العربیة
/قورئان/
ئیسڕائیلیات.. واتا و مەترسییەكانی
: 860
2021-10-25

ئیسڕائیلیات.. واتا و مەترسییەكانی ئیسڕائیلیات كۆیە و تاكەكەی بریتییە لە "إسرائيلية" واتە: بەسەرهات و ڕوداوێكە زۆر جار بۆ تەفسیری قورئان دەخرێتە ڕو، لە سەرچاوەیەكی ئیسڕائیلی دەگێڕدرێتەوە،ئیتر لە ڕێگەی جولەكە بێت یان گاورەكان، ئیسڕائیل یش مەبەست لە یەعقوبی كوری ئیسحاقە علیهما السلام. لە خراپییەكانی ئیسرائیلیات ئەوەیە هۆكارێك بوو بۆ هەڵبەستنی فەرموودە لەسەر زاری رسول الله صلی الله علیه و سلم و لە دیارترین بەرجەستەكانی لە سەرەتاو سپێدەی ئیسلامەوە ئەوە بوو هەوڵ درا لەڕێگەی (أبو عصمة نوح ابن مريم) فەرموودەیەكی هەڵبەستراوی زۆر دەربارەی فەزیلەتی قورئانخویندن(فضائل قراءة القران) بخرێتە ناو كتێبەكانی فەرموودەوە، بەڵام فەرموودەناسان هەر زوو ڕووبەڕووی بوونەوە. لەڕاستیدا ئیسڕائیلیات زۆر هەواڵی ناڕاست و شوێنەواری خراپ لە خۆ دەگرێت، هەمیشەش هەوڵێك بووە بۆ سەرلێشێواندنی موسوڵمانان و تێكدان و ناشیرینكردنی دینەكەیان، تانەدان لە پیغەمبەران و لە مەلائیكەت و تەنانەت لە پەروەردگار و زۆر باس و ڕووداوی تری پێچەوانەی لە گەڵ بیروباوەڕ و عەقیدەی ئیسلامی تێدایە. لەم سەردەمەشدا ڕۆژهەلاتناسەكان و نەیارانی تری ئیسلام بە پشت بەستن بەو هەواڵە ناڕاست و نا لۆژیكیانەی لە ئیسڕائیلیاتدا هاتووە، هێرشێكی زۆریان كردە سەر ئیسلام بە تانەدان و وەسفكردنی بەوەی دینی ئەفسانە و بەسەرهاتی دژ بە زانستە. ناسراوترین ئەوانەی كە پردێك بوون بۆ تێپەڕاندنی ئیسڕائیلیات بۆ ناو دینی ئیسلام سێ كەس بوون: كعب الأحبار، عبدالله بن سلام، وهب بن منبه. ئەو هەواڵ و بەسەرهاتانەی بە ئیسڕائیلیات دەناسرێن و لە نیو كتیبەكانی تەفسیردا بەتایبەت بوونیان هەیە، لە ڕوانگەی زانایانی ئیسلامەوە دەبنە سێ بەشەوە : 1- هەندیك لەو هەواڵ و بەسەرهاتانە لەگەڵ قورئان و شەرعی ئیسلامدا ناكۆك نین، ئەوانە وەردەگیرێن و لەسەر ئەم بەشەش ئاماژەی ئایەتی قورئان و فەرموودەی سەحیح هاتووە وەكو: «حدِّثوا عن بني إسرائيل ولا حرج» واتە: لە بەنی ئیسرائیل بگێڕنەوەو درووستە. 2- ئەوەی كە پێچەوانەی شەرعی ئیسلامە كە لە ڕاستیدا زۆرێك لە ئیسڕائیلیات لەو شێوەیە، ئەوانە پێویستە ڕەتبكرێتەوەو وەرنەگیرێت. 3- ئەو ڕیوایەتە ئیسڕائیلیانەی كە لەشەرعدا هیچی لەسەر نەهاتووە، نە بە سەلماندن و نە بە ڕەتكردنەوە، ئەوە ئیمەش لێی دەوستین نە قبوڵی دەكەین و نە رەتیدەكەینەوە، فەرموودەكەی بوخاری ش: «لا تُصدِّقوا أهل الكتاب ولا تُكذِّبوهم» لەسەر ئەو واتایە هەڵدەگیرێت. بەڵام ئەبێت ئەوەش بزانرێت كە ئیسڕائیلیات لە ڕووی سەنەد و ڕێگەی گەیشتنی پێمان، حاڵی حاڵی فەرموودە و گێڕداوەكانی ترە، سەرەتا تەماشا