العربیة
/كتێب و سه‌رچاوه‌كان/
زنجیرەی کتێب و سەرچاوەکان ٥١- كتاب الأعلام ى الزركلي
: 454
2018-04-11
فه‌رهه‌نگێكى مه‌وسووعى بايه‌خداره‌، ژياننامه‌ى زۆرێكى له‌ ناوداران و زانايان و نووسه‌ران و كه‌سايه‌تى جۆراوجۆر له‌ خۆ گرتووه‌، يه‌كێكه‌ له‌ چاكترين و زانستى ترين ئه‌و فه‌رهه‌نگانه‌ى له‌م سه‌رده‌مه‌ بۆئه‌و بابه‌ته‌ نووسراوه‌، ڕه‌نگه‌ له‌ گرنگيدا - به‌ تايبه‌تى بۆ توێژه‌ران و نووسه‌ران و زانايان - له‌م سه‌رده‌مه‌ى خۆمان به‌ پله‌ى يه‌كه‌م بێت. دانه‌رى كتێبه‌كه‌ ناوى (خير الدين بن محمود بن محمد بن علي بن فارس الزِرِكْلِيّ ) وا ده‌رده‌كه‌وێت بنچينه‌ى وشه‌كه‌ كوردى بێت و له‌ زيره‌كه‌وه‌ هاتبێت، چونكه‌ خۆى به‌ره‌چه‌ڵه‌ك كورد بووه‌، له‌ ساڵى 1893 له‌ به‌يروت له‌ دايكبووه‌ و، له‌ ساڵى 1976اله‌ قاهيره‌ وه‌فاتى كردووه‌، به‌م كتێبه‌ى كه‌ لێره‌ باسى ده‌كه‌ين و به‌ كتێبه‌كانى ترى و نووسين و هه‌ڵوێسته‌كانى له‌ دژى داگيركه‌رى فه‌ره‌نسى بووه‌ته‌ يه‌كێك له‌ كه‌سايه‌تييه‌ مێژوويه‌ به‌ناوبانگه‌كان. شايانى باسه‌ كه‌ بۆ ماوه‌يه‌ك وه‌زير بووه‌و سه‌فير بووه‌و ئه‌ندامى (المجمع اللغوي السوري و العراقي والمصري) ش بووه‌. كتێبى (الاعلام) ژياننامه‌ى ژماره‌يه‌كى زۆر له‌ ناودارو كه‌سايه‌تى تێدايه‌ له‌ سه‌رده‌مى جاهيلييه‌ت تاكو پێش وه‌فاتى دانه‌ره‌كه‌ى گرتووه‌ته‌وه‌، شايانى باسه‌ كتێبه‌كه‌ تايبه‌ت نييه‌ ته‌نها به‌ ژياننامه‌ى زانايان و كه‌سايه‌تييه‌ موسوڵمانه‌كان، به‌ڵكو ژياننامه‌ى زۆرێكى له‌ ناودارانى ڕۆژهه‌ڵاتناسان و تاقمه‌ گومڕاكان و كه‌سايه‌تى ترى تێدايه‌، ئينجا دانه‌ر ئاواتى ئه‌وه‌ بوو ژياننامه‌ى هه‌موو كه‌سێك كه‌ باسى هاتبێت له‌ كتێبێكدا بكات، به‌ڵام كه‌ ئه‌وه‌ كارێكى ئه‌سته‌م بوو، هه‌ڵسا به‌ نووسينى ژياننامه‌ى به‌ ناوباگترين كه‌سايه‌تى پياوان و ژنان له‌ عه‌ره‌ب و غه‌يرى عه‌ره‌ب. خۆيشى له‌ پێشه‌كى كتێبه‌كه‌ى وتوويه‌تى كه‌ ئه‌و كه‌سايه‌تييانه‌ى ده‌رباره‌ى نووسيوێتى ئه‌وانه‌ن كه‌ خاوه‌ن ناوو نووسين و پله‌و پايه‌ى وه‌زاره‌ت وسه‌رۆكايه‌تى ڕه‌وت و ڕێڕه‌ون، يان خاوه‌ن هونه‌رێك بوونه‌، پێوه‌رى هه‌موو ئه‌وانه‌ش ئه‌وه‌يه‌ ناوى هه‌بێت و باس كرابێت له‌ مێژوودا. دانه‌ر كتێبه‌كه‌ى به‌ پێى پيته‌كان ڕێكخستووه‌، بۆ نمونه‌ آد‌م پێش آمنة هاتووه‌، هه‌روه‌ها وشه‌كانى ( أب ،أم،ابن وبنت) ى لابردووه‌و به‌وشه‌ى دواى ئه‌وانه‌وه‌ ده‌ستى پييكردووه‌، بۆ نموونه‌: أبو بكر له‌ بكر ئه‌دۆزرێته‌وه‌. هه‌روه‌ها كتێبه‌كه‌ ژماره‌يه‌كى زۆر وێنه‌ى له‌ خۆ گرتووه‌، له‌ گه‌ڵ زۆر نموونه‌ له‌ خه‌تى كه‌سايه‌تييه‌كان كه‌ به‌ ده‌ستى خۆيان نووسيويانه‌ و له‌ مۆزه‌خانه‌و كتێبخانه‌كانى جيهان كۆى كۆدوونه‌ته‌وه‌. كتێبه‌كه‌ تا بڵێت ناياب و گرنگه‌ به‌ڵام له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زانايان كۆمه‌ڵێك ڕه‌خنه‌يان لێ گرتووه‌ كه‌ بزانرێت باشتره‌و به‌هه‌ر حاڵ له‌ بايه‌خيشى كه‌م ناكاته‌وه‌ ، له‌وانه‌: - زيره‌كلى به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك باسى ژياننامه‌ى كه‌سى له‌ سوڵتانه‌ عوسمانييه‌كان نه‌كردووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى پلانه‌كه‌ى خۆيه‌تى له‌ كتێبه‌كه‌يدا. شێخ (بكر أبو زيد) گرتگترين ئه‌و تێبينيانه‌ى له‌سه‌ر كتێبى الأعلام هه‌يه‌ خستوويه‌تى ڕوو له‌ كتێبى (النظائر) دا له‌ لاپه‌ڕه‌64 فه‌رموويه‌تى : " أصبح كتاب الأعلام للزركلي مرجعا مهما للباحثين والراغبين في التعرف على التراجم ، وهو مع معاناة مؤلفه الدقة والإتقان يرد عليه أمران : الأول : أن الزركلي لم يترجم لأحد من أساطين الدولة العثمانية ، فهل هذه نزعة قومية عربية أم ماذا ؟ ، الثاني : فيه مجموعة من الأوهام والأغاليط " واته‌: يه‌كه‌م هه‌ڵه‌و تێبينى ئه‌وه‌يه‌ باسى سولتانه‌ عوسمانييه‌كانى نه‌كردووه‌، دووه‌ميش ئه‌وه‌يه‌ هه‌ندێ هه‌ڵه‌و سه‌هوو ليتيكه‌ڵبوونى تێدايه‌. دانه‌رى الاعلام كه‌سێكى ناسيۆناليزم بووه‌ و له‌وانه‌شه‌ هۆكارى باسنه‌كردنى بۆ عوسمانييه‌كان ئه‌وه‌ بێت ئه‌وان ئازاريان دابوو به‌ هۆى هه‌ندي نووسينى له‌و باره‌وه‌ كه‌ به‌و ڕه‌وته‌ تۆماركرابوو. تێبينييه‌كى تريش له‌سه‌ر كتێبه‌كه‌ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ وه‌كو هه‌ندێك ناودارى به‌ جێهێشتووه‌و باسى نه‌كردوون، ژياننامه‌ى كۆمه‌لێك كه‌سى ترى نه‌ناسراوى باسكردووه‌، وه‌كو:محمد هادي 7/127، والحسيني 7/129، والحلاق 7/156، والكشميري 7/123، ومهدي الكاظمي 7/312، والنوري 7/. كتێبيش هه‌يه‌ وه‌كو ته‌واوكه‌ر بۆ كتێبى أعلام نووسراوه‌، وه‌كو: تتمة الأعلام للزكلي / محمد خير رمضان يوسف كتێبه‌كه‌ پێنج چاپى سه‌ره‌كى كراوه‌ تاكو ئێستا، دواتريينان چاپى دار العلم للملايين بووه‌ له‌ ساڵى 2002، له‌ حه‌وت به‌رگدا و چاپى ترى هه‌يه‌ له‌ هه‌شت به‌رگدا. بۆ نووسينى ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ چه‌ند سه‌رچاوه‌يه‌ك گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌ له‌وانه‌: نبذة مختصرة عن كتاب الأعلام للزركلي/ رأفت مجاهد التميمي و ، سايتى وێكيبديا وسه‌رچاوه‌ى تر .