العربیة
/قورئان/
لادان هه‌ر لادانه‌ به‌ره‌و شلی بێت یان به‌ره‌و توندی
: 497
2018-07-01

لادانی فیكری ومه‌نهه‌جی ئیسلامی له‌كوردستاندا به‌ دوو ئاڕاسته‌ی پێچه‌وانه‌ی دژه‌یه‌كتردا ده‌ڕۆن و دۆخه‌كه‌ به‌ گشتی به‌ قۆناغێكی هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت و جۆرێك له‌ سه‌رگه‌ردانی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌، هه‌ردوو ئاڕاسته‌كه‌ش له‌ ڕێگای حه‌ق و مه‌نهه‌جی قورئان و سوننه‌ت لایانداوه‌. یه‌كه‌میان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ ویست و ئیراده‌ی خۆی ڕێبازێكی دوور له‌ وابه‌سته‌بوون به‌ قورئان و سوننه‌ت هه‌ڵبژاردووه‌ و ڕازی كردنی شه‌قام و ده‌سه‌ڵات و هێزه‌ عه‌لمانییه‌كانی له‌سه‌ر حیسابی دینه‌كه‌ی كردووه‌ته‌ ئامانجێك كاری بۆ ده‌كات. دوومیشیان - پێم وایه‌ - كاردانه‌وه‌یه‌كی توندی وابه‌سته‌نه‌بووه‌ به‌ مه‌نهه‌جی قورئان و سوننه‌ته‌وه‌، به‌ چاوێكی تیژه‌وه‌، به‌ڵكو به‌ مایكرسكۆپێكی ورده‌وه‌ له‌ درێژایی مێژووی ئیسلامدا بۆ بۆچوونیكی توند و ڕایه‌كی نامۆ ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو شمشێرێك بۆ لێدانی گه‌ردنی بیباوه‌ڕان و موسوڵمانانیش پێكه‌وه‌ به‌ كاری بهێنێت ، كه‌ نه‌ك گومڕا و لاده‌ر و به‌ناو موسوڵمانه‌كانی پێ كافر بكه‌ن، به‌ڵكو سه‌رانی ئه‌هلی سوننه‌ت و پێشه‌وا گه‌وره‌كانی ئیسلام یش كافر بكه‌ن به‌ به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی كافریان به‌ كافر دانه‌ناوه‌ و هه‌ندێ شوبهه‌ی تر، ته‌نانه‌ت (ابن تیمیة) و (محمد بن عبدالوهاب) له‌ ناو ئه‌و ئیسلامه‌ی ئه‌وان باسی ده‌كه‌ن جێگایان نه‌بووه‌ته‌وه‌، پوخته‌ی ئه‌و دوو ئاراسته‌ به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌یه‌ : ئاراسته‌ی یه‌كه‌م: شلییه‌كی ڕاده‌به‌ده‌ر كه‌ بنه‌ماكانی عه‌قیده‌ت وسنووره‌كانی شه‌ریعه‌ت كراوه‌نه‌ته‌ قوربانی حیزب و ئاڕاسته‌ی بانگخوازی مۆدێرن و تیكه‌ڵبوون به‌ عه‌لمانییه‌ت و كاڵكردنه‌وه‌ی سنوره‌كانی ئیسلام به‌ گشتی و بانگه‌شه‌ كردن بۆ ئیسلامێك كه‌ زۆرجیاوازه‌ له‌ ئیسلامی كیتاب و سوننه‌ت، بازنه‌ی ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌و تێگه‌یشتنی ئیسلام جێگای هه‌موو جۆره‌ كه‌سیكی تێدا ده‌بێته‌وه‌، نه‌ك هه‌ر موبته‌دیع و عه‌قیده‌ ناته‌واو، به‌ڵكو به‌ناو قورئانی وعیرفانی و موعته‌زیلی و عه‌لمانی به‌تامی ئیسلامی و دینداری كوردی و چه‌ندین موسیبه‌تی ره‌شی تر، ئه‌وان بانگه‌شه‌ بۆ ئیسلامێك ده‌كه‌ن كه‌ دووباره‌ چه‌مكه‌كانی تێدا پێناسه‌ ده‌كرێته‌وه‌و ته‌فسیری هاوچه‌رخ بۆ قورئان ده‌كرێت و دووباره‌ ده‌قه‌كان ده‌خوێندنرێنه‌وه‌و