دەكرێت بزانە ئەو ڕێگای كە پێمانی گەیاندووە ڕێگایەكی ڕاستە یان لاواز و هەڵبەستراوە، ئەگەر ڕاست بوو لە ڕووی سەنەدەوە ئینجا دەچێتە ژێر ئەو سێ بنەمایەی كە زانایان باسیان كردووە سەبارەت بە وەرگرتن و ڕەتكردنەوەی ئیسڕائیلیات. بەداخەوە زۆرێك لە كتێبەكانی تەفسیر- كەم وزۆر - لەمەسەلەی ئیسڕائیلیات تێكەوتوون و بەبێ ئەوەی ڕاستییەكان لەسەری ڕون بكەنەوە هێناویانە و لە تەفسیری ئایەتەكاندا جێگیریان كردووە و هەرگیز بەو شلگیری و چاوپۆشیكردنەیان كارێكی باشیان نەكردووە بەڵكو بی ئەوەی بەخۆیان بزانن هەر لە خۆڕاییی بەهانەیەكیان داوەتە دەست نەیارانی ئیسلام كە هیرش بكەنە سەری و بە ئایینی ئەفسانە وەسفی بكەن ! لە دیارترین ئەو تەفسیرانەی كە ئیسڕائیلیاتی تیایە: تەفسیری الخازن، تەفسیری روح البیان ی الالوسي، تەفسیری مەنار ی محمد رشید رضا، بەڵكو بەداخەوە تەفسیری الطبري و ابن كثیر یش هەر لێی بەدەر نین و ئیسڕائیلیاتیان تێدایە. لە كتێبەكانی تەفسیردا ئیسڕائیلیات لە زۆر جێگەدا دەبینرێت بۆ نموونە: لە بەسەرهاتی پێغەمبەراندا بەتایبەت نوح أیوب و یوسف و موسی علیهم السلام ، لەبەسەرهاتەكانی ذوالقرنین و بلقیس و إرم ذات العماد و درووستبوونی ئاسمان و زەوی و لە سوڕەتەكانی قاف و نون و جێگای تر. ڕێگەیەكی تریش كە ئەمڕۆ بووەتە هۆكاری چەسپاندنی ئەو هەواڵە ناراست و ناكۆكانە لە گەڵ عەقیدە و شەریعەتی ئیسلامدا ئەوەیە كە مامۆستایانی ئایینی لە سەر مینبەرەكانەوە ، هەمیشە بە مەبەستی سەرنج راكێشانی خەڵكی و درووست كردنی كاریگەری لەسەریان و چێژ درووست كردن بۆ وتارەكانیان پەنا دەبەنە بەر ئەو هەواڵە ناراستانە و خەڵكیش كاردانەوەیان لەگەڵ ئەو ڕیوایەتانەدا هەیە و وەكو بەشێكی ڕاست و درووست لە دین وەریدەگرن، چونكە مامۆستایان كە باسی دەكەن هیچ ئاماژەیەك نادەن بەسەرچاوەكەی و خۆیان ماندوو ناكەن بە دواداچوونی بۆ بكەن، ئەمە ئەگەر چی بەداخەوە زۆربەیان لەبنچینەوە توانای ئەو بەدواداچوونەیان نییە، ئەگەریش هەیان بێت بە پێویستی نازانن. لە كۆتاییدا دەڵێم: پێویستە هەموو موسوڵمانیك بە شیوەیەكی گشتی لە ئیسڕائیلیات وریا بێت و خۆی لێ بەدوور بگرێت و رەتیان بكاتەوە، مەگەر سەنەدەكەی سەحیح بێت و هاوكات لەگەڵ بنەماكانی شەرعی ئیسلامیشدا یەكبگرێتەوە، ئەو كاتەش وەكو ئەوەیە بە بنەماكە ئیشت كردبێت و باوەڕت هێنابێت، هەرجۆرە شلگیرییەكیش لە وەرگرتنی ئەو هەواڵانە شوێنەواری خراپی لەسەر عەقیدەو تیگەیشتنی موسولمان بۆ دینەكەی دەبێت. بۆ زانیاری و وردەكاری زیاتر بڕوانە: - (الإسرائيليات والموضوعات في كتب التفسير) محمد أبو شهبة. - (الإسرائيليات والموضوعات في التفسير والحديث) د. محمد حسين الذهبي. إحسان برهان الدین 23 شوّال 1441 15 حزیران 2020