العربیة
/هەندێك هەڵەو بیدعەی بیروباوەڕ/
30-ئەوەی دێت بە دڵ و خەیاڵتدا لەسەرت حیساب نیە تاكو نەبێتە گوفتار و كردار
: 139
2024-02-06

ئەو وەسوەسە و خەیاڵات و قسەی خراپ و كوفرانەی دێن بە دڵ و دەروونی موسوڵماندا وهێرش دەكەنە سەری بەبێ ویست و حەزی خۆی، كاریگەریان نییە و لەسەری بەتاوان ناژمێردرێت مادام ئیمان لەناخی دڵیدا جێگیر بووە. ئەمەیان جیاوازە لە كەسێك كە دڵی گومانی تێدایە و ئیمانی لاوازە وهێشتا بەتەواوەتی و بەیەقین باوەڕی بە كۆڵەكەكانی ئیسلام و ئیمان نەهێناوە، ئەمەیان لەسەری حیسابە و بە ئیماندار ناژمێردرێت. 

ئەوەی كە بە ویست و هەڵبژاردنی بەندە نییە وهێرش دەكاتە سەر دڵ ودەروون و ناخی ئەوە وەسوەسەی شەیتانە، بەسە بۆ بەندە كە گوێی پێ نەدات و ئیهمالی بكات و گرنگیشە كە باسی نەكات و وەكو ئەوەی كە هەر هیچ نەبووبێت مامەڵە بكات، چونكە فەزڵ و چاكەی الله یە بەسەرمانەوە كە ئەو جۆرە وەسوەسانەمان لەسەر حیساب ناكات. 

پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (إن الله تجاوز لأمتي عما وسوست أو حدثت به أنفسها ما لم تعمل به أو تكلم) البخاري: ( 2528)، مسلم:(127). واتە: الله عزوجل لە وەسوەسە وقسەی ناودەروونیان خۆش بووە بەمەرجێك كاری پێ نەكەن و باسی نەكەن. هەروەها ئەم فەرموودە لەلایەكی ترەوە فەزڵ و چاكەی الله یە لەگەڵماندا بەوەی لێمان خۆشبووە لە هەر قسەو باس و نیەتێكی خراپە كە لەناو دڵماندا تاوتوێی دەكەین تاكو نەگاتە ئەوەی باسی بكەین یان نەیخەینە بواری جێبەجێكردنەوە الله لێمان ناگرێت و تاوانبار نابین لەسەری . 

زانایان یەكدەنگن و تێگەیشتنی هەموویان بەو جۆرەیە - وەكو النووي فەرموویەتی: كە ئەو خەیاڵ و قسەو باس و نیازی خراپە و شتی نابەجێ كە بەدڵ و دەروونی خەڵكیدا دێت گوناهبار نابن لەسەری چونكە بەدەستی خۆیان نییە و ناشتوانن ڕێگری لێ بكەن و خۆیانی لێ ڕزگار بكەن، ئیتر ئەو شتە غەیبەت بێت یان نیازی خراپە بێت و جێبەجێی نەكەن یان كوفر و جۆرە قسەیەك بێت كە خودی بەندەكە موچركە دێت بەلەشیدا بەو ختورە و خەیاڵە لەترسی گەورەیی و خراپی ئەو جۆرە قسە و كوفرانەی كە بەدڵیدا دێت، ئەمەش وەكو بەشێك لەشەرح و شیكردنەوەی ئەو فەرموودەی سەرەوەی بوخاری موسلیم باسیان كردووە. 

هاوەڵان لە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم پرسیاریان دەكرد و دەیانفەرموو: ( إنا نجد في أنفسنا ما يتعاظم أحدنا أن يتكلم به؟ قال: وقد وجدتموه؟ قالوا: نعم، قال: ذاك صريح الإيمان). مسلم (132)، وأبو داود (5111)، والنسائي في (السنن الكبرى) (10500)، وأحمد (9694) واللفظ له. واتە: ئێمە هەست بەقسەی وا دەكەین لە دڵ و دەروونماندا ئەوەندە سەخت و گەورەیە ناتوانین باسی بكەین. پێغەمبەر صلی الله پێ فەرموون جا هەستتان بەشتی وا كردووە؟ وتیان بەڵێ، فەرمووی ئەوە ئیمانی ڕاشكاوە. 

بەڵام دەبێت موسوڵمان وریا بێت لە ڕۆچوون و بایەخدان بەو جۆرە وەسوەسانە چونكە بۆی هەیە سەر لە شتی خراپەوە دەربكات، لە فەرموودەدا هاتووە: (يأتي الشيطان أحدكم فيقول: من خلق كذا؟ من خلق كذا؟ حتى يقول: من خلق ربك؟ فإذا بلغه فليستعذ بالله ولينته) البخاري (3276)، ومسلم (134). واتە: شەیتان دێت بۆ لای كەسێك لە ئێوە ودەڵێت: كێ فڵانە شتی درووست كردووە وكێ فیسارە شتی درووستكردوە؟ تاكو دەگاتە ئەوەی دەڵێت كێ پەروەردگاری تۆی درووست كردووە؟ جا ئەگەر شتێكی وا بەدەروونی كەسێكدا هات با پەنا بە الله بگرێت و بڵێت أعوذ بالله من الشیطان الرجیم وئیتر ڕۆنەچێت لەگەڵ ئەو مەسەلەدا، لە ڕیوایەتێك تری موسلیمیشدا هاتووە با بڵێت باوەڕم بە الله هەیە و گوێ بە وەسوەسەی شەیتان نەدات. 

ئەڵبەتە ئەمەی باسمان كرد ئەو كەسە ناگرێتەوە كە كوفر بەدڵیدا دێت و پێی ناخۆش نییە و پێی ڕازییە ولەدڵیشیدا جێگای خۆی دەكاتەوە و دواتریش دەبێتە گوفتار و كردار ئەوە كوفری تەواوە و ڕەگەكەی لەدڵدایە و شوێنەواری لە ئەندامەكانی بەندە دردەكەوێت. 

پوختەی باسەكە ئەوەیە ئەوەی بەدڵ و دەروونی بەندەدا دێت لە كوفر و ویستی تاوان و غەیبەت و جنێودان و قسەكردن بەخەڵكی مادام خۆی هاندەرو درووستكەری ئەو خەیاڵاتە نییە و باوەڕی پێی نییە و حەزی لێ ناكات و نایكاتە قسەكردن و باسی بكات یان كردەوەی پێ بكات، لەسەری گوناهبار نابێت و ئەوەندە بەسە پەنا بە الله بگرێت لەشەڕو خراپەی شەیتان و بڵێت آمنت بالله، یان بڵێت: أعوذ بالله من الشیطان الرجیم .