العربیة
/دەمارگیری و تەقلیدی مەزهەبی لە تەرازووی ئیسلامدا/
1-پێشەكی
: 35
2024-12-25


#دەمارگیری_و_تەقلیدی_مەزهەبی_لەتەرازووی_ئیسلامدا: 1
پێشەكی

لە دوای وەفاتی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وهاوەڵە بەڕێزەكانی الله لێیان ڕازی بێت و زانا گەورەكانی سەدە خەیرییەكان بەڕەحمەت بن، ئوممەت ڕووبەڕووی كۆمەڵێك ئاڵنگاری وتاقیكردنەوەی سەخت و بیدعەی نامۆ بە شەریعەت بوونەوە، یەكێك لەو بیدعانەی كە تێیكەوتن و  (ما أنزل الله بها من سلطان)، ئەوە بوو بەشێك لە موسوڵمانان هەندێك لە پێشەوایان و زانایانیان بۆ سەرووی ئاستی مرۆڤەكان بەرز كردەوەو هەموو موسوڵمانانیان وابەستەی ئەوە كرد تەقلیدی یەكێك لەو پێشەوایانە بكەن و دینی ئیسلام بەو گەورەیی و فراوانییەی خۆیەوە تەنها لە چوار پێشەوای شەرعزاندا بچووك كردەوە و ئەهلی ئیسلامیان بەسەر ئەو چوار مەزهەبەدا دابەش كرد، دواتریش بیدعەكە بەوەوە ڕانەوەستا، بەڵكو سەری لە  دەمارگیرییەكی نابوت و كۆمەڵێك بیدعەی ترەوە دەركرد كە بۆ باسكردنی دەبێت سەدان وهەزاران لاپەڕەی بۆ ڕەش بكرێتەوە.

سەبارەت بە سەرهەڵدانی ئەو بیدعەیەش لەناو كورددا  وەكو هەمیشە پشكی شێری بەركەوتووە و میللەتی كورد هەر زوو خۆیان یەكلا كردەوە و قۆڵی تەقلیدكردینان بۆ مەزهەبی شافیعی لێی هەڵماڵی و ئەو ڕێڕەوەیان  هەڵبژارد ودینی ئیسلامیان هەر هەمووی لە تێگەیشتن و بیروبۆچوون و شەرح و لێكدانەوانەكانی سەرانی ئەو مەزهەبەدا قەتیس كرد و بچووك كردەوە و بە كاریگەری مەلاكان و مامۆستا ئایینییەكان وای لێهات موسوڵمان بوون لە دیدی خەڵكیدا بوو بە شافیعی بوون و هاوكات دژایەتییەكی ڕەگوڕیشەداریش لە نێوان شوێنكەوتوانی مەزهەبی شافیعی و مەزهەبی حەنەفی  ومەزهەبەكانی تردا درووست بوو، تاكو ماوەیەك پێش ئیستاش لە هەندێ لە مزگەوتە كۆنەكانی گەرمیاندا ئاسەواری ئەو دەمارگیریە لە درووست كردنی میحرابێك بۆ شافیعییەكان ومیحرابێك بۆ حەنەفییەكان هەر مابوو، ئەمە بێجگەلەوەی لە كاتی مارەبڕین و لە كاتی حەج كردن و دەیان جێگای تر هەر وەكو ئەوەی دوو دین بن بەڵام بەناچاری و بەسنورداری ئەمبەر و ئەوبەریان لە نێوان ئەو دوو مەزهەبەدا دەكرد.

بیدعەی دەمارگیری مەزهەبییەت ئەگەرچی  هیچ كات لە كوردستاندا نەبڕاوەتەوە و هەر بوونی هەبووە، بەڵام لە دە پانزە ساڵی ئەم دواییەدا و لە دەرەنجامی بڵاوبوونەوەی هۆشیاری زانستی شەرعی  و زۆربوونی ئەو مامۆستا و بانگخوازانەی كە خەڵكی بۆ سونەت و شوێنكەوتنی بەڵگەی شەرعی بانگ دەكەن، دەتوانین بڵێین مەددی تەقلیدی كوێرانە بۆ مەزهەبەكان تەواو لاواز بوو، تەنانەت بەشێكی زۆر لە مەلاكانیش كە ئیتر ئەوان پاسەوانی مەزهەبی بوون و شافیعی بوونی ڕەهای میللەتی كورد بوون، تێبینی كرا  جۆرێك لە گۆڕانكاری و بەخۆداچوونەوەیان بەسەرداهات و پێم وایە تاكو ئێستاش الحمد لله دەمارگیری مەزهەبی تەسك و سنورداردا ماوەتەوە، هاوكات بازنەی هۆشیاری ئایینی  و شوێنكەوتنی بەڵگەی كیتاب و سوننەت و  دەست گرتن بەبەڵگەی شەرعیییەوە لە فراوان بووندایە.

