العربیة
/مێژوو/
خۆری ئییسلام لە ئایندەدا لە ڕۆژئاواوە هەڵدێت
: 364
2021-11-07

خۆری ئییسلام لە ئایندەدا لە ڕۆژئاواوە هەڵدێت كە كەسێكی ڕۆژئاوایی موسوڵمان دەبێت دڵم بە موسوڵمان بوونی خۆش دەبێت وپێم وایە و ئومێدەوارم بەرانبەر هەزار موسوڵمانی لای خۆمان بۆ دینەكەی بەكەڵك دەبێت. بەداخەوە زۆربەی موسوڵمانان لە ڕۆژهەڵاتدا ئیسلام وەكو نەریت و حاڵەتێكی بۆ ماوەیی وەردەگرن و موسوڵمان بوونیان وەكو هەستكردن بە شانازی یان وەكو كێشەیەكی پیرۆز وەرناگرن لە پێناویدا تێبكۆشن، بەڵام زۆربەی ڕۆژئاواییەكان كاتێك موسوڵمان دەبن موسوڵمانبوونیان بە دەستكەوتیكی مەزن دادەنێن و هەوڵ دەدەن و ئیسلام لە خۆیاندا بەرجەستە بكەن و دەیانەوێت ئەو تەمەنەی ماویانە بە خۆشحاڵییەوە لە پێناو دینەكەیاندا سەرفی بكەن، بۆیە دەبینی بە هۆی دڵسۆزی و ڕاستگۆییان لە گەڵ خۆیان و دینەكەیاندا كاریگەریشیان زۆرە و بەرەكەت لە ئیشیاندا وەدی دەكرێت. موژدەی پێغەمبەرمانە صلی الله علیه و سلم ڕۆژێك دێت كە ئیسلام لە زۆربەی شوینەكانی دونیا بڵاودەبێتەوە: (إن الله زوى لي الأرض، فرأيت مشارقها ومغاربها، وإن أمتي سيبلغ ملكها ما زوی لي منها.) رواه مسلم. لە سەرەتاكانی سەدەی شانزەیەمی زاینیدا ئەوروپا ئامادەیی تێدا بوو و نزیك بوو لەوەی تیكڕا بێتە ناو ئیسلامەوە، بەڵام كەنیسە هەوڵ و كۆششێكی زۆری ئەنجامدا بە مەبەستی ڕێگەگرتن لەو پرۆسەیە، وەكو (محمد قطب)یش بە ڕەحمەت بێت لە كتێبی (دروس من محنة البوسنة والهرسك ) دا دەڵێت: گەورەترین زیانی ئەوروپا لە رەتكردنەوەی ئیسلام لەو سەردەمە ئەوە بوو - جگە لەوەی لە ڕۆشنایی ئایینی مەزنی ئیسلام بێ بەش بوون - هەروەها نەیانتوانی ویژدان و ناخی خۆیان لە پاشماوەی داڕمانی بەها و ئاكارەكانی شارستانی ڕۆمانی كە تێیاندا چەسپابوو خاوین بكەنەوە. باوەڕمان وایە ئەگەر لە سەردەمی ئێمەش نەبێت بە هۆی بێ هەڵوێستی و دوریمان لە عەقیدەو بیروباوەری ئیسلامەوە، بەڵام ئەو ڕۆژە هەر دێت كە ڕۆشنایی ئەم ئیسلامە بگاتە هەمو شوێنێك یان زۆربەی شوێنەكان، ئەوروپاو ڕۆژئاوایش بە گشتی بە هۆی ئەو دژایەتییە بەرنامە بۆ داڕێژراوەی ئێستا لە دژی ئیسلام دەكرێت و بە هۆی هەوڵەكانی كەنیسە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و ناشیرینكردنی ئیسلام و هەروەها بە هۆی شارستانی ڕۆژئاوا كە بەها و ئاكارەكان تووشی داڕمانی تەواو بوونە لەبەرانبەر بەرژەوەندی و لایەنی مادی ! بۆیە بە شێوەیەكی بەرفراوان تاكو ئێستا هەلی ناسینی ئیسلامیان بۆ نەرەخساوە، ئەگینا هەركەی قەدەر و ویستی الله تعالی ی لەسەر بێت، بە لێشاو دێنە ناو دینی ئیسلام و لەوانەشە ئەو كاتە ئەوان ببنە سەرخەری ئەم دینە پاش ئەوەی وای لێ هاتووە زۆرێك لە ڕۆڵە ڕەسەنەكانی ئیسلام تەنها بە پێناسی باری شارستانی موسوڵمانن چونكە بە هۆی جەهل و نەشارەزاییان لە دینەكەیان و بە زمانی حاڵی زۆربەیان خۆشەویستی خاك و ئاو و نیشتمانیان خستووەتە پێش خۆشەویستی دینەكەیان. إحسان برهان الدین 14 ربيع الأول 1442