العربیة
/هەندێك هەڵەو بیدعەی بیروباوەڕ/
19-چەند كردارێكی شیركی پەیوەست بە گۆڕی پیاوچاكان
: 160
2024-02-06

نادرووستە قەبر بكرێتە جێگای نوێژ كردن وبینای لەسەر درووست بكرێت درووستكردنی مزگەوت و جێگای عیبادەت لەسەر قەبری پیاوچاكان یان هەركەسێكی تر، كارێكە لەگەڵ تەوحیدی الله و عەقیدەی ڕاست و درووستی كیتاب و سوننەتدا تێكدەگیرێت و پێچەوانەیە، چونكە ئیسلام دینی یەك الله پەرستی و تەوحیدە و هەموو ڕێگایەكیش لە شیرك و بیدعە لە دیندا دەگرێت و سزای توندیشی بۆ ئەو كەسانە داناوە كە دەكەونە هەڵە لە بازنەی عەقیدەدا. 

پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لەعنەتی لە جولەكە و نەساڕاكان كردووە لەبەر ئەوەی گۆڕی پێغەمبەرەكانیان دەكردە جێگای عیبادەت و پەرستن و فەرموویەتی: ( قَاتَلَ اللَّهُ اليَهُودَ، اتَّخَذُوا قُبُورَ أَنْبِيَائِهِمْ مَسَاجِدَ) رواه البخاري (437) ومسلم (530). هەروەها لە فەرموودەی تردا زەمی ئەوانی كردووە بەهۆی ئەوەی كاتێك پیاوچاكێك لەناویاندا دەمرێت گۆڕەكەی دەكەنە جێگای عیبادەت: (أُولَئِكَ قَوْمٌ إِذَا مَاتَ فِيهِمُ العَبْدُ الصَّالِحُ، - أَوِ الرَّجُلُ الصَّالِحُ، بَنَوْا عَلَى قَبْرِهِ مَسْجِدًا، وَصَوَّرُوا فِيهِ تِلْكَ الصُّوَرَ، أُولَئِكَ شِرَارُ الخَلْقِ عِنْدَ اللَّهِ) رواه البخاري (434)، ومسلم (528). 

بەڵكو لە ئیسلامدا نەهی كراوە لەبەرز كردنەوەەی گۆڕ و دانیشتن لەسەری و درووست كردنی بینا لەسەری و لە فەرموودەی صحیح دا لە ڕێگەی جابر بن عبدالله الأنصاري رضي الله عنهما هاتووە كە فەرموویەتی: ( نهى رسول الله أن يجصص القبر وأن يقعد عليه وأن يبنى عليه)صحيح مسلم : (970 ). 

الله عزوجل لە قورئانی پیرۆزدا ئاگادارمان دەكاتەوە كە كرداری شیرك بە هیچ شێوەیەك قابیلی لێخۆش بوون نییە : { إنّ الله لا يغفر أن يشرك به ويغفر ما دون ذلك لمن يشاء } النساء : 48 ، هەروەها فەرموویەتی: { ولقد أوحي إليك وإلى الذين من قبلك لئن أشركت ليحبطنّ عملك ولتكوننّ من الخاسرين }الزمر : 65 ، هەروەها فەرموویەتی : { ولو أشركوا لحبط عنهم ما كانوا يعملون } الأنعام : 88 . 

بۆیە لە گرنگترین مەسەلەكانی عەقیدە ئەوەیە بزانین كە هاوار كردن بە مرووەكان و بە مرۆڤە دیارنەبووەكان و جنۆكە و دار وبەرد و ئەستێرە وهەر پەرستراوێكی تر جگە لە الله و داواكردنی سەرخستن و پێدانی مناڵ و ڕۆزی و چاكبوونەوەی نەخۆش و ئەو شتانەی كە تەنها الله عزوجل توانای ئەنجامدانی هەیە لەوان داوا بكرێت هەموو ئەوانە هاوبەش بڕیاردانە بۆ الله و مرۆڤ لە بازنەی ئیسلام دەردكات. الله عزوجل فرموویەتی: : { ويعبدون من دون الله ما لا يضرّهم ولا ينفعهم ويقولون هـؤلاء شفعاؤنا عند الله } يونس : 18. 

هەروەها كردارێكی شیركییە كەسێك تەواف بكات بەدەروی قەبری پێغەمبەران و سەحابە و پیاوچاكان وداوای لێخۆش بوون لێیان و سەربڕینی قوربانی و نەزر كردن بۆیان ، ئەگەر ئەو كەسەی كە بەدەوری گۆڕێكدا دەسوڕێنەوەو تەواف دەكات، پێغەمبەریش بێت صلی الله علیه وسلم یان هەر كەسێكی تر بێت، درووست نییە وپێچەوانەی بیروباوەڕ یئیسلامە، چونكە تەواف عیبادەتێكی تایبەتە بە كەعبەی بەرێز و شەریف و درووست نییە ئەو عیبادەتە بۆ هیچ كەس تر سەرف بكرێت. 

