العربیة
/وەڵامی پرسیارەکانتان/
دار الندوة..پەرلەمانی قورەیش و عەرەب لە سەردەمی جاهیلیدا
: 365
2022-06-27
  #وەڵامی_پرسیارەكانتان :51 دار الندوة..پەرلەمانی قورەیش و عەرەب لە سەردەمی جاهیلیدا لە پاش ئەوەی كە (قصي بن كلاب) بوو بە سەرگەورەی مەككە، (دار الندوة) ی لە نزیكی كەعبەدا درووست كرد، هەم وەكو ماڵ و جێگای حەسانەوە بۆ خۆی و، هەم وەكو بارەگای ڕێكحستن و بەرێوەبردنی كاروباری مەككە لەسەردەمی جاهیلییەتدا، ئەو ماڵە هەر بەو شێوە وەكو ناوەندێكی بە هیزی بڕیار، یان ئەنجومەنێكی پیران، بەردەوام ڕۆڵی خۆی لە ژیانی عەرەبدا لەو سەردەمەدا دەگێڕا، تا ئەو كاتەی خۆری ئیسلام لەسەر ئەو شارە لە ساڵی فەتحدا هەڵهات، ئیدی خۆری دار الندوة وەكو مەڵبەندیكی شیركی ئاوا بوو و كۆتایی پێ هات و بۆ ماوەیەكی زۆر وەكو بینایەك هەر مایەوە. لە (دار الندوة) دا، سەرانی قورەیش وخوزاعە و پیاوە دانا و بە ئەزموونەكانی هۆزەكانی تر كۆ دەبوونەوە پرسە گەرمەكانی سیاسەت و ئابوری و كۆمەوڵایەتییان تێیدا تاوتوێ دەكرد، ئەندامەكانی لە تەمەنی چل ساڵ بۆ سەرەوە دەپاڵێوران بۆ ئەو جێگەیە، بەڵام لە هەندێ سەرچاوەدا هاتووە كە أبو جهل لە تەمەنی سی ساڵییەوە لەو جێگەیە بوو بە ئەندام، جگە لەویش كورانی قصي بن كلاب بەهەمان شێوە جیاواز لە ئەندامانی تر وەكو تەزكیە بە زمانی سەردەمی خۆمان، لە سی ساڵییەوە مافی ئەندامێتی دار الندة یان هەبوو، كە دەكرێت وەكو پەرلەمانی ئەو سەردەمە وێنای بكەین. كاروانەكانی بازرگانی لەوێوە بەڕێدەكەوتن و لە گەڕانەوەشدا هەر لەوێ ڕادەوەستان، ئاڵای جەنگیش هەر لەو شوێنەوە دەبەسترا و بڕیاری لەسەر دەدرا، هەروەها پەیماننامە گرنگەكان و كۆبوونەوە چارەنووسسازەكان وەكو بڕیاری كوشتنی پێغەمبەر صلی الله و علیه و سلم ، ئەویش هەر لەوێوە دەردەچوو و بڕیاڕی كۆتایی و ئامادەكارییەكانی بۆ ئەنجام درا. جگە لەوەش هەندێ هاوپەیمانی وەكو هاوپەیمانێتی نێوان عبدالمطلب و هۆزی خوزاعە و ڕاگەیاندنی جەنگی (حلف الفضول) یش كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم پێش سەردەمی پێغەمبەرایەتی لە گەڵ مامەكانیدا ئامادەی بوو هەر لەوێوە ئیمزا كرا. (دار الندوة) هەمیشە سەرچاوەیەك بوو بۆ تەشریع دانان و دیاریكردنی ڕێوشوێن و دەركردنی فەرمانی هەستیار، ئەگەرچی هەندێ جار فەرمان و حوكمەكانی مولزیم نەبوون، واتە هۆزەکان ناچار نەبوون پێوەی پابەند بن. شایانی باسە كە هەموو هەوڵەکانی دژایەتی كردنی ئیسلامیش هەر لەوێوە پلانی بۆ دادەڕێژرا و فەرمانی بۆ دەردەچوو، زۆر جاریش (دار الندوة) بەوە ناسرابوو كە پشتگیری دەوڵەمەند و بازرگان و سەرمایەدارانی لە دژی هەژاران و كۆیلەكاندا دەكرد. كاتێك قورەیش هەستیان بە مەترسی گەورەبوونی ئیسلام كرد و دڵنیابوون كە دەبێتە مایەی زیان و مەترسی بۆ قەوارەكەیان، لە 26 ی مانگی سەفەری ساڵی چواردەمین لە