و ئیسلام به‌ زۆری زۆرداری له‌ گه‌ڵ بنه‌ما و تیۆر و ڕێباز وڕێچكه‌كاندا ده‌گونجێنن، هه‌موو ئه‌وه‌ش له‌ پێناو ڕازی كردنی خه‌ڵك و شه‌قام و ده‌سه‌ڵات ئه‌نجامیان داوه‌ و ته‌نازولات نه‌ماوه‌ له‌ دینی ئیسلام نه‌یكه‌ن به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر رازی نه‌بوونه‌ و، ئه‌مانیش له‌ دابه‌زین و ناشیرین كردنی دینه‌كه‌یان هه‌ر ماندوو نه‌بوونه‌، وه‌كو عه‌ره‌ب ده‌ڵێن (الحبل علی الجرار) یان وه‌كو گه‌رمیانییه‌كان ئێژن: هێشتا له‌ كوێیه‌تی! ئاڕاسته‌ی دووه‌م: به‌ پێچه‌وانه‌ی ئاڕاسته‌ی یه‌كه‌مه‌ ،جۆرێك له‌ ده‌ستگرتنی پێوه‌ دیاره‌ به‌ ڕواڵه‌ت به‌ كیتاب و سوننه‌ته‌وه‌، زۆرێك له‌و بنه‌مایانه‌ی سه‌ران و شوێنكه‌وتوانی ئاڕاسته‌ی یه‌كه‌م له‌ ئیسلامدا به‌ به‌هانه‌ی جۆراوجۆر ڕه‌تیان كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وان قه‌بوڵیانه‌و پێی ڕازین، به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ردا ئه‌وانیش له‌ ئاڕاسته‌یه‌كی جیاواز و پێچه‌وانه‌دا ڕۆچوونه‌ و مه‌یلی كاركردنیان به‌ هه‌موو بۆچوونێكی توند و نامۆ له‌ ڕابوردوو له‌ ئێستادا بۆ درووست بووه‌ و لادان و شێواندن و زۆر لێ كردنی ده‌قه‌كان بووه‌ته‌ ئامرازێكی ناله‌بار ئه‌وانیشی له‌ مه‌نهه‌جی ڕاست و درووستی ئه‌هلی سوننه‌ت ده‌ركردووه‌و دوور خستووه‌ته‌وه‌. خاوه‌نی ئه‌م جۆره‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ ده‌بینی عاتیفه‌ی دینی وابه‌سته‌نه‌بوو به‌ به‌ڵگه‌ی شه‌رعی قورئان و سوننه‌ت به‌ ڕاشكاوی زاڵه‌ به‌سه‌ریدا و ساده‌یی و هه‌ست نه‌كردن به‌ لێپرسراوێتی و جه‌ختكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی دیاری كراو له‌ عه‌قیده‌دا و جورئه‌تی نه‌خوازراو و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ڕاوبۆچوونی گه‌وره‌ زانایانی ئیسلام بووه‌ته‌ سیمایه‌كی دیاری ئه‌وان‌، له‌ ته‌كفیر كردندا له‌ تیری هاوێشراو خێراترن و له‌سه‌ر بنه‌مای تیگه‌یشتنی خۆیان بۆ چه‌ند ده‌قێك سێ و دوو له‌ ده‌ركردنی هیچ پێشه‌وایه‌كی گه‌وره‌ش ناكه‌ن له‌ بازنه‌ی ئیسلام نه‌خوازه‌ڵا كه‌سانی تر، ته‌نانه‌ت ته‌كفیر كردنیان (ابن تیمیة) و ( محمد بن عبدالوهاب) یشی گرتووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ له‌ سه‌رانی زانایان و پێشه‌وایانی ئیسلام بوونه‌ له‌سه‌رده‌می خۆیاندا و تاكو ئه‌مڕۆ نه‌وه‌كان له‌ كتیبه‌كانی ئه‌وانه‌وه‌ فێری عه‌قیده‌و ته‌وحید ئه‌بن چونكه‌ ئه‌وان به‌ته‌واوی وابه‌سته‌ی ئه‌و دوو سه‌رچاوه‌ بوونه‌ و ته‌مه‌نیان بۆ ئه‌و بانگه‌وازه‌ ته‌رخان كردووه‌. به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاونه‌ته‌وه‌ و ئه‌ڵێن: ئه‌سڵ له‌ خه‌ڵكیدا كوفر و بێباوه‌ڕییه‌! به‌و شێوه‌ش تاك به‌ تاكی كۆمه‌ڵگا وه‌كو هه‌نگاوی یه‌كه‌م به‌ كافر ئه‌زانن تا بۆیان بسه‌لمێت كه‌ موسوڵمانن. به‌ تۆخ بوونه‌وه‌ی ئه‌م ڕێڕه‌وه‌ له‌ كوردستاندا، ته‌وقی غه‌ریبی ئیسلام ئه‌وه‌نده‌ی تر له‌ گه‌ردنی غه‌ریبه‌كاندا توندتر ده‌بێت و دۆزینه‌وه‌ی ڕێگای ڕاستی كیتاب و سوننه‌ت به‌ فه‌همی زانایانی پێشین هێنده‌ی تر گران و ئه‌سته‌م ده‌بێت. هه‌ردوو ئه‌م ڕێڕه‌وه‌ دێرین و نوێیه‌ی كه‌ له‌ گۆڕه‌پانی كوردستاندا بوونیان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر چی ڕێڕه‌وی یه‌كه‌م بوونێكی ڕاسته‌قینه‌یان له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی واقیع هه‌یه‌ و تاڕاده‌یه‌ك له‌ ناو كۆمه‌ڵگای جاهل به‌ ئیسلامدا په‌لیان هاوێشتووه‌و سواری شه‌پۆلی نه‌شاره‌زایی خه‌ڵكی له‌دینه‌كه‌یان بوونه‌ و به‌ نیازن ئیسلامێكی مۆدیرن بهیننه‌وه‌ كایه‌وه‌ كه‌ هه‌رچی نه‌یارانی ئیسلام هه‌یه‌ پێی ڕازی بن و خۆیشیان به‌ به‌هانه‌ی نه‌فام خه‌ڵه‌تێن سڵ نه‌كه‌نه‌وه‌ له‌ هاوپه‌مانی و ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ خودی شه‌یتانیشدا ئه‌گه‌ر له‌ گریمانه‌یه‌كدا ئه‌ویش له‌سه‌ر پانتایی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ حیزبێك یان لایه‌نیكی فیكری دابمه‌زرێنێت! ئه‌مانه‌ی كه‌ ئاماژه‌م پێكردوون هه‌ڵساون به‌ ته‌كفیر كردنی تێكڕای سه‌ران و شوێنكه‌وتوانی ڕێڕه‌وی یه‌كه‌م و ئه‌وانه‌ی به‌وان ڕازین و هه‌روه‌ها تێكرای كۆمه‌ڵگه‌ش به‌و ئیعتیباره‌ی كه‌ كه‌س پاساوی نه‌فامی نییه‌ و كه‌س به‌ جه‌هله‌كه‌ی معذور نییه‌، وه‌كو پێشتریش وتم ژماریه‌كیان له‌سه‌رانی زانایان و پێشه‌وانی ئیسلامیش كافر كردووه‌ كه‌ دوای أبو حنیفة و النووي و ابن حجر له‌م دواییه‌ ابن تیمیة و ابن عبدالوهاب یشیان بۆ زیاد كرد. من وه‌كو كه‌سێكی چاودێر كه‌ له‌ دوورو نزیكه‌وه‌ په‌یوه‌ندیم به‌ هیچ حیزب و كه‌س و كه‌سایه‌تی و لایه‌نێكه‌و نییه‌، ده‌رباره‌ی ئه‌و دوو شێوازه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌ ئه‌ڵێم: له‌ ڕاستیدا هه‌ردوو ئه‌م ڕێڕه‌وه‌ نامۆن به‌ مه‌نهه‌جی ئه‌هلی سوننه‌ت و هه‌ردوو لایان خاڵی هاوبه‌شیان له‌ گه‌ڵ بیری ئیعتیزال و ئیرجاء و خه‌واریجدا هه‌یه‌ و پێم وایه‌ ئه‌وه‌ش مه‌ینه‌تییه‌كی نوێیه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر مه‌ینه‌تییه‌كانی تری موسوڵمانان له‌م ده‌ڤه‌ره‌ و ڕێژه‌ی دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ئیسلامی ڕاسته‌قینه‌ زیاتر ده‌كات و ئاسۆی چاره‌سه‌ر دژوارتر ده‌بێته‌وه‌. إحسان برهان الدین 2018-7-1