بەڵام زانایان دەڵێن ئەگەر بەتەواف كردنەكەی مەبەستی عیبادەتی قەبرەكە و خاوەنەكەی نەبوو و بەڵكو مەبەستی الله بوو، لەو حاڵەتەدا شیركی گەورە نییە و لە ئیسلام دەرناچێت، بەڵام بیدعەیەكی گەورە و ناشیرینی لە عەقیدەدا ئەنجام داوە كە سزای ئەو ئاوانە لە هەموو كەبائیرەكان گەورەترە. ئەوەش گەلێك گەورەیە. 

تاكو ئێستاش لەناو میللەتی كورد و لە كوردستاندا چەندین گۆڕی پیاوچاكان و ئەولیا و خەڵكانی تر بوونیان هەیە و تەوافیان بەدەوردا دەكرێت و داوای پێویستی و چارەسەری كێشەكانیان لێ دەكەن و ئەوەش شیركی گەورەیە و پێویستە مامۆستایانی ئایینی و بانگخوازان و ئەوانەی ئەتوانن دەنگیان بگات بە خەڵكانێكی زۆر وریایی لەو كارە دژوارە لەگەڵ عەقیدەو بیروباوەڕی ئیسلامدا بدەن. 

یەكێكیش لەو گۆڕانەی كە بوونەتە هۆكاری بڵاوبوونەوەی زۆر بیدعەی عەقیدەو هەندێ جار هاوبەش بۆ الله دانانیش قەبری یەكێكە لەو پیاوچاك و زانایانەی كە بە گرینگیدان بە تەوحید وزانستی شەرعی ناسراوە كە ئەویش شێخ عبدالقادر الكیلاني یە بەڕەحمەت بێت، بەڵام بەداخەوە زۆر شت بەناحەق دەدرێتە پاڵی كە ئەو لێی بەرییە و هەرگیز بەو شیوە نەبووە، ساڵانێكی زۆرە و لە ئێستاشدا خەڵكانێكی زۆر بەبەردەوامی (شد الرحال) بۆ سەر قەبركەی دەكەن و ئەوەی الله پێی ناخۆشە و پێغەمبەرەكانی خەڵكیان لێ وریاكردووەتەوە كە ئەنجامی نەدەن لەو جێگەیە ئەنجام ئەدرێت و تەنانەت ناویشی لەناو كوردی خۆماندا بە حەزرەتی غەوس (الغوث) ناسراوە، كە هەر ئەو وشەیە بۆ خۆی شیركە، چونكە عەبدولقادری گەیلانی لەدوای مردنی لەهیچ جێگەیەك حازر نییە و وەفاتی كردووە تاكو پێی بوترێت حەزرەت، غەوسیش نییە چونكە تەنها الله عزوجل توانای بەهاناوە چوون و یارمەتیدانی بەندەكانی هەیە لەوەی كە لە توانا و دەسەڵاتی خۆیدایە نەك هیچ پغەمبەر و پیاو چاك و وەلی و عابیدێك. 

بێگومان ئەوەش كە وا دەكات لەم مەسەلە پڕ بایەخەی عەقیدەدا زۆربەی زۆری ئەو مامۆستا و بانگخوازانە بە ئەركی خۆیان هەڵنەسن ئەگەریش قسەیەك لەو بارەوە بكەن بەشەرم و و بە ترس و بە ناڕاشكاوانە، یان بەبێ هیچ وردەكاری و بەڵگەیەكی كیتاب و سونەت خێرا باز بەسەر مەسەلەكاندا دەدەن و ڕوونی ناكەنەوە. 

باس كردنی ئەم مەسەلە لەسەر مینبەرەكان و لە بازنەی وانەكان و كۆڕو كۆبوونەوە زانستییەكان، دەبێتە مایەی ترس بۆیان و لە كاردانەوەی باس كردنی ئەو جۆرە مەسەلانە زۆر ترس و وریایی نیشان دەدەن. 

هۆكارێكیی تریش ئەوەیە زۆر جار ئەو جۆرە كەسانەی كە هاوار بەمردووان دەكەن وتەواف بەدەوری گۆڕەكاندا دەكەن وسەرقاڵی شیرك و بیدعەن، كەسانی دەست ڕۆیشتوون و خاوەن پێگەی ئایینی و كۆمەڵایەتی وسیاسی دیار خۆیانن، مامۆستای ئایینیش لەبەرانبەردا دەیەوێت هاوسەنگی ڕابگرێت و ڕێزی گشت لایەن و توێژو چینەكانی كۆمەڵگا بەدەست بهێنێت و هەموان لە خۆی ڕازی بكات و كەس لە خۆی عاجز نەكات، بۆیە ئامادە نییە سەركێشی بە مزگەوتەكەی و پێگە ئایینییەكەی وپەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكانی خۆیەوە بكات و دواجاریش زۆربەی ڕەهایای ئەو مامۆستایانە بێ دەنگی لەسەر ئەو پرسە گرنگانە هەڵدەبژێرێت وسەدان خوتبە دەدەن بێ ئەوەی یەكیكی باس لەو جۆرە شیركانە بكات - إلا مارحم ربي- و - قلیل ماهم - .