العربیة
/گشتی/
قاعیدەی ( الحُكمُ یَدورُ معَ عِلّته) وەك بەهانەیەك بۆ حەڵاڵ كردنی حەرام!
: 78
2025-05-01

 

قاعیدەی ( الحُكمُ یَدورُ معَ عِلّته) وەك بەهانەیەك بۆ حەڵاڵ كردنی حەرام!

 

زانستی (أصول الفقه) زانستێكی گرنگ و بەسوودە ئەگەر بۆ سەرلەبەری باس و بابەتەكانی كیتاب و سوننەت و بەڵگەی شەرعی موعتەبەر ببێتە بنچینە و پاڵشت و پێوەری، بەڵام بەداخەوە لەم سەردەمەدا زۆرێك لە گومڕاكان و ئەوانەی نیازیان بەرانبەر دینی ئیسلام خراپە و قۆڵیان بۆ شێواندان و تێكدانی ئیسلام وحەڵاڵ كردنی حەرامەكان هەڵماڵیوە، زۆر جار لە بنەمایەكی ئەم زانستەوە و لە ژێر پەردەی قاعیدەیەك لە قاعیدەكانی (أصول الفقه)دا لادان و ئینحرافەكانیان ئەنجام ئەدەن وخۆڵ لە چاوی موسوڵمانان دەكەن، ئەمەش كە باسی دەكەم مەبەستم پێی زۆربەی وڵاتانە نەك تەنها كوردستانی خۆمان، بۆ نموونە:

قاعیدەی ( الحُكمُ یَدورُ معَ عِلّته) واتە: حوكمی شەرع پەیوەستە بە هۆكار و پاڵنەرەكەیەوە، ئەگەرچی هەندێ جار ئەم بنەمایە ڕاستە و درووستە و بەڵگەی سوننەتی لەسەرە وكاری پی دەكرێت، بەڵام بە ڕەها كارپێكردنی و بە ئارەزوو تەفسیر كردنی كارەساتی لێ دەكەوێتەوە و دەبێت بە دەرچەیەك بۆ گومڕا ولادەرەكان لێیەوە بێنە ژوورەوە وبەناوی فەتوای هاوچەرخ وچاكسازی ئایینی ولەبەرچاوگرتنی گۆرانكاریەكانی سەردەم و دووبارە خوێندنەوەی دەقەكان، ئیفسادی خۆیان لە فەتواداندا بكەن وحەرامەكان بەو بەهانەوە حەڵاڵ بكەن.

 

بەداخەوە ئەمڕۆ زۆر جار و لە زۆربەی وڵاتانی موسوڵماناندا كەسانێك دەكرێن بە موفتی و ئەندامی دەستەی فەتوا كە لاڕێبوونی مەنهەجی و ناتەواوی بیروباوەڕو پاشكۆبوون بۆ دەسەڵات وفەتوادان بە پێی فەرمان و ئارەزووی ئەوان و شلكردنەوەی دین وفەتوادان لەسەر بنەمای ڕازی كردنی خەڵكی و هەڵبژاردنی ڕوخسەت و كاركردن بە هەڵەی ناو مەزهەبە فیقهییەكان وتەنانەت ئینتیمای ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ لایەنێكی عەلمانی و نیمچە عەلمانی، دەبێت بەشێك بێت لە سیفەت و مەرجەكانی ئەوانەی بەو كارە هەڵدەستن.

لە ڕاستیدا قاعیدەی (الحكم یدور مع علته) هەندێ جار ڕێك وەكو خۆی جێبەجێ دەكرێت، هەموو موسوڵمانێكی فیترەت پاك و عەقیدە ڕاست لەوە تێدەگات و دەزانێت ئەوە حەقە، بۆ نموونە: لە مەسەلەی (تیمّم)دا، عیللە و هۆكارەكەی نەبوونی ئاوە، ئاو نەبوو یان لە حوكمی نەبووندا بوو، حوكمی تەیەمموم جێبەجێ دەكرێت، بەڵام كەی ئاو بەردەست بوو حوكمەكە نامێنێت و(تیمم) درووست نییە ئیتر، بۆ ئەم حاڵەتە و هاوشێوەكانی دەوترێت: (الحكم یدور مع علته).

بەڵام هەرگیز بنەمای (الحكم یدور مع علته) قاعیدەیەكی ئوسوڵی ڕەها نییە و وەكو زانایان دەڵێن (مطّرد) نییە لە هەموو كاتێكدا جێبەجێ ببێت و ئیشی پێ بكرێت، لەبەر ئەوەی خودی رسول الله صلی الله علیه و سلم بە ڕەهایی بە پێی ئەم بنەمایە كاری نەكردووە و هەندێ جار موخالەفەی كردووە.

دەیان نموونەی سوننەت لەسەر ئەم حەقیقەتە هەیە، وەكو ئەوەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە كاتی عومرەكەیدا لەبەر (علة) وهۆكاری ئەوەی هێزو توانای موسوڵمانان بە موشریكەكان نیشان بدات، لە سێ جاری یەكەمی تەواف و هەروەها لەو جێگەی كە تاكو ئێستاش سوننەتە موسوڵمان لە كاتی سەعی كردن لە ڕێكردندا پەلە بكات، پەلەی دەكرد و بە خێرایی ڕێی دەكرد، بەڵام سەرەڕای نەمانی ئەو عیللەیە و لاچوونی هۆكارەكەی كە ئەسڵەن موشریكان وجودیان لە مەككەدا نەما، لەگەڵ ئەوەشدا حوكمەكە ئەو كاتە و تاكو ئێستاش هەر مایەوە.

زانایان فەرموویانە قاعیدەی (الحكم یدور مع علته) بە دوو مەرج كاری پێ دەكرێت:

1- (علة) وهۆكاری حوكمەكە بە یەقین وابێت و گومان نەبێت.

2- بەڵگەی تر بە پێچەوانەی ئەو عیللەت و حاڵەتەوە نەهاتبێت.

ئێستا بۆ نمونە موفتی ومەلا هەیە لەلای خۆمان، پرسیاری لێ دەكرێت: ئایا سەفەری كچ و ئافرەت بۆ دەرەوەی وڵات و بەبێ مەحرەم بۆ خوێندن درووستە؟ بەبی وەسان و تەنانەت شیكردنەوەی شەرعیش، بە ئەوپەڕی جورئەت و زۆر بە ئاسایی دەڵێت: ئەوە جاران بوو كە سەفەری ئافرەت بەبێ مەحرەم حەرام بوو، بەڵام ئێستا دنیا گۆراوە و ئەمانە و لە جیاتی وشتر و هۆكارەكانی جاران كە ماوەیەكی زۆری پێ دەچوو بۆ گەیشتن بە جێگای مەبەست، لە ئێستادا بە هۆی فرۆكە و هۆكارە سەردەمییەكانەوە كەسەكە زوو دەگات و جگە لەوە هۆكاری پەیوەندیش هەیە و ئینجا ئەم قاعیدەشی بۆ دەكات بەبەڵگە!

ئەگەر تەفسیری ئەو قاعیدە بەو شێوە كوردییە نامۆیە بێت، دەتوانرێت ڕۆژانە چەندین حەڕام لە دینی ئیسلامدا حەڵاڵ بكرێت و بوترێت عیللەكەی نەماوە كەواتە حوكمەكەشی نەماوە..ولا حول ولا قوة إلا بالله.

إحسان برهان الدین

3 ذو القعدة 1446

2025-5-1