العربیة
/سوننەت/
لێكدانەوەی فەرموودەیەك
: 427
2022-06-27

  لێكدانەوەی فەرموودەیەك پێغەمبەر و ڕیپیشاندەی باوەڕداران صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (لا يُلْدَغُ المؤمنُ من جُحْرٍ واحد مرتين) رواه البخاري ومسلم. واتە: ئیماندار لە كونێكەوە دوو جار ناگەسترێت. ئەگەر جارێك گەسترا ئیتر فێر دەبێت و خۆی دەپارێزێت و خۆی تووشی گەستنێكی تر ناكات لە هەمان ئەو كونەوە! ئەم فەرموودەیە بۆ وریاكردنەوە لە دووبارە بوونەوەی هەڵە و گێلی بەكاردێت، هاوكات هانی موسوڵمانیش دەدات لێزان و وریا بێت، فێڵبازو درۆزنەكان نەیخەڵەتێنن و بە قسەی بریق و باق دەستی نەبڕن و خۆڵی بە نرخی زێڕ پێ نەفرۆشن! گێلی و گەمژەیی ئەگەرچی جۆرێكە لە لاوازی لە عەقڵدا، بەڵام هۆكارێكیشە بۆ درووستبوونی لاوازی لە دین و ئیمانیشدا ! چونكە ئیماندار هەمیشە دەبێت وریا بێت و ئەقڵی بۆ ناسینەوەی كەس و گوتار و دروشم و بەرنامە و ڕێباز و كەسایەتییەكان بەكار بهێنێت و بیكاتە مەشخەڵێك بۆ ئەوەی لە كاتی ناڕەحەتی و پێویستیدا، لە شەوانی تاریكدا بەرچاوی خۆی پێ ڕۆشن بكاتەوە. فەرموودەكە فەرمانمان پێ دەكات: توند و تۆڵ بین، وریا بین، گێل و بێ ئاگا نەبین، هەركێ چۆن بیەوێت ئاوها فریومان بدات، بۆ بەرژەوەندی خۆی زیان لە دین و دونیامان بدات. ئیمانداری ژیرو وریا، خاوەنی زانست و ئەزموونە، لە شتەكان ، لە ڕووداوەكان، لە كەس و بەرنامەو ڕێبازەكان ورد دەبێتەوە، ڕاوێژ بە ئەهلی زانست و ئەمانەت و ئیمانداران دەكات، بە ئاسان بۆ لاڕێ و بەرژەوەندخواز و فێڵبازو گومڕاكان ناخەڵەتێت و خۆی نادات بە دەستەوە! بەڵكو هەموو قسەو چەمك و واتایەك دەخاتە تەرازووی قورئان و سوننەتەوە، بۆ ئەوەی بزانێت ئایا وەرگیراوە و سەنگینە تا ئەویش قبوڵی بكات و پشتگیری بۆ دەربڕێت؟ یان ڕەتكراوەو پووچەڵە تا لێی بەری بێت و بەرپەرچی بداتەوە! بەڵام كەسی خۆشباوەڕ و عەقڵ فەقیر، دڵ بە هەموو بەڵێنێك خۆش دەكات! لە تەشتێك ئاودا دەكەوێتە مەلەكردن و باڵ ڕاوەشاندن و باوەڕدەكات كە ئەو ئاوە كەمە ڕوبارێكی سازگارە! ئەو كەسەی كە حاڵی بەو شێوەیە، بۆی هەیە لە یەك كونەوە نەك یەكجار، بەڵكو دەیان جار بگەسترێت و هیچ عەقڵ و ئەزموونێك لەو پێوەدانانەی پێشووی وەرنەگرێت! ئیمانداری ڕاستەقینە بە قسەی كەسانی درۆزن باوەڕ ناكات، بە بەڵین و پەیمانی دوو ڕووەكان دڵ خۆش ناكات، بە كەسێك كە درۆ و خیانەتی لە گەڵ دینەكەی خۆیدا كردبێت، چۆن چاوەڕوان دەكات لەگەڵ ئەودا ڕاست بكات! ئیماندار ئەگەر لە ئاراستەو لایەكەوە تووشی نەهامەتی و زیانی دین و دونیا بوو، هەرگیز جارێكی تر ڕوو لەو ڕوانگە و ئاراستەیە ناكاتەوە، ئەگینا هەڕەشەی ئەم فەرمودە مەزنە دەیگرێتەوە. والحمد له الذي بنعمته تتم الصالحات إحسان برهان الدین 2 صفر 1443