العربیة
/هەندێك هەڵەو بیدعەی بیروباوەڕ/
5-لە سەرەخۆشی كردندا وریابە خۆت تاوانبار نەكەی
: 167
2024-02-05

ئەگەر سەرەخۆشیت لە كەسێك كرد بە مردنی كەسوكارێكی، هەرگیز مەڵێ تەمەنی درێژی بۆ ئێوە بەجێ هێشتبێت، چونكە ئەوەی كە مردووە چركە ساتێكی نەماوە بۆیە لە دونیا دەرچوو، ئیتر چۆن بەشێك لە تەمەنی بۆ خۆشەویستەكانی بەجی دەهێڵێت، ئەوە سەرپێچییەكی بیروباوەڕە دەبێت وریابین لە قسەی لەو جۆرە، الله عزوجل فەرموویەتی: (فَإِذَا جَاءَ أَجَلُهُمْ لَا يَسْتَأْخِرُونَ سَاعَةً ۖ وَلَا يَسْتَقْدِمُونَ) الأعراف:34.  

هەركێ ئەو قسە بكات ئیتر موجامەلە بێت یان باوەڕی وابێت كە مومكینە كەسێك بمرێت پێش ئەوەی كاتی مردنی هاتبێت ئەوە هەڵەیەكی عەقیدی خراپی ئەنجام داوەو پێویستە بگەرێتەوە لای پەروەردگاری و تەوبەی لەسەر بكات. 

هەروەها هەندێ دەستەواژەی تر لە كاتی سەرەخۆشیدا بەكاردێت و لەناو كوردی خۆماندا ڕوو لە زیاد بوونە ولە ڕاستیشدا جۆرێكە لە لاساییكردنەوەو شوێن پێ هەڵگرتنی بێ باوەڕان، بۆ نموونە دەستەواژەی: (ڕوحی شاد بێت) ئەمە زیاتر سەرەخۆشی بێ باوەڕان و ئەوانەیە كە باوەڕیان بە شەریعەتی ئیسلام نییە و پێیان ناخۆشە بڵێن خوا لێی خۆش بێت یان الله بە بەهەشتی شاد بكات و لە گوناهەكانی خۆش بێت و ئەو جۆرە قسانە.. بۆیە دەچن نزا بۆ ڕوحی ئەكەن كە شاد بێت جا لە دونیا و لە دوای مردنیش كەسێك الله شادی نەكات و بە لوتف و میهرەبانی خۆی ڕەحمی پێ نەكات داماو وئاخرشەڕ دەبێت، بۆیە ئەوە دەستەواژەیەكی نەشیاوە بۆ موسوڵمان لەكاتی سەرەخۆشیدا بەكاری بهێنێت. 

شێوازی شەرعی بۆ سەرەخۆشی و دڵنەوایی خاوەن مردوو ئەوەیە كەسەكە پابەند بێت بەوەی كە لەشەرعدا هاتووە یان هاوشێوەی ئەوە، بۆ نموونە: 

- لە سەحیحی بوخاری و موسلیمدا هاتووە كاتێك كچەزایەكی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وەفاتی كرد سەرەخۆشی لە كچەكەی خۆی كرد و پێی فەرموو: ( إن لله ما أخذ وله ما أعطى وكل شيء عنده بأجل مسمى، فلتصبر ولتحتسب) الله خۆی ئەو كەسەی بردەوە لای خۆی و هەر خۆیشی بەخشیبووی و هەموو شتێكیش لەلای الله بەقەدەری خۆیەتی، ئارام بگرە و لەسەر موسیبەتەکەت چاوەڕوانی پاداشت بكە. 

- دەكرێت بوترێت (أعظم الله أجركم. و أحسن عزاءكم وغفر لميتكم) الله جەزای خێرتان بداتەوە و سەبووریتان بدات و لە مردووەكەتان خۆش بێت. یان بەهەر قسەو دەستەواژەیەكی گونجاو لە زمانی كوردیدا سەرەخۆشی بكات وەكو الله جەزای خێرتان بداتەوە. 

پێشەوا الشافعي لە كتێبی الأم دا فەرموویەتی: ( وليس في التعزية شيء مؤقت يقال لا يعدى إلى غيره) واتە لەمەسەلەی سەرەخۆشی كردندا شتێكی دیاریكراو نییە بڵێیت هەر ئەوەیەو نابێت لەوە زیاتر شتی تر بوترێت. بۆیە درووستە بەهەر دەستەواژەیەكی شەرعی سەرەخۆشی لە خاوەن مردووەكە بكرێت و گرنگ ئەوەیە دوعا بێت و دڵنەوایی بێت ودڵخۆش كردنی خاوەن مردووكە بێت بێ ئەوەی دڵدانەوەكە هیچ سەرپێچییەكی شەرعی تێدا بێت.