العربیة
/مێژوو/
ئاكاری صلاح الدین و ئاكاری ناپلیۆن
: 568
2020-04-14

ئاكاری صلاح الدین و ئاكاری ناپلیۆن
صلاح الدين الأيوبي بەڕەحمەت بێت، كاتێك گەمارۆی شاری قودسی دا و لە ئازادكردنی نزیك بوویەوە، خۆی و موسوڵمانانیش بێگومان هێشتا ستەم وناپیاوی خاچپەرستانیان لەبیر نەكردبوو كاتێك كە قودسیان داگیر كرد - وەكو لە كتێبەكانی خۆیاندا باسكراوە - حەفتا هەزاریان لە خەلكی شارەكە كوشت و خوێن گەیشتە ئەژنۆی ئەسپەكانیان.
ئەو ڕوداوە هەژێنەرە لەناخ و هزری سەلاحەددیندا بەرجەستە بوو، جا كاتێك لە ئازاد كردنی قودس نزیك بوویەوە، خاچ پەرستان وتیان ئێمە شەڕ ناكەین و خۆمان بەدەستەوە ئەدەین، بەڵام صلاح الدین ڕازی نەبوو و وتی نەخێر من بەجەنگ شارەكە دەگرم ونامەوێت خۆتان بەدەستەوە بدەن، بەڵام ئەوەی سەیر بوو خاچ پەرستەكان وتیان ئەگەر ڕازی نەبیت بە خۆبەدەستەوەدانمان ئەوا ئێمە ژن و مناڵەكانی خۆمان دەكوژین و پیاوەكان دەردەچین بۆ شەڕ كردن و ڕووبەڕوونەوەتان، ئیتر صلاح الدین بە ڕەوشتە بەرزەكەی كە دۆست و دوژمن شایەتییان بۆ داوە، ڕازی بوو خۆیان بەدەستەوە بدەن وبەبێ شەڕ چووە ناو قودسەوەو یەك كەسیش نەكوژرا.
جگە لەوەش صلاح الدین بەڕەحمەت بێت، نەك تەنها یەك كەسی لێ نەكوشتن، بەڵكو ڕێگەشی پێدان كە ماڵ و شتە بەنرخەكانیان لەگەڵ خۆیان دەربكەن و بەرەو شاری عەككا بڕۆن كە هیشتا بەدەستی خاچپەرستانەوە بوو، بەڵام ئەوەی سەیر بوو - وەكو شێخ بسام الجرار لەوانەیەكی مێژووییدا دەیگێڕێتەوە - ئەوان لە ڕێگەدا و پێش گەیشتنیان بە شاری عەككا، تووشی ڕاوڕووت ئەبوونەوە لەلایەن هەندێك جەردەو ڕێگری خاچپەرستانەوە كە تەماحیان كردبوون بە هۆی ئەو ماڵ و زێڕانەی كە پێیان بوو، بۆیە صلاح الدین ناچار بوو سوپایەكیان لەگەڵدا بنێرێت بۆ پاراستنیان تاكو دەگەنە جێگای مەبەست.
ڕۆژگار هات و رۆیشت ناپلیۆن بونابرت ی سەركردەی سەربازی فەرەنسی لە هێرشەكەیدا بۆ سەر ڕۆژهەڵات، گەمارۆی قەڵاكەی شاری (یافا)ی لە فەلەستین دا و خەڵكی شارەكە داوایان لە ناپلیۆن كرد كە ئەگەر لە گیانی خۆیان دڵنیایان بكاتەوە بەبێ شەڕ خۆیان بەدەستەوە دەدەن، ئەویش ڕازی بوو و پەیمانی پێدان كە ژیان و ماڵیان پارێزراو بێت ئەگەر بەبێ شەڕ خۆیان بەدەستەوە بدەن، بەڵام كاتێك خۆیان بەدەستەوەداو بەبێ شەڕ چووە ناو شارەكە، چوار هەزار كەسی لێ كوشتن و هەروەكو پثێشەنگە پێشینانەكانی پەیمانەكەی شكاند.
صلاح الدین سەركردەیەك بوو پڕاوپڕ لە ئازایی دەگمەن و ڕەوشتی بەرز، خاچپەرستانیش لە درێژایی مێژوودا بە ئێستەشەوە، نە لە جەنگ و نە لە ئاشتیدا سەركردەیەكیان نە لە ئازایی صلاح الدین ونە لە ئاكاری بەرزیدا تێدا هەڵنەكەوتووە.
إحسان برهان الدین
11 شعبان 1441
2020/4/4