العربیة
/وەڵامی پرسیارەکانتان/
خوێندنی قونوتی وەتر بەلەحنی قوڕئان وەکو قوڕڕائەکان ئەیخوێنن لەنوێژی وەتربەدەنگەوە ئایاجائیزە یابیدعەیە ؟
: 366
2021-09-09
  #وەڵامی_پرسیارەكانتان: پرسیار 21 السلام عليكم مامۆستای بەڕێز ئەرک نەبێ ڕوون کردنەوەیەک بدەیت لەسەر خوێندنی قونوتی وەتر بەلەحنی قوڕئان وەکو قوڕڕائەکان ئەیخوێنن لەنوێژی وەتربەدەنگەوە ئایاجائیزە یابیدعەیە ؟ الحمد لله/ نزاو پاڕانەوە بە شێوەیەكی گشتی ئەبێت بە كزی وملكەچییەوە بكرێت، ناگۆنجیت و نەشیاوە لە كاتی نزاو پاڕانەوە و داواكردن لە پەروەردگاردا ئاواز و مەقامات بەكاربهینرێت و بكرێتە جۆرێك لە گۆرانی وتن، سوننەت وایە دوعاكردن بە شێوەیەكی ئاسایی بێت و بە بێ خۆتێكدان و زۆر لەخۆكردن و لەحن و ئاوازدانان بێت، نە بۆ دوعا كردن و نە بۆ قورئان خویندن درووست نییە وەكو گۆرانی ئاوازی بۆ دابنرێت و لەسەر مەقامات بخوێنرێت، مەگەر كەسێك بە سروشتی خۆی دەنگی خۆش بێت و دەنگەكە بەبێ مەبەست بچێتە سەر جۆرە ئاوازێك بەبێ ئەوەی حاڵەتێكی نەشاز لە دوعاكردن و قورئان خویندنەكەدا درووست بكات، ئەوە ئاساییە چونكە كەسەكە خۆی هەڵنەساوە بە دانانی ئاواز ولەحن و مەقام وەكو چۆن بۆ گۆرانی دادەنرێت. ئینجا ئێمە وەكو چۆن فەرمانمان پێكراوە دەنگی خۆمان لە قورئانخوێندندا خۆش بكەین وەكو لە فەرموودەدا هاتووە "زيِّنوا القرآنَ بأصواتكم" یان وەكو لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە داوامان لێكراوە قورئان بەتەرتیل بخوێنینەوە، لەبەرانبەردا بۆ نزاو پاڕانەوە فەرمانی وامان پینەكراوە کە دوعاکردنەکانمان بە ئاواز و مەقامات بێت، ئیتر چۆن ئەبیت لەمەسەلەیەكی وا كە عیبادەتە لە خۆمانەوە هەیئەت و شێوازێكی بۆ زیاد بكەین،. كەواتە پێویستە لەسەر ئەسڵی سونەت و كردەوەی هاوەڵان بڕۆین كە نزاو دوعاكردنە بە شێوەیەكی ئاسایی و بێ زۆرلەخۆكردن و بەبێ ئاواز ودەنگ لەراندنەوە، بەواتایەكی تر تەرتیل كردن بۆ قورئانە نەك بۆ فەرموودە و بۆ دوعاو پاڕانەوە. ئەمەی كە لە زۆر لە مزگەوتەكاندا دەبینرێت كە دوعا و پاڕانەوە وەكو شێوەی قورئان خوینن دەخوێنرێت، ئەوە پێچەوانەی سوننەتە و كارێكی بێ بەڵگەیە، بەڵكو وەكو ابن تیمیة فەرموویەتی نزاو پاڕانەوە بە ئاوازەوە ئەوە پیشەی گاورەكانەو پێویستە موسوڵمان خۆی لێ بەدوور بگرێت. هەروەها مەسەلەی درێژ كردنەوەی دوعای قنوت بۆ ماوەیەكی زۆر ئەویش پێچەوانەی سوننەتە ودوعاكە كورت وپوخت و لەسەر سونەت بێت لەو دوعا درێژانە باشترە كە جاری واهەیە جگە لەوەی سەجعی تێدایە و بەمەقامات و ئاوازەوە دەخوێنرێت و نزیكەی نیو سعاتیش پێشنوێژ لە دوعای قنوتدا بەردەوام دەبێت بەبێ گوێدان بەحاڵی نوێژخوێنان كە جۆرەها خەلكی نەخۆش و خاوەن حاڵەتی تایبەتیان تێدایە، لەوەش گرنگتر و شاییستەتر بۆ بیركردنەوە لێی ئەوەیە كە درێژكدنەوەكەش بەڵگەی لەسەر نییە و پێچەوانەی سوننەتە... والله اعلم. إحسان برهان الدین 27 رمضان 1441