ڕەوانەكردنی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم، واتە دوای دوو مانگ و نیو لە بەیعەی عەقەبەی گەورە، ئەندامانی (دار الندوة) ترسناكترین و گرنگترین كۆبوونەوەی خۆیان لە (دار الندوە) دا گرێدا و لەو كۆبوونەوەیەدا نوێنەری هۆزەكان ئامادەبوون بە مەبەستی داڕشتنی پلانێكی تۆكمە بۆ لەناوبردنی ئیسلام، مێژوو ناوی زۆرێك لەوانەی ئامادەی ئەو كۆبوونەوەیە بوون پاراستووە، وەكو:( أبو جهل، و جبير بن مُطْعِم، وطُعَيْمَة بن عدي، والحارث بن عامر، و شيبة وعتبة ی كوڕانی ربيعة وأبو سفيان بن حرب، النَّضْر بن الحارث، و أبو البَخْتَرِى بن هشام، وزَمْعَة بن الأسود، وحَكِيم بن حِزَام، أمية بن خَلَف، و نُبَيْه ومُنَبِّه كوڕانی الحجاج ). لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا بڕیاڕی ئیش كردن بۆ كوشتنی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بە زۆرینەی دەنگەكان دەرچوو و الله تعالی لە قورئاندا ئاماژەی بۆ ئەو كۆبوونەوەیە كردووە و فەرموویەتی: (وَإِذْ يَمْكُرُ بِكَ الَّذِينَ كَفَرُوا لِيُثْبِتُوكَ أَوْ يَقْتُلُوكَ أَوْ يُخْرِجُوكَ ۚ وَيَمْكُرُونَ وَيَمْكُرُ اللَّهُ ۖ وَاللَّهُ خَيْرُ الْمَاكِرِينَ) الأنفال /30. ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هیچ ئەندامێتییەك لە خێر بێت یان لەشەڕدا ، لە مێژوودا بیر ناكرێت و خاوەنەكەی لە لای خەڵك و لەلای پەروەردگاریش یان ڕووی سپی دەبێت و دەبێتە مایەی شانازی، یان ڕوو ڕەش دەبێت و شەرمەزاری دونیا و دواڕۆژی بۆ دەمێنیتەوە! شایانی ئاماژە پێكردنە پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم، نە خۆی و نە هیچ كەسێك لە هاوەڵە بەڕێزەكانی الله لێیان ڕازی بێت، ڕۆژێك لە ڕۆژان نەچوونە دار الندوة بە مەبەستی بانگەواز كردن بۆ ئیسلام و فەرمان كردن بە چاكە و نەهی كردن لە خراپە، چجای بەو بەهانەوە ببنە ئەندام شان بە شانی سەرانی دار الندوة و ساڵی جارێك ئەگەر پێیان كرا و ڕێگەیان درا دەستێك لە پێناو جێبەجیكردنی حوكمێكی ئیسلام بەرز بكەنەوە! یان بچن سوێند لەسەر جێبەجێكردنی یاساكانیان بخۆن بەو بەهانەی كە لە پاڵ ئەو كارەیاندا دوو قسەی خێر بكەن، لە كاتێكدا ئەو كارە گران نەبوو بۆیان ئەنجامی بدەن. (دار الندوة) تاكو سەردەمانێكیش وەكو بینا هەر مابوویەوە و هەندێ لە خەلیفەكان لە كاتی سەردانی مەككەدا لەوێ دەمانەوەو وەكو جێگایەكی حەسانەوە، بەڵام ناوی گۆڕابوو بۆ (دار الإمارة)، دواتریش بۆ ماوەیەك بوو بوو بە جیگایەكی بێ بایەخ وەكو كەلاوە و خۆڵ و خاشاكی تێفڕەدەدرا و دوای ئەوەش بە جارێك نەما و لەنێوچوو، ئێستاش شوێنەوار و جێگەكەی بە دڵنییایی دیار نییە، بەڵام ئەوەیان گومانی تیدا نییە كە شوینەكەی نزیكی كەعبە بووە، لە جێگەیەك كە ئێستا پێی دەوترێت (مقام الحنفي) شان بە شانی جێگای تەواوف كردن بە دەوری كەعبەدا.