سوننەتەكانی منداڵی تازە لە دایكبوو
منداڵ كوڕ بێت یان كچ نیعمەتی الله یە و شایانی ئەوەیە سوپاسگومزاری الله ی لەسەر بكرێت، دەربڕینی هەر جۆرە بێزاری وخەمێك بەلەدایكبوونی كچ یش ئەوە عادەتێكی جاهیلییە، الله تعالی لە قورئاندا زەمی كردووە وپێویستە موسوڵمان خۆی لێی بەدوور بگرێت.
لێرەدا سەبارەت بەو سوننەتانەی جێگیر بوون و ئەوانەش كە جێگیر نەبوون لە مەسەلەی لەدایكبوونی منداڵ، بە كورتی و بەبەڵگەی كیتاب و سوننەت و لە ڕۆشنایی قسەی زانایاندا باسیان دەكەم:
1- سەرەتا پێویستە باوكان و دایكان سوپاسی الله تعالی بكەن لەسەر نیعمەتی ئەو منداڵەی كە پێیانی بەخشیوە، هەروەها لە الله تعالی بپارێێنەوە ئەو منداڵەیان بپارێزێت و بیخاتە سەر ڕێگای ڕاستی ئیسلام، بەڵگەی ئەمەش لە قورئان و لە سوننەتیشدا هاتووە.
پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ئەو كارەی بۆ حەسەن و حوسەینی كچەزای كردووە و فەرموویەتی باوكمان ئیبراهیم علیه السلام ئەو كارەی بۆ إسماعیل و إسحاق ی كوڕی كردووە : (كانَ النَّبيُّ صلَّى اللَّهُ عليهِ وسلَّمَ يعوِّذُ الحسنَ، والحُسَيْنَ، يقولُ: أَعوذ بِكَلماتِ اللَّهِ التَّامَّةِ، من كلِّ شيطانٍ وَهامَّةٍ، ومن كلِّ عينٍ لامَّةٍ، قالَ: وَكانَ أبونا إبراهيمُ يعوِّذُ بِها إسماعيلَ، وإسحاقَ أو قالَ: إسماعيلَ، ويعقوبَ) البخاري (3371)، وابن ماجه (3525)،
2- التحنیك: تەحنیك مەبەست لەوەیە بەشیرینییەكی كەم وەكو خورما نەرم بكرێتەوە یا هەنگوین، دەمی منداڵەكە شیرین بكرێت، ئەم كارە پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم بۆ منداڵی هەندێك لە هاوەڵان كردوویەتی، وەكو ئەبو موسای ئەشعەری دەگێڕێتەوە الله لێی ڕازی بێت فەرموویەتی: (وُلِدَ لي غُلامٌ فأتَيتُ به النَّبيَّ صلَّى اللهُ عليه وسلَّم فسَمَّاه إبراهيمَ، وحَنَّكَه بتَمرةٍ) البخاري (5467)، ومسلم (2145). واتە: ئەمشەو منداڵێكمان بوو، بردمە لای رسول الله صلی الله علیه و سلم وئەویش ناوینا إبراهیم و دەمی بەكەمێك خورما شیرین كرد.
تێبینی: هیچ كەسێك لەگەڵ رسول الله بەراورد ناكرێت و ئەو تەحنیكەی كە بۆ نموونە كەسێك خورمایەك بجوێت و دواتر كەمێكی بكاتە دەمی كۆرپەكەوە ئەوە تایبەت بووە بە رسول الله صلی الله علیه و سلم، مەبەست لەوە نییە وكەس نابێت وا تێبگات زاناو پیاوچاكێك خورماكە بجوێت و كەمێكی بكاتە دەمی منداڵەكەوە بەڵكو سوننەتەكە ئەوەیە هەركەسێك لە دەوروبەری ئەو منداڵە كارەكە بكەن ومەبەستەكە شیرینییەكەیە نەك كەسەكە.
3- ناونانی منداڵەكە بە ناوێكی جوان و شیاو: سوننەت وایە كە منداڵەكە لەدایك بوو، ناوێكی جوان و شیاوی لێ بنرێت كە منداڵەكە هەڵگری واتاكەی بێت، یان ئەو ناوە هاندەری بێت بەرەو چاكە و چاكەكاری، مەرجیش نییە ڕۆژی حەوتەم بێت چونكە ئەو فەرموودەی ڕۆژی حەوتەم بۆ ناونان دیاری دەكات صحیح نییە.
پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (إنَّ أحبَّ أسمائِكم إلى اللهِ عبدُ اللهِ وعبدُ الرحمنِ) مسلم (2132). مادام ناوی عبدالله و عبدالرحمن یش لەلای الله تعالی ناوێكی باش بن، كەواتە هەموو ناوێكی تر هەمان واتا بگەیەنێت هەر باش و جوانن، وەكو هەموو ناوەكانی الله عزوجل كە جێگیر بووبێت ناوی الله بن و وشەی (عبد) ی بخرێتە پێش و هەندێكیان بە بێ (عبد)یشی هەر درووستە.
هەروەها ناوی پێغەمبەران و هاوەڵان و ناوە قورئانییەكان و ناوی خێزانەكانی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم و هەروەها ناوی زانا گەورەكان وموجاهیدان و هەموو ئەوانەی خزمەتیان بەدینی ئیسلام كردووە كارێكی باشە لەمنداڵ بنرێت بۆ ئەوەی شوێنپێیان هەڵبگرێت، یان هەرناوێكی ڕێك وپێك وشیاو كە واتاكەی ڕایت بێت و ڕوون بێت و سەیروسەمەرە ونامۆ نەبێت و منداڵەكە لە هەموو قۆناغەكانی تەمەنیدا بەشانازییەوە بتوانێت هەڵیبگرێت.
4- العقیقة: عەقیقة بەكوردی پێی ەوترێت گوێزەبانە یان حەوتم كە بەلای زۆرێك لە زانایانەوە سوننەتە و وەكو سوپاسگوزاری الله تعالی لەسەر نیعمەتی ئەو بەخشینی ئەو منداڵە ئەنجام دەدرێت، لە ڕۆژی حەوتەمی لە دایكبوونی منداڵەكەدا ئاژەڵێك سەرببڕدرێت .
سوننەت وایە ئەگەر منداڵەكە كوڕ بوو دوو مەڕی بۆ بكرێت بە عەقیقة، یەك مەڕیش هەر درووستە، ئەگەر كچیش بوو یەك مەڕی بۆ بكرێت بە عەقیقة، ئاژەڵەكانیش مەرج نییە هەر مەڕ بن بەڵكو هەموو ئەو ئاژەڵانەی بۆ قوربانی دەبن بۆ عەقیقەش هەر درووستن.
گوێزەبانە كۆمەڵێك زۆر فەرموودەی لەسەر هاتووە بەڵام هەمووی صحیح نییە وهەندێك لە فەرمودەكان قسە لەسەر سەنەدەكانیان هەیە و كۆمەڵێك زانای گەورەش گوێزەبانەیان بە سوننەت نەزانیوە، بەڵام زۆربەی زانایانی لەسەر ئەوەن كە سوننەتە.
5 - تاشینی سەری منداڵەكە و بەخشینی زیو بە كێشی تووكی سەری: سەبارەت بەم مەسەلە زانایان فەرموودەكانیان بە ضعیف داناوە و هیچ فەرموودەیەكی صحیح نەهاتووە پشتی پێ ببەسترێت، بۆیە كەس پیویست ناكات ئەو كارە بكات، بەتایبەتیش كە سەری منداڵ لە كاتی كۆرپەییدا زۆر ناسكە و بۆی هەیە بریندا ببێت، لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە سوننەت نییە بۆیە پێویست ناكات ئەنجام بدرێت.
6- بانگدان بەگوێی ڕاستی منداڵەكە و قامەت كردن بە گوێی چەپیدا: ئەمەش بەهەمان شێوە هیچ بەڵگەیەكی صحیح ی لە سوننەتدا لەسەر نەهاتووە، ئەوەی كە هەیە هیچی بە سەنەدێكی صحیح جێگیر نەبووە، بۆیە ئەهلی عیلم لەوانەی بە تحیقیق و وردبوونەوە ناسراون فەرموویانە نە بانگدان و نە قامەت كردن بۆ مناڵی تازە لە دایكبوو سوننەت نین.
7- الختان: خەتەنە كردنی منداڵی كوڕ بە كۆدەنگی زانایان لەسەر بنەمای ئەو بەڵگانەی لە سوننەتدا هاتوون بە سوننەت دانراوە وكارێكی پێویستە، لە هەركاتێكی گونجاودا لە ڕووی تەندروستییەوە بۆ منداڵەكە سەلامەت بێت ئەنجام دەدرێت.
پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وەكو لە سەحیحی بوخاری و موسلیمدا هاتووە فەرموویەتی: " خمس من الفطرة الختان والاستحداد ونتف الإبط وتقليم الأظفار وقص الشارب " . رواه البخاري ( 5550 ) ومسلم ( 257 ).