًا مُّبِينًا) الأحزاب: 36. (فَلَا وَرَبِّكَ لَا يُؤْمِنُونَ حَتَّىٰ يُحَكِّمُوكَ فِيمَا شَجَرَ بَيْنَهُمْ ثُمَّ لَا يَجِدُوا فِي أَنفُسِهِمْ حَرَجًا مِّمَّا قَضَيْتَ وَيُسَلِّمُوا تَسْلِيمًا).