العربیة
/ بیروباوەڕ/
ئیمان گەنجینەی بەسوودی دونیا و دواڕۆژ
: 381
2022-05-29

ئیمان گەنجینەی بەسوودی دونیا و دواڕۆژ بە هۆی ئیمان وبیروباوەڕی ڕاستەوە، ژیان بایەخ و واتای جوانتری دەبێت و مرۆڤەكان بەو هۆیەوەو، لەو پێناوەدا هەموو كارێكی باش و بە سوود ئەنجام دەدەن. تەنها ئیمان و عەقیدەی پاك و پاراو دەبێتە هۆكاری بە ختەوەری ڕاستەقینە و واتایەك بە تەمەن و بە ئەم مەودا كورتەی دونیا دەبەخشێت، بەبێ هەبوونی ئیمانیش - یان بە هەبوونی ئیمان و عەقیدەیەكی هەڵە و لەرزۆكدا - ئەستەمە كەس بەرگەی ناخۆشییەكانی ئەم دونیا بگرێت لە هەژاری و نەخۆشی و مەغدوری و دڵشكاوی و ئازاری جۆراوجۆری جەستەیی و ڕۆح. ئەگەر ئیمانێكی پتەوت بە پەروەردگار و ناوو سیفەتە بەرز و جوانەكانی هەبوو و، تەوحیدی تەواوت بۆ كرد و لە هەموو جۆرە شیرك و هاوتا دانانێك خۆت بە دوور گر... ئەگەر بە چاوبڕین بە ڕۆژی دوایی و ڕازیبوون بە چاكەو خراپەی قەدەر و خۆشەویستی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم و كار كردن بە شەرعی ئیسلام خۆت رازاندەو و ڕازیبوویت و بە گوێرەی توانا كردەوەت لەسەر بنەما وبنچینەی ئەو باوەڕ و خۆشەویستییە كرد و ئیمانەكەت تەنها چەند بابەتێكی تیۆری سارد و سڕ نەبوو، ئەوا تۆ كەسێكی بەختەوەریت با لە زۆر لەو نیشانەو هۆكارانەی بەختەوەری دونیا وەكو سەروەت و سامان و مناڵ بێ بەش بیت، چونكە زوو یان درەنگ و ڕەنگە لە گەرمەی وێڵ بوون و سەرقاڵیتدا بێت بە دوای بەدەستهێنانی خۆشبەختی ئەم دونیایەدا..بانگ دەكرێیت و بەبێ هیچ دواكەوتنێك دەبێت بچیتە دەم ئەو بانگەوازەوە و هەموو شتێك لە جیگەی خۆیدا بە جێ بهێڵیت! بەڵام ئەگەر بە چەكی ئیمان و تەوحید خۆتت بە هێز كرد و دڵ و دەروونت بە خۆشویستنی ئیسلام و پێغەمبەرەكەی صلی الله علیه و سلم ئاوەدان كردەوە ، ئەو كاتە بێ باكی لەو بانگكەرەی كۆتایی بە یاری ئەم دونیایە دەهینێت و هەرچی خەرمانی دونیای فانی و تەمەنت هەیە بە یەك چركە سات دەسوتێنێت و ئیتر لەو ساتە ناخۆشەدا دا تەنها ئیمان وعەقیدەی ڕاست و درووست و بەروبوومەكانیت بۆ دەمێنێتەوە.. ئەگەر پێشتر هەوڵت بۆ دابێت و بەدەستت هێنابێت. إحسان برهان الدين 26 جمادى الأول 1442 2021-1-10