تایبه‌تكردنی مانگی ڕه‌مه‌زان به ده‌ركردنی زه‌كات
زۆربه‌ی موسوڵمانان زه‌كاتی ماڵه‌كانیان له مانگی ڕمه‌زاندا ده‌رده‌كه‌ن، بێگومان هه‌موویشیان مه‌رج نییه له ڕه‌مه‌زاندا ساڵێك به‌سه‌ر زه‌كاتی پێشوویاندا تێپه‌ڕبووبێت به‌ڵكو خۆیان وایان پێ خۆشه و وا ڕێكی ده‌خه‌ن به پێشخستنی كاته‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ساڵێك له‌و مانگه‌دا زه‌كاته‌كانیان دابه‌ش بكه‌ن به‌و ئیعتیباره‌ی كه له ڕه‌مه‌زاندا باشتره وخێری زۆرتره، لێره‌شدا جگه له‌وه‌ی پێویسته بوترێت ده‌ركردنی زه‌كات تایبه‌ت نییه به‌و مانگه‌وه و وه‌كو زانایان فه‌رموویانه ( إذا حال علیه الحول وبلغ النصاب) واته ساڵی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕێت و بگاته ئاستی نصاب ئیتر پێویسته ده‌ربكرێت له هه‌ر مانگێكدا بێت، به‌ڵام تێبینییه‌كی گرنگ هه‌یه باشتره زیاتر بیری لێبكرێته‌وه:
ئه‌گه‌ر زۆربه‌ی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان له مانگی ڕه‌مه‌زاندا زه‌كاته‌كانیان ده‌ربكه‌ن جۆرێك له ناهاوسه‌نگی درووست ده‌بێت بۆ هه‌ژاران و نه‌داران و شاییسته‌كانی تری زه‌كات، چونكه ئه‌وان له‌و مانگه‌دا تا ڕاده‌یه‌ك حاڵیان باشتر ئه‌بێت به هۆی زۆری ئه‌وانه‌ی له ڕه‌مه‌زاندا زه‌كاتی ماڵه‌كانیان ده‌رده‌كه‌ن، له‌به‌ر زۆری ئه‌وانه‌ش كه هه‌موویان له‌و مانگه‌دا زه‌كات ده‌رده‌كن جۆرێك له نا دادگه‌ری له دابه‌شكردندا و شپرزی ڕه‌نگه درووست ببێت ، هاوكات ده‌بینین له مانگه‌كانی تری ساڵدا كه‌سێكی وا نییه زه‌كاتی ده‌رنه‌كردبێت بۆیه به شێوه‌یه‌كی گشتی باش نییه ته‌نها ئه‌و مانگه تایبه‌ت بكرێت به ده‌ركردنی زه‌كات و له درێژایی ساڵ باشتره و سوودی بۆ هه‌ژاران زیاتره ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان زه‌كاتیان هه‌بێت بۆ دابه‌ش كردن، به‌ڵام هه‌ندێ جار ڕه‌نگه ئه‌وه قه‌تیس كردنه‌ی زه‌كات له ڕه‌مه‌زاندا له زیانی هه‌ژاران ته‌واو بێت ، كه‌واته ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كه به شێوه‌یه‌كی ڕێك و پێك پلانی بۆ دابنرێت و هه‌ندێ مه‌سه‌له به هه‌ند وه‌ربگیردرێت چاكتره، هه‌ندێك له زانا هاوچه‌رخه‌كان بۆ نموونه - ابن عثیمین - تێبیی ئه‌م مه‌سه‌له‌یان كردووه و له‌و باره‌وه وریاییان داوه.
إحسان برهان ا‌لدین
2019-5-17