العربیة
/وەڵامی پرسیارەکانتان/
ئايا (نونیة القحطأني) سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوە بۆ وەرگرتنی عەقیدە؟
: 375
2022-07-05
    #وەڵامی_پرسیارەكانتان : 60 ئايا (نونیة القحطأني) سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوە بۆ وەرگرتنی عەقیدە؟ نونییەی قەحتانی هۆنراوەیەكە لە (686) دێڕ پێكهاتووە، تایبەتە بە خستنەڕووی زۆربەی بابەتەكانی عەقیدەی ئەهلی سوننەت و هەندێ بابەتی تر، باسكردن و خستنەڕووی مەسەلەكانی بە شێوەیەكی ئەدەبی جوان و ئاسان باس كردووە، چونكە وادەردەكەوێت شاعیرێكی بەتوانا بووە، بەڵام هاوكات توندی و زبرییەكی زۆری پێوەدیارە، ئەوەش بووەتە جێگای رەخنەی زانایان و دوركەوتنی زانا گەورەكان لە باسكردن و شەرحكردنی ئەو هۆنراوەیە. هۆنراوەكە دەدرێتە پاڵ كەسێك بەناوی عبد الله بن محمد الأندلسي القحطاني، بەڵام لەو بارەوە مشتومڕێكی زۆر هەیە و بەدڵنیایی و بەبەڵگەوە تاكو ئێستا ساغ نەبووەتەوە كێ دانەری ئەو هۆنراوەیە، هەندێك لەاونەی لێكۆڵینەوەیان لەسەر دانەرەكەی كردووە وتوویانە بە هیچ شێوەیەك نەمانتوانیوە بگەین بە سەرچاوەیەك باسی ژیاننامەی قەحتانی بكات بە تێروتەسەل، بەڵكو هەندێكیان دەڵێن بەدیاری كراوی و بەیەقین دانەرەكەی دیار نییە كێیە. ئەم قەسیدە ئەگەرچی زانا گەورەكانی سەردەمانی زوو ئاماژەیان بۆ نەكردووە و زۆر گرنگییان پێ نەداوە بۆ نموونە شەرحیان نەكردووە، بەڵام زانایەكی گەورەی وەكو ابن قیم الجوزیة بەوەی كە بەشێك لە دێڕەكانی ئەو قەسیدەی خستووەتە نێو نونییەكەی خۆیەوە ئەوە بە جۆرێك لە تەزكییە بۆ قەحتانی دانراوە، ابن القیم دەربارەی وتوویەتی: ولقد شفانا قول شاعرنا الذي ... قال الصواب وجاء بالإحسان إن الذي هو في المصاحف مثبت ... بأنامل الأشياخ والشبان هو قول ربي آيه وحروفه ... ومدادنا والرق مخلوقان بەڵام زانا هاوچەرخەكان بە پێچەوانەی زانا دێرینەكانەوە گرنگییان پێداوە و شەرحی دەنگییان زۆرە لەسەری لەوانەیە لە دیارترینیان شەرحەكەی عبدالرحمن البراك بێت. قەسیدەكە ئەگەرچی باسە سەرەكییەكەی عەقیدەیە، بەڵام زۆر باسی تریشی لەگەڵ عەقیدەدا كردووە وەكو هەندێ بابەتەكانی فیقهو تەزكیە و ئاداب و باسی تر، ئەم باسانەش هەندێك جار تێكەڵ دەبن و شاعیرەكە لە باسی عەقیدەوە دەچێتە باسی تەزكیەو ئاداب و دووبارە دەگەڕێتەوە سەر باسی عەقیدە. لەو بەدواداچوونەی محمد صالح المنجد بۆ ئەم قەسیدەی كردووە و منیش لەم نووسینەمدا سوودم لێی بینیوە دەربارەی باشییەكانی ئەو هۆنراوە دەڵێت: 1- هۆنراوەكە بە تەزكیەی ابن القیم لەسەر مەنهەجی ئەهلی سوننە نوسراوە، سیفاتی الله تعالی دەچەسپێنیت و بەرگری لە عەقیدەی تەوحید دەكات و بەتوندی بەرپەرچی نەیارانی سوننەت ئەداتەوە. 2- هۆنراوەكە بە شێوازێكی خۆش و دڵگیر وعاتیفی نووسراوە و خوێنەر گرانییەك لە تێگەیشتنی نابینێت. 3- هۆنراوەكە گشتگیرە و زۆرێك لەباسەكانی عەقیدەو شەریعەتی تێدایە. زۆر ئامۆژگاری و قسەی كاریگەریشی تێدایە بۆ موسوڵمان وەكو ئەوەی دەڵێت: وإذا خلوت بريبة في ظلمة ... والنفس داعية إلى الطغيان فاستحي من نظر الإله وقل لها ... إن الذي خلق الظلام يراني بەڵام لەبەر ئەوەی دانەری ئەو قەسیدەیە هەركێ بووبێت مرۆڤێك بووە و قابیلی هەڵە بووە، كۆمەڵێك هەڵەی كردوە كە بووەتە مایەی رەخنەگرتنی ئەوانەی دیراسەیان كردووە، لەوانە: 1- زیادەڕەوی كردووە لەوەی هەندێ مەسەلەی خستووە نێو باسەكانی عەقیدە و كردوویەتی بە جیاكەرەوەی نێوان حەق و باطل كە خۆیشی وا نییە. لەوانە: مەسەلەی خڕی زەوی و دەنگی هەورە تریشقە و مەسەلەی باران، چونكە ئەو دەڵێت باران لەلایەن مەلائیكەتەكانەوە لە ئاسمانەوە دەكرێتە ناو هەورەكانەوە ودەبارێت: الغيث يفرغ في السحاب من السما ... ويكيله ميكال بالميزان گرمەی هەوریش دەڵێت دەنگی مالك ە: والرعد صيحة مالك وهو اسمه ... يزجي السحاب كسائق الأظعان دەڵێت: هەورە تریشقەش بروسكەی ئاگرە دەوەشێنرێت: والبرق شوظ النار يزجرها به ... زجر الحداة العيس بالقضبان دەڵێت زەویش تەختە: كذب المهندس والمنجم مثله ... فهما لعلم الله مدعيان الأرض عند كليهما كروية ... وهما بهذا القول مقترنان والأرض عند أولي النهى لَسطيحة ... بدليل صدق واضح القرآن مەبەست لە هێنانەوەی ئەو نموونانە ئەوە نییە لە كامەی پێكاویتی و هەڵەی كردووە بەڵكو كێشە لەوەدایە كردوویەتی بە جیاكەرەوەی حەق و باطل واتە ئەگەر باوەرت وانەبێت حوكمێكی قورست بەسەردا دادەبەزێنێت! 2- ڕەخنەیەكی تر كە لێی گیراوە ئەوەیە هەندێ جار لەو قەسیدەدا بە ئوسلوب و شێوازێكی ڕەق و زبر دەنووسێت، بەڵكو هەندێ جار جنێویش دەدات وەكو دەڵێت: ئەی ئەشعەرییە نزمەكانی ناو خەڵكی، ئەی كوێر و كەڕەكان، من ڕقم لە خۆتان و لە پێڕەكەتانە، خۆزگە نابینا بوایەم بۆ ئەوەی چاوم پێتان نەكەوتایە: يا أشعرية يا أسافلة الورى ... يا عمي يا صم بلا آذان إني لأبغضنكم وأبغض حزبكم ... بغضا أقل قليله أضغاني لو كنت أعمى المقلتين لسرني ... كيلا يرى إنسانكم إنساني 3- قەسیدەكە لە چەندین جێگەدا واتای ناڕوونی تێدایە كە پێویستی بە ڕوونكردنەوەیە و لە مەبەستی خاوەنەكەی بەباشی ناتوانی تێبگەیت، وەكو: وأباحني جنات عدن آمنا ... ومن الجحيم بفضله عافاني ولقيت أحمد في الجنان وصحبه ... والكل عند لقائهم أدناني لم أدخر عملا لربي صالحا ... لكن بإسخاطي لكم أرضاني 4- هەندێ جار بەبێ جیاكردنەوە تەكفیری هەندێ جەماعەت دەكات وەكو مورجیئە و قەدەرەییەكان كە ئەوان لەلای ئەهلی سوننەت بە ڕەهایی تەكفیر نەكراون، دەلێت: مرجيهم يزري على قدريهم * والفرقتان لدي كافرتان 5- هۆنراوەكە وەكو محمد صالح المنجد دەڵێت بابەتەكانی ڕێك و پێك نییە، لەمەسەلەیەكەوە بۆ مەسەلەیەكی تر دەردەچێت، بۆ نموونە لە دێڕی 116 باسی نوێژ دەكات و دوای ئەوە دەردەچێت بۆ باسكردنی هەندێ مەسەلەی بیروباوەڕ، جارێكی تر لە دێری 281 دەگەڕێتەوە بۆ باسی نوێژ و كۆڵەكەكانی ئیسلام جارێكی تر. بە كورتی لەبەر ئەوەی بە شێوەیەكی زانستی و یەكلاكەرەوە ڕاست نەبووەتەوە كێ خاوەنی ئەو هۆنراوەیە، تاكو بزانرێت پلەوپایەو حاڵی لە زانستدا چی بووە، هەروەها لەبەر ئەوەی سەرەڕای ئەوەی دانەرەكەی كۆنە بەڵام بە دەگمەن زانایان گرنگییان پێی داوە، ئەوە وادەكات لە نێو سەرچاوە متمانە پیكراوەكانی عەقیدە پۆلێن نەكرێت، بەتایبەتی كە بابەتەكانی عەقیدە پێویستە بە قسەو ڕوونكردنەوەی زانا گەورەكانی سەلەف بكرێت و وەربگیرێت، بۆیە دەبینین یەكێك لە زانا هاوچەرخەكان كە ئەویش صالح آل الشيخ ە، دەربارەی ئەم قەسیدە وتوویەتی كە ناگونجێت وەكو سەرچاوەیەك بۆ وەرگرتنی عەقیدە وەربگیرێت. بەڵام ئەوە بەو واتایە نایەت كە نەخوێنرێتەوە و سوودی لێ وەرنەگیرێت لەو باسانەی كە شایەتی هەیە لەسەرچاوەی متمانە پێكراوی تردا..والله اعلم. إحسان برهان الدین 7 شوّال 1443 2022-5-8