بەڵام ماوەیەكە هەندێ لەوانەی گرفتاری نازناوی زانستی خۆیان بوونە و نازانن چۆن خۆیان بكەن بە جێگای باسی خەڵكی، سەرقاڵی ئەوەن  دیسان فوو لە خۆڵەمێشی مەزهەبی بوون بكەن وگیانی بەبەردا بكەنەوە و دەیانەوێت دەمارگیری مەزهەبی و فیتنەی شوێنكەوتنی مرۆڤەكان لەسەر حیسابی دەستگرتن بە بەڵگەكانی كیتاب و سوننەت زیندوو بكەنەوە، دەیانەویت بڵێن بۆ نموونە ئەگەر تۆ شافیعی بیت ئیتر ئیسلامت وەكو خۆی وەرگرتووە و بە زۆری زۆرداری و لە كاتێكدا الله تعالی دوو چاوی ساغی پێت بەخشیوە، ئەوان پێت دەڵێن نەخێر تۆ نابینایت و هەست بەخۆت ناكەیت، دەبێت مەلایەك یان زانایەك لە مەزهەبی شافیعی دەستت ڕابكێشێت و تۆیش شوێنی بكەویت چونكە بەتەنها خۆت دینداریت پی ناكرێت وچارەسەرێك نییە جگە لەوەی مەزهەبێكت هەبێت!

بۆیە بە واجبی خۆمم زانی زنجیرە باسێك لەسەر بیدعەی مەزهەبییەت بنووسم بەو هیوایەی لە كۆتاییدا مادەیەكی وای لێ كۆببێتەوە وەكو كنتێبێك چاپ بكرێت، لەلایەكەوە بۆ موسوڵمانان سوود بەخش بێت و بەرچاوڕوونی بێت بۆیان، لەلایەكی تریشەوە بەرائەت دەربڕینی بەندە بێت لە فیتنەیەك كە موسڵمانان لە درێژایی مێژوودا ناڵاندوویانەو بە دەستییەوە .


هەموو ئەو باسانەی لەم بارەوە دەمەوێت بە موسوڵمانانی بگەیەنم لە پۆستەكانی داهاتوودا إن شاء الله دەیانخەمەڕوو، تاكە شتێك كە لێرەدا دەمەوێت باسكردنەكەی پێش بخەم ئەوەیە، لە كاتێكدا مەزهەبی بوونی ڕەها بە بیدعەیەك و بە كارەساتێك دەزانم بۆ موسوڵمانان، نابێت كەس وا تێبگات  من لە پێگەی زاناگەلی گەورەی وەكو مالیك و شافیعی و أحمد و زانایانی تر بە ڕەحمەت بن كەم دەكەمەوە، نەخێر، بەڵكو من بەرگری لە ئەوان دەكەم و بە ڕاسپاردەكانی ئەوان كار دەكەم كە فەرموویانە، درووست نییە بۆ هیچ كەسێك كە سونەتی پێغەمبەری صلی الله علیه و سلم بۆ ڕوونبوویە بە قسەی ئێمە بكات وكار بە ڕاوبۆچوونی ئێمە بكات. من دەلێم ئەوان مرۆڤ بونە و هەلەیان كردووە، شوێنكەوتووەكانیان هەلەیان زۆرتر كردووە، ئێمە نابێت بەڕەهایی بەقسەیان بكەین، بەڵكو قسەكانی لە ڕۆشنایی بەڵگەكانی كیتاب و سوننەتدا وەردەگرین، موافیق بوو دەیخەینە سەر سەروچاومان، ناموافیق بوو بۆخۆیانی دەگێرینەوە و بەقسەیان ناكەین و ئەچینە سەر حەقەكە لە هەر كوێ بێت و لەلای هەركێ بێت.

سەبارەت بە پۆستەكانی داهاتوومان، هەر بەڕێزێك پێشنیار و تێبنییەكی هەبێت، یان بە پێی بەڵگەی شەرعی ئامۆژگارییەكمان بكات قسەو تێبینی و ئامۆژگارییەكەی بەهەند وەردەگرین و داوا دەكەین لە پەروەردگار لە جیاتی ئێمە پاداشتی بداتەوە،
د. إحسان برهان الدین
13 جمادى الآخر 1446
2024-12-14